Print
 
 که‌رکوک،‌ شانۆ گه‌وره‌که‌ی حیزب
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Tuesday, December 3, 2013

به‌ر له‌ 2003 به‌درێژایی نزیکه‌ی 40 ساڵ له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ر و شانۆنوسانی حیزبه‌وه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ی که‌رکوک و له‌ شۆڕشی شاخه‌وه‌ ئه‌م شاره‌ یه‌کێک بوه‌ له‌ که‌ره‌سته‌ گرنگه‌کانی به‌رده‌ستی ئه‌و ئه‌کته‌ر و شانۆنوسانه بۆ زیاتر جۆشوخرۆشدان به‌ بڵێسه‌ی شۆڕش‌. له‌و سه‌رده‌مه‌ و له‌ دوره‌وه‌ ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ نه‌ک هه‌ر دڵی خۆشده‌کردین به‌ دواڕۆژێکی گه‌ش بۆ که‌رکوک و نه‌وه‌کانمان، به‌ڵکه‌ بۆ گه‌یشتن به‌و دواڕۆژه‌ غیره‌تی پاڵه‌وانێکی شه‌ڕانگێزی وای ئه‌داینێ له‌ باوکی خۆمان قبوڵ نه‌که‌ین که‌ر پێی خوار دانا.
 
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ 10 ساڵی رابردودا له‌ که‌رکوک ده‌گوزه‌ری هه‌مان ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌یه‌ به‌ر له‌ 2003 ‌ له‌سه‌ر که‌رکوک و که‌رکوکیه‌کان گوێبیستیان ده‌بوین. جگه‌ له‌و جیاوازیه‌ی  ئه‌م سیناریۆیانه‌ی ئێستا ته‌نها ده‌رهێنه‌ر و مۆنتاجه‌که‌ی نه‌بێت هه‌مو له‌ که‌رکوکه‌.‌ پاڵه‌وانی هه‌مو ئه‌م روداوه‌ زۆرو زه‌وه‌ند و  دوباره‌ له‌ یه‌کچوانه‌ له‌ 2003 – 2013 هه‌مان دو پاڵه‌وانه‌ حیزبیه‌که‌ی ساڵانی به‌ر 2003 .

سه‌ره‌تای ئازادی که‌رکوک حیزبێک هێزه‌کانی خۆی هێنا‌یه‌ ناو که‌رکوک، پاڵه‌وانه‌که‌ی دیکه‌ هاواری لێهه‌ڵسا، هاواری گه‌یشته‌ تورکیا و لای دۆسته‌ ئه‌مەریکیه‌کان. پێی وابو ئه‌م حیزبه‌ باڵ به‌سه‌ر که‌رکوکدا ده‌کێشێ و جێی ئه‌وی لێنابێته‌وه‌ و بۆ خۆی قۆرغی ده‌کات.

له‌کاتی پرۆژه‌ی ده‌ستوری عێراق که‌رکوک گه‌وره‌ترین پانتایی شاۆنه‌گه‌ریه‌کانی تێداگرتبو. ماده‌ 58  پاشان له‌ دایکبونی ماده‌ی 140 گه‌و‌ره‌ترین و دیارترین ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌ن له‌سه‌ر شانۆی که‌رکوک ده‌کرێت و ئه‌کته‌ره‌ درۆزنه‌کان خۆیان نمایش ده‌که‌ن.
 

 "ئه‌گه‌ر حکومه‌تی عێراق ماده‌ی 140 جێبه‌جێ نه‌کات، ئه‌وا په‌رله‌مانی کوردستان له‌سه‌ر داوای لستی برایه‌تی به‌ یاسایه‌ک که‌رکوک ده‌خاته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان". له‌ 2008 ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ له‌سه‌ر شانۆی ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک نمایش کرا، له‌ نوسینی په‌رله‌مانتارێکی کورد له‌ به‌غدا.
 
له‌ 28/7/2008  شانۆگه‌ریه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ بو:
ناوێ شانۆگه‌ری: دژی ماده‌ی 23 ....... ماده‌کانی تر
شانۆ ی: شه‌قامی پارێزگا، ته‌نیشت باره‌گای تورکمان ئیلی
ئه‌کته‌ره‌کان: کوردانی ره‌حیم ئاوا، شۆڕجه‌، ئیسکان .....تاد
مونتاژ: کیتله‌ی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک
نوسینی: په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆکه‌کان
ده‌رهێنانی: حیزب
 
له‌ ده‌ستپێکێکی شانۆگه‌ریه‌که‌دا ئه‌کته‌ره‌ خۆماڵیه‌ راسته‌قینه‌کان دوای ده‌رکه‌وتنیان بۆ یه‌ک چرکه‌ بۆ یه‌کجاری ماڵئاواییان له‌ شار و شانۆ کرد.

دوای ئه‌م ماڵئاواییه‌، ده‌رهێنه‌ر و نوسه‌ر دوای ناوبڕێک به‌ جۆرێکی دی درێژه‌یان به‌م شانۆگه‌ریه‌دا، تاوانباران گیران، له‌ ته‌له‌فزیۆه‌نه‌کان ده‌رکه‌وتن، دانیان به‌ تاوانه‌کایان نا،  هێنده‌ی نه‌برد، بۆ، چۆن؟ ئازادانه‌ له‌ هه‌مان شه‌قامدا ده‌سوڕانه‌وه‌. له‌ ناو شاردا ده‌ڵێن (سوڵحی عه‌شایه‌ری کراوه‌)!

سه‌رتان نه‌هێشنم! ئه‌م نوسه‌ر و ده‌رهێنه‌رانه‌ له‌ که‌رکوک به‌راده‌یه‌ک ‌ زیره‌کن  (له‌ زیفیان ده‌رکردوه‌)، ساڵانه‌ سه‌دان شانۆی کورت و درێژ  ده‌نوسنه‌وه، بۆیه‌ ده‌مه‌وێ بچمه‌ سه‌ر نوێترین سیناریۆیان. ئه‌مانه‌ گه‌ر له‌ وه‌ڵاتان بونایا ره‌نگه‌  ده‌یانجار له‌بری مه‌دالیا گڵۆپی سوری "بوه‌سته‌" یان بۆ هه‌ڵکردنایاو دوکانه‌کانیان پێداخستنایا.

ئه‌مجاره‌شیان شانۆ هه‌ر که‌رکوکه‌ و باش ئاماده‌یه‌، دامه‌زراوه‌که‌ سه‌ر به به‌غدایه‌ و له‌سه‌ر رێی به‌غدایه‌. ئه‌و رێگه‌یه‌ی بۆ ئه‌م جۆره‌ شانۆیانه‌ نه‌بێت زۆر به‌رپرس ناوێرن به‌و  شه‌قام و ده‌ڤه‌ره‌دا یه‌ک هه‌نگاو بنێن. ئه‌وه‌ی له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌که‌ بینیم زیاتر له‌ خۆئاماده‌کردن ده‌چێت بۆ ده‌رکردنی فلمێکی  شه‌رقی. ئه‌مجاره‌یان کێ پاڵه‌وانی ئه‌م شانۆگه‌ریه‌یه‌، پارتی یان یه‌کێتی؟ با چاوه‌ڕوان بین هێشتا له‌نێوان یه‌کدا ساغیان نه‌کردۆته‌وه‌. ‌
Sbeiy.com © 2007