|
كۆیله‌كردن |
نوسه‌ر: له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
|
Friday, June 14, 2013 |
پڵنگه‌كان له رۆژی ده‌یه‌مدا؛ یه‌كێكه له چیرۆكه جوانه‌كانی زه‌كه‌ریا سامر، ئه‌و باسی ئه‌وه ده‌كات چۆن پڵنگه‌كان وادهستهمۆ بكرێن كه به گیاش رازی بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه له‌و پاره خه‌یاڵیه‌ی دێته كوردستانه‌وه، شتێك وه‌ك سۆسیال ده‌ده‌نه خه‌ڵك و وه‌ك ئه‌وروپاش پێیناڵێن سۆسیال، ناوناتۆره‌ی سوكی بۆ داده‌تاشن تا مرۆڤ ناچاری ئه‌وه بێت بڵێت؛ "خوا پایه‌دارتان كات" ئاخر سۆسیال منه‌تی تیانیه و ته‌نانه‌ت مرۆڤ به‌شی ده‌كات و تا راده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌توانێ سه‌یاره‌شی پێبكڕێت.
پڵنگه‌كان له رۆژی ده‌یه‌مدا وه‌ك كه‌روێشك گیادهخۆن بێئه‌وه‌ی به‌رگری بكه‌ن و بهگژدابچنهوه ئیتر ئه‌وانه پڵنگ نین، ئه‌وانه كه‌روێشكی نه‌رمونیان و بێزیانن، بۆیه هه‌مو كه‌س ده‌توانێ ماڵیان كات، كه‌س له كه‌روێشك ناترسێ بۆیه كه‌س حسابی ته‌ڵه پوشێكیان بۆ ناكات، مه‌گه‌ر سپارتاكۆس فریایان كه‌وێت، لێ هه‌مو سه‌رده‌مێك سپارتاكۆس فریادڕه‌س نیه.
حه‌سه‌نی قزڵجی له كتێبه دانسقه‌كه‌یدا كه كۆمه‌ڵه چیرۆكێكه ره‌خنه‌ی سه‌رده‌می فیوداڵی ده‌كات، چه‌ند جوان له چیرۆكێكدا كه‌لام وایه ناوی "هێلكه‌ی هادی خانی"ه خان ده‌یه‌وێ مریشكه‌كان ناچار به كردنی هێلكه‌ی زل بكرێن، خودان مریشكه‌كان كه خه‌ڵكی ره‌ش و روتی موكریانن، له‌بری به‌ڕوی خاندا هه‌ڵشاخێن له‌به‌ر مامران ده‌پاڕێنه‌وه هێلكه‌ی گه‌وره‌یان بۆ بكه‌ن تا به كونی خاندا نه‌چێ، ده‌ی نۆشی گیانیان مرۆڤی كه‌روێشك ئاسا هه‌ر شایانی ئه‌وه‌یه پیاوی وه‌كو خان سه‌رۆك و سه‌رداریان بێت.
نیوه‌تان چیرۆكی پرد‌و شه‌قه‌كه‌ی پاشاتان بیستوه، ده‌ی ئه‌و نیوه‌یه با بۆ نیوه‌كه‌ی دیكه‌ی وه‌گێڕێ، ئه‌وی نه‌توانێ یه‌كجار شه‌ق له سته‌می پاشا هه‌ڵدات شایانی ئه‌وه‌یه تا مردن پیاوه‌كانی سوڵتان شه‌قی تێههڵدهن.
ده‌گێڕنه‌وه خه‌یامی شاعیر وێڕای ئه‌وه‌ی سوڵتانی رۆژ موچه‌ی باشی بۆ بڕیبوه‌وه، لێ جارێكیان له‌به‌رانبه‌ر شیعرێكدا والی ده‌بێژێ ده‌می پڕكه‌ن له زێڕ، خه‌یام به‌مه توڕه ده‌بێت و ده‌ڵێ قوربان ده‌می تۆش پڕ بێت له... با ئێمه بێژین خۆڵ.
ئێستا هه‌رچی پاشا‌و میره‌كان ده‌ینێرن كه‌س نایگێڕێته‌وه و كه‌سیش نیه بڵێ ده‌می ئێوه‌ش پڕبێت له خۆڵی قه‌بر، بۆیه هه‌ركێ ده‌بێته پاشا به پاسه‌وانه‌كانی ده‌ڵێ گیا بده‌نه كه‌روێشكه‌كان، له پڕ هه‌مو شێر و پڵنگ و باز و ههڵۆكانیش ده‌بنه كه‌روێشكی گوێڕایه‌ڵ، هه‌ندێ هه‌ن له‌پێناوی تیكه‌یه‌كی نێردراوی شادا هه‌مو شتێكی خۆیان ده‌دۆڕێنن، هه‌ن ده‌توانن به سامانه‌كه‌یان شا بێننه زهلازهلا، كه‌چی به فیكه‌یه‌كی شا به‌سه‌ر ده‌چن، ئه‌وانه كه‌روێشكیش نین ئه‌وانه جرج و شتی وان، ده‌ی خوای ده‌كرد پاشا وڵاتی لێده‌كردن به زێراب.
كابرای خودان زه‌وی له‌سه‌ر پارچه زه‌ویه‌كه‌ی خۆی كانی سازگار ههڵقوڵابو پیاوانی ئاغا بۆ خۆیان به جهڕهیان دهخواردهوە و به جامیلكهیان ده‌دایه ئه‌و كه‌چی ده‌یوت؛ "وه‌ی روحم به قوربانی ئاغا بێت" ئاخر بۆیه كفر ئه‌حمه‌د له په‌نا دیواره‌كه له‌سه‌ر تۆكڵه شوتی كڕانه‌وه و شوكری خوا سێ چوارێكی دایه به‌رشه‌ق، ئه‌وی چاوی له ده‌ستی پاشا بێت هه‌ر بۆ ئه‌وه باشه بیده‌یته به‌ر شه‌ق، چما پاشا به چه‌پڵه و سه‌مای خه‌ڵك نه‌چوه‌ته سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات.
چما ده‌سه‌ڵات هه‌ر ئه‌و كوته‌كه نیه خه‌ڵك خۆی بۆسه‌ر ته‌پڵی سه‌ری خۆی دروستی ده‌كات.
|
|
|