|
هه‌قیقه‌تی ره‌ها بۆ هیچ پارت و لایه‌نێك... نیه |
نوسه‌ر: دڵشـاد شـێخان حوسـێن
|
Sunday, April 21, 2013 |
ئه‌گه‌ر سیسته‌می سیاسی وڵات دیموكراسی راسته‌قینه بێت، ئه‌وا حكومه‌ت كاتییه و میراتگرێكی هه‌میشه‌یی نییه (ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات).
ململانێ و دژایه‌تیكردن له‌نێوان مرۆڤه‌كان هاوكاته له‌گه‌ڵ جێگیربونی مرۆڤ له‌سه‌ر گۆی زه‌وی، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی مرۆڤ خه‌سڵه‌تی خۆویستی هه‌یه، ئه‌م سروشته‌ش سنوری ئازادییه‌كانی به‌رامبه‌ر ده‌به‌زێنێ و له‌چوارچێوه‌ی كه‌رامه‌تی ئه‌وانی دیكه نه‌قشی حه‌ز و خه‌ونه‌كانی به‌دی دێنێ، له‌فۆرم و قاڵبێكی ره‌مه‌كی. به تێپه‌ڕبونی كات به‌ره‌و فۆرمه‌ڵه بون و رێكخستن هه‌نگاوی هه‌ڵێنا، پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و به‌پاشكۆكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ئامانجی گه‌یشتنه به‌ده‌سه‌ڵات، له قۆناغی نوێ و هاوچه‌رخدا ململانێكان ئۆرگانیزه كرا‌و ده‌بن و له‌چوارچێوه‌ی حیزب و پارته سیاسییه‌كان خۆیان مانیفێست ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی حیزب به‌مانا راسته‌قینه‌كه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی نوێیه، بەڵام له‌به‌ر ئه‌و رۆڵ و چالاكییه‌ی لهكۆمهڵگاو ده‌وڵه‌تدا ده‌یگێڕێت ناتوانرێت نكوڵی له‌بایه‌خ و پێوییست بونی بكرێت. هه‌روه‌ها به‌هه‌مان شێوه پارته سیاسییه‌كان ئامانجیان گه‌یشتنه به ده‌سه‌ڵات كه‌واته له‌كۆی پارته سیاسیه‌كان چالاكییه سیاسیه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌تیك پێكدێت.
ئه‌گه‌رچی حیزب كۆمه‌ڵێك ده‌رهاوێشته‌ی نه‌رێنی هه‌یه وه‌كو: پارچه پارچه كردنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی، لاوازكردنی رایگشتی، دروستكردنی فه‌زایه‌كی گشتی شێواو و حیزبه سیاسیه‌كان گه‌لێك جار به‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تی ئه‌ولاتر له به‌رژه‌وه‌ندی خاك و نه‌ته‌وه و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بینن. كه‌چی دیموكراسیه‌ت و ئازادی به‌بێ بونی فره حیزبی نایه‌ته‌دی. كه‌واته حكومه‌ت به‌شێكه له‌سیسته‌می سیاسی، نه‌ك هه‌مو چالاكییه سیاسییه‌كان، چونكه چالاكییه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ونه بازنه‌ی ده‌وڵه‌ت و ته‌واوی كۆمه‌ڵگاكه. كه‌واته سیاسه‌ت بۆ كۆمه‌ڵگایه، بۆ ئه‌و بونه‌وه‌ره بایۆلۆژییه‌ی له‌ڕێگه‌ی كولتورهوه بوه‌ته بونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، هاوڵاتیان مافێكی سروشتی خۆیانه به‌شداری له‌سیسته‌می سیاسی و حوكمڕانیدا بكه‌ن، چونكه كۆمه‌ڵگا تۆڕێكی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه تاكه‌كان و گروپه‌كان له كۆمه‌ڵگایه‌كی خۆجێیی له زمان و بیروباوه‌ڕ و دابونه‌ریتدا هاوبه‌شن. كه‌واته سیاسه‌ت بۆ كۆمه‌ڵگایه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و چاكه‌ی گشتی. بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستیه‌ش ئه‌رستۆ تالیس ده‌ڵێ: (پاراستنی دیموكراسی له بونیادنانی دژوارتره).
له‌مێژوی دروستبونی حیزب له هه‌رێمی كوردستان حیزبه كوردییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه له ململانێ و دژایه‌تی به‌رده‌وامدا بونه، ئه‌م دۆخه‌ش زۆربه‌ی جار بواری ره‌خساندوه بۆ سود و قازانجی دوژمنانی كورد، له‌فه‌زایه‌كی وه‌هادا ئامانج ون بوه كه بریتییه له‌دۆزی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌نیشتیمانه‌كه‌ی. له دوای راپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی ئاداری (1991) حوكمڕانییه‌كی ته‌واو كوردی به‌ڕێوه‌بردن و كارگێڕی هه‌رێمی كوردستانی باشور له ئه‌ستۆ ده‌گرێت. به داخه‌وه جارێكی‌تر شه‌ڕی ناوخۆیی له‌م هه‌رێمه ته‌نگمان پێ هه‌ڵده‌چنێ و چه‌ند ساڵ ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه دواوه، ناوچه‌كه دابه‌ش ده‌بێت بۆ زۆنی زه‌رد و سه‌وز له ئه‌نجامی بونی به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و بنه‌ماڵه‌یی و حیزبایه‌تی، هه‌روه‌ها سه‌ره‌ڕای زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بوه هۆی دوباره به‌رهه‌مێنانه‌وه‌ی كولتورێكی توندوتیژ سیخناخ به رق و توڕه‌ییه‌كی خاكی و خۆماڵی، نه‌خۆشی و كێشه ده‌رونی و كۆمه‌ڵاتییه‌كان... هه‌ڵكشان و به‌هاكان شێوێنران. هه‌ژاری و منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت و سه‌رشه‌قامه‌كان و لادانه سێكسییه‌كان ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و بارودۆخه بون كه ململانێی به‌رژه‌وه‌ندی خوازی دروستیكرد بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات و...هتد.
قۆناغی دوای شه‌ڕی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م ناوچه‌یه پێویستی به تازه بونیادنانه‌وه‌ی سیستماتیكیانه هه‌یه به ئامانجی ئارامكردنه‌وه و سه‌قامگیری و یه‌كڕیزی ماڵی كورد، هه‌روه‌ها چه‌سـپاندنی دیموكراسیه‌ت و ئازادی، بارهێنانه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر هزری ناتوندوتیژی و لێبورده‌یی، دروستكردنی هۆشیاریـیهكی پته‌و له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازییه‌كان بۆ بونیادنانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و شاری هاوڵاتی، به‌ڵام هه‌ردو زۆنه‌كه به‌پێی جیهانبینی خۆیان له سنوری ده‌سه‌ڵاتیان وێنای هاوڵاتیان به جیا دروستكرد (هه‌ر زۆنه‌و نه‌قشی حیزبچتێتی خۆی له‌مێشك و خه‌یاڵدانی تاك دانا).
له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس و به‌عسیزم له‌عێراق ساڵی (2003) سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تی عێراق (به‌غدا)ی دامه‌زرانده‌وه، واتا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌درێژایی ماوه‌ی حوكمڕانیه‌كه‌ی كوردی له نیشتیمانه‌كه‌ی خۆی كه (كوردستان)ه ده‌ربه‌ده‌ر كردوه‌و له مافه سه‌ره‌تایـیه‌كان بێبه‌شی كردوه، دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌ی شێواندوه‌و ته‌نانه‌ت كوردی ئه‌م وڵاته‌ی كیمیاباران و ئه‌نفال كردوه به مه‌به‌ستی پاكتاوی ره‌گه‌زی (ئه‌پارتاید) ئه‌وه سه‌ره‌ڕای ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌رونی و جه‌سته‌یی تاقه‌ت پڕوكێن. جه‌سته‌یه‌كی بێ گیانی جینایه‌تكار، له‌ڕێگه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان رۆحی به‌به‌ردا كرایه‌وه. ئه‌گه‌ری نكۆڵی كردن و ستهمكاریمان له‌مافی كوردی ئه‌م وڵاته به‌هێز كرد. ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمان په‌روه‌ری له زه‌ینی تاكی كورد كاڵ بویه‌وه، چه‌ند ده‌ربڕینێكی وه‌ك: یه‌كێتی خاكی عێراق و برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب له چوارچێوه‌ی وتاره‌كانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی ئه‌م هه‌رێمه گومان له‌سه‌ر ئه‌زمونی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رخودانی و تێكۆشانی گه‌لی كوردی كوردستان چڕ ده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوێسته له‌سه‌ركردنه ئه‌وه‌یه پێویسته نه‌وه‌ی تازه ئاشنا بكرێت به مێژوی رژێمێكی تۆتالیتاری و تۆرانی ناوچه‌كه و چۆنیه‌تی قۆرخكردنی كایه‌كانی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ...هتد له به‌رژه‌وه‌ندی رژێمه‌كه‌ی وه‌ك پاشخانێكی مێژویی، نه‌ك نه‌وه‌ی نوێ وه‌ك كاراكته‌رێكی زیندو بخه‌یته نێو فه‌زایه‌كی توندوتیژو قه‌یران و ناسه‌قامگیرییه‌كی دیكه. ئه‌گه‌ر دوباره تاكی كورد مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی لێ زه‌وت بكرێته‌وه به تایبه‌تیش له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانیه‌كی خۆماڵیدا ئه‌وا عیزه‌تی نه‌فسی تاكی كورد له‌م هه‌رێمه تا ئه‌وپه‌ڕی لاواز ده‌بێ، چونكه عیزه‌تی نه‌فس بریتییه له‌و رێزه‌ی كه تاكێك بۆ كه‌سێتی خۆی دایده‌نێت، به مانایه‌كی دیكه تاك متمانه‌ی به‌خۆی نامێنێ ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا داده‌نێت و دواجار كۆمه‌ڵگایه‌كی نا ته‌ندروست به‌رهه‌م دێنێت. د.عه‌لی وه‌ردی له‌به‌ر رۆشنایی سێ گریمانه كۆمه‌ڵگای عێراقی راڤهكردوه، یه‌كه‌میان دوفاقی كه‌سێتی تاكی عێراقی، دوه‌میان ململانێی خێڵه‌كایه‌تی و شارستانیه‌ت و سێیه‌میشیان نه‌گونجانی كۆمه‌ڵایه‌تییه. رونكردنه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای گریمانه‌ی سارانشین و شارستانیه‌ت مێژونوسی ئینگلیزی ئه‌رنۆڵد توینبی ده‌ڵێ: (عێراق وڵاتی هابیل و قابیله) ئه‌مه‌ش وایكردوه عێراق به درێژایی مێژو به‌ر ته‌وژمی خێڵه‌كایه‌تی بكه‌وێت. كه‌واته كۆمه‌ڵگای عێراق به درێژایی مێژو له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی خێڵه‌كایه‌تی و بنه‌ماڵه‌یدا بوه به قۆناغی دوای روخانی رژێمی به‌عسیشه‌وه، چونكه به‌بێ باكی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان گرتوه و خاڵی بۆ گه‌ڕانه‌وه له‌ساته‌وه‌ختی گرژی و ئاڵۆزییه‌كان كه‌سی و عورفییه تا ئه‌وه‌ی ده‌ستوریی و یاسایی بێت. ئه‌و واقعه‌ش كۆسپ و به‌ربه‌ستێكی به‌هێزه له به‌رده‌م دروستبونی بزاوتی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك پێویست. حوكمڕانیه‌كی له‌و جۆره‌ش ده‌رفه‌تی جێگیربونی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و شاری هاوڵاتی نادات، چونكه تا ئه‌م چركهساتانهش ده‌مارگیرییه‌كی به‌هێز له ناوچه‌كه بونی هه‌یه (كولتورێكی توندوتیژ هه‌یه)، هه‌میشه هێز هاوكێشه‌كان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه، به مانایه‌كی دیكه تاك ناتوانێ رۆڵی خۆی ببینێت له ده‌ره‌وه‌ی هێز و پشتیوانی خێڵ و بنه‌ماڵه‌كه‌ی. ده‌رهاوێشته‌ی دیفاكتۆ و واقعێكی وه‌ها غیابی دیموكراسیه‌ت و ئازادی به مانا راسته‌قینه‌كه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، هاوڵاتی بون مه‌رجی نالۆژیكی بۆ داده‌نرێت، كه‌چی (هاوڵاتی = كاری چاك) به‌بێ بونی هاوڵاتی به مانا فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی مافی به‌شداربونی سیاسیی و ... هتد ته‌نها چه‌واشه كردن و خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵكه. سه‌باره‌ت به گریمانه‌ی نه‌گونجانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ره‌هه‌ندێكی كولتوری هه‌یه، چونكه شارستانیه‌تی نوێ كۆمه‌ڵێك بیر و بۆچون و پره‌نسیپی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه كه ناگونجێت له‌گه‌ڵ داب و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌هاكان كه له ژینگه‌ی عێراق له سه‌ری بارهێنراوین و په‌روه‌رده‌كراوین. داریوش ئاشوری ده‌ڵێ: (منداڵ به بێ كو‌لتور له‌دایك ده‌بێ، ئایدۆلۆژیا، ره‌فتار، به‌هاكان و بیر و باوه‌ڕه‌كانی له‌قۆناغه‌كانی ژیان ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری توندی كولتورێكه‌وه كه له‌هه‌مو لایه‌كه‌وه ده‌وری داوه. كو‌لتور ئه‌وه‌نده كاریگه‌ره كه ده‌توانێ مرۆڤ به‌داوێن پاكی بهێڵێته‌وه. و: كۆسار فه‌تاحی).
كه‌واته شارستانیه‌تی نوێی رۆژئاوا پرسی ئازادی تاك و به‌رامبه‌ری و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتیمان په‌روه‌ری و... هتد له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه كه‌چی له واقعدا له‌گه‌ڵ به‌هاكانی ده‌مارگیریی و خزم خزمێنه و غیره‌ت و شۆردنه‌وه‌ی ناموس (گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئابڕو) و پیرۆزیه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگای عێراق ناكۆكه. به مانایه‌كی دیكه له كۆمه‌ڵگایه‌كی خێڵه‌كایه‌تی و بنه‌ماڵه‌یدا ناتوانرێ ته‌ركیز له‌سه‌ر رۆڵ و ئهكتیڤێتی تاك بكرێت، سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگای ئێمه تا هه‌نوكه راستییه‌كی به‌ڵگه نه‌ویسته. داڕشتنی سیسته‌مێكی سیاسیی كه رایه‌ڵه‌كانی پابه‌ستی سیسته‌می حوكمڕانی (به‌غدا) بێ، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م سیاسه‌ت و جیهانبینییه ده‌مانكاته‌وه به عێراقییه‌كی په‌تی، واتا به درێژایی مێژوی ده‌وڵه‌تی عێراق ئێمه‌ی كورد له قه‌فه‌سی عێراقی و عێراقچییه‌كان له په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگداین، به‌ڵام له‌دوای ساڵی (2003) كلیلی رههابون و ده‌ربازبون كه‌وته ده‌ستی خۆمان (بڕیار، بڕیاری نه‌ته‌وه‌یه‌كه له‌نیشتیمانه‌كه‌ی خۆی، كه كورده له هه‌رێمی كوردستان) كه‌واته كێشه و ململانێكان هێشتا له چوارچێوه‌ی عێراقدان نه‌ك هه‌رێم، ئه‌و عێراقه‌ی كه (توینبی) پێناسه‌ی كردوه. به‌و مانایه‌ی خاڵی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌مان هه‌یه ئه‌ویش (ده‌وڵه‌تی كۆماریی عێراقی فیدراڵه). ئه‌وه‌ی من وه‌ك هاوڵاتییه‌ك له‌و كێشمه‌كێشی سیاسی و ململانێی حیزبایه‌تی بهئهدایهكی نه‌رێنی و ناسه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و... هتد ناوچه‌كه تێگه‌یشتبێتم بریتییه له‌پراكتیزه‌كردنی سیاسه‌تێكی ناڕون له هه‌رێمی كوردستان له ئه‌نجامی نه‌بونی بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به ماناڕاستهقینهكهی، چونكه بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌وڵ و كۆششێكی ئۆرگانیزه كراون و وزه و توانای رێكخراویان له‌سه‌ر گۆڕینی سیاسه‌ت و حوكمڕانی و به‌ها باوه‌كان چڕده‌كه‌نه‌وه به فۆرم و میكانیزمی جۆراوجۆر .
بۆیه پێویسته سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رون بێت، حكومه‌ت به‌شێكه له‌سیسته‌می سیاسی نه‌ك هه‌مو چالاكییه سیاسییه‌كان، چونكه چالاكییه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ونه بازنه‌ی ده‌وڵه‌ت و ته‌واوی كۆمه‌ڵگا. كه ئایا سیسته‌می سیاسی ئه‌م هه‌رێمه خاكی و خۆماڵییه یان بارگاوی كراوه به‌سیاسه‌تی عێراقچییه‌تی، یاخود میتۆدێكی ئاماده‌كراومان پێدراوه‌و پێڕه‌وی لێ ده‌كه‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی واقعی كۆمه‌ڵگای خۆمان بكه‌ین؟ بونی پرسیارگه‌لێكی له‌وجۆره گیروگرفتی حوكمڕانی له‌هه‌رێمی كوردستان زیاد ده‌كات، چونكه بێ متمانه‌یی تا ئاستی تاقه‌ت پڕوكێن هه‌ڵده‌كشێ. هه‌روه‌ها سیاسه‌تی دوپێوانهیی له به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگادا نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه. ره‌هایی بونی حه‌قیقه‌ت بۆ هیچ پارت و لایه‌نێك نییه، به‌ڵكو به‌ڕێوه‌بردنی بونیادی كۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن حیزبێك یاخود چه‌ند حیزبێك حه‌قیقه‌تێكی رێژه‌ییه. له‌كۆی كۆمه‌ڵگا حه‌قیقه‌تی ره‌ها خۆی ده‌نوێنێ هه‌ر له‌و فه‌زایه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به مانا راسته‌قینه‌كه‌ی دروست ده‌بێت كه ئه‌ركی پاراستنی هاوسه‌نگیه له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان و كۆمه‌ڵگا، هه‌روه‌ها له‌فه‌زای حه‌قیقه‌تی رێژه‌ییدا فه‌زای گشتی دروست ده‌بێت كه بریتییه له هه‌ستی وه‌ك یه‌ك بۆ چاكه‌ی گشتی. بونی ئه‌مانه له‌واقیعدا بونی سیسته‌مێكی سیاسی دیموكراسی راسته‌قینه‌یه، بەڵام به‌نمونه. فه‌زای گشتی له‌هه‌رێمی كوردستان ره‌وتی ئاسایی خۆی وه‌رنه‌گرتوه، چونكه ئامانجی كاری سیاسی له‌م هه‌رێمه ئامانجێكی گۆڕاوه له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه. ئه‌م فه‌زایه‌ش ناتوانێ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و گشتی بپارێزێت (له‌ڕاستیدا هه‌مو كارێك ئامانجێكی هه‌یه ئه‌ویش چاكه‌یه ). |
|
|