Print
 
 کۆمەڵگای کوردستان دواکاری چ حکومەتێکە؟
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Sunday, November 3, 2013
دوای راگەیاندنی هەمو هەڵبژاردنێک لە سیستەمی رایجی دیموکراسی لایەنی براوەی هەڵبژاردن را دەسپێیرێ بۆ پێکهێنانی کابینەو حکومەتی جیاجیا. لە گشتدا هەمو کۆمەڵگایەک لەهەر دەورانێ داوای حکومەتێکی مناسب دەکات بۆ ئەو دەورانەی کە کۆمەڵگای ئەو وڵاتە تێیدا دەژیت.

لێرەدا چڕ لەسەر چەند پێداویستیەکی کۆمەڵگا دەکەینەوە، ئەم تێمایانە (دەستەواژانە) بنەمای هەمویان زۆربەی گرفتەکانی کۆمەڵگا دەگرنە ئەستۆ.

بۆئەوەی بە وەزعی داواکراو یان داهاتو بگەین ئەوا پێویستە لە وەزعی مەوجود بگەین، دواتریش بۆ هەر ئاڵوگۆڕێ لە وەزعی مەوجود پێویستمان بە ئامراز و پێداویستی هەیە. لەم دەورانەی ئەمڕۆی کوردستان لە وەزعی مەجوددا لە زۆر نوسینی تردا ئاماژەمان پێکردوە ئەم تێمایانە یان گرفتانە هەن؛

*یەکلانەبونەوەی وەزعی سیاسی کوردستان لە گشتدا، گەلی کورد لە باشوردا لە حکومەتێکی بەناو فیدرالیە و لە سەدا ٤٠ی ناوچەکانی لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم دان. کوردستان چوار دەسەڵاتی حکومڕانی دەکات، حکومەتی عێراقی، زۆنی سەوز، زۆنی زەرد، هێزەکانی پاراستنی گەل (ناوچەکانی شارەوانی بناری قەندیل). ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان لە تۆپ (ئاسمانی و هەوایی) لە ژێر رەحمەتی داگیرکەرانە دایە. ئەم تیمایە تایبەتە بە وەزعی خەڵکی کوردستان و مەسەلەیەکی چارەنوسسازی گەلە و یەکلاکەرەوەی گشت گرفتە مێژوی و نەتەوەییەکانە.

*مەسەلەی ئابوری (سیستەمی ئابوری، سیستەم و سیاسەتی فینانشێل، بەرهەمی نەتەوەیی، یەدەگی دراو وماددی وڵات، سیاسەتی نەوت و سامانە نەتەوەییەکان، سیاسەتی ستراتیژی ئاوەدانکردنەوە و پەرەدان بە هەمو ڕشتە ئابوریەکان. مەسەلەی کار و ئەمنیەتی کار و گیانی کرێکاران و ڕێکخراوە کرێکاریەکان و ئازادی مانگرتن و راپەڕین بۆ چاککردنی ژیان و گوزەرانی گەلی کرێکار). ئەم تێمایە ئەمڕۆ گرنگرترین تێمایە لە ژیانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و خەڵکی کوردستاندا.

*گرفتی گەندەڵی (بە هۆشیاری یان بە نا هۆشیاری) بەڕێوەبردن لە دامودەزگاکانی بەڕیوەبردنی دەوڵەتدا. ئەم تێمایە پەیوەندیەکی زۆری بە تێماکانی ئابوری و سیاسی لە کۆمەڵگادا هەیە لەگەڵ سیستەمی سیاسی و قەزایی و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا.

*مەسەلەی فیدراڵی لە عێراق و گرفتەکانی تایبەت بە کۆمەڵگای کوردستان بەنمونە مەسەلەی ماددەی ١٤٠ و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، مەسەلەکانی سامانی سروشتی نەوت وگاز و سەرچاوە ئاوییەکان، مەسەلەی هێزی پێشمەرگە وهەمو پێداویستە بەرگریەکان.

*پاراستنی ئارام و ئاسایش لە هەمو وڵاتدا، گەشەدان بە ئازادیە تاکەکان و مافی مانگرتن و راپەڕین و ئازادی بەیان و عەقیدە لە کۆمەڵگادا، دەوڵەت و دامودەزگاکانی بەدوای چارەسەری تەواوی کۆمەڵگا بن و یاسا سەروەر بێ لە چارەسەری مەسەلەکان. سیاسەتی دروست دژی تیرۆر و کاری تیرۆریستی بۆ دڵنیایی کۆمەڵگا و گەشەدان بە ئازادی هەمو ناوچەکانی کوردستان. دروستکردنی پشتێنی گەلی دژی تیرۆریزم. هەروەها بە جیهانی کردنەوەی ئەم ئارامیە بۆ ئەوەی سەرمایە گوزاریە جیهانیەکان ڕو لەم ناوچانە بکەن و هەلی کار بۆ هاوڵاتیانی کوردستان گەشە پێبدەن.

*پاراستنی پەیوەندیە نەتەوەییەکان لەگەڵ ئەقلیم و دەوڵەتە جیهانیەکان، بونی دیپلۆماسیەتێکی دروستی نەتەوەیی لە جیاتی حیزبی و رێکخراوەیی. ئەم تیمایە یارمەتی خەڵکی کوردستان دەدات وەکو نەتەوەیەک کار بکات نەک وەکو حیزب و لایەنێکی سیاسی.

*گرفتە ژینگەییەکان کە خۆی لە چۆنایەتیەکانی ئاوهەوا و کەش و مەسەلەکانی ئیکۆلۆجی و سیستەمەکانی دەگرێتەوە. ئەمەش قوڵاییەکی زۆری هەیە و پەیوەندی بە هەمو مەسەلەکان هەیە. گرنگترینیان گەشەدان بەتەندروستی هاوڵاتیانە و لەم مەیدانەشدا تەمەنی کار و ژیانی مرۆڤەکان درێژدەکاتەوەو گەشەبە ئاسایشی نەتەوەیی دەدات.

بۆ ئەمڕۆی زۆرینەی خەڵکی کوردستان تەنها تێمای ئابوری باڵی بەسەر هەمو کۆمەڵگا گرتوە. یانی مەسەلەی کار و ئیمکاناتی ماددی و خۆشگوزەرانی بوەتە مەسەلەی سەرەکی لەگەڵ گرفتی گەندەڵی بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی دەسەڵات بە خراپ دژی هاولاتیان و نەبونی حکومەتێکی یاسایی.

ئەگەر لەمەوە سەرچاوە بگرین خەڵکی پێویستیان بە حکومەتێکی ئابوری هەیە. حکومەتێ وەڵامی هەمو گرفتە ئابوریەکان بداتەوە. لەم نێوەدا بەڵێنەکانی پیش هەڵبژاردنی هەمو حیزب و بزوتنەوەکان ئەگەر سەرمایەی هەمو جیهانی بۆ تەرخان بکەیت بە ئەنجام نایەت! بەڵام حکومەتێکی ئابوری دەتوانێ زۆر ژانی گەل سوک بکات و نەوەکان بە ئارامی ئابوری و خۆشگوزەران بژین، بەڵام ئایا ئامرازی پێویست بۆ ئەمە هەیە؟

بەڵام ئەگەر لە روانگەی ستراتیژی کۆمەڵگای کوردستان بڕوانی ئەوا حکومەتێکی سیاسی (یانی کارکردن بۆ یەکلاکردنەوەی مەسەلە سیاسیەکان و چارەنوسسازەکانی نەتەوە) پێداویستیەکی ژیانە و هەمو مەسەلەکانی تر بەدوای خۆی چارەسەر دەکات، بەڵام ئەم حکومەتە دەبێ سەرکردایەتیەکی نەتەوەیی دلسۆز و بەهیزی هەبێ و خەڵکی بە حکومەتی خۆیان بزانن و بتوانن لە هەمو کێشە و ناخۆشی و خۆشیەکاندا بەشدار ببن و توانای هەمو بەرگریەکیان هەبێ لەگشت مەیدانێدا، ئەمڕۆ ئەم ئامرازە نەتەوەییە لە کوردستان وجودی نیە و هەموی لە ئاستی ناوچەیی و حیزبی دان.

لێرەدا ئەم مەسەلەیە بە ئاوەڵایی دەهێڵینەوە، بەڵام بەڕای ئێمە حکومەتێکی ئابوری بۆ ئەم چوارساڵەی داهاتو باشترین حکومەت دەبێ بۆ خەڵکی کوردستان ئەگەر هەمو تواناکان لەم مەیدانەدا چڕ بکرێتەوە، بەڵام ئەم حکومەتە دەبێ لەژێر چاودێریەکی گرنگی گەل بێ و توانای چارەسەری مەسەلەکانی گەندەڵی ئیداری و بەرزکردنەوەی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەبێ و ئاستەکانی ژیانی تەواوی کۆمەڵانی خەڵک بەرزبکاتەوە و هاوسەنگی کۆمەڵایەتی دروست بکات و وڵات لە سیستەمی بەرخۆری بۆ وڵاتێکی بەرهەمهێن پەرەپێبدات.
Sbeiy.com © 2007