Print
 
 ده‌سه‌ڵات رقم لێتانه‌، چونكه‌
نوسه‌ر:  دڵشـاد شـێخان حوسـێن
Saturday, September 7, 2013
كه‌مئه‌ندامان سـیمبولی‌ ئاشـتی‌ و خۆشه‌ویسـتین، روی‌ راسـته‌قینه‌ی‌ چێژی‌ ژیان و وزه‌ی‌ خۆشویستنی‌ ژیانن بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان.

كه‌مئه‌ندامی‌ بریتییه‌ له‌و كـێماسیه‌ی‌ كه‌ له‌ فۆرم و جه‌سته‌ی‌ كه‌سـێك تێبینی‌ ده‌كرێ‌، بەڵام ئه‌و پێناسـه‌یه‌ ته‌نها له‌ڕوی‌ بینینه‌وه‌یه‌ واته‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌هه‌سـتی‌ بینین درکی‌ پێده‌كرێ، به‌ بۆچونی‌ من كه‌مئه‌ندامی‌ راسـته‌قینه‌ ئه‌وكه‌سانه‌ن كه‌ روداوێك یاخود پرســێك به‌رهه‌سته‌كانیان ده‌كه‌وێت و ده‌ركی‌ پێده‌كه‌ن، بەڵام عه‌قڵ و هۆشـیان داده‌خه‌ن و به‌بێ‌ وەڵام به‌ســه‌ر روداوه‌كه‌ یاخود پرسە‌كه‌ تێده‌په‌ڕن "ئه‌وه‌یه‌ كه‌م ئه‌ندامی‌ راســته‌قینه".

كه‌واته‌ پرسـی‌ كه‌مئه‌ندامان پرسێكی‌ هه‌ستیاره‌ و ده‌بێ‌ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندار به‌و چینه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ڵێن به‌ ویژدان و كه‌رامه‌تی‌ ئینسانبون بدا بۆ جێبه‌جێكردنی‌ داواكاریه‌كانی‌ كه‌مئه‌ندامان له‌ هه‌رێمی‌ كوردســتان. هه‌روه‌ها ئه‌و چینه‌ له‌ قوربانی‌ و جه‌ور و سـته‌می‌ ده‌ســه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌م وڵاتە به‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌ پشـكی‌ شـێریان به‌ركه‌وتوه‌، ئازاری‌ جه‌سته‌یی‌ و ده‌رونی‌ دراون تا ئه‌م چركه‌ساتانه‌ش به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌و توندوتیژیه‌ی‌ (19/12/2012) له‌به‌رامبه‌ر كه‌مئه‌ندامان ئه‌نجامدرا له‌به‌رده‌م ته‌لاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و هه‌ولێری‌ پایته‌خت، مافه‌ مرۆییه‌كانیان پێشێلكرا سه‌ره‌ڕای‌ كه‌مئه‌ندامیان ...هـتـد، هه‌ولێر منت ره‌نجاند، به‌ڵام ئومێدم پێته‌، تۆ هۆلاكۆ به‌زێنی‌.

خۆڕاگری و جه‌ربه‌زه‌یی‌ توێژی كه‌مئه‌ندامان له‌هه‌مبه‌ر ئه‌وپێشێلكاریانه‌ی‌ كه‌ له‌ رابردو و ئێسـتاش له‌به‌رامبه‌ریان كراوه‌، نمونه‌ی‌ توێژێکی مه‌ده‌نی‌ و تێكۆشـینی‌ ئاشـتیانه‌ی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌یان نمایشكرد. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وانه‌ هه‌میشه‌ ئیمایه‌كن بۆ به‌رخودان له‌پێناو شـكاندنی‌ كۆت و به‌ندی‌ كۆیلایه‌تی‌ و ئازادكردنی‌ تاكی‌ كورد و شـوناسی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ... ئه‌م هه‌رێمه‌. كورسـی‌ هه‌مو به‌رپرسـێكی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ناكاته‌ شــكۆی‌ قوربانی‌ مینێكی‌ چێنراوی‌ خاكی‌ ئه‌م وڵاتە.

خۆشـگوزه‌رانی‌ هه‌مو به‌رپرسه‌كانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ هاوتایه‌ به‌ خراپگوزه‌رانی‌ كه‌مئه‌ندمانی‌ ئه‌م زۆنه‌. كه‌رامه‌تی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ یه‌كسانه‌ به‌كه‌رامه‌تی‌ كه‌مئه‌ندامان، هه‌ركاتێك كه‌رامه‌تی‌ كه‌مئه‌ندامان ده‌شكێندرێ‌ ئه‌وا كه‌رامه‌تی‌ كۆمه‌ڵگه‌ شــكێندراوه‌ و زه‌نگی‌ مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆ سه‌ر كه‌رامه‌تی‌ تاكی‌ كورد لێدراوه‌، چونكه‌ به‌چاو پۆشـین له‌ كه‌مئه‌ندامبون مرۆڤــ عیزه‌تی‌ نه‌فسـی‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ رێز له‌ مافه‌كانی‌ بگیرێت و پێشـێلكاری‌ شه‌رمه‌زاری‌ و هێڵی‌ سـور بێت بۆ ده‌سه‌ڵات. هه‌روه‌ها سوكایه‌تی‌ كردن به‌ كه‌مئه‌ندامان دوا سنوری‌ بێ‌ حورمه‌تی‌ كردنه‌ به‌ مافه‌كانی‌ فرۆڤ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. كه‌واته‌ كه‌مئه‌ندامان راســتگۆترین و دڵسـۆزترین و پاكترین ئینسانی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ن، بەڵام به‌رپرسانی‌ نا به‌رپرس كه‌ له‌ پرسـی‌ كه‌مئه‌ندامان چاو و مێشكیان داخستوه‌ و، سـه‌ره‌ڕای‌ كه‌مئه‌ندامیان  وه‌ك مرۆڤیش مافی‌ مرۆڤـبونیان له‌به‌رچاو ناگرن، ئه‌وا كه‌مئه‌ندامی‌ راسـته‌قینه‌ ئه‌وانن!

ئێوه‌ كێن كه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ دڵڕه‌قن، له‌ جه‌سـته‌ی‌ لاوازی‌ كه‌مئه‌ندامێكیش ناسڵه‌مێن و ... هتد، ژیان له‌چاوی‌ كه‌مئه‌ندامانه‌وه‌ وێنه‌ی‌ راســته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ مانیفێست ده‌كا، كه‌چی‌ ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ‌ ئه‌و وێنه‌ راسـته‌قینه‌یه‌ بشـێوێنن و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ روحیە بپچڕێنن. نه‌خێر، ئێوه‌ هه‌رگیز ناتوانن له‌ گه‌وره‌یی‌ و رێزو و به‌های‌ كه‌مئه‌ندامان كه‌م بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵاتێكی‌ خواییه‌ بۆ خۆیان و هه‌م بۆ ئێمه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژیان جوانتر ببینین.

ده‌سه‌ڵات، رقم لێته‌ بۆیه‌ ده‌تگۆڕم. چونكه‌ سیسته‌می‌ دیموكراسی‌ ته‌نها له‌ هه‌ڵبژاردن كورت نابێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ڵبژاردن ره‌هه‌ندێكی‌ دیموكراسییه‌.
Sbeiy.com © 2007