Print
 
 مه‌حمود یاسین بۆ كوێ‌ ده‌به‌ن
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Monday, April 15, 2013


رفاندنی‌ مه‌حمود یاسین كوردی‌ له‌هه‌ولێر، چیرۆكی‌ رفاندنه‌كه‌ی‌ سه‌رده‌شتم بیرده‌خاته‌وه‌.

 خودایه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر سه‌رده‌شت هات به‌سه‌ر مه‌حمود یاسین نه‌یه‌ت.
ئه‌و رفاندنه‌ له‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمداو به‌ بێئاگاداری‌ پۆلیس سه‌رله‌به‌ری‌ بانگه‌شه‌ی‌ دیموكراسیه‌ت و ئازادی‌ بیروڕاو ئازادی‌ نوسین ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

خوانه‌كات له‌پڕ بڵێن مه‌حمود یاسینیش تیرۆریست بو.

ئه‌و گه‌نجه‌ رۆژنامه‌نوسه‌ زیت و وریایه‌ بۆكوێ‌ ده‌به‌ن، له‌ كاتێكا ئێوه‌ سه‌ری‌ زارو بنی‌ زارتان قسه‌كردنه‌ له‌ ئازادی‌ گه‌نجان و به‌ناوی‌ لاوانه‌وه‌ده‌یان و سه‌دان بنكه‌ و باره‌گاتان هه‌یه‌ و ده‌ڵێن ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ هه‌ین داكۆكی‌ له‌لاوان بكه‌ین.

 كوا ده‌رگای‌ باره‌گاكانتان پێوه‌دا و هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام.

كوا رۆژێ‌ له‌ رۆژان له‌سه‌ر كوشتنی‌ سه‌رده‌شت، سۆران، ئه‌وانی‌ تر، به‌یاننامه‌یه‌كتان ده‌ركرد.

یه‌خه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات بگرن و داوا بكه‌ن با مه‌حمود یاسین بدۆزرێته‌وه‌ و ئازاد بكرێ‌.

زۆر عه‌یبه‌ ده‌سه‌ڵات به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیه‌كانی‌ بكات. ئه‌مه‌ نه‌ك عه‌یب شه‌رمه‌زاریه‌.

ئێوه‌ ئێمه‌تان كوشت ئه‌وه‌نده‌ منه‌تی‌ ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا بكه‌ن دنیاتان بۆ كردوین به‌ شامی‌ شه‌ریف، به‌ دینتان ئه‌وه‌ شامی‌ شه‌ریفه‌.

باوه‌ڕبكه‌ن ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌تایبه‌ت لاوه‌كان  تێكڕا بێزارن لێتان، فه‌رمون ده‌رگای‌ چونه‌ده‌ره‌وه‌ بخه‌نه‌ سه‌رپشت بزانن ئه‌وانه‌ی‌ خۆشتان كه‌س له‌م به‌هه‌شته‌ی‌ ئێوه‌ ده‌مێنێ‌ جگه‌ له‌ خۆتان.

واز له‌ لاوانی‌ وڵاته‌كه‌م بێنن و لێیان گه‌ڕێن با بۆ خۆیان بژین.
واز له‌ مه‌حمود یاسین بێنن، ئه‌و له‌ قه‌ڵه‌م زیاتر هیچی‌ تری‌ نیه‌.

فه‌رمون پێمان بڵێن ئێوه‌ چ جۆره‌ بونه‌وه‌رێكتان ده‌وێت، بونه‌وه‌رێك كه‌ كه‌ڕ و لاڵ و كوێر بێت و هه‌رچی‌ ئێوه‌ بتانه‌وێ‌ ئه‌وه‌ بكات و ئه‌وه‌ بڵێت.

زیاتر له‌ بیست ساڵه‌ ئێوه‌ كۆیله ‌و بێده‌نگ دروست ده‌كه‌ن و هه‌رچی‌ نه‌شێ‌ به‌و میلله‌ته‌ی‌ ده‌كه‌ن، لاشتان وایه‌ ئێوه‌ نه‌بن ئێمه‌ گورگ ده‌مانخوات.
لێمان گه‌ڕێن تكایه‌ لێمان گه‌ڕێن و یه‌خه‌مان به‌رده‌ن.
Sbeiy.com © 2007