|
گۆڕان و کۆتایی قۆناغێك...؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Saturday, November 23, 2013 |
بیرمه‌ندی سیاسی ئه‌مەریکی Francis Fukuyama له کتێبه ناوداره‌که‌ی به‌ناوی: The End of History and the Last Man (کۆتای مێژو و دوایین پیاو) له ساڵی 1992 بڵاوی کردۆته‌وه ده‌ڵێت: ئه‌م سه‌رده‌مه هێشتا زۆر زوه بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان وایه که مێژو گه‌شتێکه بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجێک.
مێژویه‌ک
حوکمڕانی خۆماڵی، دوای 30 ساڵی ره‌به‌ق (1961-1991) له شۆڕش و قوربانی و شکست و ماڵوێرانی و ئه‌نفال و کیمیاباران و دواکه‌وتنی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی، له یه‌که‌م رۆژی راپه‌ڕینه‌وه روبه‌ڕوی ئه‌رکێکی زۆر قورس و ئاڵۆز بوه‌وه، ئه‌ویش گواستنه‌وه له‌و پاشکه‌وته مێژوییه‌وه و له سایه‌ی شه‌ڕ و رقوکینه‌ی سیاسی ناوخۆ و گه‌مارۆی ئابوری و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دواکه‌تو و زه‌بری ئایینه‌وه بۆ سه‌رده‌می بنیاتنانه‌وه و دیموکراسی و گه‌شه‌ی ئابوری و کردنه‌وه به‌روی دنیادا. ئه‌م گواستنه‌وه‌یه زۆر هه‌ڵکشان و داشکان و کاره‌ساتی ناوخۆی گه‌وره‌ی بینیوه.
له کۆی گشتیدا و له ئاکامی پیاده‌کردنی ره‌وشی ئازادی و هه‌ڵبژاردن و حوکمڕانی خۆماڵی و گه‌شه‌ی ئابوری، تایبه‌ت دوای نه‌مانی شه‌ڕی ناوخۆ و یه‌کگرتنه‌وه‌ی به‌شێکی دو ئیداره، و وێڕای هه‌ڵه‌ی گه‌وره و که‌موکوڕی به‌رچاو و گه‌نده‌ڵی و پێشیلکردنی ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤ، دۆخێک هاتۆته ئاراوه که پێده‌چێت ببێته قۆناغی وه‌رچه‌رخاندن و گواستنه‌وه بۆ قۆناغێکی نوێ، بۆیه پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد و واقیعبینانه و دور له پێداگری عه‌قیده و دور له سوڕاندنه‌وه و ته‌نها گیرسانه‌وه له بازنه‌کانی مێژودا هه‌یه.
راسته پشکی شێری به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و دۆخه له ئه‌ستۆی گارده دێرینه‌کاندایه، به‌ڵام پێویسته نه‌وه‌کانی نوێ ده‌رک به‌وه بکه‌ن که شه‌ڕه‌که ته‌نها بۆ ئازادی و یه‌کسانی و پێڕه‌وکردنی یاسا و دادپه‌روه‌ری نیه، به‌ڵکو پێویستیه‌کی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه به چه‌ند یاسا و رێسای کۆن بۆ گه‌شه‌پێدانێکی سروشتی به‌و چه‌مکانه له گه‌ڵ پاراستنی ره‌سه‌نی و به‌ها ره‌هاکانی کورده‌واری و کوردایه‌تی. ناشێت له یادی بکه‌ین که ئه‌و سیسته‌مه‌ی خوازیارین حوکممان بکات ده‌بێت هاوکێشه‌ی چه‌مکه‌کانی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری هاوسه‌نگ رابگرێت و هه‌روه‌ها هاوسه‌نگی نێوان ئازادی که‌سایه‌تی و ئه‌رکه‌کانی به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵگاش رێک بخات و رابگرێت.
خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌م دۆخه
ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 21 ئه‌یلول دۆخی سیاسیان به‌شێوازێک هه‌ژاندوه و گۆڕیوه، که ده‌کرێت خه‌سڵه‌ته به‌رچاو و گرنگه‌کانی دۆخه‌که له چه‌ند خاڵێکدا کۆبکه‌ینه‌وه:
یه‌که‌م: رێکه‌وتنی ستراتیژی که بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێک و سێ کابینه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم و خول و نیوێکی په‌رله‌مانی کوردستان هێڵه سه‌ره‌کیه‌کانی ژیانی سیاسی و حوکمڕانی له باشور دیاری کردبو، له گه‌ڵ نه‌خۆشکه‌وتنی به‌ڕێز مام جەلال رێکه‌وتنه‌که په‌رته‌وازه بو و لێکدانه‌وه‌ی جۆراوجۆری بۆ ده‌کرا، وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند سودێکی به ئه‌زمونی باشور گه‌یاندوه، وه‌لێ ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن جهختبونهوه بو له بێئومێدی درێژه‌دانی زۆره‌ملێ به رێکه‌وتنه‌که، چونکه له پله‌ی یه‌که‌مدا لاسه‌نگی نێوان دو لایه‌نی رێکه‌وتنه‌که له یه‌ک کورسیه‌وه بو به 20 کورسی، له دنیای سیاسه‌تدا دور له عاتیفه ئه‌مه زۆر مانا له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها پێش هه‌ڵبژاردنه‌کانیش له ئه‌رزی واقیعدا شاده‌ماره‌کانی رێکه‌وتنه‌که له وشکبونهوهدا بون.
دوه‌م: تا ئه‌و ساته‌ی مام جەلال حزورێکی به‌هێزی هه‌بو ره‌وشی سیاسی و حوکمڕانی له سایه‌ی دو جه‌مسه‌ری به‌هێزدا گوزه‌ری ده‌کرد، له گه‌ڵ دروستبونی گۆڕان و به‌هێزبونی ئیسلامیه‌کان جه‌مسه‌ری ئۆپۆزسیۆن هاته کایه‌وه، ئه‌م سێیه‌م جه‌مسه‌ره به‌هۆی جیاوازی بنه‌ڕه‌تی له پێکهاته فیکری و سیاسیه‌کانیدا سه‌رکه‌وتو نه‌بو له پێکانی ئامانجی سه‌ره‌کی، ئه‌ویش به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی کورسیه‌کانی په‌رله‌مان، له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له ساتی رێکه‌وتنی ده‌باشانه‌وه لاسه‌نگیه‌کی به‌رچاو له نێوان به‌ره‌ی عه‌لمانی و ئیسلامی دروستبو و رێکه‌وتنی ستراتیژیشی خسته به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک پرسیاری جدیه‌وه. تێکچونی دۆخه جێگیره‌که‌ی حوکمڕانی و لاسه‌نگی هێزه‌کان و ئه‌دای لاوازی حکومه‌ت و غیابی مام جەلال ئه‌و فاکته‌رانه بون که جه‌مسه‌ری تازه‌یان له باشور خهڵقاند. دوای دوا هه‌ڵبژاردنه‌کان گۆڕان و خودی به‌ڕێز کاک نه‌وشیروان بۆته جه‌مسه‌رێکی به‌هێزی کوردستان، شیاوه بوترێت هه‌نوکه دو جه‌مسه‌ری تۆکمه‌ی خاوه‌ن بڕیار بونیان هه‌یه.
سێیه‌م: یه‌کێتی به‌به‌رده‌وامبونی له‌و شێوازه‌ی ئێستا بۆ هه‌ڵساندنه‌وه‌ی پیاده‌ی ده‌کات، جگه له هه‌زمکردنی به‌شێکی شکسته‌که، شتێکی ئه‌وتۆ به‌ده‌ست ناهێنێت، راسته برینپێجی برینه‌کانی ده‌کات، به‌ڵام ساڕێژیان ناکات، چونکه یه‌کێتی نایه‌وێت واقیعبینانه ده‌رک به‌وه بکات که ئه‌و ئه‌و جه‌مسه‌ره به‌هێزه‌ی جاران نه‌ماوه، پارتیش (له‌به‌ر هه‌ر هۆکاریك بێت و له هه‌ر روانگایهکهوه بێت) ئیدیعا ده‌کات مامه‌ڵه‌ی یه‌کێتی به‌ژماره‌ی کورسی ناکات. ده‌شێت لێکدانه‌وه بۆ ئه‌م
"دڵنیاکردن و وه‌فاداری"هی پارتی دو لایه‌نه بێت، له‌لایه‌که‌وه به‌ستنه‌وه‌ی یه‌کێتی به‌گرێبه‌ستی حکومه‌ته‌وه هێورتری ده‌کاته‌وه و رێگه لێی بۆ کێشه دروستکردن به‌رته‌سکتر ده‌کاته‌وه، لایه‌نه‌کی تریشی له‌وانه‌یه برینه‌کانی یه‌کێتی زیاتر بوروژێنن، چونکه سه‌رجه‌م ئه‌زمونه‌کان ده‌یسه‌لمێنن له‌و رۆژه‌وه‌ی یه‌کێتی به‌شداری له حوکمڕانیدا کردوه و به‌م پێکهاته و دهسهڵاترۆشتوانهی ئێستایه‌وه رو له لاوازبون و داکشان ده‌کات، ته‌نانه‌ت له حزوری مام جەلالیشدا هه‌ر وابوه و هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2009 باشترین سهلمـێنهری ئه‌و راستیه‌ن. وێرای ئه‌وه‌ی له ئێستادا ئاراسته‌یه‌کی به‌رپرس و واقیعی له نێو ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به کابینه‌ی ئاینده و چاره‌کردنی کێشه‌کانی سلێمانی و گه‌رمیان به‌دیده‌کرێت، به‌ڵام له هه‌مانکاتیشدا پێداگرتنی ئاراسته‌یه‌کی تری ناو یه‌کێتی له‌سه‌ر حوکمڕانی به‌و شێوازه‌ی له پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان پێڕه‌وی ده‌که‌ن ئاماژه‌یه به‌وه‌ی ئه‌م هێزه له مه‌ودایه‌کی نزیکدا دوچاری قه‌یرانی زۆر گه‌وره ده‌بێته‌وه و کوردستانیش ده‌که‌وێته به‌رده‌م مه‌ترسیه‌کانی ئه‌و قه‌یرانه‌وه.
چواره‌م: پێگه‌ی به‌هێزی پارتی واقیعێکه پێویستی به‌هه‌ڵسه‌نگاندن و مامه‌ڵه‌کردنێکی ورده. بێگومان گۆڕان تێبینی زۆر و هه‌ڵوێستی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی چه‌ند هه‌ڵوێستێکی پارتی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مانه به‌دابڕان و لێک تێنه‌گه‌یشتن قوڵتر ده‌بنه‌وه و کێشه‌کانیش زیاد ده‌که‌ن و گروپ و که‌سانی تر بۆ خۆیانی ده‌قۆزنه‌وه، ئه‌رک و کارێکی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی دروسته له پانتاییه‌کی جوگرافی بچوکدا دو هێزی سه‌ره‌کی به‌رده‌وام له لێدوان و دیالۆگ و هه‌ماهه‌نگیدا بن، به‌شێوازێکی کراوه و شه‌فاف و به‌ئاگاداری په‌رله‌مانی هه‌رێم و لایه‌نه‌کانی تر.
پێموایه له ئێستادا هۆکاری سه‌ره‌کی جه‌ختکردنه‌وه‌ی پارتی له رێکه‌وتنه به‌ناو زیندوه‌که‌ی له گه‌ڵ یه‌کێتیدا متمانه‌کردن نیه به ئارامی و جێگیری یه‌کێتی و یه‌ک بڕیاری و یه‌ک مه‌رجه‌عیه‌ت به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی که‌می متمانه‌یه له‌نێوان پارتی و گۆڕاندا. بۆیه ده‌بێت بنیاتنانی متمانه‌ی دولایه‌نه به‌کردار بێت و ئاکامی پرۆسه‌یه‌کی سیاسی و حوکمڕانی بێت که له میلله‌ته‌وه سه‌رچاوه بکات و بۆ گه‌شه‌پێدانی نمونه‌ی حوکمڕانی خۆماڵی بێت.
پێنجه‌م: هێزه ئیسلامیه‌کان تا ئه‌م ساته‌ش به‌گشتی سیاسه‌تێکی نه‌رم و واقیعبینانه پێڕه‌و ده‌که‌ن، زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری هه‌ر سێ لایه‌نه‌که‌ی ئۆپۆزسیۆن چاوه‌ڕوانن له کاتی به‌شداربونیان له حکومه‌تی ئاینده‌دا جه‌خت له پاکهجهکانی چاکسازی بکه‌نه‌وه و کار بۆ جێبه‌جێکردنیان بکه‌ن.
شه‌شه‌م: یه‌کێک له خاڵه گرنگه‌کانی ئه‌م قۆناغه ئه‌رکی پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته له‌لایه‌ن به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانیه‌وه. هه‌مو ده‌زانین به‌ڕێزی پابه‌نده به هێڵه گشتیه‌کانی سیاسه‌تی حیزبه‌که‌ی و وه‌ک ئه‌ندامێکی ئه‌و حیزبه ئه‌رکیه‌تی وا بکات، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندی نێچیرڤان بارزانی له‌وه‌دایه به ئه‌قڵیه‌تێکی سه‌رده‌مانه و کراوه و تۆلهرانسیهکی هێمنانه و راستگۆیانه مامه‌ڵه له گه‌ڵ لایه‌نه‌کان ده‌کات و راسته‌وخۆ په‌یامه‌کانی ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌رکه‌کانی جێبه‌جێ ده‌کات. وێڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌زمونه له حوکمڕانیدا، به‌ڵام ئه‌و خاڵه‌ی مایه‌ی تێڕامان و تێبینیه کارکردنی جدیه بۆ ئه‌لته‌رنه‌تیڤێکی به‌رده‌ست له‌کاتی پێویستدا بۆ تورکیا له بواری سه‌رچاوه‌کانی وزه له کوردستان.
گۆڕان و چاوه‌ڕوانیه‌کانی ئێستا
گۆڕان له سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه و بێئه‌وه‌ی ئامانجه سه‌ره‌کیه‌کانی به‌لاوه بدات وه‌ک مۆدێلێکی سیاسی چه‌قبه‌ستو و نه‌گۆڕ کاری نه‌کردوه، به‌ڵکو ئامراز و شێوازیكی سیاسی و په‌رله‌مانی و جه‌ماوه‌ری تایبه‌ت بوه بۆ ئاڕاسته‌کردنی سیاسه‌ت و حوکمڕانی و گۆڕانکاریه‌کان له خزمه‌تی ئامانجه‌کانیدا.
له ئاکامی گرێدانه‌وه‌ی رۆلی ئۆپۆزسیۆنبون به‌پێگه‌یه‌کی سیاسی به‌هێز له بزافی کوردایه‌تیدا گۆڕان بۆته ئه‌و هێزه گه‌وره‌یه‌ی، که به‌رپرسیاریه‌تی به‌رامبه‌ر میلله‌ت و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی هاوته‌ریب گه‌وره بوه. بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌کرێت گۆڕان چالاکانه به‌شداری بکات له ئاراسته‌کردنی سیاسه‌ت و حوکمڕانی به‌ره‌و ئامانجه‌کانی.
له‌م قۆناغه نوێیه‌دا ده‌بێت گۆڕان بژارده‌یه‌کی سیاسی و به‌رنامه‌سازی بۆ خۆی دیاری بکات و ئه‌وه بکاته رێپیشانده‌ری ئه‌رکه‌کانی قۆناغه نوێکه، زۆر دروست و گونجاوه گۆڕان پێداچونه‌وه‌یه‌ک به‌په‌یوه‌ندیه سیاسیه‌کانی و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی بۆ دۆخی کوردستان بکات، ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه وازهێنان نیه له پره‌نسیپ و ئامانجه‌کانی، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی داڕشتنه‌وه‌یه‌کی گونجاوه له گه‌ڵ واقیعیکدا که زاده‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی کورد و کوردایه‌تیه، ئه‌رکی گۆڕانه مامه‌ڵه‌یه‌کی به‌رپرسانه له گه‌ڵ ئه‌و واقیعه نوێیه‌دا بکات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته شێوازی دروست دور له خۆدابڕان و گۆشه‌گیری له سه‌کۆیه‌کی دیاریکراودا بدۆزێته‌وه.
باوه‌ری زۆر به‌هێزم هه‌یه که خۆراگری گۆڕانخوازان و هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان تا ئاستی ده‌روێشی له چوار ساڵی رابوردودا زه‌مینه‌ی هه‌ره به‌هێزی مانه‌وه و به‌هێزبونی گۆڕانه، ئێستا دۆخێکی له‌بار دروستبوه که ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌کی تر کاره‌کانمان بکه‌ین.
من بۆ خۆم رێزم هه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی له‌و باوه‌ڕه‌دان به‌رێگه‌ی پێداگری له فکرێکی تایبه‌ت و خه‌باتکردن له‌و سنوره‌دا ده‌توانن ئه‌مری واقیع بگۆڕن، به‌ڵام کۆک نیم له گه‌ڵیان، هه‌روه‌ها ده‌رکیش ده‌که‌م که که‌سان و گروپ هه‌ن، بێگومان له‌ناو گۆڕانیشدا، ئه‌م پێداچونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنه ده‌خه‌نه چوارچێوه‌ی نائارامی فکری و سیاسیه‌وه.
دروسته بۆ وه‌ڵامدانه‌وه بڵێین له یه‌که‌م ساته‌کانی خهڵقاندنی ئاده‌م و حه‌واوه مێژو هێڵێکی راستی کورتی نێوان دو خاڵ نه‌بوه، هه‌مو ئه‌زمونه‌کانی عه‌قیده‌ی نه‌گۆڕ و فکرێکی دیاریکراو، وێڕای خزمه‌تی زۆریان به مرۆڤایه‌تی و که‌له‌پوره سیاسی و فکریه‌کان، له‌دوا ئاکامدا بۆ مانه‌وه‌یان و خودی نوێبونه‌وه‌یان ناچاری چه‌مکه‌کانی کرانه‌وه و تێکه‌ڵبون و هاوبه‌شی بون.
|
|
|