Print
 
 گه‌وره‌م، ئێوه‌ خودی‌ ده‌ستورن!
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Tuesday, May 7, 2013

گه‌وره‌م؛ هه‌ندێك ماده‌ هه‌ن له‌ره‌شنوسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمدا، پێویسته‌ بیانپارێزن و له‌ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یدا بچه‌سپێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ جه‌نابتان خاوه‌ن مافێكی‌ خواوه‌ندانه‌ی‌ ره‌هابن و سه‌ری‌ وڵات بیت و له‌ ‌هه‌ركار و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كدا پارێزراوبیت!

گه‌وه‌ره‌م؛ گوێ‌ مه‌ده‌ به‌قسه‌ و تانه‌ی‌ نه‌یارانتان، چونكه‌ ئێستا بارودۆخی‌ هه‌رێمه‌كه‌مان هه‌لومه‌رجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ڵمه‌تی‌ داواكاری‌ ئۆپۆزسیۆنیش بره‌وی‌ سه‌ند بۆ راستكردنه‌وه‌ی‌ ره‌شنوسی‌ ده‌ستور، ئه‌وا زانا و فوقه‌هاكان، بانگێشت بكه‌ن بۆخستنه‌ڕوی‌ ماده‌ پیرۆزو باش و هاوچه‌رخه‌كانی‌ ده‌ستوری‌ ئێستا كه‌ رێساكانی‌ دیموكراسی‌ ده‌چه‌سپێنن، چونكه‌ ئه‌م ده‌ستوره‌ پێشكه‌وتوترین و كراوه‌ترین و سنگفراوانترین ده‌ستوری‌ ئه‌م جیهانه‌یه‌!

رۆژی‌ 4ی‌ ئه‌م مانگه‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا مه‌سه‌له‌ی‌ راپرسی‌ له‌سه‌ر ره‌شنوسی‌ ئێستای‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ خسته‌وه‌ به‌رباس، له‌كاتێكدا ئه‌و ره‌شنوسه‌ جگه‌ له‌ ‌حیزبه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، كۆی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، به‌یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانیشه‌وه‌ دژی‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌وره‌شنوسی‌ ده‌ستوره‌ن، كه‌ 24 ده‌سه‌ڵاتی‌ گه‌وره‌و كاریگه‌ر به‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌دات، له‌كاتێكدا له‌عێراقدا هیچ یه‌كێك له‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق و سه‌رۆكی‌ وه‌زیران ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی‌ نیه‌!
به‌وردبونه‌وه‌ له‌ناوه‌رۆك و ئه‌و ده‌سه‌لاَتانه‌ی‌ دراوه‌ به‌پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، ئێمه‌ پێمان وایه‌ پرۆژه‌ی‌ ده‌ستوره‌كه‌  كراسێكه‌ به‌ باڵای‌ بارزانیدا دوراوه‌ و له‌ نه‌تیجه‌دا پرۆه‌كه‌ دیكتاتۆرێك به‌یاسا بۆ كوردستان دروستده‌كات. چونكه‌ جه‌نابی‌ سه‌رۆك به‌پێی‌ ئه‌و ره‌شنوسی‌ ده‌ستوره‌:

 1-سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ ئه‌گه‌ری‌ بونی‌ (50+1) كورسی‌ په‌رله‌ماندا له‌ ‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزبه‌كه‌ی‌، ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌یه‌.
2-سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، كه‌سی‌ یه‌كه‌م و سه‌رۆكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌‌ راپه‌ڕاندنی‌ هه‌رێمه‌، به‌وپێیه‌ش به‌باش و به‌خراپ هه‌موو ده‌سه‌لاَتێكی‌ به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كان و فه‌رمانگه‌كانی‌ حكومه‌تدا هه‌یه‌!
3_سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی‌ ده‌ركردنی‌ جاڕدانی‌ باری‌ نائاسایی‌ هه‌رێمی‌ هه‌یه‌.
4-سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی‌ جوڵاندی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌یه‌، له‌ناوخۆدا، هه‌روه‌ها بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ بانگهێشكردنی‌ هێزی‌ ده‌ره‌كی‌ هه‌یه‌ بۆ ناو هه‌رێم.
5-سه‌رۆكی‌ هه‌رێم خۆی‌ به‌ ده‌ركردنی‌ مه‌رسومێك ئه‌ندامانی‌ دادگای‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم‌ و ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ریی ‌‌و دادوه‌ران داده‌مه‌زرێنێت.
6_سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واوی‌ به‌سه‌ر هه‌ردو ئه‌نجومه‌ن و ده‌زگای‌ ئاسایشدا هه‌یه‌.

ئه‌مانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێكرد، هه‌رخاڵێكیان جێگای‌ له‌سه‌روه‌ستان و هه‌ڵوێسته‌كردنن و ته‌نیا شه‌ش خاڵن له‌و (24) ده‌سه‌ڵاته‌ گرنگه‌ی‌ كه‌ له‌ ده‌ستوردا دراوه‌ به‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، كه‌ هه‌ركه‌سێك ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌لف‌وبێی‌ سیاسه‌ت بزانێت، هه‌ست به‌وه‌ده‌كات كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ زۆره‌ی‌ دراوه‌ به‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم هیچ كاتێك سیستمی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ ناچێت‌ و ته‌واو سه‌رۆكایه‌تییه‌.

ته‌نیا ئه‌و شه‌ش خاڵه‌‌ی‌ ئاماژه‌مان پێدا به‌ به‌راورد به‌ ده‌ستوری‌ عێراق، هیچ یه‌كێك له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ له‌ عێراقدا نه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمار و نه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیراندا نییه‌، ته‌نیا له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدایه‌.

په‌رۆشی‌ دڵسۆزانی‌ گه‌له‌كه‌مان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ده‌ستورو نه‌خستنه‌ راپرسیه‌وه‌، كه‌ بوه‌ته‌ جێگای‌ ناڕه‌زاییه‌كی‌ میللی ‌‌و به‌رفراوان، په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ مه‌به‌ستیان بێت له‌ ئێستادا ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزبێك یان شه‌خسێك كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئازادییه‌كانی‌ خه‌ڵك ‌و نه‌وه‌كانی‌ دواڕۆژمانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ئاینده‌دا چ سیستمێكیان بۆ هه‌ڵده‌بژێرین.

پێدانی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ زۆره‌ به‌پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ئه‌م ده‌ستوره‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ كوشتنی‌ په‌رله‌مان‌ و هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دواوه‌، ئه‌مه‌ش مانای‌ دروستكردنی‌ دیكتاتۆرێكه‌ بۆ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی!
Sbeiy.com © 2007