Print
 
 ئازایه‌تی‌ و خۆ خاوه‌نی‌
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Saturday, September 14, 2013
له‌هه‌مو دنیادا خه‌ڵكه‌ مێژو كرده‌كان، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر پێی‌ خۆیان وه‌ستاون، واته‌ ئه‌وانه‌ی‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌و به‌رتیل و ده‌ست و گیرفان چه‌وركردنێك بیرو باوه‌ڕیان داگیر ناكات و ئاوه‌زی‌ خۆیان بڕیار ئه‌دات و خاوه‌نی‌ ئاوه‌زی‌ خۆیانن، ئه‌وان پێویستیان به‌ دارشه‌قی‌ كه‌س نیه‌ بۆیه‌ ناترسن، زیندوێتی‌ و نه‌ترسان و فریو نه‌خواردن مرۆڤ ده‌به‌نه‌ ناوه‌ندی‌ مێژوه‌وه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌سانی‌ تر ئه‌وان ئاراسته‌ بكه‌ن.

ئه‌ركی‌ رۆشنبیرو نوسه‌رو بیرمه‌ندو بیركه‌ره‌وه‌كانه‌ مرۆڤ بخه‌نه‌ سه‌ر قێگه‌ی‌ ئازایه‌تی‌ و خۆ خاوه‌نی‌، چ له‌سه‌ر ده‌می‌ قێنیسانسا چ دواتر بیرمه‌ندو بیركه‌ره‌وه‌كانی‌ ئه‌وروپا خۆیان پێشه‌نگی‌ ئه‌و ئازایه‌تیه‌ بون، جۆن لۆك له‌ پێناوی‌ كورتكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ سته‌مكاری‌ و نه‌هێشتنی‌ ململانێی‌ ئاینیدا خه‌باتی‌ كرد و ئه‌وانی‌ دیكه‌ی‌ هۆشیار كرده‌وه‌و باجی‌ خه‌باته‌كه‌یشی‌ دا، كارڵ ماركس بۆ كردنه‌وه‌ی‌ چاوی‌ ئه‌وانی‌ دیكه‌ به‌ هه‌مو رێگه‌كانی‌ به‌دبه‌ختیدا تێپه‌ڕی‌، كۆی‌ په‌یامبه‌ره‌كانی‌ مێژو له‌ پێناوی‌ ئه‌وانی‌ تردا خۆیان ئازاری‌ قورسیان چه‌شت.

بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ ئازاو خۆخاوه‌ن دروست بێت پێویسته‌ مرۆڤ  بگه‌یه‌نرێته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ موچه‌و خانو و ژیان و خۆراك و پێویستیه‌كانی‌ تر منه‌تی‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نین بۆ ئه‌و ئه‌وه‌ مافی‌ سه‌ره‌تایی‌ خۆیه‌تی‌ و نابێ‌ له‌كه‌س قه‌بوڵ بكات منه‌تی‌ به‌سه‌ردا بكات یان له‌به‌رانبه‌ر مافه‌كانیدا هه‌وڵی‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ بدات، پێدانی‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ مرۆڤ بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ بڕیار نیه‌ له‌ مرۆڤ، ناكرێ‌ هیچ كه‌سێك ئه‌وه‌ قه‌بوڵ بكات، پێم سه‌یره‌ له‌و رۆژانه‌ له‌ كاتی‌ موچه‌پێداندا له‌ هه‌ندێ‌ شوێن به‌ خه‌ڵك وتراوه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگمان پێنه‌ده‌ی‌ موچه‌كه‌ت حه‌رام ده‌بێت، موچه‌ی‌ قوربانی‌ دان و مافی‌ خۆی‌ له‌ به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی‌ ده‌نگه‌كه‌یدا حه‌لاڵ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ چ هه‌وڵێكه‌ بۆ كۆیله‌ كردنی‌ مرۆڤ، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ له‌ دایك نه‌بوه‌ تا كۆیله‌ بكرێت .

ئێمه‌ ده‌بێت خه‌باتی‌ بێوچان له‌ پێناوی‌ خۆخاوه‌نی‌ خه‌ڵكدا بكه‌ین و پێیان بڵێین ئیتر نابێ‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌و كوتكه‌ بێت كه‌ ژان ژاك رۆسۆ ده‌یگوت، ده‌سه‌ڵات هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێ‌ بێت، ده‌بێ‌ خزمه‌تكاری‌ خه‌ڵك بێت و كۆی‌ مافه‌كانی‌ بۆ دابین كات نه‌ك قه‌رزار باری‌ كات.

پێویسته‌ خه‌ڵك مافه‌كانی‌ خۆیان به‌ ئازایه‌تی‌  خۆیان بزانن نه‌ك ئازایه‌تی‌ خه‌ڵكانی‌ دیكه‌، ئه‌وه‌ی‌ پێت ده‌ڵێت من نه‌بم تۆش نیت، ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ كار له‌ سه‌ر ده‌سته‌مۆكردن و نه‌بونی‌ تۆ ئه‌كات، تۆ هه‌یت بێئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌بونه‌ ئازایه‌تی‌ كه‌سی‌ تر بێت، هه‌یت بۆیه‌ پێویسته‌ خۆت رێزی‌ ئه‌و هه‌بونه‌ی‌ خۆت بگری‌، مادام هاوڵاتی ئه‌م وڵاته‌ی، له‌ هه‌مو شتێكی‌ ئه‌م وڵاته‌ خاوه‌نی‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی‌ سروشت و خاك و ئاوو كانزای‌ ژێر زه‌وی‌ ئه‌م نیشتمانه‌ هی‌ كه‌سێكی دیكه‌یه‌ هی‌ تۆشه‌، بۆیه‌ نه‌ده‌بێت قه‌بوڵ بكه‌یت ئه‌و له‌ تۆ زیاتر به‌رێت، نه‌ده‌بێت ئه‌وه‌ی‌ لێقه‌بوڵ بكه‌یت ئه‌و كه‌مه‌ی‌ به‌تۆش ده‌درێ‌ وه‌ك مه‌كره‌مه‌ی‌ خۆی‌ سه‌یری‌ بكات.

ئه‌ركی‌ هه‌مو حزب و رێكخراوێكه‌ مرۆڤی‌ خۆ خاوه‌ن ئاماده‌ كات نه‌ك مرۆڤی‌ ئه‌و خاوه‌ن، به‌ تایبه‌ت له‌ دۆخی‌ وه‌ك ئێستای‌ باشوری‌ كوردستان، مرۆڤی‌ خۆخاوه‌ن ده‌توانێ‌ روبه‌ڕوی‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی‌ نه‌ویستراو بێته‌وه‌.

یه‌كه‌مین هه‌نگاوی‌ ئازایه‌تی‌ و خۆ خاوه‌نی‌ تۆ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌ر ئه‌كه‌وێت، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌توانی‌ بڕیاری‌ خۆت بده‌یت و به‌ گژ هه‌مو ئه‌و ته‌قه‌لایانه‌دا بچیته‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ خۆت خۆت نه‌بیت.

له‌وه‌ مه‌ترسه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی‌ ئاشكرا كردنی‌ بیرو بۆچونه‌كه‌ته‌وه‌ ئازادیه‌كانت ده‌سكاری‌ بكات ئازایانه‌ بیرو باوه‌ڕی‌ خۆت ده‌ربڕه‌.
Sbeiy.com © 2007