Print
 
 که‌رکوک و چیرۆکه‌کانی -١-
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Thursday, January 30, 2014
یه‌که‌م:
خانوه‌که‌ی سیروان
سیروان و سیروانه‌کان ئه‌وانه‌ی له‌ تۆماری سه‌رژمێری 1957 و پێشتر، ناوی باوک و باپیرانیان تۆمارکراوه‌، له‌سه‌ر کێلی گۆڕه‌کانیش هێشتا نه‌ ئاوی باران و نه‌ قینی به‌عسیه‌کان توانیویانه‌‌ ناوه‌کانیان بسڕنه‌وه‌. ئه‌و سیروانانه‌ی به‌ هیوای ئه‌وه‌ بون له‌ 10 ساڵی رابردودا کۆتایی به‌ مه‌ینه‌تی و نه‌هامه‌تی ده‌یان ساڵه‌ی سه‌رده‌م و سه‌رده‌ستی به‌عس بێت، که‌چی به‌شێوه‌یه‌کی تر چیرۆکه‌کانیان ده‌گێڕنه‌وه‌.

ئه‌م سه‌رتاشه‌ ته‌مه‌ن 33 ساڵه‌، دوای ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوه‌، ئه‌و داهاته‌ی به ده‌می مه‌قه‌سه‌که‌یی و مه‌کینه‌ی سه‌رتاشینه‌که‌ی له‌ قژبڕینی و ئه‌م و ئه‌و به‌ درێژایی 8 ساڵ کۆیکردۆته‌وه‌‌، کونجێک دروستبکات و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی تێێدا بحه‌سێنه‌وه‌.

بۆیه‌، له‌ 2010 زه‌ویه‌ک به‌ روبه‌ری 120 مه‌تر دوجا به‌ 10 ده‌ ملیۆن دینار له‌ ساحه‌ی ته‌یه‌ران (عه‌ره‌سه‌) ده‌کڕێته‌وه‌. ئه‌م زه‌ویه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا 220 مه‌تر بوه‌، له‌ لایه‌ن حیزب و کادیره‌کانیه‌وه‌ وه‌ک هه‌زاران پارچه‌ زه‌وی د‌یکه‌ی ئه‌م شاره‌ فرۆشراوه‌، دوای ده‌ستاوده‌ستکردنێکی زۆر سیروان ده‌یکڕێته‌وه‌‌. 120 مه‌تری ناوبراو کڕیوێتی، 88 مه‌تری ژنێکی دی، نزیکه‌ی 20 مه‌تریش به‌ر جاده‌ که‌وتوه‌. ئه‌م زه‌ویه‌ وه‌ک زه‌ویه‌کی زیاده‌رۆ و به‌بێ تاپۆ فرۆشراوه‌.

سیروان و ئه‌و خانمه‌ به‌ هه‌رجۆرێکه‌ له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویه‌ کونجه‌ خانویه‌ک دروست ده‌که‌ن. به‌ڵام دوای چه‌ند ساڵێک. له‌ دادگای که‌رکوک شکاتیان لێده‌کرێ و پۆلیس به‌ر ده‌رگایان پێده‌گرێ.

شکاتکه‌ر کابرایه‌کی عه‌ره‌بی به‌عسی هاورده‌یه‌، له‌ شه‌رگاته‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی به ‌عه‌ره‌بکردن هێندراوه‌ته‌ که‌رکوک، له‌ سه‌رده‌می به‌عس ئه‌م پارچه‌ زه‌ویه‌ی وه‌رگرتوه‌. له‌ گه‌ڕه‌کی عه‌ره‌سه‌ (ئه‌م گه‌ڕه‌که‌ کاتی خۆی له‌ لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ ته‌ختکراوه‌ و دانیشتوانه‌کشی که‌ کورد و تورکمان بون راگوێزران و له‌ که‌رکوک ده‌رکران).

ئه‌م هاورده‌یه‌ له‌ دادگا شکات ده‌کات، به‌پێی به‌ڵگه‌ و تاپۆ ئه‌م زه‌ویه‌ موڵکی ئه‌مه‌، ئه‌و تاپۆیه‌ی له‌ سه‌رده‌می به‌عس وه‌ریگرتوه‌.

بڕیاری دادگا
سیروانی سه‌رتاش 3 سێ ساڵ حوکم ده‌درێ، به‌ڵام حوکمه‌که‌‌ راگیراوه‌ و جێجێ نه‌کراوه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌. بوار به‌ سیروان دراوه‌ تا له‌گه‌ڵ ئه‌و هاورده‌یه‌ ریکبکه‌وێت و زه‌ویه‌که‌ی لێ بکڕێته‌وه‌. به‌ڵام وه‌ک خۆی گوته‌نی په‌یداکردنی ئه‌و پاره‌یه‌ به‌ لایکه‌مه‌وه‌ 5 پێنچ ساڵ کاری ده‌وێ.

ده‌رباره‌ی ئه‌و 88 مه‌تره‌ی ژنه‌که‌ش که‌ کردۆتیه‌ خانو، دادگا بڕیاری کرێی مانگانه‌ی به‌ بڕی 75000 هه‌فتا و پێنج هه‌زار دینار ده‌رکرد. واته‌ ئه‌و ژنه‌ پێویسته‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ مانگانه‌ بدات به‌ خاوه‌ن زه‌ویه‌که‌.

سیروان چی ده‌ڵێ؟
نه‌ک هه‌ر ماڵ له‌ خانه‌خوێ حه‌رامکراوه‌، به‌ڵکه‌ لێشمان دزراوه‌ و پێمان ده‌فرۆشنه‌وه‌، به‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی کوردیه‌وه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مان دوای 10 ساڵ له‌ نه‌مانی به‌عس ئه‌مه‌یه‌ حاڵی که‌رکوکی و له‌ که‌رکوک روده‌دا‌. بۆیه‌ دروستکردنی جاده‌ و پرد له‌ که‌رکوک به‌منی کورد چی! چی له‌ پاره‌ی پیترۆدۆلار بکه‌م؟  له‌کاتێکدا رۆژانه‌ مه‌رگ هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌کاو چاره‌نوسێکی نادیار له‌م شاره‌ چاوه‌ڕوانم ده‌کات.
Sbeiy.com © 2007