Print
 
 بزوتنەوەی گۆڕان و چوار ساڵ کارکردن
نوسه‌ر:  فایەق سەرچناری
Wednesday, July 24, 2013
دیار و ئاشکرایە بزوتنەوەی گۆڕان، بزوتنەوەیەکی جەماوەری و هەڵقوڵاوی ناو خەڵکی کوردستانە، بەتایبەتیش ئەو خەڵکە بێزارو ناڕازیەی کە لەژێر فشاری سیستەمێکی سەقەتی بەڕێوەبردنی وڵات لە لایەن دو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانەوە، هەر لەسەرەتای لەدایکبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، خەڵکێکی زۆری تریش پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لێکرد، لە هەمو چین و توێژەکانی ناو هەرێمی کوردستان و دەرەوە.

بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر خۆی ڕاگەیاندو بۆ یەکەمجار لە 2009/07/25 لەهەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەشداریکرد. بەڵام بزوتنەوەکە یەکەم، بزوتنەوەیەکی ساوا بو، دوەمیش بۆ خەڵکی کوردستان بزوتنەوەکە شتێکی زۆر تازە و نامۆ بو، هەرچەندەش لەڕوی یەکخستنی لایەنگرانیەوە کارێکی ئەوتۆی نەکردبو، بەڵام چوە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە.

هەرچەندە دو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم، پارتی و یەکێتی وایان راگەیاند کە کورسیەکانی ئەم بزوتنەوەیە لە پەنجەکانی یەك دەست تێپەڕ ناکات. ئەوەبو ئەوان بەهەمو توانایانەوە، هەر بە بەخشینەوەی پارەی هاوڵاتیان و داهاتی ئەم هەرێمە کەوتنە کڕینی ویژدانی خەڵك و بەخشینەوەی ئۆتۆمبێل بەسەر کەسە دەستڕۆیشتوەکانداو جگە لەوەی کە پەنایان بۆ ساختە و تەزویریش برد. بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان توانی پێگەیەکی زۆر باش بۆ خۆی دروستبکات و ئەگەر هەڵبژاردنێکی پاك بکرایەو ئیتیفاقی حیزبی نەکرایە، ئەوا بێگومان بزوتنەوەی گۆڕان ئەیتوانی دەسەڵاتی هەرێم بگرێتەدەست و خۆی حکومەت پێکبهێنێت.

وا ئێستا چوار ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێئەپەڕێ و بزوتنەوەی گۆڕانیش لەم ماوەی تەمەنیدا توانی کار لەسەر هوشیارکردنەوەی خەڵك و ئازادی تاك و مافەکانی هاوڵاتیان و هەڵدانەوەی گەندەڵیەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بکات کە چۆن دەستوەرەدەن لە کارەکانی حکومەت و پەرلەمان و هەتا دادگاکانیش، ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە پەرلەمانتارە تێکۆشەرەکانی ئەم بزوتنەوەیە هەمیشە لە ئاست بەرپرسیارێتی گەورەدا کاریان کردوە و سیمبوڵ بون بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ناو پەرلەماندا. زۆرجاریش توشی ئازارو ئەشکەنجەو سوکایەتی پێکردن بونەتەوە، بەڵام هەر کۆڵیان نەداوە و جەنگاوەر بون لە سەنگەری بەرگری هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەدا.

ئەوەتا ئێستا هەڵبژاردنەکان نزیكن و ئەمجارەش بزوتنەوەی گۆڕان ئەبێ خۆی بەتەواوی ئامادە بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت. هەرچەندە ئەم دو حیزبە ئێستا ترسێکی وایان لەبەردەمدایە، بۆیە لەڕێگەی پەرلەمانەوە کەوتونەتە یاسا گۆڕین و درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و پەکخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و حیساب بۆ نەکردنی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە.

پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان لەم بارودۆخەدا زۆر ژیرانە مامەڵە بکات لەگەڵ پێشهاتەکانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ئەو کەسانەش کە خۆیان پاڵاوتوە بۆ پەرلەمان لە ئاست بەرپرسیارێتیدا کار بکەن و جەنگاوەرێکی ئازاو بوێر بن، بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان و ریشەکێشکردنی گەندەڵییەکان و وازهێنان لەبەرژەوەندی تایبەتی، هەرچەندە هیوایەکی گەورەمان پێیانە.
Sbeiy.com © 2007