|
حوکمڕانی ترس |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Wednesday, August 28, 2013 |
پاش زیاتر له 20 ساڵ حوکمڕانی خۆماڵی و دوای ده ساڵی له سایه‌ی به‌شداری کورد له حکومه‌تی عێراقدا و پاش تێپه‌ڕانی حەوت کابینه‌ی له‌ت له‌ت و به‌یه‌که‌وه لکێنراوی هه‌رێم و چه‌ندین هه‌ڵبژاردن هه‌رێمی کوردستان رو له هه‌ڵبژاردنێکی نوێ ده‌کات. چاوه‌روان ده‌کرێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بۆ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان پێگه و هێزی پێکهاته‌کانی ناو نه‌خشه‌ی سیاسی کوردستان بگۆڕێت و ئه‌گه‌ری گۆڕانکاریش له‌پێکهاته و ئه‌رکه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمدا بێته ئاراوه. ساتێکی گونجاوه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بنه‌ما بنه‌ره‌تیه‌کانی حوکمرانی دوانه‌ی ده‌سه‌ڵات له ده ساڵی رابوردودا.
سه‌ره‌تا: به‌حیزبیکردنی حوکمڕانی
له سه‌ره‌تادا ئه‌م دو هێزه ده‌زگا و فه‌رمانگه‌کانی حوکمڕانی ده‌وڵه‌تی عێراق و تایبه‌ت مۆتۆربهکراو به هزر و چه‌مکه‌کانی به‌عسیان گرته ده‌ست، له بری ئه‌وه‌ی پاکیان که‌نه‌وه و بیان گۆڕن و بیانکه‌ن به دام‌و ده‌زگای سه‌رده‌م له خزمه‌تی هاوڵاتیان، کردیانن به حوجره‌ی حیزبی بۆ موشه‌خۆر و رازیکردن و دامه‌زراندنی به‌لێشاوی هه‌وادارانیان، بێ وێنه‌ترین ئه‌زمون له دنیادا فیفتی فیفتیه حه‌یاته‌که بو، ئاکامه‌که‌ی ئیفلیج بون و گه‌نده‌ڵی و پێشێلکردنی یاسا. به‌مه‌ش نه‌وه‌ستان و که‌وتنه گیانی موڵکی گشتی و زه‌وتیان کردن، به‌مه‌ش تێر نه‌بون و که‌وتنه قۆرخکردنی بازار و ئابوری و بودجه و داهاتی کوردستان، ئه‌مه‌ش هه‌ر دادی نه‌دان و ئێستا سه‌رقاڵی نه‌وت و گاز و کارتێڵه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانن. ئه‌م دو هێزه به پلانڕێژی و بیری ستراتیژی حوکمڕانیان نه‌کردوه، به‌ڵکو کاریان به مه‌زاجی ده‌سه‌ڵاتداران به‌ڕێکردوه، زۆر جاریش کابینه و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ک دیوه‌خانی سه‌رۆک هێزێک کاری کردوه، بۆیه ئاستی نزمی خوێندن و په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ ئاو کاره‌با و ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت رێگاوبان رۆژانه هاوڵاتیان به ژیان و سه‌روماڵیان باجه‌که‌ی ده‌ده‌ن.
حوکمڕانی و رێکه‌وتنی ستراتیژی
له دوای روخاندنی سه‌دامه‌وه ده ساڵی ره‌به‌قه حوکمڕانی هه‌رێم به‌زه‌بری ترس و بێمتمانه‌یی نێوان پارتی و یه‌کێتی به‌ڕێوه ده‌چێت، ده‌سه‌ڵات ناوی حوکمی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی لێناوه. رێکه‌وتنی ستراتیژی سنور و مه‌وداکانی ترس و بێمتامهنیهکهی داڕشتوه و مه‌به‌ستێکیش له سازدانی کۆنتڕۆڵکردنی ئه‌و ترس و بێمتمانه‌ییه بو. له پراکتیکدا ئه‌م رێکه‌وتنه ده‌ستوری فعلی حوکمڕانی بوه و خاڵه‌کانیشی یاسا و رێساکانی بون. به‌ڕۆیشتنی کات و که‌ڵه‌که‌بونی سازشه‌کانی یه‌کێتی به‌هۆی ترسی له ئیبتزازهکانی پارتی رێکه‌وتنه‌که لاسه‌نگی تێکه‌وت و له ئێستادا مایه پوچ ده‌رچو.
ته‌نها بۆ رازیکردنی ده‌سه‌ڵاتداران رێکه‌وتنامه‌که وه‌ک فانوسهکهی عه‌لادینی لێ‌کرا بۆ به‌دیهێنانی حه‌ز و خواسته تایبه‌تیه‌کان، بۆیه له ساتی واژۆکردنیه‌وه تا ئه‌م ساته‌ش به‌رده‌وام جه‌خت له شۆڕکردنه‌وه‌ی رێککه‌وتنه‌که ده‌که‌ن بۆ جه‌ماوه‌ری هه‌ردولایان که‌چی چه‌قی به‌ستوه و بهپاڵدانیش جوڵه ناکات. حوکمڕانی هاوبه‌ش له سایه‌ی ترس له یه‌کتر له‌دنیادا بێ وێنه‌یه، ترس و بێمتمانیهک بەدهیان پینه‌وپه‌ڕۆی رێکه‌وتنی ستراتیژی و سازشکردن و پاره و پله دابه‌شکردن فه‌رامۆش نه‌کراون و رۆژ به‌رۆژ ره‌نگ و بۆنیان زیاتر جه‌سته‌ی حوکمڕانی کۆڵه‌وار تر ده‌که‌ن. نمونه‌کانی کابینه‌ی پێنج و شه‌شی کورت ته‌مه‌ن و حه‌وتی ئێستاش گه‌واهی ده‌ده‌ن به ئاستی ده‌سه‌ڵاته‌کانی هه‌ردولا له‌و حوکمڕانیه‌دا. لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه و لێدوانه‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی له‌و باره‌یه‌وه هیچ گومانێک بۆ لاسه‌نگیه‌کی زه‌قی حوکمڕانی ناهێڵنه‌وه.
له سایه‌ی ترس‌دا هه‌ردولا وا رێکهوتبون پۆستی دو سه‌رکرده‌که‌یان له یه‌کتر دور بن و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان له‌یه‌ک ئاراسته‌ی دیاریکراودا کۆنه‌کرێنه‌وه. به‌ڕێز مام جەلال بۆ پله‌یه‌کی سیادی له به‌غدا و به‌ڕێز مسعود بارزانی بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، وێڕای ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك کۆمار ته‌شریفاتیه و مام جەلال بهبزێوی و کارێزمای که‌سایه‌تی و جموجۆڵی خۆی ژیانی به به‌ردا کردبو، وه‌لێ بارزانی که خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی موتڵه‌قه له هه‌رێم له گه‌ڵ ئه‌مەریکی و تورکه‌کان که‌وتبوه باسکردنی دانانی که‌سایه‌تیه‌کی سوننه له شوێنه‌که‌ی تاڵه‌بانی. ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی به‌م دواییه و له غیابی تاڵه‌بانیدا له گه‌رمه‌ی هه‌رای درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی بارزانی به‌بیری پارتیدا ده‌هێننه‌وه که پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به سه‌رۆک کۆماره. دنیایه‌کی عه‌جایبه، تهماعکهرهکانی ناو یه‌کێتی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار پێشئه‌وه‌ی رای هه‌ڤاڵ و رێکخستنه‌کانیان بزانن ده‌چن له‌ده‌رگای بارزانی ده‌ده‌ن بۆ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی.
باڵاده‌ستی پارتی و بێده‌نگی یه‌کێتی
پارتی ده‌ستی وه‌رداوه‌ته هاوکێشه‌ی گه‌وره و ئاڵۆزی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوری و هه‌واڵگری ناوچه‌که و به‌کاریگه‌ری سه‌رکرده‌که‌ی که هاوکات سه‌رۆکی هه‌رێمه ده‌یه‌وێت باشوری کوردستان تێهه‌ڵکێشیان بکات، له کاتێکدا هه‌رێم له پله‌ی یه‌که‌مدا پێش ئه‌وه‌ی چاوچڵێسی پول بێت پێویستی به‌ڕێکخستنی ناوماڵی خۆی و چاکسازی و سه‌روه‌ری یاسا و رێزگرتن له ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤه. کاتێک تاڵه‌بانی وه‌ک سه‌رۆک کۆمار و وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی ناوداری کورد حزوری هه‌بو پارتی ئه‌وه‌نده سه‌رپشک نه‌بو له‌و گه‌مه‌کردنانه، بەڵام له‌غیابی تاڵه‌بانیدا ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی بونه‌ته ته‌ماشاکه‌رێکی خاووخلیچک له‌م ته‌ناف بازیهی پارتیدا و که‌سێکیش نیه باوه‌ڕ بکات پارتی پێش بڕیاردان بۆ ئه‌و کارانه پرسه گورگێک به یه‌کێتی بکات.
نمونه‌کانی سه‌ردانه‌کانی مەسعود بارزانی بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه و چاوبڕکێیان له گه‌ڵ تورکیا و رۆڵی تهماویان له کێشه‌ی خۆرئاوای کوردستان و گرێبه‌سته‌کانی نه‌وت و گازیان له ژوره داخراوه‌کانی کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کاندا ده‌یسه‌لمێنن که یه‌کێتی له ده‌ره‌وه‌ی په‌راوێزی ئه‌و روداوانه‌دا گیرساوه‌ته‌وه و دهستهووهسان نازانێت چی بکات. پارتی له به‌رامبه‌ر ئه‌م پشتگوێخستن و نهخوێندنهوهدا هه‌وڵی داوه به زاخاوی پول کێڵگه‌ی یه‌کێتی وشک بکات.
پارتی له گه‌ڵ مالیکی شه‌ڕ ده‌کات، گه‌له‌کۆمه‌ی لێده‌کات، بۆ رازیکردنی نه‌یاره‌کانی مالیکی، وه‌ک سه‌در و نوجه‌یفی و عه‌لاوی، فه‌رشی سوریان بۆ راده‌خات، له‌پر مالیکی ده‌بێته برا و دۆستی ئه‌زیز و "حه‌لالی" کێشه ههڵسپێردراوهکان و بۆی هه‌یه به‌ئاره‌زوی خۆی چه‌ک و تفاق بکرێت و عێراق بکاته بڕبڕه‌ی میحوه‌ری شیعه‌ی سوریا و ئێران و لوبنان و ... و هێزه‌کانی ئه‌بو عه‌نته‌ره‌کانی مالیکی به‌قودره‌تی قادر ده‌بنه بڕبڕه‌ی ئه‌منی وڵات... له‌م هه‌مو سیاسه‌تی ئه‌کرۆباتیک ئاسادا یه‌کێتی جیاوازیه‌کانی "به‌ته‌نافی به‌رده‌رگادا" هه‌ڵناواسێت نه‌وه‌کا خوا نه‌خواسته شه‌ریکی حوکمڕانی دڵته‌نگ بێت.
پارتی ئایندهی حوکمڕانی هه‌رێمی خستۆته به‌ر ره‌حمه‌تی تورکیاوه، به‌شێوه‌یه‌ک به‌به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوری و سیاسی و سه‌ربازیه‌کانی ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا و تهماعهکانیانی به‌ستۆته‌وه که به‌م لاوازی و په‌رته‌وازه‌یی هه‌رێم ئه‌سته‌مه بتوانرێت سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم بپارێزرێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی له بری راستکردنه‌وه و خهڵقاندنی مه‌نفه‌زێک بۆ ئه‌و دۆخه خۆبه‌خشانه کێبڕكێ ده‌که‌ن بۆ گه‌یشتن به "باب العالي". چونکه پێیان وایه پارتی له سایه‌ی تورکیادا زۆر به‌هێز بوه و ئه‌مه‌ش ده‌ماره‌کانی ترس و بێمتمانه‌یی ده‌وروژێنن.
حوکمڕانی و که‌رکوک و ناوچه دابڕێنراوه‌کان
پێویست ناکات هیچیان له سه‌ر بڵێم، گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌ڵگه‌نامه‌کانی ده‌زگاکانی ئه‌مەریکا له هه‌رێم راستی و دروستی پرۆسه‌که ده‌سه‌لمێنن. به‌پێچه‌وانه‌ی ئیدیعاکانی ده‌سه‌ڵاتداران، حوکمڕانی هه‌رێم هیچ کات به‌جدی نه ویستویه‌تی و نه‌کاری کردوه بۆ چاره‌ی کێشه‌کانی ئه‌و ناوچانه. ئێستا و ئاینده...
له گه‌ڵ نزیکبونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بیستین یه‌کێتی ده‌ڵێت هاوپه‌یمانیان له‌گه‌ڵ پارتی تا ئه‌و ئاسته بڕ ده‌کات که له پارتی نه‌چن و پارتیش ده‌ڵێت هاوسه‌نگی نێوانیان ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن دیاری ده‌کات. هه‌رکاتێک یه‌کێتی ته‌پڵ و میلۆدیای جیاواز لێبدات پارتی ئه‌وه ده‌خاته چوارچێوه‌ی نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ رۆحیه‌تی رێكه‌وتنامه‌ی شه‌راکه‌تی نێوانیان و هوشیاری به یه‌کێتی ده‌دات کۆده‌کانی هاوپه‌یمانی ترس پێشێل نه‌کات. ئه‌م قه‌میسی عوسمانه، ئه‌م سه‌مای ده‌سته‌مۆکردنه چه‌ندین جار له پرسه‌کانی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه و نه‌سه‌ندنه‌وه‌ی له مالیکی و درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم و گه‌ڕانه‌وه و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستور و هه‌موارکردن و پیرۆز راگرتنی و له کردنه‌وه‌ی سنور و قفڵ لێدان لێی و له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی موسڵ و چه‌ند بابه‌تێکی تردا به‌رپا کراوه و ئاکامه‌کانیشی زۆر زیاتر به‌سودی پارتی شکاونه‌ته‌وه.
پارتی به به‌رنامه کارده‌کات تا سلێمانی و گه‌رمیان بکاته گۆڕه‌پانی ململانێی خه‌ستی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان و هه‌رێمی زه‌ردیان له "به‌ڵایان" به‌دور رابگرێت. له‌پر فاڵچیه‌کانی پارتی رایدهگهیهنێنن یه‌کێتی ده‌نگه‌کانی له گۆڕان وه‌رده‌گرێته‌وه، پارتی له سلێمانی زیاد ده‌کات، پارتی 40% ده‌نگ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، دوای هه‌ڵبژاردن پارتی و یه‌کێتی نه بایان بینیوەو نه باران و یه‌ک ده‌گرنه‌وه. یه‌کێتی له به‌رامبه‌ردا و له راگه‌یاندنه‌کانیدا زۆربه‌ی تیری که‌وانه‌کانی ئاراسته‌ی گۆڕان کردوه، به‌راست و چه‌پدا پارتی رازی ده‌که‌ن، دڵی راده‌گرن، ئه‌ی لاوێننه‌وه و وه‌ک برایه‌کی گه‌وره‌ی حه‌کیم و عه‌لیم نمایشی ده‌که‌ن، پێده‌چیت ده‌ستیان بهکڵاوهکهیانهوه گرتوه نه‌کا بای پارتی بیبات.
ئه‌مانه مشتێکن له خهموارێک پیشانی ده‌ده‌ن تا چ ئاستێک پارتی یه‌کێتی بۆ گه‌مه و حهلەبهکانی خۆی رادهکیشێت، چۆن مامه‌ڵه‌ی که‌متر له برای بچوکیان ده‌کات، چۆن گرێکوێره‌ی هه‌ندێک له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی یه‌کێتی له گیرفاندایه، چۆن ناز و نوزی مێژو و کوردایه‌تی به‌سه‌ر خه‌بات و قوربانیه‌کانی مێژوی یه‌کێتیدا ده‌سه‌پێنێت.
ئه‌مه‌یه حوکمڕانی ترس و بێمتمانه‌یی، ئه‌مه‌یه ده‌ستور و رێساکانی دڵەڕاوکێ و گومان، ئه‌مه‌یه ئاکامه‌کانی چاوچنۆکی و لادان و فه‌رامۆشکردنی خۆشه‌ویستی خاك و نه‌ته‌وه.
دره‌نگ یا زو نه‌وه وه‌فاداره‌کان بۆ خوێنی شه‌هیدان و ئاینده زه‌نگی ره‌وینه‌وه‌ی ترس لێده‌ده‌ن. زو یا درەنگ ده‌نگه زوڵالهکانی کوردایه‌تی به‌یه‌ک ده‌نگ میلۆدیای ئازادی و ئاسوده‌یی و خۆشه‌ویستی ده‌چڕنه‌وه. تا دره‌نگ نه‌بوه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا با به‌یه‌ک ده‌نگ و له یه‌ک ناخه‌وه وه‌ک شه‌هید خاڵه شه‌هاب هاوار بکه‌ین: که‌م بژی و که‌ڵ بژی. |
|
|