Print
 
 ئه‌ركی‌ كۆنگره‌ی یه‌كه‌می‌ گۆڕانه‌ نه‌خۆشی‌ ((من))ی‌ كۆمه‌ڵگا چاره‌سه‌ر بكات؟!
نوسه‌ر:  د.محه‌مه‌د ئه‌مین
Monday, December 23, 2013

هه‌ڵبه‌ته‌ بزوتنه‌ی‌ گۆڕان پێشه‌نگ بوه‌ له ‌گۆڕینی‌ شێواز و نه‌ریتی‌ حیزبی‌ ته‌قلیدی‌ له‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌، ئه‌كرێت بڵێین فۆرمێكی‌ تازه‌ی‌ هێناوه‌ته‌ئاراوه‌ به‌م پێیه‌ش كۆنگره‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ كۆنگره‌ی‌ حیزبه‌ ته‌قلیدیه‌كانی‌ ترناچێت، پێكهاته‌ی‌ گۆڕان پێكهاته‌یه‌كی‌ زۆر جیاوازه‌ له‌گشت هێزو لایه‌ن و حیزبه‌كانی‌ تر، هه‌ربۆیه‌ چاوه‌ڕاون ده‌كرێت كۆنگره‌كه‌شی‌ له‌وانیدی‌ جیاوازتربێت.

له‌ كۆنگره‌ هه‌ڵبژاردن بۆ پۆسته‌كان ناكرێت وه‌ك له‌وه‌ی‌ باس له‌دانانی‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ بزوتنه‌وه‌كه ‌و پێداچونه‌وه‌ی‌ رێنماییه‌ بنه‌ڕتیه‌كان، دانان و پێداچونه‌وه‌ی‌ دروشم و سیاسه‌ت و پرسه‌ گشتیه‌كانی‌ وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌، هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئه‌دای‌ نوێنه‌ره‌كانی‌ له ‌ده‌زگا هه‌ڵبژێردراوه‌كانی‌ له ‌كوردستان و عێراق  و چڤاتی‌ نیشتمانی‌ و گشتی‌.

دڵنیام ژوره‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان توێژینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌، ئابوری‌، یاسایی‌، دارایی‌، كارگێڕی‌ و رۆژنامه‌وانی‌... ده‌رباره‌ی‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌ و خودی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش، رای‌ زۆرێك له‌ شاره‌زایان و پسپۆڕانی‌ بواره‌ جیاوازه‌كانیان وه‌رگرتوه‌ له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم به‌ڕه‌وه‌ندی‌ كوردیشه‌وه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی‌ گۆنگره‌دا ئه‌م توێژینه‌وانه‌ گۆڕانكاریان به‌سه‌ردادێت به‌ویست خواستی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ وه‌ك له ‌كۆنفرانسه‌ محه‌للیه‌كانی‌ گۆڕاندا به‌دیمانكرد، ‌له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی‌ گۆڕان په‌روه‌رده‌ی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ن به‌باش و خراپییه‌وه‌، ده‌رچه‌ی‌ سیستمێكی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سه‌قه‌تن كه‌ به‌درێژایی‌ مێژو دوژمنانی‌ كورد و له‌م دواییه‌ش هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵات به ‌یه‌كێتی‌ پارتیه‌وه‌ ده‌وریان هه‌بوه‌ له ‌داڕمانی‌ به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان و به‌رهه‌مهێنانی‌ تاكێكی‌ تێكشكاوی‌ بێبه‌رهه‌می‌ ته‌مه‌ڵ و ملكه‌چ و گوێڕایەڵی بێئیراده‌ له ‌ئه‌نجامدا تاكێكی‌ نه‌خۆشیان به‌نه‌خۆشی‌ ((من)) به‌رهه‌مهێناوه‌، ئێمه‌ خۆشمان به‌ده‌رنین له‌و تاكانه‌ به‌رده‌وام له‌هه‌وڵدایین بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌م ئه‌زمونه تازه‌یه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌كاری‌ سیلسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی،‌ به‌ڵام كه‌م تازۆر پاشماوه‌ی‌ عه‌قڵیه‌تی ‌((من)) له‌ناخماندا ماوه‌.

له‌نه‌بونی‌ ده‌ستورێكی‌ مۆدێرن كه‌ ئه‌رك و مافی‌ هاوڵاتی‌ دیاری‌ بكات، له‌نه‌بونی‌ سیستمێكی‌ سیاسی‌ كه‌ هه‌رسێ‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ جیابكاته‌وه‌ و دادی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌رهه‌م بهێنێت بۆ گشت تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا و نه‌خۆشی‌ ((من))ی‌ كۆمه‌ڵگا چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌م پرسیاره‌ ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ ده‌كه‌م  ((ئه‌ركی‌ كۆنگره‌ی یه‌كه‌می‌ گۆڕانه‌ نه‌خۆشی‌ ((من))ی‌ كۆمه‌ڵگا چاره‌سه‌ربكات؟)).

بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ رونتر بابه‌ته‌كه‌م بخه‌مه‌ڕو، رایه‌ڵه‌ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ له‌ بارودۆخێكی‌ ترسناكدایه‌، هیچ ئایدۆلوجیا و چین وتوێژێك به‌ته‌نیا ناتوانێت كۆمه‌ڵگای‌ مرۆڤایه‌تی‌ ببات به‌ڕێوه‌، ئه‌م كاره‌ كارێكی‌ ده‌سته‌جه‌معیه‌وه‌ پێویستی‌ به‌هه‌مومانه‌ بێجیاوازی‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ ده‌گوزه‌رێت زۆر جیاوازه‌، له‌هیچ شوێنێكی‌ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ وه‌ك لای‌ ئێمه‌ قوڵنه‌بۆته‌وه‌، هه‌ركه‌س خۆی‌ یان خۆی‌ و ده‌سته‌كه‌ی‌  ده‌بینێت ئه‌ڵێ‌ ((من)) یان ((ئێمه‌)) سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وانیدی‌ پشتگوێده‌خات، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وانیدی‌ نه‌بن، بۆیه‌ داوا له‌ ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ ئه‌كه‌م به‌شێوازی‌ ((من)) ((ئێمه‌ی‌...)) گفتوگۆ و باسه‌كانیان نه‌خه‌نه‌ڕو، باس له‌وه‌ نه‌كه‌ن ئێمه‌ی‌ پزیشكان، ئێمه‌ی‌ ئه‌ندازیاران، ئێمه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ر، ئێمه‌ی‌ فڵان رایه‌ڵه‌، ئێمه‌ی‌ زیندانی‌ سیاسی‌، ئێمه‌ی‌ كه‌مئه‌ندامان، ئێمه‌ی‌ شه‌هیدان و ئه‌نفال...هتد ((ئێمه‌ی‌...))  هیچمان بۆ نه‌كراوه‌، ئه‌و راستیه‌ بزانن كه‌س هیچی‌ بۆنه‌كراوه‌، هه‌مومان قوربانی‌ سیستمێكی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سه‌قه‌تین، چه‌ند پێویستمان به‌كه‌سایه‌تی‌ سیاسیه‌ ده‌ ئه‌وه‌نده‌ پێویستمان به‌كه‌سایه‌تی‌ پسپۆری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، ئه‌بێ‌ له‌مه‌ودوا هه‌وڵ بده‌ین هه‌مومان وه‌ك تاك، تاكێكی‌ بێناو، بێپیشه‌، بێ باوك و دایك، بێ بنه‌ماڵه‌ و خێڵ، به‌ده‌ر له‌هه‌چ دین و تایه‌فه ‌و بیروبۆچونێكی‌ جیاواز ئه‌رك و مافه‌كانمان بۆ دیاری‌ بكرێت، ئه‌بێ‌ هه‌ریه‌ك له‌ئێمه‌ داوای‌ مافی‌ ئه‌وانیدی‌ بكات له‌ شه‌هیدان و ئه‌نفال و كه‌مئه‌ندام و بێكار و هه‌مو پیشه‌كانی‌ تر، تكاموایه‌ هه‌موان به‌م روحیه‌ته ‌كاربكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌بێ‌ پاراستی‌ ئاسایشی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ نایه‌ته‌دی‌ ((social security))  كه ‌له‌ناو خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌ به ‌سۆشیاڵ ناسراوه‌ و ئامانجی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مانه‌.

به‌هیواین ده‌رئه‌نجامی‌ كۆنگره‌كه‌ له ‌په‌سه‌نكردنی‌ دواداڕشتنه‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌ و رێنماییه‌كان و راسپارده‌كانی‌ كۆنگره‌ گۆڕانكاری‌ گرنك له‌نه‌ریت و شێوازی‌ سیاسه‌تكردن له ‌ناوچه‌كه ‌و كوردستان بخولقێنێت، ببێت به‌ ئامرازێك بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ تاكێكی‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری‌ سه‌ربه‌خۆ و ئازا، خاوه‌ن دیدێكی‌ جیاواز و سه‌ربه‌خۆ له‌گشت پرسه‌كان.

راستیه‌ك هه‌یه‌ پێویسته‌ كه‌سمان له‌بیری‌ نه‌كه‌ین، نه‌ ئێمه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، نه‌هیچ تاقم ولایه‌ن حیزبێكی‌ تر به‌دیلی‌ حكومه‌ت نین به‌هه‌رسێ‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌وه‌، بۆیه‌ پێمان باشه‌ له‌ڕێی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانه‌وه‌ ده‌رچه‌ی‌ كۆنگره‌كه ‌بكرێت به‌پرۆژه‌ بۆ هاوڵاتی‌ و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
Sbeiy.com © 2007