|
که‌رکوک و ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی کوردستان -2- |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Friday, July 5, 2013 |
به‌شی دوه‌م
له دانیشتنه‌که‌ی 30/6/2013 ی په‌رله‌مانی کوردستان نزیک له کۆتایی ته‌مه‌نیدا، تێیدا هه‌ردو پرۆژه یاسای درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خۆی و ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێمی بۆ 2015 په‌سه‌ندکرد. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌رنامه‌یه، وه‌ک کاتی خۆپیشانده‌کانی 17 شوپات بۆ به‌لارێدابردنی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی گوێیان لێ ده‌گرن، سیناریۆی ناردنی هێزی پێشمه‌رگه بۆ پاراستنی که‌رکوک و ده‌وروبه‌ری له په‌لاماری جه‌یشی عێراقی به‌ڕێوه‌یه. ئه‌گه‌رچی له‌و کاته‌دا له کۆبونه‌وه‌ی ره‌سمیدا له‌سه‌ر ئاستی باڵای پارتی و یه‌کێتی بڕیاری مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه درا له ناوچه‌که، به‌ڵام دوای بڵاوه‌پێکردنی ناڕه‌زاییه‌تیه‌کانی 17 شوپات و رۆژانی دواتر ئه‌و هێزه گه‌ڕێندرایه‌وه هه‌رێم، وه‌ک ئه‌وه‌ی ناوچه‌که بوبێته شامی شه‌ریف.
یان وه‌ک ئه‌و سیناریۆیه‌ی 2008 ، تێیدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک و چه‌ند په‌رله‌مانتارێک، به‌ره‌سمی داوایان له په‌رله‌مانی کوردستان کرد (، ئه‌گه‌ر حکومه‌تی عێراق مادی 140 جێبه‌جێنه‌کرد، په‌رله‌مانی کوردستان یاسایه‌ک ده‌ربکات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان)، ئێستا دوای 5 پێنج ساڵ، نه ماده‌ی 140 جێبه‌جێکراوه نه په‌رله‌مانیش وه‌ڵامی ئه‌و داوایه‌ی ئه‌نجومه‌نی داوه‌ته‌وه.
ئێستاش هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دوپرۆژه یاسایه، بۆ هه‌مان مه‌به‌ستی رابردو، سیناریۆیه‌ک به‌م شێوه‌یه ئاماده کراوه:
له دوزخورماتو ماوه‌یه‌که ته‌قینه‌وه‌کان زیادیکردوه و زیاتر تورکمانه شیعه‌کان کراونه‌ته ئامانج. هه‌رلایه‌نه له دیدی خۆیه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و ره‌وشه تازه‌یه و هه‌ریه‌ک به‌رنامه‌ی خۆی هه‌یه:
به‌ره‌ی تورکمانی
ئه‌م به‌ره‌یه له چه‌ند حیزبێکی تورکمانی پێکهاتوه، زیاتر تورکمانه توندڕه‌وه‌کان تێیدا باڵاده‌ست و خاوه‌ن بڕیارن، به‌شی زۆری تورکمان به تایبه‌تی به‌شه سونه‌که‌ی ئه‌م به‌ره‌یه به نوێنه‌ری خۆیان ده‌زانن. داوا ی ....... ....... ده‌که‌ن:
1- دامه‌زراندنی هێزێکی سه‌حوه‌ی تایبه‌ت به تورکمان.
2- دروستکردنی پارێزگای به‌یات و دوزخورماتوش بکرێت به ناوه‌ندی ئه‌و پارێزگایه.
3- ده‌رکردنی هێزی پێشمه‌رگه و ئاسایشی کوردی له ناوچه‌که.
حکومه‌تی ناوه‌ند
حکومه‌تی ناوه‌ند وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی شیعه مه‌زهه‌ب به بیانوی پاراستنی ناوچه‌که و پێکهاته‌ی شیعه له هه‌ر په‌لامارێکی تیرۆرستی هاتوەته سه‌رخه‌ت. سه‌ره‌تا دو فه‌وجی سه‌ربازی و پۆلیسی ئیتحادی و هێزی تایبه‌تی له ناوچه‌که جێگیرکردوه. یه‌که‌م داواشی ده‌رکردنی هێزی پێشمه‌رگه‌یه له ناوچه‌دابڕاوه‌کان.
حکومه‌تی هه‌رێم
له‌م رۆژانەدا بۆ چه‌نده‌مین جاره وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، که ئه‌وان پابه‌ند نابن به بڕیاره‌کانی حکومه‌تی ناوه‌ند و دژ به دروستکردنی هێزی سه‌حوه‌ی تورکمانن، چونکه ده‌ستوری و یاسای نییه.
به‌م شێوه‌یه تا دێت گرژییه‌کان له ناوچه‌که به‌ره و کرژبونه‌وه‌ی زیاتر ده‌به‌ن. ئه‌م بارگریه‌ش له کاتێکدایه هاتوچۆ و دانیشتن له ناوه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات له نێوان به‌غدا و هه‌رێم به‌رده‌وامه.
له‌م بارودۆخه جه‌نجاڵاوییه دروستکراوه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری، په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌و دو پرۆژه یاسایه‌ی تێپه‌ڕاند، ئۆپۆزسیۆن به گشتی دژی وه‌ستانه‌وه، شه‌ڕی ناو په‌رله‌مان چاره‌سه‌ری بارودۆخه‌که‌ی نه‌کرد. پێشبینی ده‌کرێت ئه‌و بارگرژیه بگوێزرێته‌وه سه‌ر شه‌قام و جارێکێتر و به شێوه‌یه‌کی تر و به هێزێکی تر 17 شوپات دوباره بێته‌وه.
به دڵنیاییه‌وه، له کاتی رودانی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری جارێکی تر و سه‌ر له‌نوێ ئه‌و شانۆگه‌رییه ئاماده‌یه بۆ دوزخورماتو و که‌رکوک نمایشده‌کرێت. به هه‌مان مه‌به‌سته‌کانی پێش‌و بۆ به‌لاڕێدابردنی به شێکی جه‌ماوه‌ر و هه‌وڵدان بۆ تاوانبارکردنی ئۆپۆزسیۆن و رۆشنفکران به‌بونی ده‌ستی ده‌ره‌کی له پشتیانه‌وه.
|
|
|