Print
 
 سێگۆشه‌ی رۆژنامه‌نوسان
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Tuesday, October 8, 2013
له‌ زانستی بیرکاری سێگۆشه‌ چه‌ند جۆرێکی هه‌یه‌، سێگۆشه‌ی گۆشه‌ وه‌ستاو دیارترین جۆری ئه‌و سێگۆشانه‌ن، له‌م جۆره‌دا هه‌میشه‌ ره‌گی دوجای کۆی دو لای ده‌کاته لای سێیه‌م، ئه‌م جۆره‌ لای خوێندکاران ئاڵۆز و قورس دێته‌ به‌رچاو.

له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤیشدا دڵ، زمان و گیرفان گه‌ر به‌ سێ هێڵ به‌ یه‌کتره‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌ شێوه‌یه‌ک پێک‌ ده‌هێنن دروست له‌گه‌ڵ سێگۆشه‌ی گۆشه‌ وه‌ستاودا جوت ده‌بێت. نێوان زمان و دڵ لایه‌نه‌ درێژه‌که‌ پێک دێنێت و کورتی و درێژی ئه‌م هێڵه‌ش وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر کورتی و درێژی زمان.

ده‌رکه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ 2009 ، ئه‌و راسته‌هیڵه‌ سیاسیه‌ی ده‌یان ساڵ بو یه‌کێتی و پارتی کێشابویان و ئه‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ری ئه‌و هێڵه‌یان گرتبو، گۆڕی بۆ شێوه‌یه‌کی سێ گۆشه‌یی. واته‌ هاوکێشه‌ی هێزی سیاسی له‌ دو جه‌مسه‌ریه‌وه‌ گۆڕا بۆ سێ جه‌مسه‌ری (پارتی ، یه‌کێتی و گۆڕان).

له‌ په‌یدابونی ئه‌م سێ جه‌مسه‌ریه‌وه‌ تێبینی ده‌کرێت به‌شێک له‌ رۆژنامه‌نوسان له‌ نێوان سێگۆشه‌ی دڵ و گیرفان و زماندا گیریان خواردوه‌ و له‌ یه‌ک کاتدا دڵی هه‌رسێ لایه‌ن رازی ده‌که‌ن، به‌زمان به‌ جۆرێک په‌یام ده‌ده‌ن، به‌ گیرفان له‌ شوێنێکن و به‌ دڵیش له‌ ژێر چه‌ترێکی دی‌. ئه‌مانه‌ زۆر له‌ بارودۆخی سیاسی، سیسته‌می حوکمڕانی، دو هێزی پێشمه‌رگه‌، دو ئاسایش و گه‌نده‌ڵی، به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی پانتایی ئازادی  و به‌ بنه‌ماڵه‌کردنی حزب و قۆرخکردنی ده‌سڵات .....تاد له‌ هه‌رێم ناڕازین.

له‌باره‌ی سیاسه‌تی پارتی و یه‌کێتیش له‌ که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان و جۆری په‌یوه‌ندی هه‌رێم له‌ گه‌ڵ به‌غدا تا راده‌ی تۆمه‌تبارکردنی ئه‌م دو هێزه‌ به‌ نانیشتمانپه‌روه‌ری زمان ده‌جوڵێنن و ده‌نوسن. بیرم دێ چۆن هه‌ندێ له‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ توند و له‌ڕو له‌سه‌ر ماده‌ی 140 زمانیان گێڕا و نوسیان، هێنده‌ی نه‌برد له‌ پاڵ ئه‌وان و وه‌ک ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ زمان به‌ره‌و گۆشه‌ی گیرفان به‌ڕێکه‌وتن.

به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ 21/9/2013، له‌ چه‌ند سایت و رۆژنامه‌یه‌کدا پێشبینی هه‌ندێ له‌م رۆژنامه‌نوسانه‌م ده‌رباره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌رچاو که‌وت. له‌و کاته‌دا ئه‌و پێشبینیانه‌م وه‌ک کاری قاوه‌گره‌وه‌کان هاته‌ به‌رچاو. چونکه‌ هیچ داتایه‌کی زانستی وه‌ک ئامار، لیستی ده‌نگده‌ران و رابردو له‌به‌رده‌ست نیه‌ تا وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی زانستی بۆ پێشبینی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ کار بهێندرێت. به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنێک که‌ پێشوه‌خت چاوه‌ڕوانی ساخته‌کاری گه‌وره‌ی لێبکرێت. جگه‌ له‌وه‌ش پێشبێنیکردن بۆ ئه‌نجامی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر قورسه‌، چونکه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌‌ خاوه‌ن پانتاییه‌کی جه‌ماوه‌ری زۆر فراوانی نادیاره‌، به‌شێ له‌م جه‌ماوه‌ره‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و چاوسورکردنه‌وه‌ و ده‌م چه‌ورکردندایه‌ ، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و حیزبانه‌ی خاوه‌ن بنکه‌یه‌کی دیاریکرا و سنورداری حیزبین.

ده‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنیش له‌ گه‌ڵ هه‌مو ساخته‌کاریه‌کاندا ده‌ریخست ئه‌و پێشبینیانه‌ زیاتر له‌ خوێندنه‌وه‌ی قاوه‌ و ده‌ست گره‌وه‌کان ده‌چن.

خانو، باڵه‌خانه‌، ئۆتۆمبێل و ژیانی شاهانه‌ی ئه‌و جۆره‌ رۆژنامه‌نوسانه‌  ده‌ریده‌خه‌ن ده‌ستی ئه‌م گروپه‌ له‌ گیرفانی کێدایه‌. ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانیش ده‌ریخست ‌زمان و گیرفان و دڵی ئه‌م گروپه‌ چۆن به‌سه‌ر ئه‌و سێ جه‌مسه‌ره‌دا دابه‌شبوه‌.
Sbeiy.com © 2007