Print
 
 جێگۆڕکێ و جێگرتنه‌وه‌
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Monday, September 16, 2013
له‌ دونیای زانست و دونیای بازاڕدا هه‌میشه‌ بۆ هه‌ر بیرۆکه‌یه‌ک یان که‌ره‌سته‌یه‌کی تازه‌ په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر تاقیکردنه‌وه‌ و به‌ کارهێنان. باش جێگه‌ی خراپ و باشتر جێگه‌ی باش ده‌گرێته‌وه‌. هه‌ندێ جاریش هه‌مان ئامێری باش په‌ره‌ی پێده‌درێ و به‌کارده‌هێندرێ تا ئه‌وساته‌ی پێداویستیه‌کانی مرۆڤ به‌ گوێره‌ی ویستی مرۆڤ دابین ده‌کات. به‌م شێوه‌یه‌ بیرۆکه‌کان و ئامراز و که‌ره‌سته‌کان ئاڵوگۆڕ به‌ جێگا و پایه‌یان ده‌کرێت. به‌شێک له‌ کۆنه‌کان ده‌بن به‌ مێژو و به‌ڕێزه‌وه‌ له‌ مۆزاخه‌نه‌کانی  وڵاتدا هه‌ڵده‌گیرێن و ده‌بن به‌ به‌شێک له‌ مێژوی گه‌ل. گه‌شه‌ و په‌ره‌پێدان له‌ بواری کۆمپیوته‌ر و زمانی پرۆگرامه‌کان یه‌کێکن له‌و‌ هه‌زاران نمونه‌یه‌ی کۆن و نوێ.

له‌ دونیای سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی و حوکمڕانیدا، ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن هه‌مان ئه‌و یاسا سروشتیانه‌ بونیان هه‌یه‌ و حوکمی خۆیان له‌سه‌ر بون یان نه‌بونیان ده‌ده‌ن‌. له‌ دونیای ئایینیشدا تا هاتنی ئایینی ئیسلام ده‌یان ئایین و ئایینزا کۆن بونه‌ و تازه‌ و مۆدێرنتر جێی گرتونه‌ته‌وه‌. هه‌مو ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای راستگۆیی، به‌رنامه‌ی راست و پڕ خزمه‌تگوزاری، خاوه‌ن فه‌لسه‌فه‌ی کراوه‌ و پڕ توانای قه‌ناعه‌تپێکردن بونه‌، توانیویانه‌ سه‌رنجی مرۆڤ بۆلای خۆیان په‌لکێش بکه‌ن و بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو حوکمی کۆمه‌ڵگا بکه‌ن.

له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی کوردستاندا به‌ درێژایی 50 ساڵی رابردو پرۆسه‌ی گۆڕانی سیاسی و جێگۆڕکێی پێگه‌ی حیزبه‌ سیاسیه‌کان و که‌سه‌ سیاسیه‌کان له‌ هه‌رسێ شاره‌که‌ی هه‌رێمدا به‌ ئاست و پله‌ی جیاجیا به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ده‌بینرێت. له‌م باره‌وه‌ ده‌تواندرێت ناوچه‌ی سلێمانی به‌ نمونه‌ وه‌ربگرێت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی تێیدا‌ گۆڕانکاریه‌کان زوتر و به‌رچاوتر رویانداوه‌.

له‌ ده‌ستپێکی شۆرشی ئه‌یلول له‌ 1961 ناوچه‌ی سلێمانی باوه‌شی گه‌رمی بۆ شۆڕش کرده‌وه‌. پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌ک حیزبێکی سه‌ره‌کی له‌م ناوچه‌یه‌ گه‌شه‌ی سه‌ند. دوای چه‌ند ساڵێک باڵێکی مه‌کته‌بی سیاسی ئه‌م حیزبه‌ که‌ له‌ناو خه‌ڵکدا به‌ جه‌لالی ناسرابو، رویان کرده‌ ناوچه‌ی ماوه‌ت و تا راده‌یه‌ک توانیان له‌ ناوچه‌ی سلێمانی جێ پێی خۆیان بکه‌نه‌وه‌. ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ تا به‌یانی 11 ئازار توانیان درێژه‌ به‌ کاری چه‌کداری و سیاسی خۆیان بده‌ن.

ئه‌م گۆڕانکاریه‌ دروستبونی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستانی لێکه‌وته‌وه‌. کۆمه‌ڵه‌ توانی له‌ چه‌ند ساڵێکدا پێگه‌ی خۆی له‌ شاره‌کانی سلێمانی و که‌رکوک به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو قایم بکات. 1965 بۆ 1975 ئه‌و ماوه‌یه‌یه‌ که‌ پێگه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ناوچه‌ی سلێمانی به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو به‌ره‌و لاوازبون چوه‌.

دوای هه‌ره‌سی شۆڕشی ئه‌یلول و ده‌رکه‌وتنی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، به‌ ته‌واوی پارتی به‌ره‌و لاوازبون چو، له‌ سلێمانی پێی ده‌ڵێن "ساڵی ماڵئاواییکردنی خه‌ڵکی سلێمانی له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان"، رۆڵی پارتی له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌و ژماره‌ی کورسیه‌کانی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان له‌م ناوچه‌یه‌ لاوازی پێگه‌ی پارتی ده‌رده‌خه‌ن و پشڕاست ده‌که‌نه‌وه‌.

1976 به‌ ده‌ستپێکی جێ چۆڵکردنی پارتی داده‌نرێ له‌م ناوچه‌یه‌ بۆ هێزێکی تازه‌ی وه‌ک یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، ئه‌م حیزبه‌ به‌ درێژایی 30 ساڵ تا 2005 له‌ سلێمانی له‌ روی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و حیزبیه‌وه‌ رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوه‌.

له‌ 2005 له‌م ناوچه‌یه‌ ده‌نگه‌ ناڕه‌زاییه‌کان به‌ره‌و به‌رزبونه‌وه‌و بیستن چون، له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌کانی وه‌ک ئاوێنه‌و هاوڵاتی و لڤین و چه‌ندینی تر ده‌بیندران. له‌ ناو یه‌کێتیشدا ده‌نگه‌ ناڕه‌زاییه‌کان تا ده‌هات به‌ره‌وه‌ زۆربون ده‌چون، ده‌رئه‌نجام ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕه‌زاییانه‌ی ناو خودی یه‌کێتی وه‌ک باڵی ریفۆرمخواز ده‌رکه‌وتن. دوای ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کانی ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ بۆ چاکسازی له‌ حیزب بێئه‌نجام بو، پێشبینی ده‌کرا که‌ که‌ پێگه‌ی یه‌کێتی له‌ سلێمانی به‌ره‌و لاوازبون بچێت.

لێره‌وه‌، له‌سه‌ر ده‌ستی ریفۆرمخوازه‌کانی ناو یه‌کێتی و ده‌نگی ناڕه‌زایی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دامه‌زرا. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ زۆر به‌ خێرایی و له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا گه‌شه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراوی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی. سه‌نگی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ 2009 به‌ ده‌ستپێکی گۆڕانی هاوکێشه‌ی سیاسی و ته‌رازوی هێز داده‌نرێت له‌ کوردستان به‌ گشتی و له‌ ناوچه‌ی سلێمانی به‌ تایبه‌تی. له‌و رۆژه‌وه‌ پێده‌چو تیشکی مۆم و ره‌نگی نیلی ئه‌م ناوچه‌یه‌ روناک بکاته‌وه‌ و نیلی پۆش بکات.

ئێستا 2013 یه‌، بڕوای جه‌ماوه‌ر به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ و جۆشوخرۆشی خه‌ڵک له‌ ماوه‌ی ئه‌م چەند رۆژه‌ی پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن، ئاماژه‌یه‌که‌ بۆ توانای کشانی ئه‌و ره‌نگه‌ نیلیه‌، وه‌ک هه‌وری پر بارانی به‌هار له‌ سلێمانیه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌ولێردا تێپه‌ڕی و ره‌نگی شینی ئاسمانی بادینان تۆختر بکات.
Sbeiy.com © 2007