Print
 
 که‌رکوک و چیرۆکه‌کانی-3-
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Monday, February 10, 2014

کاسه‌ دۆ‌
کاسه‌ و دۆ له‌ کورده‌واریدا کاتێ ناویان ده‌هێندرێت، یه‌کسه‌ر ساردایی و فێنکیه‌ک ته‌زو ئاسا به‌ ته‌واوی چه‌سته‌دا‌ تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وانه‌‌ی سه‌ردانی ده‌وارنشینه‌کانی بناری قه‌ندیل یان چه‌می رێزان و هه‌ڵه‌ته‌کانی شوان و مه‌ڕداره‌کانی ده‌شتی گه‌رمیانیان کردبێت، تێده‌گه‌ن، ده‌زانن چۆنه‌ تام و چێژی ئه‌و کاسه‌ دۆیه‌ی له‌ قرچه‌ی هاوێنا له‌سه‌ر به‌ڕه‌ی ژێر ده‌وه‌نه‌کان یان له‌ دیوه‌خانه‌کانی ده‌شت و هه‌ڵه‌ته‌کانی گه‌رمیاندا له‌ ده‌ستی خاتونێکی خاوه‌ن گوفت و لوتف شیرین وه‌ری ده‌گرن.

تۆراغ (یه‌کێکه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ جۆراوجۆره‌کانی شیر، له‌ کیسه‌یه‌کی خام ده‌کرێت، له‌ کاتی گڕه‌بردوی هاویندا له‌شی پێچه‌ور ده‌کرێت، وه‌ک ده‌گێڕنه‌وه‌ له‌به‌ر زۆری بونی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ ناوی تۆراغ له‌م گونده‌ نراوه‌) گوندێکه‌ ده‌که‌وێته‌ خواروی دامێنی هه‌ڵه‌ته‌کانی ناحیه‌ی شوان، خانوه‌کانی به‌ دیوی نساری یاڵێکی‌ باسک درێژ‌دا دروستکرابون. ئه‌م گونده‌ روی له‌ جاده‌ی گشتی شوان- که‌رکوک وه‌رگێڕابو. نه‌ک خودا نه‌خواسته‌ ره‌بایه‌ سه‌بازیه‌کان ئه‌و تروسکه‌ ئاگره‌ به‌دی بکه‌ن که‌ له‌ نیوه‌شه‌ودا بۆ ئاماده‌کردنی هێلکه‌ و رۆنیک یان پیاڵه‌ چایه‌ک بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌کرێته‌وه‌. له‌م گونده‌ که‌س چاوی له‌ موچه‌ نه‌بو‌، کاری جوتیاری و مه‌ڕداری هێنده‌ هه‌بو سه‌رتاپا به‌شیانی ده‌کرد. بۆ گرتنه‌وه‌ی ده‌ست و پێی شکاو و گرتنی که‌ڵه‌شاخ حاجی خورشید هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌تدا بو.

وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشتر زانیبێتیان، گوند کپه‌، حاجی خه‌ریکی ده‌رکردنی خوێنی پیسی پشتی نه‌خۆشێک بێ‌ و میم خونچه‌ش چه‌ند ماڵێ له‌ولاتره‌وه‌، ئاوی ساردی شه‌وانه‌ی کونده‌ی سه‌رکونده‌ڵانه‌که‌ی کردبێته‌ ناو مه‌شکه‌که‌وه‌ و ئاماده‌ی ژه‌نین بێت. له‌ پڕێکدا له‌ سه‌ریاڵه‌که‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی دار به‌ کونه‌ زه‌رده‌واڵه‌دا کرابێ، به‌ ده‌وری دێدا دابه‌شبون. به‌ڕیوه‌به‌ری ناحیه‌ و کوێخا و کوێخاڵه‌کان په‌له‌بون له‌ گه‌یاندنی ئه‌و په‌یه‌مای پێیان بو. به‌ کورتی کوێخا قسه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ کوردی گوته‌وه‌ "حاجی، مدیر ناحیه‌ ویشیک (ده‌ڵێ) ئێمه‌ ئه‌مری ره‌ئیس سه‌دام حوسێن خوا بیپارێزێت به‌مانه‌، دبوک وه‌ک هه‌مو دێیه‌کانی ناوچه‌که‌ دێیه‌که‌تان چۆڵکه‌ن، حکومه‌ت ده‌یڕوخێنێت. ئه‌م مه‌نتیقه‌یه‌‌ دبوکه‌ موحه‌ڕه‌مه‌. ئیوه‌ش له‌ هه‌ولێر عه‌رز به‌تان ده‌ن و د‌چنه‌ لای هه‌ولێر... تاد"، دیاره‌ ناڕه‌زایی و قسه‌کردن هیج سودێکی نیه‌، دواجار بڕیاره‌که‌ ئه‌نجامدراو ناوچه‌که‌ هه‌مو بو به‌ موحه‌ڕه‌مه‌.

له‌کاتی قسه‌کردنی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ و کوێخا بۆ خه‌ڵکه‌که‌. کوێخا، کوێخاڵه‌یه‌ک‌ ده‌نێرێته‌ لای میم خونچه‌ی دۆست و ناسیار و قه‌وم. بۆئه‌وه‌ی کاسه‌یه‌ک دۆ بۆ جه‌نابیان بهێنێت. میم خونچه‌ دێته‌ قسه‌ و به‌ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێت "مه‌گه‌ر قوزه‌ڵقورت بام به‌تان، دیان خانوه‌کان به‌سه‌رمانا دڕوخێنن، ده‌عوای دۆش له‌مان دکه‌ن...".

دوای 27 بیست و حه‌وت ساڵ، جگه‌ له‌ حاجی خودا به‌بهه‌شتی شاد بکات، میم خونچه‌ و هه‌زارانی تر له‌ ئۆردوگاکانن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر گونده‌کانیان.

میم خونچه‌کان ده‌ڵین چی؟

دروستکردنی جاده‌ و پرۆژه‌ باشه‌، به‌ڵام به‌ ئێمه‌ چی! بۆ سه‌ر گونده‌که‌مان نه‌گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌، که‌لاوه‌کانمان بۆ چاکناکرێنه‌وه‌، هیچ مامه‌ڵه‌یه‌کی زه‌ویمان بۆ ناکرێ. له‌ هه‌موی ناخۆشتر بۆ ئێمه‌ جه‌نابی سوڵتان، بڕێنه‌وه‌ی موچه‌ و دیوه‌خانانه‌ و کردنی هه‌ویه‌ی زه‌رد و سه‌وز و پێدانی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌و کوێخا و کوێخاڵانه‌ی دوێنێ، چونکه‌ ده‌ترسین ئه‌مجاره‌یان ئه‌و کوێخاڵانه‌ به‌ بیانوی ته‌جاوزه‌وه‌ ماڵ دروستبکه‌ین و بیڕوخێنن. ئاگاشمان لێیه‌، چۆن یه‌ک لستیتان تێکدا و له‌گه‌ڵ یه‌کدا چۆن که‌وتونه‌ته‌ شه‌ڕه‌ ده‌ندوک. له‌ داهاتویه‌کی نزیکدا، ئینشائه‌للا ئێمه‌ش قسه‌ی خۆمان ده‌بێت.
Sbeiy.com © 2007