|
ده‌وڵه‌تی كوردی... پارادۆكسیهتی ده‌سه‌ڵات |
نوسه‌ر: دڵشـاد شـێخان حوسـێن
|
Sunday, May 26, 2013 |
بونی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڵگه‌ی هه‌بونی ئینتیمای تاكه بۆ نیشتیمان، ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت... پێچه‌وانه‌كه‌یشی راسته.
میرنشینی بادینان و سۆران یه‌كسانه به دایه‌لێكتی بادینی و سۆرانی (2013)ی كوردستانی باشور ئه‌م راستیه‌ش سه‌لمێنه‌ری بونی ده‌سه‌ڵاتی هۆز و عه‌شیره‌ت و ده‌ره‌به‌گایه‌تییه، هه‌بونی زمانێكی فه‌رمی ناوچه‌گه‌ری ده‌كوژێت و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی زیاد ده‌كات به مانایه‌كی تر یه‌كێكه له بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت، هه‌روه‌ها زمان ئه‌گه‌ر له خاك زیاتر نه‌بێت كه‌متر نییه، زمان ئه‌گه‌ری له‌ناوچونی هه‌یه، بۆیه‌شه پێویسته دایه‌لێكتێك بكرێت به زمانی فه‌رمی كوردی بۆ خوێندن و نوسین له داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان به‌تایبه‌تیش له قۆناغه‌كانی په‌روه‌رده و فێركردن، ده‌بێ ئه‌و راستیه بزانین كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان گۆڕان له سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردن زۆر سه‌خته... هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌م هه‌رێمه پرۆسه‌كه له پێشكه‌وتن بێ ئومێد و سه‌ختتر ده‌كات رێك نه‌كه‌وتنه له‌سه‌ر دایه‌لێكتێك (بادینی یان سۆرانی). رونتر بڵێم زمانی فه‌رمی (ستاندارد)ی داموده‌زگا حكومییه‌كان به‌رهه‌می قۆناغی سه‌رمایه‌داری كۆمه‌ڵگاكانه، ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌یی له‌دوای شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسا په‌ره‌ده‌سێنێت، كه‌واته بابه‌ته‌كه زیاتر هـهڵدهگرێ و ده‌بێ په‌یامه‌كه له‌ڕێگه‌ی چه‌ند نمونه‌یه‌ك بگه‌یه‌نم، ئه‌مەریكا (U.S.A) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ڕوی فیكر و سیاسه‌ت و ته‌كنه‌لۆژیا... پێشه‌نگه، به‌ڵام له ده‌ستوری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكا زمانی فه‌رمی هیچ پێناسه‌یه‌كی نییه ئه‌گه‌رچی زمانی ئینگلیزی له په‌روه‌رده و فێركردن و داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان ته‌نانه‌ت له كاروباره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌كارده‌هێنرێت، هه‌روه‌ها زمانی فه‌ره‌نسیش له پاڵ زمانی ئینگلیزی فه‌رمییه به‌هۆی فره نه‌ته‌وه‌یی و... هتد، ئه‌و فاكتهش وای كردوه به "گه‌لی ئه‌مەریكا" ناوببرێت.
مالیزیا وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه‌یه كه پێكدێت له: مالیزی، چینی و هیندی، هه‌ر یه‌كه‌یان كەلتور و زمانی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، به‌ڵام زمانی مالیزی زمانی فه‌رمییه، چونكه زۆرینه پێكدێنێت و هه‌ژمونی زیاتره، به‌بێ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و زمانه‌كانی دیكه قه‌ده‌غه بكرێن، هه‌روه‌ها ئه‌و رێزگرتن و یه‌كتر قه‌بوڵ كردنه‌ش وای كردوه نه‌ته‌وه‌كانی تر ئینتیمایان بۆ زمانی فه‌رمی هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی زمانی ئینگلیزی به ناچاری له قۆناغه‌كانی خوێندنی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی زمانی خوێندنه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مالیزیا وڵاتێكی ته‌كنۆلۆژییه... هه‌یمه‌نه‌ی زمانی ئینگلیزی له په‌روه‌رده و فێركردن حه‌تمییه.
له‌و وڵاتانه هۆشیاری له ره‌هه‌نده جیاوازه‌كان له‌ئاستێكی به‌رزدایه، ئه‌مه‌ش وایكردوه هیچ دابڕانێك سه‌باره‌ت به گه‌شه‌و په‌ره‌سه‌ندنی كەلتوری رونه‌دات، پێشكه‌وتنی كەلتوری ئه‌و وڵاتانه نه‌قشی له‌سه‌ر وڵاتانی دیكه داناوه، هه‌روه‌ها مافه مه‌ده‌نی و ئیتنییه‌كان له ئه‌وجی پێشكه‌وتندان (كامڵبونی شار و هاوڵاتی رۆڵی پێشه‌نگ ده‌گێڕن له پێشخستنی بیری سیاسی و... هتد).
پرسی ده‌وڵه‌تی كوردی پێویستی به زه‌مینه‌سازی هه‌یه، قسه‌كردن به‌بێ كردار زیان به قسه‌كه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه ماهیه‌تی ده‌ره‌نجامه‌كه گرنگه، ده‌بێ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی – ناسیۆنالیزم به هه‌قیقی بئهفرێنرێت كه بریتییه له ( كوردبون).
قسه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق "مالیكی" سه‌لماندی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كابینه‌ی حهوتهمیشهوه نه‌یانتوانیوه سود له‌مێژو وه‌ربگرن و مامه‌ڵه‌یه‌كی سیاسه‌تمه‌دارانه بنوێنن، به‌وه‌ی سیاسه‌ت برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب... نییه، به‌ڵكو لۆژیك و داناییه. هه‌ڵه‌ی سیاسه‌تمه‌دار له‌مه‌یدانی سیاسه‌تدا چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك... به‌ره‌و لێژی ده‌بات یاخود نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌بێته قوربانی ده‌رفه‌تێك و چه‌ند وشه‌یه‌ك! ئێمه‌ی كورد له‌پێناو ئافه‌رین و ناوبانگ چه‌ندین ده‌رفه‌ت و هه‌زاران قسه‌مان له ده‌ست چو (بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و كه‌سی... به‌ناوی نه‌ته‌وه‌یه‌ك قسه‌یان كردوه).
مالیكی ده‌ڵێ: (شه‌ڕی له‌مه‌ودوای به‌غداو هه‌رێم شه‌ڕێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێت، به ده‌ربڕینێكی تر شه‌ڕی عه‌ره‌ب دژی كورد) واته به‌گۆڕینی سیسته‌می حوكمڕانی و... هتد ناتوانرێ بیری نه‌رجسی عه‌ره‌ب به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تر بگۆڕدرێت، هه‌روه‌ها به‌هاری عه‌ره‌بیش ته‌نها ناوێكه و هیچی لێ سه‌وز نابێت. ره‌تكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه خودا به كوردی خولقاندویه‌تی، كوردیش مافێكی ره‌وای خۆیه‌تی كوردبونی خۆی له تیرۆركردن بپارێزێت له‌ڕێگه‌ی وابه‌سته كردنی تاكه‌كانی كورد به‌زمانی فه‌رمی كوردی (ستاندارد – پاك)، عه‌ره‌ب له دانپیانان به‌و مافه خۆی ده‌بوێرێ. كه‌واته "چیتر با سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب نه‌كه‌نه وێردی سه‌ر زمانیان" (تورك، فارس و عه‌ره‌ب خۆیان به سه‌رده‌سته و كورد به‌ژێر ده‌سته ده‌زانن).
دێینه‌وه سه‌ر پرسی ده‌وڵه‌تی كوردی، ئه‌گه‌ر كوردستانی باشور داوای به ده‌وڵه‌ت بونی خۆی ده‌كات ئه‌وا به تێپه‌ڕبونی كات پێویسته چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ی كوردی رابگه‌یه‌نرێت... تا هه‌نوكه كێشه‌ی شوناسی (نه‌ته‌وه – ناسیۆنالیزم)مان هه‌یه، بۆ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ره‌وایه بیست و دو ده‌وڵه‌تی هه‌بێت، به‌ڵام نوێنه‌رانی كورد له په‌رله‌مانی كۆماری عێراقی فیدراڵ به زمانی خۆیان نادوێن له كاتێكدا زمانی كوردی له پاڵ زمانی عه‌ره‌بی فه‌رمییه، نه‌خاسمه ده‌وڵه‌تی كوردی !
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م سێ پارێزگایه... ته‌نها بۆ راكێشانی عاتیفه‌ی خه‌ڵك پرسی ده‌وڵه‌تی كوردی له قسه و وتاره‌كانیان جێگیر ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی بازدانێكی نا لۆژیكییه له‌كاتێكدا بستێك له‌خاكی كوردستانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم نه‌گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌ردو پارتی حوكمڕان به‌رله‌وه ده‌بوایه قۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) ده‌ست پێبكه‌ن كه بریتییه له: ئاساییكردنه‌وه، سه‌رژمێری و راپرسی، به‌ڵام به‌هۆی خه‌مخۆریان بۆ حیزبایه‌تی و به‌رزكردنه‌وه‌ی كێرڤی لایه‌نگرانیان ده‌رفه‌ته‌كه‌یان له‌ده‌ست ده‌رچوه بۆیه‌شه ده‌یانه‌وێ له‌ڕێگه‌ی قسه‌وه... ئه‌و دابڕانه‌ی له‌نێوان ویستی ره‌سه‌نی جه‌ماوه‌ر و خۆیان دروست بوه به‌یه‌كی بگه‌یه‌نن، به مانایه‌كی دیكه به میكانیزمی جیاواز هه‌وڵده‌ده‌ن رای گشتی بشێوێنن و خه‌ڵك چه‌واشه بكه‌ن. با ئه‌وه‌نده‌ش دور نه‌ڕۆین ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته تائێستا نه‌یتوانیوه بۆ سێ پارێزگا دایه‌لێكتێك بكات به زمانی فه‌رمی خوێندن و نوسین و له داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان كاری پێ رایی بكرێت، ئه‌وا ئه‌مڕۆمان له به‌یانی باشتره... كه په‌روه‌رده و فێركردن و... هتد له‌سێ پارێزگا به دو دایه‌لێكت (سۆرانی و بادینی) ئه‌نجام بدرێت، كه‌واته پرسی ده‌وڵه‌تی كوردی بۆچی؟ هیچ تاكێكی كورد نییه حه‌ز نه‌كات خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت بێ بۆیه ئه‌و بابه‌ته موزایه‌ده هه‌ڵناگرێت، به‌ڵام بونی ده‌وڵه‌تی كوردی زه‌مینه‌سازی ده‌وێ... وشه كه له ده‌م ده‌رچو پێویسته كارێك بكات.
ئایا لۆژیكی ئه‌و قسه‌یه له كوێدایه كه سه‌رۆك كۆماری عێراق له "2012" ده‌ڵێ: (ده‌وڵه‌تی كوردی خه‌ونی شاعیرانه‌یه) ئایا ئه‌و هه‌مو پارادۆكسیه له قسه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه چ په‌یامێكمان پێده‌گه‌یه‌نێ؟ به‌ڵێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و فه‌زایه‌ی له هه‌رێمێكی سێ پارێزگایی خاوه‌ن په‌رله‌مان و حكومه‌ت... ده‌توانم بڵێین ده‌وڵه‌تی كوردی (خه‌ون)ه. |
|
|