Print
 
 خورماتو سه‌عدیه‌ی‌ بێخاوه‌ن
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Monday, November 25, 2013

قسه‌ هه‌رزان ترین شته‌، پاراستنی‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان به‌ قسه ‌و به‌یاننامه ‌و چونه‌ سه‌ر شاشه‌ی‌ ته‌له‌فیزیۆن نابێت، چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و ناوچانه‌ پێویستیان به‌ هه‌نگاوی‌ كرده‌ییه‌، ده‌ستبه‌ردان له‌و ناوچانه ‌و پشتتێكردنیان له‌لایه‌ن هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ و سه‌رقاڵ بون به‌ كۆمپانیاكانی‌ نه‌وته‌وه‌، وایكردوه‌ كه‌ ئیتر خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچانه‌ بڕوایان به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌مێنێ‌، له‌ كاتێكا له‌ ساڵی‌ 2003وه‌ تائێستا زیاتر له‌ هه‌شت جار له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ ئه‌و ناوچانه ‌و دانیشتوانی‌ سڤیلی‌ ئه‌و ناوچانه‌وه‌ داوای‌ ئه‌وه‌ كراوه،‌ كه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بیانپارێزێ.

خورماتو سه‌عدیه ‌و جه‌له‌ولا و شوێنه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان كه‌ ئێستا به‌ ناوچه‌ی‌ دابڕاو یان دابڕێنراو ناوده‌برێن، رۆژانه‌ روبه‌ڕوی‌ كوشتن و بڕین و رفاندن ده‌بنه‌وه‌ و له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ یان چه‌ند به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌رده‌كرێن یاخود هه‌ر بێده‌نگی‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌م ناوچانه‌ ئێستا له‌ بێخاوه‌نیه‌كی‌ گه‌وره‌دا ده‌ژین و كه‌سیش نیه‌ به‌ راستی‌ بیریان لێبكاته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ چی‌ تر ئه‌م خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌و بێخاوه‌نیه‌ گه‌وره‌یه‌دا نه‌بن من پێشنیاز ده‌كه‌م:

یه‌كه‌م: سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردیه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و پارله‌مانی‌ كوردستان و وه‌زاره‌ته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان، كۆنفراسێكی‌ تایبه‌ت به‌و ناوچانه‌ بكه‌ن.

دوه‌م: نوێنه‌رانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ راپۆرت و دۆسیه‌ و توێژینه‌وه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ ناوچه‌كانیان بۆ كۆنفراسه‌كه‌ ئاماده‌بكه‌ن و له‌وێ‌ قسه‌و باسیان له‌سه‌ر بكرێت، له‌به‌ر رۆشنای‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ دۆسیه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت ئاماده‌بكرێت و له‌گه‌ڵ راسپارده‌كاندا ئاراسته‌ی‌ هه‌رێم و به‌غدا بكرێت.

سێیه‌م: پاش ئه‌و ئاماده‌كاریه‌ له‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ كۆنفراس پێكبهێنرێت بۆئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ دانیشتن بكه‌ن و بگه‌نه‌ رێگه‌چارێك بۆ ئه‌و ناوچانه‌.

چواره‌م: ته‌واوی‌ قوربانی‌ و زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی‌ 10 ساڵی‌ رابردو كۆبكرێنه‌وه‌ و بكرێته‌ كتێب و وه‌ربگێڕدرێته‌ سه‌ر زمانه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ و ئینگلیزی‌.

پێنجه‌م: تایبه‌ت به‌ كورده‌كانی‌ حه‌ویجه‌ له‌و كۆنفراسه‌دا ته‌وه‌رێك دابنرێت و نوێنه‌رانی‌ كوردی‌ حه‌ویجه‌ داكۆكی‌ له‌ مافه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن، كه‌ تائێستا زیاتر له‌ هه‌زار خانه‌واده‌ی‌ كورد له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئیرهابدا ئه‌و شارۆچكه‌یه‌یان به‌ جێهێشتوه‌، بێئه‌وه‌ی‌ وه‌ك پێویست ئاوڕیان لێبدرێته‌وه‌.

ئه‌و ناوچانه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ناویان هاتوه‌ به‌شێكی‌ زۆریان باجی‌ ئه‌و ئینتیمایه‌ ئه‌ده‌ن، كه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یانه‌، ئه‌مه‌ هه‌ر كورده‌كان ناگرێته‌وه‌ بگره‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ توركمان و عه‌ره‌به‌كانیش هه‌مان بیروبۆچونیان هه‌یه‌، به‌ڵام سیاسیه‌كان وێنه‌كه‌ ئاوه‌ژو ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی‌ نه‌ك هه‌ر حكومه‌تی‌ عێراقی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه،‌ كه‌ چی‌ تر سه‌باره‌ت ئه‌و ناوچانه‌ ته‌ماشاكه‌رێكی‌ ئێسك گران نه‌بێت و هاوكاریه‌كانیش هه‌ر به‌وه‌ كۆتای‌ نه‌یه‌ت كه‌ له‌دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كان ده‌رگای‌ نه‌خۆشخانه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بخرێنه‌ سه‌ر گازی‌ پشت، من به‌ چیرۆكی‌ هاوڵاتیه‌كی‌ كوردی‌ ئه‌و ناوچانه‌ كۆتای‌ به‌ قسه‌كانم دێنم و هیوادارم به‌ جدی‌ بیر له‌و كۆنفراسه‌ بكرێته‌وه‌، هاوڵاتیه‌كی‌ كورد كه‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003وه‌ دو كوڕی‌ گه‌نجی‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌كاندا تیاچونه‌، ده‌ڵێت ئازادی‌ و خۆخاوه‌نی‌ به‌من چی‌، ئه‌و پێش روخانی‌ به‌عس به‌ زه‌بری‌ پاره‌ نه‌یده‌هێشت ته‌رحیل بكرێت و هه‌ر به‌ پاره‌ش كوڕه‌كانی‌ ده‌پاراست، لێ‌ دوای‌ روخانی‌ به‌عس هیچ هێزێك نه‌یتوانی‌ كوڕه‌كانی‌ بۆ بپارێزێت.
Sbeiy.com © 2007