Print
 
 چه‌ند دێڕێك له‌باره‌ی پرسی خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی بارزانی
نوسه‌ر:  محه‌مه‌د سه‌فه‌ر
Sunday, April 21, 2013

جگه‌ له‌ خۆشه‌ویستییه‌كی بێ سنوری بارزانی بۆ ده‌سه‌ڵات، هیچ بیانویه‌ك نابینم به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ بڕوام پێ بهێنێت، ده‌نا چی نهێنییه‌ك له‌ پشت داواكارییه‌كه‌ی بارزانییه‌وه‌ بۆ دوباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی كورسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم هه‌یه‌؟ یان په‌رۆشی مه‌كته‌ب سیاسی حیزبه‌كه‌ی له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌؟ بێگومانم له‌وه‌ی به‌ نیسبه‌ت پارتی دیموكراته‌وه‌، پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هیچ بایه‌خێكی سیاسی نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێ ئه‌م پۆسته‌ موڵكی میلله‌تێكه‌، پارتی دیموكرات ده‌یه‌وێ به‌هایه‌كی كۆمه‌ڵایەتیانه‌ی پێ ببه‌خشێت و بۆ كه‌سایه‌تی بارزانی تاپۆی بكات.

ماوه‌ی هه‌شت ساڵی سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی بێ به‌ره‌كه‌ت بو، نه‌ له‌بواری سیاسییدا به‌رهه‌مێكی هه‌بو، نه‌ له‌ڕوی دیبلۆماسی و په‌یوه‌ندیشه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنی ئه‌وتۆی به‌ خۆوه‌بینی، ئیدی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی له‌پێناو چی؟ یان بۆچی؟ خۆ ئه‌گه‌ر هۆكارێكی دیكه‌ هه‌یه‌ و رای گشتی پێی ئاشنا نییه‌، (مه‌سعود بارزانی) و مه‌كته‌ب سیاسییه‌كه‌ی مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئاشكرای بكه‌ن.

له‌هه‌مو گاڵته‌جاڕانه‌تر ئه‌وه‌یه‌ نه‌ سه‌رۆك خۆی و نه‌ مه‌كته‌ب سیاسییه‌كه‌شی ناتوانن راسته‌خۆ، له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا جاڕی ئه‌وه‌ بده‌ن سه‌رۆك نییه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جارێكی دیكه‌ خۆی كاندید بكاته‌وه‌، سه‌رباری ناڕه‌زایی حیزبه‌ كوردستانییه‌كان و با نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵكیش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ.

پارتی له‌به‌رئه‌وه‌ی توانای راگه‌یاندنی سنورداره‌ و له‌ وروژاندنی رای گشتیشدا نا شاره‌زایه‌، بۆیه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ گه‌مه‌یه‌ك كه‌ دوره‌ له‌ئه‌ته‌كێتی سیاسیییه‌وه‌، به‌وپێیه‌ی پرسی خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی بارزانی له‌لایه‌ك مه‌كته‌ب سیاسییه‌كه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌چاوه‌ڕوانی سه‌دا و ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌دان تا بزانن كۆتاییه‌كه‌ی له‌ كوێوه‌ سه‌ر ده‌رده‌هێنێت.

ئه‌گه‌ر بانگه‌شه‌كه‌ پێ به‌پێی خواستی پارتی ده‌رئه‌نجانی باشی لێنه‌كه‌وته‌وه‌، ئه‌وكات راگه‌یاندنه‌كانی پارتی ده‌كه‌ونه‌ وێزه‌ی هه‌واڵێكی له‌وجۆره‌و به‌ تۆمه‌تێكی ناڕه‌وای له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن دژی بارزانی، ئه‌یانه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ سه‌روه‌ری و شكۆمه‌ندی بارزانی به‌ده‌ستبهێنن و بڵێن هیچ كات بارزانی له‌بیری وه‌ها كارێكدا نه‌بوه‌. چونكه‌ پارتی دیموكرات، له‌داڕشتنی پلان و ستراتیژیكی پێشكه‌وتو بۆ ئاینده‌ی حكومڕانی له‌ كوردستاندا، ده‌سته‌وه‌ستانه‌ و له‌ توانایدا نییه‌ كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ ئه‌نجام بدات، بۆیه‌ سه‌رقاڵی دیاریكردنی پۆستێكی باڵایه‌ بۆ سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌ی ئه‌مه‌ش هه‌مان خواستی بارزانی خۆیه‌تی.
Sbeiy.com © 2007