|
پۆستی پارێزگاری سلێمانی و پرسی هه‌ڵبژاردن |
نوسه‌ر: له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
|
Thursday, November 14, 2013 |
یاسای بون و نا یاسای بون په‌یوه‌ندی به پارێزگاری ئێستای شاری سلێمانیه‌وه نیه، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت خواستی هه‌ڵبژاردن گرێ بده‌ن به‌و بابه‌ته‌وه، ئهلف و بێی دیموكراسیه‌ت هه‌ڵبژاردنه، یان ده‌بێت بڕوامان به‌وه نه‌بێت یان ده‌بێت مل به هه‌ڵبژاردن بده‌ین، گۆڕان و لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و هه‌ركه‌سێكی دیكه داوای خواستێكی رهوادهكهن، سه‌باره‌ت هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، له‌راستیدا له روی دیموكراسیه‌وه نه‌نگی و كێماسیهكی گه‌وره‌یه، وا زیاتر له هه‌شت نۆ ساڵه ئه‌م پرسه بێهۆ دوا ده‌خرێت، پۆستی پارێزگاری سلێمانی یان هه‌ولێر و دهۆك، ئه‌گه‌ر به هه‌ڵبژاردن نه‌بێت و به بڕیاری حیزبی بێت له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌ت و مافی خه‌ڵكدا نایه‌ته‌وه، له ساڵانی 2005، 2009، 2013، له كوردستان هیچ گرفت و قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی سروشتی یان مرۆیی روینه‌داوه، تا به‌م جۆره هه‌ڵبژاردن دوا بخرێت و ببینه مه‌خسه‌ره‌ی عێراقێك كه له‌ناو ئاگر و ئاسندا هه‌ڵبژاردن ده‌كات.
دواخستنی هه‌ڵبژاردن و پشتگوێخستنی خواستی خه‌ڵك زه‌ره‌ر له كۆی پرۆسه‌كه و ناوناوبانگی كورد ده‌دات، له‌مه‌دا هه‌ریه‌ك له:
1-سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم
2- پارله‌مانی كوردستان
3- سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
به‌رپرسیارن، ئه‌و سێ ناوه‌نده بمانه‌وێ یان نا ئێستا له ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م به‌شه‌ی باشوری كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌وان ده‌بێت ههرداوا نا بگره كات و وادهبخهنه به‌رده‌م كۆمیسیۆن و ناچاری بكه‌ن به‌كاره‌كه هه‌ستێت، كۆمیسیۆن له‌سه‌رو ئه‌وانه‌وه نیه، تا بڕیار و واده‌كانیان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، هه‌رچه‌ند خودی كۆمیسیۆنیش بۆخۆی له ژێر پرسیاری گه‌وره‌دایه.
دواخستنی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان یان هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی تر به‌رله‌وه‌ی زه‌ره‌ری بۆ هه‌ر لایه‌ك هه‌بێت، زه‌ره‌ری بۆ یه‌كێتی و پارتی هه‌یه، كه ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتدارن له هه‌رێمی كوردستان، زه‌ره‌ری هه‌یه. چونكه خه‌ڵك سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌كه‌یان ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه و گومانه‌كانی ترس له هه‌ڵبژاردن ده‌بنه راستی، باشه گریمان هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه بوه‌وه، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و پارتی ئۆپۆزسیۆن بان و گۆڕان و ئیسلامیه‌كان له ده‌سه‌ڵات بان ئێستا هه‌ڵوێستی ئه‌وانه چ ده‌بو كه ئه‌مڕۆ پرسه‌كه وه‌ك پرسێكی شه‌خسی وێنا ده‌كه‌ن.
ئه‌مه پرسێكی شه‌خسی نیه ئه‌مه په‌یوه‌ندی به پرۆسه‌ی دیموكراتیه‌وه هه‌یه، پێویسته له‌و باره‌یه‌وه هه‌ركه‌س داوای هه‌ڵبژاردن بكات به پرسی شه‌خسی و دژایه‌تی ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن و ئه‌وانه لێكنه‌درێته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن عه‌یبێكی گه‌وره‌یه ئه‌وه وا لێكبدرێته‌وه كه ئه‌مه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سلێمانیه، ئاخر گه‌لۆ تائێستا هه‌رێمی كوردستان به ته‌واوه‌تی یهكیگرتوهتهوه تا باسی ئه‌وه بكه‌ین نیازی جیاكردنه‌وه هه‌یه، ئه‌رێ هه‌ر خۆتان نین ئه‌ڵێن له دێگه‌ڵه به‌و دیودا زۆنی پارتیه و به‌م دیودا زۆنی یه‌كێتی، ئه‌ی ئێوه نه‌تانوت هیچ لایه‌كیان به حكومه‌تیشه‌وه ده‌سه‌ڵاتی دانانی مدیر ناحێیهكیان نیه لای ئه‌وی تر، خێره ئێستا ده‌ڵێن نیه‌تی جیاكردنه‌وه هه‌یه، دواتر داوای هه‌ڵبژاردن چ په‌یوه‌ندیه‌كی به جیاكردنهوهوه هه‌یه، دوا قسه‌شم ده‌یڵێمه‌وه براده‌ران پێویسته كورد له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ئیدی فێری سیاسه‌تی یه‌كتر قه‌بوڵكردن و پێكه‌وه هه‌ڵكردن بێت، واز له چاو سور كردنه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه بێنێت. |
|
|