Print
 
 ئه‌رکی ئه‌مڕۆمان له‌ که‌رکوک
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Tuesday, December 3, 2013

له‌ 10 ده‌ ساڵی رابردودا له‌ ده‌زگاکانی راگه‌یانده‌نه‌کانه‌وه‌ زۆر به‌ڵێن دراوه‌، ئه‌نجامی کۆبونه‌وه‌کان زۆر باشبونه‌، ماده‌ی 140 ته‌واوبوه‌، به‌ کورتی به‌هار هێندراوه‌ته‌ چۆک تا ئه‌و راده‌یه‌ی به‌شی زۆری خه‌ڵکی پێ فریودراوه‌ یان هیچ نه‌بێت بۆ کاتی ده‌نگدان به‌ دروشمی بریقه‌داری نه‌ته‌وه‌یی کاریگه‌ری زۆر کراوه‌ته‌ سه‌ر سۆزی جه‌ماوه‌ر. دوای 10 ساڵ له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی حیزبی کوردی بارودۆخی ئه‌مڕۆی که‌رکوک له‌ بواره‌کانی ئه‌منی، گه‌نده‌ڵی ئیداری، سیاسی، نادیاری چاره‌نوسی دواڕۆژی ئه‌م شاره‌ ....هتد هه‌مو گوتار و لێدوانه‌کانی نێو میدیا و کۆبونه‌وه‌کان به‌ درۆ ده‌خه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ هه‌مو ئه‌و خاوه‌ن گوتار و لێدوانانه‌ و سه‌رجه‌م سیاسیه‌کانی دیکه‌ی که‌رکوک له‌ ئێستا بڕوانن و ئه‌رکی سه‌رشانیان بزانن.

ئێستا به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌چین، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پێکه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌درێن، ئه‌وا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی یه‌که‌م دراوه‌. بۆیه‌ ئه‌رکمان له‌ که‌رکوک برتین له‌:

یه‌که‌م: یه‌ک لستی له‌ هه‌ڵبژاردن
وا بڕیارە له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتو 30/4/2014 به‌ سیسته‌می سانتلیگۆی هه‌موارکراو (المعدل) کورسیه‌کانی په‌رله‌مان دابه‌ش بکرێن. ئه‌م سیسته‌مه‌ زیاتر له‌ قازانجی لیسته‌ گه‌وره‌ و مامناوەندیەکانە‌. بۆیه‌ به‌شداربونی کورد له‌ که‌رکوک به‌یه‌ک لیست زۆر پێویسته‌، به‌لایکه‌مه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌. ره‌نگه‌ هه‌ندێ که‌س پێیان وابێت یه‌ک لیستی له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتی له‌کاتێکدا ئه‌م دو حیزبه‌ هۆکاری سه‌ره‌کی سه‌رجه‌م قه‌یرانه‌کانی که‌رکوکن هۆکارێک بێت بۆ مانه‌وه‌ی که‌رکوک له‌م بارودۆخه‌ی ئێستایی و خه‌ڵکی کوردیش به‌ په‌رۆشه‌وه‌ به‌شداری ده‌نگدان نه‌که‌ن. به‌ڵی ئه‌مه‌ راسته‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌شێوه‌ی داخراو بوایا و ده‌نگ به‌ لیستی حیزبی بدرایا. به‌ڵام ئه‌م جاره‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ نیمچه‌ کراوه‌یه‌ و ده‌نگده‌ر ده‌توانێ ده‌نگ به‌و کاندیده‌ بدات که‌ خۆی پێی باشه. واته‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌نگده‌ر بواری دادگاییکردنی هه‌مو ئه‌وانه‌ی هه‌یه‌ که‌ تائێستا چ وه‌ک تاک و چ وه‌ک حیزب حوکڕانی که‌رکوک بونه‌ و که‌رکوکیان به‌م بارودۆخه‌ گه‌یاندوه‌.


بۆ زیاتر رونکردنه‌وه‌ بڕوانه‌ ئه‌م خشتانه‌ی خواره‌وه‌. ئه‌م خشتانه‌ ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی 7/3/2102 په‌رله‌مانی له‌ خۆ ده‌گردن.


فره ‌لستی کورد:
سانتلیگۆی هەموارکراو ( المعدل)


                               
 
ئه‌نجامه‌کان 6 به‌ 6 وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ 6 عێراقیه‌ و 6 کورد، ٥ کوردستانی و یەک ١ گۆڕان ( کورسی ژمارە ١١ ). له‌م خشته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت، سیسته‌می سانتلیگۆی هەموارکراو له‌ قازانجی لسته‌ گه‌وره‌کان و مام ناوەندیە‌.

 یه‌ک لیستی کورد
 سانتلیگۆی تێکڕا ( المعدل )


کورد ٧ کورسی، عێراقیە ٥ کورسی. کورسیەکانی گۆڕان لەسەر دەنگی کاندیدەکانی بەندە.
له‌م خشتانه‌ی سه‌ره‌وە بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، له‌م جۆره‌ هه‌ڵبژاردنانه‌ کورد پێویسته‌ له‌ که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان به‌ یه‌ک لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکات. جگەلەوەی بارودۆخی کەرکوک وەک ئەوەی چەقی ناکۆکیەکانە بە دوری دەزانم ئەنجامەکانی خانەقین و دوزخورماتو دوبارە ببێتەوە.

ئه‌رکی دوه‌م: هه‌مو به‌یه‌که‌وه،‌ هه‌مو جۆره‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک ره‌تبکه‌ینه‌وه‌. پێداگری بکه‌ین به‌هه‌مان شێوه‌ی شاره‌کانی دیکه‌ی عێراق له‌ که‌رکوک هه‌ڵبژاردن بکرێت.

ئه‌رکی سێهه‌م: به‌توندی ره‌تکردنه‌وه‌ و به‌گژداچونه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی به‌ هه‌رێمبونی سه‌ربه‌خۆی که‌رکوک. چونکه‌ جوداکردنه‌وه‌ و تاککردنه‌وه‌ی که‌رکوک سه‌ره‌تای لێکترازانی که‌رکوکه‌ له‌ کوردستان و له‌ ده‌ستچونیه‌تی. کوردیش له‌و شاره‌ خراپتر له‌ جاران سه‌رگه‌ردان ده‌بێته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ به‌شێکی که‌می‌ کوردی که‌رکوک له‌ ئه‌نجامی خراپی حوکڕانی حیزبی له‌ 10 ساڵی رابردو، وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک پشتیوانی له‌م بیرۆکه‌یه‌ ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی خراپه‌، به‌ڵکه‌ له‌ جیاتی ئه‌و جۆره‌ کاردانه‌وه‌یه‌ باشتر وایه‌ هه‌وڵده‌یه‌ن قه‌ڵه‌مڕه‌وی کورد له‌ که‌رکوک باشتر و جوانتر و بته‌وتر بکه‌ین، ئه‌مه‌ش به‌ ده‌نگی خه‌ڵکی که‌رکوک ده‌کرێت له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتو.

ئه‌رکی چواره‌م: پشتگیری ته‌واوی داوا و پێشنیارەکانی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای دوزخورماتو له‌مه‌ڕ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌زایه‌ بۆ سه‌ر پارێزگای که‌رکوک.

ئه‌رکی پێنچه‌م: پارتی و یه‌کێتی به‌ڵێنی ته‌واو بده‌ن به‌ خۆدورگرتن له‌ ساخته‌کاری و چاوسورکردنه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌ران و دۆست و لایه‌نگرانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتو له‌ کاتی هه‌ڵبژاردندا. واته‌ دوباره‌نه‌کردنه‌وه‌ی ره‌فتاره‌کانی کاتی‌ هه‌ڵبژاردنی 7/3/2010.

ئەرکی شەشەم: فشار خستنەسەر پارتی و یەکێتی بۆ یەکخستنی هێزەکانی ئاسایش لە کەرکوک. ئەم فشارە وەک مەرجێک ببەسترێتەوە بە یەک لستیەوە.

ئه‌م بابه‌ته‌ زیاتر به‌مه‌به‌‌ستی کردنه‌وه‌ی ده‌رگای لێدوان و گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕاکانه‌. بۆیه‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی سه‌رنج و تێبینیه‌کانتانم له‌ بونی هه‌ر هه‌‌ڵه‌ و که‌موکوڕیه‌ک.
Sbeiy.com © 2007