|
پاش ده‌نگدان؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Monday, September 23, 2013 |
باشوری کوردستان له گه‌رمه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا وروژا بو و جۆش و خرۆشی لایه‌نگرانی لایه‌نه‌کان گه‌رمایی هه‌ڵبژاردنیان گردارتر کردبو.
بێجگه چه‌ند روداوێکی دڵته‌زێن بانگه‌شه‌که بهبهرواردکردن له گه‌ڵ هاوشێوه‌کانی له ناوچه‌که‌مان خراپ به‌ڕێوه نه‌چو.
پاش ده‌نگدان له رۆژی 21 ی ئه‌م مانگه‌و ئاشکرابونی ئه‌نجامه به‌راییه‌کان، ده‌شێت باسی تێڕامانێکی جدی له سه‌ر ئه‌گه‌ره به‌هێزه‌کانی قۆناغی ئاینده بکه‌ین.
گۆڕان و پارتی و یه‌کێتی چیان ده‌وێت؟
له بانگه‌شه‌که‌دا ده‌رکه‌وت سێ لایه‌نی سه‌ره‌کی، گۆڕان و یه‌کێتی و پارتی، کار بۆچی ده‌که‌ن.
پارتی به دروشمی سه‌ره‌کی له هه‌ڵبژاردندا، پێکه‌وه به‌ره‌و کوردستانێکی گه‌شتر، مه‌به‌ستی بو پێگه‌ی یه‌که‌می له هه‌رێمی کوردستان بپارێزێت و تۆکمه‌تری بکات و له گه‌ڵ هێزه گه‌وره‌کان حوکمڕانی بکه‌ن، پێده‌چێت پارتی د‌رکی کردوه به‌وه‌ی که حوکمڕانی دولایه‌نه‌ی له گه‌ڵ یه‌کێتیدا نه بۆی ده‌چێته سه‌رو له مه‌ودای دوریشدا زه‌ره‌ری لێده‌کات، پارتی له به‌شی یه‌که‌می ئامانجه‌کانیدا به‌فه‌رمی سه‌رکه‌وتو بو (له هه‌ڵبژاردنی پێشودا ژماره‌ی 30 کورسی پارتی ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی نه‌بو، به‌وپێیه بوایه کورسی زۆرتری به‌رده‌که‌وت، یه‌ک لیستی له گه‌ڵ یه‌کێتیدا ئه‌و دابه‌شکردنه‌ی 30-29 فه‌رز کرد)، یه‌کێتی ده‌یویست به جه‌ختکردن له دروشمی پاراستن و گه‌شه‌پێدانی دیموکراسیه‌ت جیاوازی خۆی له هاوپه‌یمانه‌که‌ی پیشان بدات و به‌شێکی زۆری پێگه‌ی له ده‌ستچوی به‌ده‌ست بهێنێته‌وه، تا ئه‌و راده‌یه‌ی که رایانگه‌یاند ئه‌گه‌ر لاسهنگیهکه راست ببێته‌وه وەک دەڵێن "سه‌ربه‌خۆیی" حزبه‌که‌یان راده‌گه‌یه‌نن. وێڕای ئه‌وه‌ی یه‌کێتی نه‌یتوانی ئامانجه سه‌ره‌کیه‌که‌ی به‌ده‌ست بهێنێت، بەڵام پێده‌چیت یه‌کێتی پاشه‌کشه‌ی فه‌رمی ئه‌وتۆی نه‌کردبێت، گۆڕان به‌دروشمی ئیتر به‌سه کاتی گۆڕینیه‌تی، به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێکی نوێ کاری کرد تا پێگه‌ی به‌جۆرێک به‌هێزتر بکات تا بتوانێت هێزێکی بنه‌ڕه‌تی بێت و ئه‌گه‌ره‌کانی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ حوکمرانی به‌ده‌سته‌وه بێت. هه‌ر سێ لا چاویان بڕیوه‌ته ده‌سه‌ڵات.
پارتی و یه‌کێتی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و ئه‌زمونێکی درێژی حوکمڕانی هاوبه‌شن، تێبینی کرا پارتی وێڕای ئه‌و هه‌مو که‌م و کوڕی و گه‌نده‌ڵیه‌ی حوکمڕانی زیاتر راشکاوانه و بوێرانه‌تر ئه‌زمونی حوکمڕانی له هه‌رێم له بانگه‌شه‌که‌دا به‌کارهێناوه، هه‌رچی یه‌کێتیه خۆی له‌و بابه‌ته دوره‌په‌رێز راگرت و ته‌رکیزی سه‌ره‌کی له سه‌ر پیشاندانی جیاوازیه‌کانی له گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌که‌ی کرد.
پارتی روانینی خۆی بۆ حکومه‌تی ئاینده ئاشکرا کرد، ئه‌ویش حکومه‌تێکی ته‌وافقی بنکه فراوان له سه‌ر بنه‌مای شه‌راکه‌ت و هێزه گه‌وره‌کان به‌پێی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن به‌شداری بکه‌ن. پارتی به‌م هه‌ڵوێسته‌ی زه‌ربێکی گه‌وره‌ی له چه‌ند بڕگه‌یه‌کی گرنگی رێکه‌وتنی ستراتیژی دا، تایبه‌ت جێگۆڕکردنی پۆستی سه‌رۆکی حکومه‌ت و په‌رله‌مان.
یه‌کێتیش (به‌حه‌زه‌ره‌وه) حکومه‌تی بنکه فراوانی پێباشەو به‌م رێگه‌یه‌وه ده‌توانێت به‌شێک له ده‌سه‌ڵاته‌کانی بپارێزێت. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و هێز و پاره نه‌بوه و نیه، ئه‌زمونی حوکمڕانی خۆماڵی خستۆته به‌ر چه‌قۆیه‌کی تیژه‌وه و هه‌ر دو هێزی ده‌سه‌ڵات به به‌رپرسیار له‌و حوکمڕانیه ده‌زانێت. گۆڕان کار ده‌کات تا پێگه‌یه‌کی زۆر به‌هێزی له پێکهێنان و به‌ڕێوه‌بردنی حکومه‌تی ئاینده‌دا هه‌بێت، هێشتا زوه گۆڕان کارته‌کانی خۆی بۆ حکومه‌تی ئایندهی هه‌رێم بخاته‌ڕو. ئێستا ده‌رکه‌وت یه‌ک هێز ناتوانێت به‌ته‌نیا حکومه‌ت دروست بکات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌لایه‌نی که‌مه‌وه دو هێز پێویسته، به‌واته‌یه‌کی تر حکومه‌تی هاوپه‌یمانی.
هه‌ندێک له به‌رپرسه باڵاکانی پارتی له سه‌ره‌تادا رایانگه‌یاند که به‌دیلی یه‌کێتی بۆ پارتی هه‌ر یه‌کێتیه و حکومه‌ت بێ یه‌کێتی دروست ناکه‌ن. د. جه‌عفه‌ر ئێمنیکی، وته‌بێژی پارتی، له به‌رنامه‌ی روداوی ئه‌مڕۆی رۆژی 12-9 ئه‌م بۆچونه‌ی دیبلۆماسیانهتر شیکرده‌وه و جه‌ختیشی کرده‌وه پارتی پێی باشه یه‌کێتی به‌شدار بێت له حکومه‌تی بنکه‌فراوان، به‌ڵام یه‌کێتی سه‌رپشکه له به‌شداربون یا نه‌بونی.
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک
پارتی و یه‌کێتی له دروستکردنی حکومه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2009 زۆریان مه‌به‌ست بو به‌یه‌که‌وه حوکمڕانی بکه‌ن، چونکه ئه‌وکات به‌یه‌ک لیست دابه‌زیبون و گۆڕانیش ئاماده نه‌بو به‌شداری حکومه‌ت بێت. زیاده بۆ ئه‌مه‌ش پاش لاوازبونی به‌رچاوی یه‌کێتی له‌و هه‌لبژاردنه‌دا له به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیاندا بو هاوسه‌نگی نێوانیان به دابه‌شکردنی کورسیه‌کانی لیسته‌که‌یان له په‌رله‌مان و له حکومه‌ت به‌شێوه‌یه‌ک نزیک له یه‌کتر رابگرن، ناشێت له یادیش بکرێت ئه‌و کاته مام جەلال حزورێکی به‌هێزی له گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا هه‌بو (وه‌ک باس ده‌کرێت زۆربه‌ی نه‌رمی مسعود بارزانی له راگرتنی ئه‌و هاوسه‌نگیه له کورسیه‌کاندا له به‌ر خاتری مام جەلال بوه).
دو هێزی ده‌سه‌ڵات حوکمڕانی هه‌رێمیان به‌ئاراسته‌یه‌کی خراپ‌دا برد و کردیانه نمونه‌یه‌کی نامۆ به خه‌بات و قوربانی و ئاواته‌کانی میلله‌ت.
ئاینده و حکومه‌تی بنکه‌فراوان
دوای ده ساڵ له‌و جۆره حوکمڕانیه و ئێستا له حزوری ئۆپۆزسیۆنێکی به‌هێز و گه‌شه‌کردنی به‌رچاوی له دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان و چاوکراوه‌یی و هوشیاری میلله‌تدا ئه‌و دو هێزه ئه‌و هه‌ڵه‌یان بۆ ناڕه‌خسێت ئه‌وه دوباره بکه‌نه‌وه. ئه‌وه دو هێزه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاته، زۆر تایبه‌ت پارتی و سه‌رۆکه‌که‌ی، که له‌ژێر فشارێکی بێئه‌ندازه‌ی هه‌مه لایه‌نه‌دان که پشکیان له شه‌راکه‌ت بۆ پێکهاته و ناوه‌رۆکی حوکمڕانی ئاینده به‌شێوه‌یه‌ک داڕێژن که له پله‌ی یه‌که‌مدا ئارام و ئاسایشی نیشتمانی هه‌رێم دابین بکات و حکومه‌تی هه‌رێم له‌و قه‌یرانه ئاڵۆزه‌ی تێیدا گیرساوه‌ته‌وه قوتار بکه‌ن و رێگر نه‌بن له‌وه‌ی حکومه‌تی بنکه فراوان به‌ڕاستی ببێته حکومه‌تی خه‌ڵک و ماڵئاوایی یه‌کجاره‌کی له کاره نادروست و هه‌ڵه‌کانی رابوردویان بکه‌ن، له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌و کار و کارنامه باشانه‌ی کردویانه رێگه‌خۆشکه‌ر و هانده‌ر بن بۆ گه‌شه‌کردن و چاکسازی و سه‌روه‌ری یاسا و دابینکردنی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانێکی شایسته بۆ هاوڵاتیان. بێگومان هه‌مان چاوه‌روانی له هێزه‌کانی ئۆپزسیۆنیش ده‌کرێت کاتێک به‌شداری له حکومه‌تێکی بنکه فراواندا بکه‌ن.
کورد له باشور پێویستی به‌حکومه‌تی بنکه‌فراوانی شه‌راکه‌ت هه‌یه نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌ترسی جدی رۆژانه له سه‌رمانه، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌ڕی ده‌ره‌کی روبه‌رومان بۆته‌وه، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابوری گه‌وره یا کاره‌ساتی سروشتی توشمان بوه، پێویستمان به‌و جۆره حکومه‌ته‌یه چونکه مه‌ترسی گه‌وره له ناو خۆماندایه، پاش زیاتر له بیست ساڵ له حوکمڕانی خۆماڵی و داهاتێکی زۆر و دۆخێکی ئاسایشی باشی به‌رچاو نه‌توانراوه کۆڵه‌که بنهڕەتیهکانی سه‌روه‌ری هه‌رێم بهێنرێنه دی، که کۆده‌بنه‌وه له:
- سیسته‌مێکی دیموکراسی تۆکمه نه‌ک ته‌نها پێره‌وکردنی سیسته‌می پارتۆکراسی (رێکه‌وتنی حزبی بریارده‌ره بێت و په‌رله‌مان ببێته ده‌زگایه‌کی په‌راوێزکراو) و،
- ده‌ستورێکی سه‌رده‌مانه زامنی سه‌روه‌ری یاسا و رێزگرتن له ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤ بکات، و
- له‌شکر و ده‌زگای ئاسایش و هه‌واڵگری نیشتمانی، و
- حکومه‌تێکی یاسایی و ده‌ستوری کارا که له به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی په‌رڵه‌مان و خه‌ڵکدا بێت، و
- داهاتێکی زامن که له رۆشناییدا بتوانرێت پلانی درێژخایان ساز بکرێت و جێبه‌جێ بکرێت.
ئه‌گه‌رچی چه‌ند هه‌نگاوێک به‌و ئاراستانه‌دا نراون، به‌ڵام ئه‌زمونه‌که‌مان ده‌یسه‌لمێنێت حوکمڕانی ئه‌و دو هێزه به‌یه‌که‌وه ناتوانێت ئه‌و پرسه زۆر گرنگه به‌ره‌و که‌ناری ئارام ئاراسته بکات، له هۆکاره گرنگه‌کانی ئه‌م بێتواناییه: له پله‌ی یه‌که‌مدا گرێبه‌ستی حوکمڕانیان بۆ دڵنه‌وایی کردن و پاداشتدانه‌وه‌ی خۆیان بوه و به‌ده‌ر له‌وه له زۆر بابه‌تدا رێک نه‌بون و ژێر به‌ژێر ململانێی ره‌وا و ناڕه‌وای خه‌ستی یه‌کتریان له ده‌زگاکانی سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌کاندا کردوه و له چه‌ندین بواری هه‌ستیاردا ده‌ستیان به دو ئیداره‌ییه‌وه گرتوه، هۆکارێکی تریش دوا ئامانجیان له‌و حوکمڕانیه له یه‌کتر دورن (پارتی چاوی بڕیوه‌ته شێوه‌ی حوکمڕانی وڵاتانی که‌نداوی عه‌ره‌بی و به‌داهاتی نه‌وت باشبونی گوزه‌رانی به‌دی بهێنرێت و ئه‌وانیش یه‌که‌م ده‌سه‌ڵاتدار بن و گه‌ر بشکرێت نیمچه ده‌وڵه‌تێکی کوردی دروست بکرێت، یه‌کێتی پێیوایه به‌شێک له عێراقێکی فیدراڵی بمێنینه‌وه‌و ده‌رودراوسێکانمان نهوروژێنین و پشکێکی حوکمڕانی کوردستانیشیان به‌رکه‌وێت، تموحاتی گه‌وره و سنوردار تێکه‌ڵ بون، پارتی له حوکمڕانیدا هێزی ئابوری نه‌وت به پشتگیری تورکیا به‌کارده‌هێنێت و یه‌کێتیش هاوپه‌یمانیه‌تی له گه‌ڵ شیعه و پشتئه‌ستور به ئێران).
بۆیه ده‌بینین تا ئه‌م ساته‌ش پێناسه‌یه‌کی هاوبه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی نه‌کراوه، تا ئه‌م ساته‌ش په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌رێم له گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانی دراوسێ زۆر نادیار‌و بێ پلانی نه‌ته‌وه‌یی به‌ڕێوه ده‌چن، تا ئه‌م ساته‌ش گه‌نده‌ڵی دره‌ختی حوکمڕانی کلۆر ده‌کات، تا ئه‌م ساته‌ش ئاسایشی خۆراک و وزه و سوته‌مه‌نی هه‌رێم له ژێر ره‌حمه‌تی ده‌سه‌ڵات و روداوه‌کانی عێراق و ناوچه‌که‌دایه. تا ئه‌م ساته‌ش هێزی پێشمه‌رگه نه‌کراوه‌ته له‌شکرێکی نیشتیمانی. تا ئه‌م ساته‌ش ئایندهی ناوچه کوردستانیه دابڕێنراوه‌کان زۆر بهتهموڵێڵی به‌جێهێڵراوه، تا ئه‌م ساته‌ش سیسته‌مه‌کانی په‌روه‌رده و خوێندن و ته‌ندروستی و رێگا و بان و کشتوکاڵ و خزمه‌تگوزاریه حکومیه‌کانی رۆژانه بۆ جێبه‌جێکردنی کاروباری هاوڵاتیان ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست ئاسهوهرهکانی سه‌رده‌می حوکمڕانی به‌عس و به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵی و بهحزبایاتیکردنیان و به‌ده‌ست که‌می به‌رچاوی کارمه‌ند و کادری مامناوه‌ندی شاره‌زاو لێهاتو و ئامرازه‌کانی سه‌رده‌مه‌وه. تا ئه‌م ساته‌ش هه‌ندێک له کرده‌وه نهخوازیارهکانی دو ئیداره‌یی به کار و ئه‌دای حکومه‌ته‌وه به‌زه‌قی دیارن، هاوڵاتیانیش رۆژانه باجی ئه‌م دیاردانه ده‌ده‌ن.
ئه‌رکی هه‌ر حکومه‌تێکه ئه‌رکه‌کانی سه‌رشانی جێبه‌جێیان بکات، کورد له هەرێمی کوردستان حکومه‌تی سه‌ربه‌خۆی نیه و تا ئه‌م ساته‌ش بۆ داهاتی پێویستی به به‌غدا هه‌یه، یه‌کێک له ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانی حکومه‌تی بنکه‌فراوان ده‌بێت داڕشتنی پلانێکی مه‌ودا دور بێت تا هه‌رێم سه‌رجه‌م داهاته‌کانی و سامانه سروشتیه‌کانی کوردستان شه‌فافانه و دادپه‌روه‌رانه بخاته خزمه‌تی داڕشتنه‌وه‌ی ژێرخان و گه‌شه‌کردنی ئابوری کوردستان و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵکه‌که‌ی، کاربکات کوردستان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له زۆر بواردا (وزه، خۆراک، ئاو و کاره‌با، کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵ، پیشه‌سازیه بچوک و مامناوهندیهکان) پێداویستیه‌کانی خۆی دابین بکات.
له کوردستانه‌که‌ی ئێمه ژماره‌ی که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ و راگه‌یاندنی حزبه‌کان زۆر زۆرترن له ژماره‌ی فابریک و پرۆژه‌ی نیشتمانی به‌رهه‌مهێنه‌ر، دۆخێک ناشێت به‌و جۆره به‌رده‌وام بێت.
ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌کێتی بیانه‌وێت به‌ناوی حکومه‌تی بنکه‌فراوانه‌وه کۆپی ئه‌زمونی رابوردو به‌چه‌ند ئارایشکردنێکهوه بکه‌نه‌وه و به به‌شداربونی ئۆپۆزسیۆن و تایبه‌ت گۆڕان شه‌رعیه‌ت به‌و کۆپیکردنه بده‌ن ئه‌وا زۆر هه‌ڵه بۆی چون. ئه‌وانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێکردون له کاره بنه‌ڕه‌تیه‌کانی حکومه‌تی نیشتمانی بنکهفراوانن، نه‌ک ته‌نها گۆڕان ده‌بێت هه‌مو هێز و لایه‌نێکی دڵسۆز به‌که‌متر له کرۆکی ئه‌و پرۆگرامه بۆ حکومه‌تی ئاینده رازی نه‌بێت، حکومه‌تێک ئه‌گه‌ر پێویست بکات به‌بنه‌مای ته‌وافق پێک بێت و به‌مه‌رجێک ته‌وافق له پراکتیکدا نه‌بێته ئه‌سته‌نگ و هۆکاری ئیفلیچ بونی. |
|
|