Print
 
 ده‌ستوری ده‌ستی دو
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Monday, June 3, 2013


راگه‌یاندنی مه‌سعود بارزانی بۆ راپرسی له‌سه‌ر ده‌ستور گۆمی سیاسی هه‌رێمی زیاتر شڵه‌قاند، هه‌مو لایه‌ک به‌ رازی و ناڕازیه‌وه‌ به‌یانی هه‌ڵسه‌نگاندن و دیدوبۆچونی خۆیان ده‌که‌ن، به‌رچاوه‌ که‌ به‌ره‌ی ناڕه‌زا زۆرینه‌ن.

دوا هه‌ڵوێستی یه‌کێتی، به‌ناو هاوپه‌یمانه‌که‌ی پارتی، داوای هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور و دواتر راپرسی ده‌کات، به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنیش پرۆژه‌یه‌کی بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستوره‌که‌‌ داڕشتوه‌. سه‌رجه‌م ئه‌م داواکاری و هه‌ڵوێستانه‌ له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌ی پارتیدا گیرساوه‌ته‌وه‌.

دیلێما؟
له‌ئاکامدا دۆخێک هاتۆته‌ ئاراوه‌‌ خه‌ڵکی وا هه‌ست ده‌کات که‌ راپرسیه‌که‌ی پارتی له‌سه‌ر ده‌ستور کێشه‌ی گه‌وره‌ی لێده‌که‌وێته‌وه، یاخود گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان و سازان کردن له‌سه‌ری بۆ‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ی‌ ته‌نها رێگه‌ی ده‌ربازبونه‌‌ له‌م قه‌یرانه، له‌هه‌ر دو حاڵه‌تدا و له‌م ره‌وشه‌دا کلیله‌که‌ به‌ده‌ستی پارتی و سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه‌یه‌‌‌. به‌واتایه‌کی تر کوردستان که‌وتۆته‌ به‌ر ره‌حمه‌تی پارتی و سه‌رۆکه‌که‌ی.

ئه‌م دۆخه‌ به‌و که‌ش و هه‌وایه‌وه‌ کرۆکی یه‌کێک‌ له‌ مه‌ترسیه گه‌وره‌کانه، ئه‌ویش که‌ تاکه‌ که‌سێک و به‌شێک له‌ توندڕه‌وانی حیزبه‌که‌ی ده‌رفه‌تیان بۆ ره‌خساوه‌ به‌و جۆره‌ بڕیار له‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆر چاره‌نوسساز بده‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ده‌ستوره‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ له‌ دۆخێکی تایبه‌ت و به‌سه‌رچودا تێپه‌ڕێندراوه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا بۆته‌ ده‌ستی دو و به‌که‌ڵکی ئاینده‌یه‌کی هیوابه‌خش بۆ باشوری کوردستان نایه‌ت.

مایه‌ی سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانیشه‌ که‌ وێڕای به‌رفراوانیه‌کی‌ به‌رچاوی به‌ره‌ی ناڕه‌زا که‌چی له‌ بازنه‌یه‌کی داخراودا ده‌سوڕێته‌وه‌ و به‌شێواز و رێگه‌ کلاسیکیه‌کان سه‌رقاڵی ململانێکانی گه‌مه‌ی ده‌ستورن، هه‌مو هه‌وڵه‌کان بۆ فشار خستنه‌سه‌ر پارتیه‌‌ تا له‌م هه‌ڵوێسته‌یدا نه‌رمی بنوێنێت. ده‌کرا به‌ره‌ی ناڕه‌زا سه‌ره‌ تاوه‌کانی بگرتایه‌‌ ده‌ست و پارتی ناچارکردایه‌ ملکه‌چی خواستی زۆرینه‌ی میلله‌ت ببوایه، لێره‌دا پشکی گه‌وره‌ی گوناهه‌که‌‌ له‌ ئه‌ستۆی یه‌کێتییدا بو،‌ له‌سه‌ره‌تادا هه‌ڵوێستیان رون و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ نه‌بو‌.

"زمامی موباده‌ره‌"
نه‌چوه‌ بچێت، ئه‌گه‌ر پارتی پێداگری له‌ هه‌ڵوێستی خۆی بکات، ده‌کرێت به‌ره‌ی ناڕه‌زا خۆی له‌ داوی پارتی قوتار بکات و نه‌هێڵێت "زمامی موباده‌ره‌که‌" به‌ده‌ستیه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌. کاریگه‌رترین رێگه‌ بۆ ئه‌مه‌ دابڕاندنی سیاسی پارتیه (پارتی به‌ حیزب و هێزه‌ بچوکه‌ فابره‌کراو و پاشکۆکانی خۆی شتێکی ئه‌وتۆی پێناکرێت)، کاتێک ئه‌مه‌ش سه‌مه‌ره‌ی نه‌بێت ده‌شێت بیر له‌ دابڕاندنی ئیداری پارتی بکرێته‌وه‌ و ‌په‌یامێکی رون و ئاشکرا رابگه‌یه‌نرێت که‌ زۆرینه‌ی کورد له‌ باشور ده‌توانێت ده‌ستورێکی تر رابگه‌یه‌نێت و کاری پێبکات. که‌س نابێت به‌مه‌ نیگه‌ران بێت، چونکه‌ پێچه‌وانه‌که‌ی، وه‌ک دۆخه‌که‌ی ئێستا، مه‌ترسی لێکترازان و توندوتیژی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌‌.

بێگومان که‌سانێک هه‌ن ئه‌م بۆچونه‌ به‌ لاوازبون و لێکترازانی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بینن. روانگای ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ زۆر کلاسیکیه‌ و له‌ هزری شمولی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی کردوه، پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌مو کورد، به‌زۆره‌ملێش بێت، به‌یه‌که‌وه‌ له‌ سایه‌ی یه‌ک سه‌رکرده‌ و یه‌ک حیزب و یه‌ک حوکمڕانیدا نه‌ژین، ئه‌وا رۆژی قیامه‌ت به‌رپا ده‌بێت. هزرێک زاده‌ی سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداری و حیزبی پێشڕه‌و و سه‌رکرده‌ی نه‌مره‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌م هزره‌ له‌‌ چه‌ند قۆناغیکی مێژودا به‌کاربوبێت، بێگومان له‌م سه‌ر‌ده‌مه‌دا، سه‌رده‌می فیکر و به‌رژه‌وه‌ندی و هیوای جیاواز، ره‌ونه‌ق و کاریگه‌ری زۆر کاڵبۆته‌وه، ته‌نانه‌ت وه‌ک کۆڵه‌که‌یه‌ک‌ بۆ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌ی ئابوری و ئیداری و ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌یی حسابی بۆ ناکرێت. ئه‌زمونه‌کانی فه‌له‌ستینیه‌کان و کوردی باشور و باکور و ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب زه‌ره‌ره‌کانی ئه‌و شمولیه‌ته‌ ده‌سه‌لمێنن.

زه‌مه‌نی به‌زۆر لکاندن به‌یه‌که‌وه‌ له‌ژێر پاساوی نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تی و عه‌شره‌تگه‌ری و فیکر و ئایینه‌وه‌ به‌سه‌رچوه. وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستوره ئێکسپایره‌ تینویه‌تی زۆربه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێم ناشکێنێت‌، وه‌لێ مه‌ترسی زۆریش له‌سه‌ر ئاینده‌ی سیاسی و حوکمڕانی و ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و ته‌نانه‌ت سیسته‌می دادیش دروست ده‌کات، زۆرینه‌یه‌ک به‌م جۆره‌ بیر له‌ شاده‌ماری کۆمه‌ڵگاکه‌یان بکه‌نه‌وه‌، بۆچی ده‌بێت ناچار بکرێن قبوڵی که‌ن و چاویان له‌ ره‌حمه‌ت و دڵنه‌رمی پارتی بێت. به‌ڕێزان ئه‌گه‌ر به‌یه‌که‌وه‌ هه‌ڵەنه‌که‌ین خۆناکرێت به‌زۆره‌ملێ وه‌ک خوێندکارانی پۆلێکی سه‌ره‌تایی له‌ ریزێکدا دابنرێین و به‌ وه‌ستانه‌وه‌ سرودتان بۆ بچڕێنینه‌وه‌.

کاتێک پارتی ده‌ڵێت؛ سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ رێژه‌یه‌کی زۆری ده‌نگی خه‌ڵک هه‌ڵبژێردراوه‌ ناشێت دۆخی سیاسی و کۆمەڵایه‌تی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ یاد بکه‌ین: زۆرتر ئاکامی سه‌فقه‌یه‌کی حیزبی بو نه‌ک له‌ گرێبه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌ڕێوه‌چوبێت.

گرێبه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی
زۆربه‌ی‌ گۆڕانکاریه‌کانی ناوچه‌که‌مان له‌ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی هۆمۆجین له‌ روی نه‌ته‌وه‌ و زمان و ئایینه‌وه‌ روده‌ده‌ن، وه‌ک له‌ تونس و میسر و لیبیا و یه‌مه‌ن و سوریا، بۆیه‌ بۆ رێگرتن له‌ ئاینده‌یه‌کی‌ نادیار و پڕ مه‌ترسی، کورد له‌ باشور و له‌نێو‌ خۆیدا پێویستی به‌ گرێبه‌ستێکی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌. با له‌ ئه‌زمونی میسر و یه‌مه‌ن له‌کاتی راپه‌ڕینی خه‌ڵکه‌که‌ی و له‌ ئه‌زمونی فه‌تح و حه‌ماس سود وه‌ربگرین که‌ ئه‌و جۆره‌ گرێبه‌سته‌یان نێوان خۆیان سازداوه‌ و کاری پێده‌که‌ن، ئاکامی هه‌ڵبژاردن و کاریگه‌ریه‌ نه‌خوازیاره‌کانی له‌ شوێنه‌ ‌جیاکانی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینیه‌کان زه‌مینه‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی خۆشکرد و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای مه‌سه‌له‌که‌یان ناچاری کردن بۆ کارکردن پێی.

ئاینده‌ی کورد زۆر گه‌وره‌تر و گرنگتره‌ له‌وه‌ی چه‌قبه‌ستوانه‌ و که‌لله‌ره‌قانه ته‌نها به‌ راپرسی یا سازانه‌وه‌ ببه‌سترێته‌وه، بێگو‌مان چه‌ندین رێگه‌ی تر هه‌ن که‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌کی روناک‌ ده‌مان به‌ن.
Sbeiy.com © 2007