|
دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت و حكومه‌تی ژیر- Good Governance - |
نوسه‌ر: موزه‌فه‌ر هه‌مزه ره‌زا
|
Monday, December 23, 2013 |
له دنیای مۆدێرندا واباوه حيزبى سياسی بۆ ئه‌وه ده‌چێته ده‌سه‌ڵات به‌رنامه‌ى سياسى خۆى له حكومه‌تدا جێبه‌جێ بكات. ده‌كرێ به‌رنامه‌ى كۆى حيزبه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا به‌رنامه‌ى حكومه‌تى داهاتوی كابینه‌ی هه‌شته‌م بێت و خاڵى هاوبه‌شى هه‌موان له‌خۆ بگرێت. كابینه‌كانی رابڕدو ده‌یانتوانی كاری زیاتر له‌بواری بنیاتنانی حكومه‌تێك بكه‌ن، كه حكومه‌تی هاوڵاتی كوردستانی بێت، به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌تایبه‌تی دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردو ئیداره‌ی هه‌ولێر – سلێمانی كه پاشان سێ كابینه‌ی تێپه‌ڕاند، به‌هۆی سستیهكانی دو پارته بهشداربوهكهی حكومه‌ت له ده‌ستپێشخه‌ری بنه‌ڕه‌تیانه بۆ ئاماده‌كاری كردن بۆ دروستكردنی بنیاته‌كانی حكومه‌تێكی ژیر- Good Governance –ی كوردستانی، ئه‌م ئه‌ركه وه‌كو پرسێكی جێبه‌جێ نه‌كراو كابینه بۆ كابینه‌ی دوای خۆی جێی هێشت، ئه‌وه ئێستا كابینه‌ی هه‌شته‌م به هه‌مو ماناكانی وشه به ته‌واوی له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرسه‌دایه.
دامه‌زراندنی حكومه‌تی ژیر و حكومه‌تی هاوڵاتی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و وه‌زاره‌تانه دانامه‌زرێ كه زۆربه‌یان ده‌مێكه ئاماده‌ییان له داڕشتنی سیاسه‌تی گشتیدا نه‌بوه و نه‌یاتوانیوه دانیشتوانی هه‌رێم ئاوێته‌ی پرۆسه‌كانی گه‌شه‌پێدانی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن. له ئاستی ئه‌وه‌دا نه‌بون هاوڵاتیانی كوردستان ئه‌و به‌ڵگه‌یان - argument- بۆ به‌ده‌ست هاتبێت كه‌به لایه‌نی كه‌م له خێروبێری پێشكه‌وتنه‌كانی سه‌رده‌م سودمه‌ند بوبن، بۆیه بیانوی زۆرهه‌ن كه ئه‌م جۆره وه‌زاره‌تانه بخرێنه نێو پرۆسه‌ی دوباره داڕشتنه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له كابینه‌ی هه‌شته‌مدا. دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوا كابینه‌دا بریتی بوه له 31 دامه‌زراوه، 19 دامه‌زراوه سیفه‌تی وه‌زاره‌تی هه‌بوه، رێژه‌ی 50% زیاتر نه‌یاتوانیوه له ئاستی ئه‌و یاسایه‌دا بن كه بۆ جێبه‌جێكردنی كۆمه‌ڵێك ئامانج و راپه‌ڕاندنی چه‌ندین ئه‌رك دامه‌زراون. بۆیه‌شه له‌زۆربه‌ی كه‌رت و بواره‌كاندا نزمی ئاستی ئه‌دای حكومه‌ت كه له زۆر لایه‌نه‌وه كاری له‌سه‌ردا كراوه و به دیكۆمێنت كراوه بوه مایه‌ی هه‌ڵكشانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی هاوڵاتیان و ته‌نانه‌ت داكشانی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌و پارتانه‌ی كه خودی ئه‌م كابینانهیان پێكهێنابو له رابڕدودا.
هه‌روه‌ها حكومه‌تی ژیر به‌بێ دامه‌زراندنی هێزێكى نيشتمانى چه‌كدار و ده‌زگايه‌كى يه‌كگرتو ئاسايش ناكرێت، چونكه هێزی چه‌كدار ئه‌گه‌ر نیشتمانی نه‌بو هاوڵاتیان به موڵكی نیشتمان و به موڵكی خۆیانی نازانن، به‌ڵكو به موڵكی باڵ و جه‌مسه‌ره ناكۆكه‌كان و كه‌س و خێزانه دهسترۆیشتوهكانی نێو حیزبی ده‌زانن.
حكومه‌تی ژیر له هه‌بونی كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه كه بهگهندهڵیهوه تێوه‌گلاون و ریشه‌ى داكوتیوه بنیاتنانرێ، هه‌روه‌ها ئه‌م جۆره حكومه‌ته له‌سه‌ر جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی سڕكراو كه به‌كارى خۆیان هه‌ڵناستن كه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ركیان به‌رگریكردن و چاودێریكردنی حكومه‌ته بۆئه‌وه‌ی به باشترین شێواز وڵات به‌ڕێوه‌ببات و سیمای حكومه‌تی هاوڵاتی پێببه‌خشێت، بنیات نانرێ.
ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگن له‌به‌رده‌م كاره‌كته‌ره‌كانی كابینه‌ی هه‌شته‌م كه پێويستى به ده‌ستكردن به قۆناغێكی نوێی چاكسازییه، به‌ڵام ئایا هه‌ر پارتێك كه به نیازه به‌رنامه چاكسازی خۆی له نێو كارنهمه هاوبه‌شه‌كه‌ی حكومه‌تدا له كابینه‌ی هه‌شته‌م جێبكاته‌وه به ته‌نها ده‌توانێ جێبه‌جێبكات؟
ده‌بێ هه‌مو ئه‌و قه‌واره سياسيانه‌ى كه زۆرترين ده‌نگيان له هه‌ڵبژاردنى 21/9/2013 هێناوه به‌م دیده‌وه بچنه نێو حكومه‌ته‌وه، كه ئه‌وان هه‌ر یه‌كه‌یان بهرپرسيارى راسته‌وخۆن له ئه‌نجامدانى چاكسازى و باشكردنى ئه‌دا له‌م وه‌زاره‌تانه‌ى كه به ئه‌وان ده‌سپێردرێن، له‌هه‌مان كاتيشدا ده‌بنه هاوكار و پشتوانيش بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رى و به‌رنامه‌ى چاكسازييانه‌ى كه چ له ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران و چ له په‌رله‌مانى كوردستاندا لايه‌نه‌كانى تر ته‌به‌نى ده‌كه‌ن.
هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی دو پانتایی له‌به‌رده‌مدایه به‌رنامه‌ی چاكسازی خۆی تێدا راپێش بكات:
یه‌كه‌م: له رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه كاتێ پرۆژه و راسپارده‌ی وه‌زیر و وه‌زاره‌ته‌كان له كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌م ئه‌نجومه‌ندا تاوتوێ ده‌كرێت و ده‌نگی زۆرینه به‌ده‌ست ده‌هێنێ و بڕیاڕی پێیه‌وه ده‌رده‌چێ.
دوه‌م: له‌رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه كاتێ فراكسیۆنی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ده‌توانێ پرۆژه یاسا ئاماده‌بكات وهاوڕێیانی خۆیان له فراكسیۆنه‌كانی تر ئه‌گه‌ر پێویستی كرد واژۆی له‌سه‌ر كۆبكه‌نه‌وه و بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان راپێشی بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی بخرێته نێو پلانی كار‌و خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
كه‌واته هه‌ر پارتێك دوای دیاركه‌وتنی پشكه‌كانی له كابینه‌ی هه‌شته‌مدا له هه‌ر وه‌زاره‌تێك یان ده‌سته‌یه‌ك یان فه‌رمانگه‌یه‌كدا ناتوانێ بێ پشتگيرى و هاوكارى وه‌زاره‌ته‌كانى تر ريفۆرم ئه‌نجامبدات، چونكه بنیاتی حكومه‌تێكی ژیرمان بۆ به جێنههێشتراوه، ئه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌ك راسته تێیدا هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌رمی بۆ نمونه ده‌زگاكانی چاودێری و لێپرسینه‌وه و داواكاری گشتی خاوه‌ن دیسپلینی و كاری سیستماتیكانهی خۆیان بن نه‌وه‌ك پاشكۆ، كه تێیدا به‌گۆڕینی كابینه‌كان و رۆیشتنی پارتێك یان زیاتر و هاتنی پارتێكی نوێ یان زیاتر بۆ گۆڕه‌پانی سیاسی و حوكمڕانی، هیچ له دۆخی ئه‌واندا ناگۆڕێ. بۆیه وه‌كو نمونه به سيستهمكردنى كه‌رتی ته‌ندورستی، یان رێكخستنی هێزی كار و نوێكردنه‌وه‌ی سیستمی كار و بیمه‌ی بێكاری و باشتركردنی بيمهكانى تۆرى چاودێرى كۆمه‌ڵايه‌تى به‌شێوازێك كه نه‌بێته ئامرازێك به‌ده‌ستى هه‌ر حيزبێكهوه بۆ راگرتنی پارسه‌نگی ده‌نگده‌رانی له‌سه‌ر حیسابی بودجه‌ی گشتی. هه‌مو ئه‌مانه پێويستی به ميكانيزمێكى گونجاو هه‌یه بخرێته نێو كارنامه‌ی حكومه‌ته‌وه و پابه‌ندبونى هه‌مو دامه‌زراوه‌كان به جێبه‌جێكردنى پرۆسه‌كه مسۆگه‌ر بكرێت. مه‌رجه بۆ سه‌رخستنی ئه‌م قۆناغه نوێیه سه‌رۆكی كابینه به به‌رده‌وامی پشتگیری به‌رنامه و پرۆسه‌ی چاكسازییه‌كه بكات كه هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك له دامه‌زراوه‌كان ده‌ست پێشخه‌ری تێدا ده‌كه‌ن و پێویسته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌كو دیفاكتۆ له‌م قۆناغه بڕوانێت، چونكه نه‌به‌م میكانیزمه‌ی ئێستای كاركردنی ده‌توانی ئیستیعابی ئه‌و قۆناغه بكات و قۆناغه‌كه‌ش به هه‌مو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی دراوه به وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان، كه ته‌رخانی بودجه‌ی هه‌ر وهزارهتیك كه ساڵانه له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سند ده‌كرێت، ته‌نها له لیست و ده‌رخسته‌كانی بودجه‌ی گشتیدایه و هیچ وه‌زاره‌تێك جگه له ته‌ندورستی – شاره‌وانی – كاره‌با و هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ی تریش كه حیزب به ته‌واوی ده‌ستی خۆی خستۆته بیناقاقای، به‌بێ ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی ناوبراوی سه‌ره‌وه ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی بڕی ته‌رخانكراوی خۆی نیه.
بۆیه له كابینه‌ی هه‌شته‌مدا دامه‌زراوێك له دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت ئه‌گه‌ر بۆی ده‌ركه‌وت هاوكاری ناكرێت ده‌كرێ له رێگاى ميكانيزمێكی گونجاوه‌وه له‌نێو حكومه‌تدا چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه. له بێئۆمیدبونیدا ده‌كرێ په‌نا بباته‌به‌ر په‌رله‌مان یان دامه‌زراوه‌ی تری په‌یوه‌ندیدار، بۆ رای گشتیش رونی بكاته‌وه كه ئه‌و هه‌ڵگری دیدگایه‌كی رونه بۆ ریفۆرمكردن و بۆ به‌رێوه‌بردنی سه‌رده‌میانه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه و ناوه‌رۆكی ریفۆرمهكه چ وه‌كو پرۆژه و چ وه‌كو نه‌خشه‌ڕێگا بۆ رای گشتی وردی بكاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش دادی نه‌بو هه‌نگاوی دواتری رونه بیهاوێ. |
|