|
دوانه‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵبژاردنه‌کان |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Tuesday, April 9, 2013 |
پارتی و خواستێکی ئاشکرا
هه‌ر که‌سێک تۆزێک له ئه‌لفوبای سیاسه‌تی باشوری کوردستان و سروشتی پارتی تێگه‌یشتبێت ده‌زانێت پارتی چی ده‌وێت و کار بۆچی ده‌کات. ئه‌وه نه مه‌ته‌ڵه و نه شتێکی شاردراوه‌یه، چونکه پارتی وه‌ک حیزبێکی ته‌مه‌ن درێژ له کوردایه‌تی و له سایه‌ی سه‌رکردایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا که له مێژودا خاوه‌نی خه‌باتێکی درێژ و قوربانیدانی زۆر بون به‌مافی خۆی ده‌زانێت ببێته حیزبی ره‌ها و سه‌رکردایه‌تی باشوری کوردستان، ئه‌گه‌ر پێشیان بکرێت کوردستانی گه‌وره بکات. ئه‌وان راشکاوانه بانگه‌شه بۆ ئه‌م ئامانجه‌یان ده‌که‌ن. ره‌وایی و ناڕه‌وایی ئه‌م خواسته‌ی پارتی له روانگەی سیاسی و فیکری جیاجیاوه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌کرێت و هه‌ڵوێستی لێ ده‌گیرێت.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا له باشوری کوردستان سندوقه‌کانی ده‌نگدان بڕیار له ئاستی بچوک و گه‌وره‌یی هه‌مو لایه‌نێك ده‌ده‌ن.
پارتی له ئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کان له هه‌رێمی کوردستان و بۆ نوێنه‌رانی عێراقیش، له گه‌ڵ ئه‌و رێژه به‌رچاوه ساخته‌کاریه‌ی ئه‌نجام دراوه، گه‌وره‌ترین حیزبی هه‌رێم ده‌رچوه. به‌مه به‌شێک له خه‌ونه‌که‌ی پارتی هاتۆته‌دی، لایه‌نی دیکه‌ی خه‌ونه‌که‌ی، به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها، به‌ته‌واوی نه‌هاتۆته‌دی و خه‌مێکی سه‌ره‌کی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م حیزبه‌یه.
پارتی دوای رێکه‌وتنی ستراتیژی له گه‌ڵ یه‌کێتیدا و له سایه‌ی سه‌رۆکایه‌تی مسعود بارزانیدا به‌قۆناغی زێرینی ته‌مه‌نیدا گوزه‌ری کردوه، بێجگه له وه‌رگرتنی سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته باڵاکانی هه‌رێم و جێکردنه‌وه‌ی خۆی وه‌ک گه‌مه‌که‌رێکی سه‌ره‌کی له هاوکێشه‌ی سیاسی و حوکمڕانی عێراقدا، پارتی به‌رێگه‌ی بازرگانی به نه‌وت و کۆنترۆڵکردنی شاده‌ماره‌کانی ئابوری کوردستانیشه‌وه بۆته هێزێکی ئابوری به‌رچاوی گه‌وره‌ی ناوچه‌که. زیاده بۆ ئه‌مانه‌ش پارتی خاوه‌نی هێزێکی مۆدێرنی تیروته‌سه‌لی چه‌کدار و داموده‌زگا هه‌واڵگریه‌کان و راگه‌یاندن و تۆرێکی به‌رفراوانی په‌یوه‌ندی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیشه.
پارتی وه‌ک هێزه‌کانی تری هه‌رێم له‌به‌رده‌م چه‌ند هه‌ڵبژاردنێکدایه، هه‌مو هێز و تواناکانی خستونه‌ته گه‌ر تا به‌شێوه‌یه‌ک براوه بێت بتوانێت ئه‌و پێگانه‌ی ئێستای تۆکمه و به‌هێزتر بکات و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی ره‌های به‌سه‌ر کوردستاندا باڵ بکێشێت. ئه‌م خواسته‌ی پارتی دوچاری چه‌ندین ئه‌سته‌نگ و کێشه‌ی جدی پێشوه‌خت بۆته‌وه.
یه‌که‌م: ئاستی هوشیاری خه‌ڵک بهبهرواردکردن به هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێش‌و به‌راده‌یه‌کی باش به‌ره‌و پێشچوه و زۆربه‌ی ده‌نگده‌ر له ماهیه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران تێگهیشون. بهئاوڕدانهوهیهک له ئه‌زمونه‌کانی پێش‌و چاوه‌ڕوان ده‌کرێت پارتی و یه‌کێتیش بۆ مسۆگه‌رکردنی سه‌رکه‌وتنیان رێگه‌ی تر دژ به پرۆسه‌ی دیموکراسی بگرنه‌به‌ر (کڕینی ده‌نگ، فشارکردن، ساخته‌کاری له زاوزێدا...تاد) کارێک ئه‌گه‌ر ئێستاش بۆیان بچێته‌سه‌ر، بێگومان ئاینده‌یه‌کی گه‌شیان بۆ دابین ناکات.
دوه‌م: بێگومان پشکێک له‌و پێگه و ده‌سه‌ڵاته به‌هێزه‌ی پارتی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌رمونیانی مام جه‌لال له‌گه‌ڵیاندا و به‌جێهێشتنی گۆڕه‌پانی کوردستان بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی. مام جه‌لال پێش و دوای خوله‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ چه‌ندین جار به راشکاوانه به هاوڕێکانی خۆی رایگه‌یاندوه که: ته‌مه‌نی رێگه‌ی پێنادات جارێکی تر هه‌ڵه‌یه‌کی وه‌ک ساڵی 1966 له گه‌ڵ پارتی و تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا راست بکاته‌وه، بۆیه ئه‌و هه‌مو نه‌رم و نیانیه به‌رامبه‌ر پارتی ده‌نوێنێت. هه‌ندێک له هاوڕێکانی ئاماژه به هۆکاریكی تریش ده‌ده‌ن: گوایه تاڵه‌بانی یه‌قینی ته‌واوی هه‌بوه که ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌کات ئه‌وا ده‌مارگیری پارتی کورد توشی شه‌ڕێکی سه‌رسه‌ختی تری ده‌کات. پارتی به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه زۆر ورد و ژیرانه ئه‌م حه‌زه‌ر و گرێ کوێره‌یه‌ی تاڵه‌بانی به‌کارهێناوه و بهتهکتیکی گرژکردن و خاوبونه‌وه زۆربه‌ی مه‌رامه‌کانیان به‌ده‌ستهێناوه. لێره‌دا ته‌نها چه‌ند نمونه‌یه‌کی گه‌وره ده‌خه‌مه‌ڕو (سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت و بازرگانی نه‌وت و پێکهاته‌ی کابینه جیاکان و پێگه‌ی پارتی له به‌غدا)، ئه‌وه‌ی پارتی نه‌یتوانیوه به‌و ته‌کتیکه به‌دی بهێنێت (متمانه سه‌ندنه‌وه له مالیکی، ته‌سلیمبونی ته‌واو به تورکیا و شه‌ڕکردنی په‌که‌که و پژاک، پرۆژه‌ی پارتی بۆ به‌ناو ده‌وڵه‌تێکی کوردی زۆر گچکه‌تر له سنوری ئێستای هه‌رێمدا به‌مه‌رجی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوری و سیاسی و ئه‌منیه‌کانی تورکیا- ئه‌مه له گه‌ڵ ئه‌مەریکا و تورکیادا باس کراوه و مام جەلال ته‌حه‌فوزاتی زۆری هه‌بوه، بۆیه بیرۆکه‌که‌ی پارتی زو فه‌رامۆش کرا).
گومان نیه له‌وه‌ی که مام جلال ماوه‌یه‌ک پێش نه‌خۆشیه‌که‌ی راشکاوانه دانی به هه‌ڵه سیاسیه‌کانی یه‌کێتی له گه‌ڵ پارتیدا ناوه و رێکه‌وتنی ده‌باشان ئاوێنه‌ی ئه‌و دانپێنانهیه. پارتی له ئاکامدا ترس و دڵهراوکێکی بێئه‌ندازه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و رێکه‌وتنه لا دروست بوه و تا ئه‌م ساته‌ش بهتهکتیکی جیاجیا ره‌فتاری له گه‌ڵدا ده‌کات.
سێیه‌م: له‌و ساته‌وه‌ی غیابی سیاسی مام جه‌لال بۆشاییه‌کی به‌رچاوی له ره‌وشی سیاسی کوردستان و عێراق دروستکردوه پارتی شپرزاوه و کارت و ته‌کتیکه سیاسیه‌کانیشی تیكه‌ڵ و پێکه‌ڵ بون. پارتی به درێژایی کاری هاوبه‌شی له ساڵانی دواییدا له گه‌ڵ یه‌کێتی پێویستی به بڕیارده‌رێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه له‌ناو یه‌کێتیدا هه‌بوه، چونکه زۆرباش له سروشتی نه‌گونجاوی جه‌مسه‌ره به‌هێزه‌کانی یه‌کێتی تێگه‌یشتوه و ده‌شزانێت به‌شێک له‌و جه‌مسه‌رانه دید و نیه‌تی دۆستانه‌یان بۆ پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نیه. مام جەلال سه‌مامی ئه‌منی پارتی بوه و له ئێستادا ئه‌و سه‌مامه حازر نیه و په‌یوه‌ندیه‌کانیان چه‌ندین که‌له‌به‌ری زه‌قی تێکه‌وتوه.
چواره‌م: پارتی کێشه‌ی خه‌ستی پاره و ده‌سه‌ڵاتی له گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی هه‌یه، له‌دوای وه‌فاتی خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فاوه هزری نه‌ته‌وه‌یی ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی زیاتر ئامراز بوه وه‌ک له‌وه‌ی ئامانج بێت، پێگه‌ی ئیستایان له‌روی سیاسی و پاره‌وه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت (یه‌کێک له هه‌ره کادیره دێرینه‌کانی پارتی، به‌رێز محەمەد مه‌لا قادر، ماوه‌یه‌که راشکاوانه باسی لێده‌کات).
تا تاڵه‌بانی حزوری سیاسی هه‌بو پارتی نه‌یتوانی به‌رگێکی نه‌ته‌وه‌یی بکات به‌به‌ری ئه‌و کێشانه‌دا و ئێستا له غیابی تاڵه‌بانیدا به‌پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیه‌کانی پارتی کێشه‌کان ئاڵۆزتر بون و تادێت به‌ره‌ی پارتی له هاوپه‌یمانه عه‌ره‌به‌کانی (سه‌در و به‌شێک له سوننه‌کان) داده‌بڕێت، کۆبونه‌وه و موجامه‌له‌ی هێزه کوردستانیه‌کان بۆ پارتی له‌م روه‌وه چه‌ندین مه‌رامی تری له‌پشته‌وه‌یه که زۆربه‌یان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به ئه‌سڵی کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه نیه، به‌تایبه‌ت هه‌ندێك له سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی بڕیاری خۆیان نین و ناشتوانن بڕیار بده‌ن و بڕیاره‌کانیشیان ئه‌وه‌نده بڕ ناکات به‌م موجامهلهکردنه هه‌م خۆیان ده‌رباز ده‌که‌ن و هه‌روه‌هاش شڵه‌قاندنی گۆمه‌که بۆ پارتی جۆشتر و گه‌رمتر ده‌که‌ن به‌و ئومێده‌ی پێگه‌ی پارتی له‌و ناکۆکیانه‌دا ئه‌وه‌نده لاواز بێت، که به‌رده‌وام پێویستی به‌وان بێت (ته‌کتیکێکی پاردۆکسانهی پڕ پێچوپه‌نا).
پێنجه‌م: دو هێزی گه‌وره که رۆڵی کاریگه‌ر له عێراق ده‌بینن، ئه‌مەریکا و ئێران، هه‌ر دوکیان راشکاوانه له گه‌ڵ سیاسه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێمدا نین به‌رامبه‌ر به مالیکی و ئه‌مەریکاش نیگه‌رانیه‌کی به‌رچاوی له‌مه‌ڕ سیاسه‌تی نه‌وتی ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی هه‌یه. ئه‌وه‌ی که دۆخه‌که‌ی قۆستۆته‌وه تورکیایه، پارتیش به هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی ده‌توانێت کارتی تورکیا به‌رامبه‌ر به ئێران و ئه‌مەریکا به‌کاربهێنێت، به‌شێوه‌یه‌ک چه‌ند چاودێری سیاسی و رۆژنامه‌نوس ئه‌م ره‌فتارانه‌ی بارزانی به ده‌سته‌واژه‌ی (King Maker) وه‌سف ده‌که‌ن (به‌واتای به‌هێزکردنی پێگه‌ی تورکیا له ناوچه‌که له سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مەریکا – خه‌ونی بوژاندنه‌وه‌ی مۆدێرنانه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی نیهتێکه له مێشکی شۆڤێنیستی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیادا به‌ئاسانی به‌رچاو ده‌که‌وێت).
شه‌شه‌م: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه حزورێکی به‌هێزی ئۆپۆزسیۆنی تێدا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت و به‌تایبه‌ت هێزه ئیسلامیه‌کان له بادینان و هه‌ولێر گه‌شه‌ی به‌رچاویان کردوه، که له هه‌ڵبژاردنێک به تۆزێک ساختهشهوه ده‌توانن له گه‌ڵ لایه‌نه‌کای تر شوێن به‌پارتی شڵۆق بکه‌ن.
پارتی به‌پشتبه‌ستن به ده‌نگه مسۆگەرهکانی خۆی ناتوانێت هه‌ڵبژاردن بباته‌وه، گره‌وی له‌سه‌ر رێگه‌کانی تر کارێکی زۆر چاوه‌ڕوان کراوه له پارتێک وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن: هیچ هێزێک نیه بتوانێت پارتی په‌راوێز بکات. قسه‌یه‌ک هه‌ر چێژ و بۆنێکی هه‌بێت زۆر دژن به دیموکراسیه‌ت.
یه‌کێتی و پێچ و په‌نا
هه‌ر که‌سێک تۆزێک له ئه‌لفوبای سیاسه‌تی باشوری کوردستان و سروشتی یه‌کێتی تێگه‌یشتبێت ده‌زانێت یه‌كێتی کار بۆچی ده‌کات و چی ده‌وێت، ئه‌مه‌شیان شاردراوه نیه، چونکه یه‌كێتی وه‌ک حیزبێکی ته‌مه‌ن مامناوه‌ند له کوردایه‌تیدا، خاوه‌نی گه‌وره‌ترین سه‌روه‌ریه‌کانی مێژوی نوێی کوردایه‌تی و ئۆقیانوسێک له قوربانیدان و خوێن و فیداکاری و نوێگه‌رایی شۆڕشگیرانه‌یه. مه‌خابن یه‌کێتی له دوای روخاندنی سه‌دام و له سایه‌ی سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی ئێستادا و به‌تایبه‌ت له غیابی مام جه‌لالدا نازانێت چی ده‌وێت و بۆچی کارده‌کات، ئه‌وه‌ی ته‌نها له خواسته‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی به‌دی ده‌کرێت پاراستنی دهسکهوتهکانیانه، ئه‌مه چۆن ده‌کرێت و کێ ده‌یکات ژێرخانی سیاسه‌ت و ره‌فتاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی داڕشتوه که هه‌ر یه‌کێک لێیان به‌ویست و لێکدانه‌وه‌ی خۆی ده‌یکات. به‌ڕێز که‌مال ره‌ئوف یه‌کێتی له‌م دۆخه‌ی ئێستادا به هه‌تیو وه‌سف ده‌کات، منیش سه‌رلێشێواوی پێوهدهلکێنم. یه‌کێتیش له به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌کاندا روبه‌روی کێشه و گرێ کوێره‌ی گه‌وره بۆته‌وه. له‌وانه:
یه‌که‌م: یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی گه‌وره‌یه له غیابی مام جەلال دا ده‌کرێت، ئاکامه‌که‌ی نه‌بونی ده‌سه‌ڵاتێکی باوه‌ڕپێکراوی جێگیر بۆ بڕیاردان و یهکلاییکرنهوه، له هه‌مانکاتیشدا غیابی مام جەلال مانای غیابی سه‌رکرده و کاریزمایه‌کی بنه‌ڕه‌تیه بۆ یه‌کێتی که هیچ که‌سێک ناتوانێت قه‌ره‌بوی بکاته‌وه. ئه‌م ناجێگیریه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای یه‌کێتی له په‌رته‌وازه‌یی و لێکترازانی به‌رچاوی جه‌مسه‌ره‌کانیدا ده‌رده‌که‌وێت و گه‌یشتۆته ئاستێک که کۆسره‌ت رەسوڵ که هه‌ندێکیان وه‌ک "براگه‌وره‌که‌ی ئێستای یه‌کێتی وه‌سفی ده‌که‌ن" لێدوانی سه‌رکردایه‌تی بۆ رۆژنامه‌کان و که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن قه‌ده‌غه بکات. نمونه‌یه‌کی تری ئه‌و ناجێگیری و دڵه‌ڕاوکێیه ئیجتهاداتی شه‌خسی ئازاد جوندیانی، وته‌بێژی فه‌رمی یه‌کێتییه، بۆ رێکه‌وتنه‌کانی یه‌کێتی له سه‌رده‌می حزوری مام جه‌لالدا و زۆر تایبه‌ت رێکه‌تنی نێوان به‌ڕێزان مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا (باشتر بو ئیجتهاداتی خۆشی بخستایه گه‌ڕ بۆ ده‌قه زۆر ته‌ماویه‌کانی رێکه‌وتنی ستراتیژی و ناڕه‌زایی زۆری نێو حیزبه‌که‌ی له‌و بواره‌دا دابمرکانایهتهوه و به ئیجتهادیش رۆڵی کۆمپانیاکانی قه‌یوان وIraq Oilی له به‌هه‌ده‌ردانی نه‌وتی کوردستان رون بکردایه‌وه)، وه‌ک ده‌ڵێن ئه‌م ماسته بێ م‌و نیه. نمونه‌یه‌کی تر جێگری یه‌که‌م له گه‌ڵ به‌رپرسی ده‌سته‌ی کارگێری ده‌چن بۆ تورکیا و به‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک دواتر جێگری دوه‌م ده‌چێت بۆ تورکیا (ئه‌مانه هه‌مو ئاماژه‌ی سیاسین بۆ شه‌راکه‌ت له نه‌وت و رازیکردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌واڵ باس له‌وه ده‌که‌ن که پارتی هانی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیایان داوه بۆ بینینی ئه‌و شاندانه‌ی یه‌کێتی). لێره‌دا پێویسته ئاماژه بکه‌م به‌وه‌ی که نه‌وتیش بۆته مه‌راقێکی گه‌وره‌ی به‌شێک له جه‌مسه‌ره‌کانی یه‌کێتی و نرخی وه‌رگرتنی پشکێک لێی پارتی به دراوی سیاسی لێیان وه‌ر ده‌گرێت، وه‌ک درێژکردنه‌وه‌ی واده‌ی کارکردنی سه‌رۆکی هه‌رێم و دروستکردنی حکومه‌تی هاوبه‌ش دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان. ئه‌م ئاڵوگۆڕکردنه‌ی شێوازی بازاڕی عه‌کاز بۆته ناوه‌رۆکی هزری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و جه‌مسه‌رانه‌ی یه‌کێتی.
دوه‌م: به‌شێک له کاراکته‌ره‌کانی ناو یه‌كێتی ده‌بێت ئه‌وه‌یان بیرنه‌چێت که مام جەلال فه‌زڵی زۆری هه‌بوه له دابینکردنی ژیان و پێگه‌ی خۆیان و خێزان و که‌س و کاریان و ناسینیان به دنیای ده‌ره‌وه، به‌ڵام هه‌ر له گه‌ڵ یه‌که‌م ساتی غیابی تاڵه‌بانیدا به‌شێک له‌م کاراکته‌رانه هێدی هێدی هه‌نگاو بۆ نزیکبونه‌وه و رازیکردنی بارزانی ده‌نێن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌که‌ن ئه‌ی چی بکه‌ن؟ (وه‌ک له سه‌ردانی راسته‌وخۆی بارزانی دوای نه‌خۆشکه‌وتنی تاڵه‌بانی و کۆبونه‌وه‌ی له گه‌ڵ مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیدا یه‌کسه‌ر ئه‌و کورسیه‌ی - یا ئه‌و شوێنه‌ی- تایبه‌ت بۆ مام جەلال ته‌رخان کرابو درایه بارزانی. جوانتر بو تۆزێک چاوه‌ڕوانیان بکردایه، باسم له به‌های سیمبۆلێکه که رێزی لێهنهگیرا نه‌ک هێنانه‌وه‌ی بیانو و پاساوی سیاسی سواو و بێزارکه‌ر بۆ ئه‌و کاره) . ئه‌م جۆره کارانه ناڕه‌زاییه‌کی زۆری لێکه‌وتۆته‌وه و باشتره فه‌رامۆش نه‌کرێن.
سێیه‌م: به‌شێک له سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و به‌شه هه‌ره زۆری جه‌ماوه‌ره‌که‌ی به‌ئه‌مه‌ک و دڵسۆز بۆ مام جەلال و ئامانجه ره‌سه‌نه‌کانی یه‌کێتی ماونه‌ته‌وه، ئه‌مانه هێزێکی بزوێنه‌ر و کاریگه‌رن، هه‌ر که‌س و ده‌سه‌ڵاتێک په‌راوێزی ئه‌م هێزه بکات مانای کۆتایی به رۆڵی سیاسی دێت، جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی له ئێستادا ده‌سته‌مۆکردن و رازیکردن له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان قبوڵ ناکات. بۆ رازیکردنی ئه‌م هێزه گه‌وره‌یه به‌شێک له سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی که‌وتونه‌ته گرتنه رێگه‌ی پڕ پێج و په‌نا له گه‌ڵیاندا، دابه‌زینی یه‌کێتی به‌لیستی جیاواز (وێرای روکه‌شه قه‌شه‌نگه‌که‌ی بڕیاره‌که) پێده‌چیت ئاوێنه‌ی له‌رزۆکی و بێئۆقره‌یی ئه‌و سهکردایهتیه بێت تا له‌لایه‌ک جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی رازی بکه‌ن و له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌گه‌ره‌کانی ئاینده‌یان به‌کراوه‌یی بهێڵنه‌وه، پارتی زۆر زو هه‌ستی به‌م گه‌مه‌یه کرد و راسته‌وخۆ له کۆبونه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌شیاندا جارێکی تر یه‌کێتیان به رێکه‌وتنی شه‌راکه‌ته‌وه به‌سته‌وه. چاوەڕوان ده‌کرێت ناڕه‌زایی نێو یه‌کێتی رو له هه‌ڵکشان بکات و ده‌نگدانی سه‌ربه‌خۆ پێڕه‌و بکه‌ن.
چواره‌م: ئه‌وه‌ی جاران پێی ده‌وترا ناوچه‌ی سه‌وز له ئێستادا سه‌وزی ره‌سه‌ن و ره‌نگه‌کانی تر به‌ره‌و ئایندهی ده‌به‌ن، یه‌کێتی ئه‌و هێزه نه‌ماوه بتوانێت ئیدیعای زۆرینه له‌و ناوچانه بکات و چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به‌هۆی پێگه‌ی به‌هێزی ئۆپۆزسیۆن و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئاینده‌دا کێشه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له‌م ناوچه‌یه ئاڵۆزتر ببنه‌وه.
پێنجه‌م: ئێران، باخچه گه‌وره‌که‌ی پشت ماڵی یه‌کێتی، له غیابی تاڵه‌بانیدا په‌یامی سه‌ره‌کی خۆی به‌هه‌مو لایه‌نه‌کان گه‌یاندوه: پاراستنی ئارامی ناوچه‌که و نابێت بۆشایی سیاسی له‌لایه‌ن پارتیه‌وه له‌و ناوچه‌یه‌دا پڕ بکرێته‌وه (پاراستنی هاوسه‌نگی هێز وه‌ک جاران). بۆ به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای یه‌کێتی (به‌درێژایی مێژو په‌یوه‌ندیان له گه‌ڵ ئێران‌دا باش نه‌بوه و ئێرانیش ئه‌ونده چاره‌ی نهویستون) ئه‌م دیفاکتۆیه‌ی جیۆپۆڵیتیک ئه‌سته‌نگێکی گه‌ره‌وی به‌رده‌م مهرامهکانیانه له ئێستا و له ئاینده‌دا.
یه‌کێتی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان پێره‌وی گه‌مه‌یه‌کی ساده‌ی کۆن ده‌کات (گه‌مه‌یه‌ک سه‌رچاوه‌که‌ی خه‌یاڵ و فانتازیایه، گه‌مه‌یه‌که بۆ نیازی دڵ له ده‌رچون له تاقیکردنه‌وه یا بۆ خۆشه‌ویستی ده‌کرێت، خوازیاره‌که گه‌ڵاکانی لقی دارێک یا گوڵێک لێده‌کاته‌وه و له گه‌ڵ هه‌ر گه‌ڵایه‌ک ده‌ڵێت: ده‌رده‌چم و بۆ گه‌ڵای دواتر ده‌ڵێت ده‌رناچم یا منی خۆش ده‌وێت و منی خۆش ناوێت و دوا گه‌ڵا به‌ر کامه‌یان بکه‌وتایه خۆشی یا دڵگرانی خوازیاره‌که دیاری ده‌کات)، لیستی جیاواز و تۆکمه‌کردنی رێکه‌وتنامه‌ی شه‌راکه‌ت و پۆستی تاڵه‌بانی به‌رامبه‌ر پۆستی بارزانی ده‌رده‌چم و دهرناچمهکهی باڵا ده‌ستانی ئێستای یه‌کێتیه. له‌م جۆره گهمهکردنهدا زۆر ئاسانه یه‌کێتی به‌لایه‌نی هێزی دهسهڵاتدارتردا رابکێشرێت (له‌م سه‌رده‌مه‌دا رازیکردنی نیازی دڵ زۆر ئاسانه).
رێزدارێکی نوسه‌ری سه‌ر به یه‌كێتی ده‌نوسێت له یه‌کێتی گه‌ڕێن و کاری خۆتان بکه‌ن، منیش سه‌د له سه‌د هاوڕایم به‌مه‌رجێک یه‌كێتی کاره‌کانی ئێستای به‌ناوی هه‌مو کورد و کوردایه‌تیه‌وه نه‌کات، با به‌ناوی خۆی و پێگه‌که‌ی خۆی له کوردایه‌تیدا بیکات، چونکه ماندات به‌هیچ حیزبێک نه‌دراوه به‌ناوی کورده‌وه قسه‌بکات و بڕیار بدات، ده‌نگده‌ر بۆ په‌رله‌مان زۆرینه‌ی (50+1) ده‌نگی به هیچ لایه‌نێک نه‌داوه، هه‌روه‌ها ده‌نگده‌ر ته‌نها یه‌ک زۆرینه‌ی بۆ حوکمڕانی دیاری نه‌کردوه، میلله‌ت ئه‌گه‌ره‌کانی بۆ سیاسه‌تمه‌داران به‌جێهێشت، ئه‌وانیش به‌ڕه‌چاوکردنی چه‌ند پێوه‌رێکی تایبه‌تی پابه‌ند به گوناهی مێژویی و ترس و شیزۆفرینای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌ته‌کانه‌وه زۆرینه‌یه‌کی ناله‌بار و سه‌قه‌تیان سه‌پاندوه.
ئۆپۆزسیۆن و نه‌بونی به‌رچاوڕونی
من گۆڕانخوازێکی خه‌یاڵ پڵاونیم و نه‌خشه‌ی سیاسی کوردستانم پێ ده‌خوێنرێته‌وه و ده‌رکیش به ئه‌گه‌ره‌کانی ئاینده ده‌که‌م. پێموایه هه‌وڵه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا بۆ چاکسازی ریشه‌یی گه‌یشتۆنه‌ته بنبه‌ست. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌توانێت چه‌ند هه‌زار شوقه و رێگاوبان و نه‌خۆشخانه و خوێندنگا دروست بکات و ده‌شتوانێت کوردستان پڕ بکات له کۆنسوڵخانه‌ی وڵاتان له دورگه‌ی واق واقهوه تا روسیا و ئه‌مەریکا و هه‌رچی خوا ناوی ناوه کۆمپانیا بیهێنێته کوردستان و هه‌رچی دوا مۆدێلی مۆبایل و ماشێن و جلوبه‌رگ و... تاد بۆ هه‌رێم رابکێشێت، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مانه کاری باشن، وه‌لێ له ئه‌زمونی ساڵانی رابوردو فێربوم ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نه‌یتوانیوه یه‌ک وشه‌ی ره‌سه‌نی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌روه‌ری یاسا و رێزگرتنی ئازادیه بنه‌ڕه‌تیه‌کان بکاته ئه‌رک و نه‌ریتێکی دانه‌بڕاوی هه‌میشه‌یی خۆی.
ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن دوای کڵاوی بابردو نه‌که‌وتون و نایانه‌وێت چی زیاتر خه‌ڵکی چه‌واشه بکه‌ن و به‌هه‌ڵه‌دا بیبه‌ن ناشێت ئه‌وانیش ئه‌جێندای خۆیان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به نیوه‌چڵی به خه‌ڵکی رابگه‌یه‌نن، ئه‌م جۆره له ئۆپۆزسیۆن کردنه ده‌توانێت چاوی خه‌ڵکی بکاته‌وه، به‌ڵام ناتوانێت ئه‌و تیشکه‌ی پێ ببه‌خشێت که دیدی بۆ ئاینده ره‌وشن بکات، بۆیه پێویست ده‌کات ئۆپۆزسیۆن پێشوه‌خت راشکاوانه هه‌نگاوه‌کانی له‌به‌رده‌م ساخته‌کاری زه‌ق و ده‌ستتێوه‌ردانی کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان به به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر لایه‌نێک رابگه‌یه‌نێت و هیچ که‌متر نه‌بێت له بایکۆتکردنی هه‌ڵبژاردنه‌کان و کشانه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمدا، ئه‌وه‌نده کاتی خۆی به رێگه‌ی به‌ناو یاسایی له عێراقدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نه‌کوژێت.
به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و راستیانه‌ی سه‌ره‌وه، له گه‌ڵ پێرهونهکردنی سیاسه‌تێکی ورد و ژیرانه (بۆ نمونه وه‌ک راگه‌یاندنی فازڵ میرانی له پرێس کۆنفرانسی هاوبه‌ش له گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار له 7 ی نیساندا که هه‌ر دولا دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌یه‌که‌وه حکومه‌ت دروست ده‌که‌ن، ره‌نگدانه‌وه‌ی بڕیارێکی پێشوه‌خته که وێڕای ته‌واوی مافی پارتی بۆ خواسته‌کانی، به‌ڵام ره‌نگدانه‌وی دڵنیایه‌کی گومان لێکراوه له به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه، به‌ڕه‌چاوکردنی ئه‌زمونی حوکمڕانی دوانه‌ی ده‌سه‌ڵات و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر و ئۆپۆزسیۆن جۆرێکیشه له پشتگوێخستنی ته‌واویان و راگه‌یاندنی شه‌ڕێکه به‌رامبه‌ریان) که ئاکامه‌کانی ته‌واوی تێکچونی پارسه‌نگی هێزه‌کان بێت و ناچاری به‌شی زۆری ئۆپۆزسیۆن و جه‌ماوه‌ری ناڕه‌زا بکات پشتێنی توند ببه‌ستنه‌وه و شه‌ڕی چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و سه‌روه‌ری یاسا و رێزگرتن له مافه‌کانی مرۆڤ به‌ده‌ست و مه‌چه‌کی خۆیان بکه‌ن، چاوه‌ڕوانیه‌کی لۆجیکانه ده‌مێنێته‌وه ئه‌ویش: هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئاینده بێ گوێدانه پێڕه‌وه ره‌سه‌نه‌کانی دیموکراسیه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی نه‌ته‌وه‌یی کاره‌ساتی لێ ده‌که‌وێته‌وه.
پێشینان وتویانه: جام که پڕ بو لێی ده‌رژێت. |
|
|