Print
 
 هه‌ڵبژاردنی‌ پیس
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Saturday, October 12, 2013
هه‌ندێك له‌ دۆستان پێیان ناخۆشه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 21 ی‌ ئه‌یلول بگوترێ‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ پیس، ته‌نانه‌ت له‌ رۆژنامه‌یه‌كدا زۆر به‌ توندی‌ هێرش كرابوه‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی‌ تانه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌ده‌ن،  ئاخر ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ پاك بێت بۆ تانه‌ی‌ لێده‌درێت، بۆ شكات ده‌كرێ‌، بۆ ده‌نگی‌ دزراو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، سه‌دان بۆی‌ دیكه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێ‌ نمونه‌یه‌كی‌ جوان نیشانی‌ ئه‌وانی‌ دیكه‌و دنیای‌ ده‌ره‌وه‌ بده‌ین به‌وه‌نابێت كه‌ له‌ هه‌وڵی‌ شاردنه‌وه‌ی‌ عه‌یب و عاره‌كانماندا بین، یان ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ناخۆشه‌ ئه‌ی‌ بۆ ته‌زویرو ساخته‌ ده‌كه‌ین، چما ته‌زویرو ساخته‌و چاو سوركردنه‌وه‌و پاره‌ به‌خشین و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌و هه‌مه‌جۆر كاری‌ نه‌شیاوی‌ تر هی‌ ئه‌وه‌ نین رسوا بكرێن و بۆیان له‌ ته‌پڵ درێت، ره‌نگه‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ له‌ مه‌ودای‌ نزیكدا كه‌سانێك، یان لایه‌نگه‌لێك وه‌ك براوه‌ نیشان ده‌ن، لێ‌ له‌ ئاینده‌ی‌ دوردا گۆزه‌كه‌ له‌ سه‌ركانی‌ نایه‌ته‌وه‌، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پیس بو، پیس بو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌:

یه‌كه‌م: خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌ ده‌نگێ‌ زیاتری‌ داوه‌، په‌روه‌رده‌كردنی‌ خه‌ڵك به‌و شێوازه‌ی‌ كه‌ له‌ ده‌نگێ‌ زیاتر بدات جگه‌ له‌ خیانه‌ت هیچی‌ تر نیه‌ ، ناكرێ‌ خه‌ڵك به‌ و جۆره‌ په‌روه‌رده‌ بكرێت، خۆش له‌وه‌یه‌ من ناوی‌ رۆژهه‌ڵاتی دەناسم له‌ ده‌نگێ‌ زیاتری‌ داوه‌، ده‌بێ‌ خه‌ڵكانێك كه‌ خۆیان باشورین چیان كردبێت.

دوه‌م: كۆمیسیۆن و هه‌مو لایه‌ك وتیان ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ناوی‌ دوباره‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش تێپه‌ڕی‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ موسڵ و كه‌ركوك ناوی‌ هه‌یه‌  له‌ هه‌رێمیش ناوی‌ هاتبوه‌وه‌، له‌ قه‌ره‌هه‌نجیر سه‌دان ناوی‌ له‌و جۆره‌ هاتبوه‌وه‌، ئیتر خوا ده‌زانێ‌ له‌ به‌رده‌ ره‌ش و فایده‌و مه‌خمور و قردێ‌ و شوێنه‌كانی‌ تر چۆن بوه‌.

سێیه‌م : مردویه‌كی‌ زۆر ده‌نگیان له‌ بری‌ درا بێئه‌وه‌ی‌ هیچ حسابێكیان بۆ بكرێت.

چواره‌م : له‌ هه‌مو پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌نگدرا سوپاس پارچه‌كانی‌ دیكه‌ سوپاس پیرێژنه‌كه‌ی‌ قالاوه‌.

پێنجه‌م: نوكته‌ ئه‌مه‌یه‌ گه‌لۆ موحسین سه‌عدون پارتیه‌ په‌رله‌مانتاره‌، نوێنه‌ری‌ موسڵه‌، ده‌نگی‌ داوه‌، وای‌ له‌من وای‌ له‌من، وای‌ له‌ رێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ و وای‌ له‌ یه‌كێتی‌، ئاخر خێره‌ ئه‌م پیاوه‌ بۆ نوكته‌ ده‌ستی‌ كردوه‌ به‌ مه‌ره‌كه‌به‌كه‌دا وه‌ك ده‌ڵێت خێره‌ له‌وێ‌ بوه‌.

شه‌شه‌م: كردنه‌وه‌و شاردنه‌وه‌ی‌ قردێله‌ سوره‌كان له‌ هه‌ولێر له‌ نوكته‌ نوكته‌ تر نیه‌، ئه‌رێ‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌ كۆمیسیۆن ئاگای‌ له‌مه‌ نیه‌، ئه‌رێ‌ قردێله‌ سوره‌كان چیان لێهات.

حه‌وته‌م: دزین و شاردنه‌وه‌ی‌ سندوق، ئاخر ئه‌مه‌ پیسی‌ نه‌بێت چی‌ پیسیه‌.

هه‌شته‌م: دروستكردنی‌ ناسنامه‌و شتی‌ تر من پێش هه‌ڵبژاردن ئاگاداری‌ ئه‌مه‌ بوم و نوسیم ئاخر كۆمیسیۆن كه‌ڕه‌ی‌ شه‌ربه‌ته‌ یان وه‌ك خۆیان پێیان خۆشه‌ سه‌ربه‌خۆو باڵان.

نۆیه‌م: ئه‌وه‌ بۆچی‌ تا ئه‌مڕۆش هێشتا ئێمه‌ نازانین نرخی‌ یان ژماره‌ی‌ یه‌ك كورسی‌ چه‌نده‌.

ده‌یه‌م: وا پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان له‌به‌ هه‌ستانی‌ كێرڤی‌ كوردایه‌تی‌ ده‌نگیان دا ئه‌ی‌ زێره‌ ڤانی‌ و پێشمه‌رگه‌ بۆ ده‌نگیان به‌ لیستی‌ دیاری‌ كراوی‌ توركمانی‌ و كلدۆ ئاشوری‌ دا.

یازده‌یه‌م: ئه‌رێ‌ خێره‌ ته‌نانه‌ت حیزبه‌كانی‌ نێو ماڵی‌ ده‌سه‌ڵاتیش له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ناڕازی‌ و به‌ گومانن.

دوازده‌یه‌م: ئاخر بۆ ده‌بێ‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمیسیۆن ئیلا سه‌ر به‌ حزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات بن.

ئه‌م ده‌رزه‌نه‌ نمونه‌یه‌ به‌س نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ پیس بزانین، له‌وه‌ زیاتر چی‌، دۆستان تكایه‌ قه‌ڵس مه‌بن له‌وه‌ی‌ ده‌وترێ‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پیسه‌، جا خۆ ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاش ده‌زانن پیسه‌، بەڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ بۆنی‌ نه‌وت له‌ بۆنی‌ خۆشترین بۆنی‌ فه‌ڕه‌نسی‌ خۆشتره‌، ده‌نگ ناكه‌ن، تكایه‌ دۆستان ئه‌وه‌تان پێناخۆش نه‌بێت، ئێ‌ خۆ ئێوه‌ براوه‌ن، به‌ قه‌ولی‌ كۆمیسیۆن.
Sbeiy.com © 2007