Print
 
 سیاسه‌ت و ده‌ستور: زیمبابۆ و کوردستان
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Monday, May 27, 2013
به‌راوردێکی نێوان زیمبابۆ و باشوری کوردستان بکه‌

مێژویه‌ک
جۆشوا نکۆمۆ و رۆبێرت موگابا له‌ 1964ه‌وه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئه‌و کاته‌ی زیمبابۆ (سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی پێست سپیه‌کان ناوی رۆدیسیا بو) ده‌ستگیر کرابون. له‌ ساڵی 1974 له‌ژێر فشاری سه‌رۆک وه‌زیرانی باشوری ئه‌فریقا جۆن فۆرسته‌ر، ئازاد کران. نکۆمۆ، دوای ئازادکردنی، روی له‌ زامبیا کرد و له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی حکومه‌تی رۆدیسیا به‌رێگه‌ی خه‌باتی چه‌کداری و دانوستان به‌رده‌وام بو. له‌کاتی سه‌ربه‌خۆیی زیمبابۆدا سوپاکه‌ی نکۆمۆ (سوپای شۆڕشگێڕی گه‌لی زیمبابۆ، ناسراو به‌ ZAPU) سوپایه‌کی مۆدێرن بو و بنکه‌کانی له‌ زامبیا و ئه‌نگۆلا بون.

نکۆمۆ له‌ ساڵی 1960 پارتی دیموکراتی نیشتمانی دروستکرد و رۆبێرت موگابا چوه‌ ناو پارته‌که‌یه‌وه‌، دواتر ناوی پارته‌که‌ی گۆڕی بۆ یه‌کێتی ئه‌فریقیه‌کانی زیمبابۆ. له‌ ساڵی 1963 موگابۆ و چه‌ند هاوڕێیه‌کی له‌ نکۆمۆ جیابونه‌وه. هه‌ردو سه‌رکرده‌ی زیمبابۆ به‌رده‌وام بون له‌ شەڕکردنی حوکمی پێست سپیه‌کان تا له‌ژێر فشاری به‌ریتانیا له‌ ئه‌یلولی 1979 هه‌مو لاکان له‌ Lancaster House له‌سه‌ر ده‌ستورێکی نوێ رێکه‌وتن و رێگه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد سازکرا. له‌م دانوستانه‌دا نکۆمۆ و موگابا به‌ناوی به‌ره‌ی نیشتمانیه‌وه‌ به‌شدارییان کرد. له‌ ساڵی 1980 هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدرا و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا له‌سه‌ر بنه‌مای خێڵه‌کی دابه‌ش بو و موگابا پشکی شێری په‌رله‌مانی بۆ پارته‌که‌ی، زانو، پچڕاند. پۆستی ته‌شریفاتی سه‌رۆکیاندا به‌ نکۆمۆ، به‌ڵام ره‌تیکرده‌وه‌. وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردو سه‌رکرده‌ ئامانجی سه‌ره‌کیان له‌کۆتایی هێنان به ‌حوکمی که‌مایه‌تی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام جیاوازیه‌کانیان به‌ زیندویی مانه‌وه، جیاوازی ئایدیۆلۆجی و ترسی به‌رده‌وامی موگابا له‌ راپه‌ڕینی خه‌ڵکی ناوچه‌ی Ndebele ‌سه‌ر به‌ نکۆمۆ په‌یوه‌ندیه‌کانیانی گرژ و ئاڵۆز کردبون.

موگابا دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1980 و له‌ درو‌ستکردنی حکومه‌تدا رازی نه‌بو پۆستی وه‌زیری به‌رگری به‌ نکۆمۆ بدا و له‌جیاتی ئه‌وه‌ کردی به‌ وه‌زیری بێ وه‌زاره‌ت. له‌ 1982 نکۆمۆ به‌کارکردن بۆ کوده‌تا تۆمه‌تبار کرا. موگابا له‌ لێدوانێکیدا وتی: " ZAPUو سه‌رکرده‌که‌ی، دکتۆر جۆشوا نکۆمۆ، وه‌ک ماری کۆبرا وان له‌ناو ماڵدا، باشترین رێگه‌ بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ماردا پانکردنه‌وه‌ی سه‌ره‌که‌یه‌تی". دواتر هێزێکی سوپاکه‌ی که‌ له‌لایه‌ن کۆریای باکوره‌وه‌ مه‌شقی پێکرابو نارده‌ سه‌ر ناوچه‌ی نکۆمۆ و نزیکه‌ی 20.000 له‌ دانیشتوانانی ناوچه‌که‌یان کوشت. ئه‌م مه‌زبه‌حه‌یه‌‌ هه‌وڵێکی موگابا بو بۆ له‌ناوبردنی زاپو و دروستکردنی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی ره‌ها، نکۆمۆ له‌ ئازاری 1987 بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵات و گه‌یشته‌ له‌نده‌ن.
پاش لاوازبونی پێگه‌ی نکۆمۆ، حیزبه‌که‌ی له‌لایه‌ن حیزبی زانوی موگابا‌وه‌ هه‌ڵلوش کرا و زیمبابۆ به‌ده‌سه‌ڵاتی یه‌ک حیزبه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چو. نکۆمۆ له‌ 1ی ته‌موزی 1999 له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵیدا له‌ نەخۆشخانه‌ی پارینیاتا له‌ هه‌ریرای پایته‌خت کۆچی‌ دوایی کرد.

2013: راپرسی ده‌ستور

دوا هه‌ڵبژاردن له‌ زیمبابۆ له‌ ساڵی 2008دا کرا، که‌ش و هه‌وای هه‌ڵبژاردنه‌که به‌ توندوتیژی و ئاژاوه‌ ته‌نرابو، میلیشاکانی موگابا، سه‌رۆک کۆمار، سه‌دان که‌سیان له‌ هه‌وادارنی مۆرگان، رکابه‌ری موگابۆ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا کوشت و ده‌ستدرێژی سێکسیشیان له‌ ده‌یان ئافره‌ت کرد، وێڕای ئه‌وه‌ی مۆرگان له‌ خولی یه‌که‌مدا براوه‌ بو، به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ ناچاری کرد بۆ خولی دوه‌م خۆی بکشێنێته‌وه‌.‌‌ دوای ئه‌م روداوه‌ خوێناویانه‌ پارته‌ سیاسیه‌کان و به‌ پشتگیری وڵاتانی ده‌ره‌کی له‌ سه‌ر‌ حکومه‌تێکی یه‌کگرتو‌ رێکه‌وتن و بڕیاریان دا که‌ ده‌ستور هه‌موار بکرێته‌وه‌ و بخرێته‌ راپرسیه‌وه‌.

له‌ 16 و 17 ئازاری 2013 راپرسی له‌ سه‌ر ده‌ستوری زیمبابۆ ئه‌نجام درا، پاش ئه‌وه‌ی له ‌حوزه‌یرانی و ئه‌یلولی 2011دا دواخرابو.

له‌ ره‌شنوسی ده‌ستوره‌که‌دا هاتبو که‌ ماوه‌ی حوکمی سه‌رۆکی وڵات بۆ دو خولی پێنج ساڵی دیاریکراو ده‌بێت و سه‌رۆک ده‌سه‌ڵاتی ڤیتۆی له‌ سه‌ر یاساکانی په‌رله‌مان نامێنێت و ده‌سه‌ڵاتێکی دادی سه‌ربه‌خۆ و کۆمسیۆنێک بۆ ئاشتی و ئاشتبونه‌وه ‌و کۆمسیۆنێکیش بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی دروست ده‌کرێن، ده‌ستوره‌که‌ رێگری له‌ راگرتنی‌ پرۆگرامی چاکسازی کشتوکاڵ ده‌کات.

بۆ راپرسیه‌که‌ 90.000 کۆپی ره‌شنوسه‌که‌ بۆ 6.6 ملیۆن ده‌نگده‌ر چاپ کرابو و که‌متر له‌ چوار هه‌فته‌یان هه‌بو بۆ خوێندنه‌وه‌ی، له‌ راپرسیه‌که‌دا نزیکه‌ی 2،300.000 به‌شداریان کرد و 94،5% به‌به‌ڵێ ده‌نگیان به‌ ده‌ستور دا. 

له‌ زیمبابۆ له‌ ساڵی 1899ه‌وه‌ 31 جار هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مان کراوه‌ و له‌ 1990ه‌وه‌ پێنج جار بۆ سه‌رۆک و راپرسیش له‌ 1922ه‌وه‌ نۆ جار ئه‌نجام دراوه‌.

ژنێکی به‌ته‌مه‌ن له‌ ناوچه‌ی گوتو سه‌باره‌ت به‌ راپرسیه‌که‌ ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌ ده‌ستور بده‌م ئایا مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌نگ به‌ رۆبێرت موگابا ده‌ده‌م؟ ئه‌گه‌ر بڵێم نه‌خێر مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌نگ به‌ مۆرگان تشڤانگیاری ناده‌م؟ وته‌کانی ئه‌م ژنه‌ به‌ته‌مه‌ن چوه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌سایه‌تیه‌کان پانتایی سیاسی زیمبابۆیان داگیر کردوه‌.

بۆ راپرسیه‌که‌ زۆرینه‌ی ساده‌ پێویست بو، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ده‌ستور پێیوابو به‌شداریکردنی که‌متر 50% به‌مانای ره‌تکردنه‌وه‌ی ده‌ستور دێت.

یه‌کێک له‌ خاڵه‌ لاوازه‌کانی ده‌ستور ئه‌و سازشه‌ بو که‌ ده‌ڵێت؛ له‌ ماوه‌ی یه‌که‌م ده‌ ساڵدا ئه‌گه‌ر سه‌رۆک مرد یا وازی له‌کارهێنا پارته‌که‌ی سه‌رۆک که‌سێکی تر هه‌ڵده‌بژێرێت و خاڵێکی لاوازی تریش که‌ له‌ هه‌مان ده‌ ساڵدا دادگای ده‌ستوری له‌ هه‌مان دادپه‌روه‌رانی دادگای باڵای وڵات پێکبێت. رێژه‌ی زۆری ده‌نگده‌ری به‌ڵێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌ستوره‌که‌ خولی سه‌رۆکایه‌تی دیاریکردبو، زۆربه‌ی زیمبابۆیه‌کان که‌ ته‌مه‌نیان له‌ژێر 30 ساڵدایه‌ ته‌نها یه‌ک سه‌رۆکیان ناسیوه‌، رۆبێرت مۆگابا له‌ 1980وه له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌.

ره‌شنوسی ده‌ستور که‌ هه‌مو پارته‌ سیاسیه‌کان له‌ په‌رله‌مان سازشیان له‌سه‌ر کردبو چه‌ند خاڵێکی کۆنتڕۆڵکردنی ده‌سه‌ڵاتی له‌ خۆ گرتبو و به‌ سه‌ره‌تای قۆناغێکی نوێ‌ له‌ مێژوی زیمبابۆدا ده‌بینرا، که‌ بۆماوه‌ی 30 ساڵ له‌لایه‌ن یه‌ک که‌سه‌وه‌ له‌ ساتی سه‌ربه‌خۆیی له‌ 1980دا به‌ڕێوه‌براوه. ‌ئومێدی خه‌ڵک بو که‌ راپرسیه‌که‌ سه‌ره‌تای کۆتایی هێنان بێت به‌ حکومه‌تی هاوپه‌یمانی نێوان پارتی زانو Zanu PF ی Robert Mugabe و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕینی دیموکراسی Morgan Tsvangirai's که‌ به‌ وه‌ساته‌تی وڵاتانی ناوچه‌که‌ پاش هه‌ڵبژاردنه‌ خوێناویه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی له‌ ساڵی 2008دا سازدرابو. ده‌ستوری نوێ له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه‌ پشتگیری و ته‌مویل کراوه‌. له‌ ده‌ستوره‌ نوێکه‌دا هاتوه‌ که‌ هێزه‌کانی ئاسایش که‌ رۆڵی گرنگ و به‌رچاویان له‌ ژیانی سیاسی زیمبابۆدا هه‌بوه‌ بۆیان نیه‌ ببن به‌ ئه‌ندام له‌ پارته‌ سیاسیه‌کاندا.

له‌ خاڵه‌ گرنگه‌کانی تری دستور:
- پاراستنی مافی ئازادی راده‌ربرین
- ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ پارێزگاکان
- نه‌هێشتنی مافی ڤیتۆی سه‌رۆک له‌سه‌ر یاساکانی په‌رله‌مان
- رێگرتن له‌ دروستکردنی ئاسته‌نگه‌ یاساییه‌کان به‌رامبه‌ر به‌ چاکسازی بازرگانی و کشتوکاڵی.

به‌پێی ده‌ستوری نوێ فه‌رمانه‌کانی سه‌رۆک ده‌بێت له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی کابینه‌ی حکومه‌ته‌وه‌ پشتگیری بکرێت و راگه‌یاندنی باری نائاسایی له‌ وڵات و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێت له‌لایه‌ن 75% په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سند بکرێت.

چاوه‌ڕوانیه‌کان
به‌ وته‌ی مۆرگان ئه‌م راپرسیه‌ بریتیه‌ له‌ کردنه‌وه‌یه‌کی‌ سیاسی و هیواشی خواستوه‌‌ که‌ کەلتورێکی سیاسی نوێ بهێبنێته‌ ئاراوه‌، له‌ کەلتوری به‌ره‌ڵایی و بێ سه‌روبه‌ریه‌وه‌ بۆ کەلتوری ده‌ستوری.

راپرسیه‌که‌ له‌ پراکتیکدا ئه‌وه‌نده‌ی نه‌گۆڕیوه‌، به‌ڵام تاقیکردنه‌وه‌یه‌که‌ و گرنگه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی گشتی که‌ بڕیاره‌ پێش مانگی ئۆکتۆبه‌ری  ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت. وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت موگابا (هه‌نوکه‌ ته‌مه‌نی 89 ساڵه‌) له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتودا خۆی کاندید بکاته‌وه‌.

بردنه‌وه‌ی پارتی زانوی مۆگابا کارێکی باش نابێت‌ بۆ رۆحی ده‌ستوری چونکه‌ له‌ رابوردودا ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ ئه‌م پارته‌ کاتێک هه‌ستی کردبێت ده‌سه‌ڵاتی که‌م بۆته‌وه‌ بێ یه‌ک و دو پێشێلی ده‌ستوری کردوه، وه‌ک پێش راپرسیه‌که‌ گرتنی ئه‌و پارێزه‌ر و چالاکوانیه‌ مه‌ده‌نیانه‌ی له‌گه‌ڵ زانو کۆک نه‌بون.

وێرای په‌سندکردنی ده‌ستور زۆربه‌ی زیمبابۆیه‌کان دڵنیانین له‌وه‌ی ده‌ستوری نوێ شتێکی ئه‌وتۆ له‌ وڵاته‌که‌یان بگۆڕێت، رۆژێک دوای ده‌نگدان هێزه‌کانی پۆلیس له‌ کاره‌ قێزه‌وه‌نه‌کانیان به‌رده‌وام بون و چوار له‌ به‌رپرسه‌ باڵاکانی پارته‌که‌ی مۆرگانی سه‌رۆک وه‌زیران و چالاکوانێکی ناودار و رێزداری بواری مافی مرۆڤیان ده‌ستگیر کرد و په‌لاماری چه‌ند رادیۆی لۆکاڵیاندا که‌ داوای میدیای ئازادیان ده‌کرد. هێزه‌کانی پۆلیس و میلیشیاکانی موگابۆ به‌رده‌وامن له‌ پێشێلکردن و له‌سه‌روی  یاساوه‌ ته‌مویل ده‌کرێن و کارده‌که‌ن.
Sbeiy.com © 2007