|
کۆنگرەی ئەتۆمی ٢٠١٤ لە لاهای و میللەتی کورد لە باشوریش هەر خەریکی موچەیە! |
نوسهر: ئاسۆ حامدی
|
Saturday, March 1, 2014 |
ئەم کۆنگرەیە بە بەشداری زۆربەی سەرکردەکانی وڵاتە زلهێزەکان و هەندێ وڵاتی تر لە٢٣ و ٢٤ی مانگی مارس لە لاهای لە هۆڵەندا دەبەسترێ، ئەمە چوارەمین کۆنگرەی ئەتۆمی جیهانیە. زانیاری لەسەر ئەم کۆنگرەیە لەم ماڵپەرەیەی خوارەوە بە زمانەکانی ئینگلیزی و هۆڵەندیی هەن. من نامەوێ زانیاریەکانی ئەم سایتە دوبارە بکەمەوە تەنها ئەوەندە نەبێ کە ئەم کۆنگرە ئامانجی بریتییە لە پاراستنی هێزە ئەتۆمیەکان و نەگەیشتنیانە بە دەستی تیرۆریستان. ئەگەری گەیشتنی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بە دەست تیرۆریستان یانی هەمو جیهان دەکەوێتە مەترسیەوە و زیانەکانیشی گەلێ زۆرن کە ناکرێ بەراوردبکرێ بە چەکی ئاسایی و کارە تیرۆریستیە رۆتینیەکان و تەنانەت کیمیاوی و بایەلۆژیەکانیشەوە. تا ئێستا ئامادەکاریەکی زۆر لە هۆڵەندا کراوەو هەمو شارەکان و سنورەکان لەم رۆژانە کۆنتڕۆڵ دەکرێن و سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و پادشا و شاژن پێشوازی لە میوانان و کۆنگرێسەکان دەکەن.
ئەوەی جێی سەرنجە ئامادەنەبونی دەوڵەتی بەناو فیدراڵی عێراقەو لە رۆژهەڵاتی ناوەند ئیسرائیل و تورکیا بەشداری دەکەن، تورکیا کە یەکێ لەو وڵاتانەیە کە بەشی باکوری کوردستانی لە ژێر دەستدایەو رۆڵی ئیسرائیلیش لە رۆژهەڵاتی ناوەند و مەسەلەی کورد بە درێژایی مێژو رۆشنە کە سیاسەتێکی دەبڵ راکێتیان هەیە بۆ مەسەلەی کورد کە دوفاقی پێدەڵێن، لە خوارەوە کۆپی ئەم سایتە ببینن کە ئەو وڵات و رێکخراوانەیە کە بەشداری کۆنگرەکە دەکەن.
سەیری ئەم سایتە بکەن؛
https://www.nss2014.com
ئامادەنەبونی میللەتی کورد لەم بۆنە جیهانیە هۆکارەکەی رونە، بەڵام بڵاونەبونەوەی ئەم هەواڵانە لە میدیای کوردیشدا هەمان هەژاری ئەم میدیا دەگەیەنێ لە مەیدانە ئەنتەرناسیۆنالەکاندا. بەڵام خۆ میدیاکان ناهەقیان نیە!
ئەمڕۆ خەڵکی لە کوردستانی باشور ئەوەندە گرفتیان هەیە بەم مەسەلە ئەتۆمیانە راناگەن، لەلایەک نەخۆشی شەکرەو جەڵتە لەلایەک ژن کوشتن لەسەر شەرەف و ناموس، لەلایەکی تر لەبەر راکێشانی بۆریە نەوتەکان و بە قاچاخ بردنیان بۆ داگیرکەران و لەلایەکی تریش قەیرانی دروست بونی حکومەت و نەبونی موچە و گرفتی ماددەی لەبیرکراوی ١٤٠ و ناوچە جێناکۆکەکان (باشترە ناوی بنێین ناوچە ئیهمال کراوەکان لەلایەن حکومەتی هەرێم بە کەرکوکەوەش کە قودس و دڵی کوردستان بو دوای ماوەیەک بوە زبڵدان و دوایی شوێنی تەقینەوە ئێستا خوا کردویەتی بەڵاکە پەڕیوەتەوە دوزخورماتو و ناوچەکانی دەوروبەری، میللەتی کورد و خەڵکی ئەم ناوچانە بە هەمو نەتەوەکانەوە قوربانین).
وڵاتی هۆڵەندا پێشوازی لەم کۆنگرەیە دەکات بە هیوای ئەوەی کە هەمو ناوەندە ئەتۆمیەکان و کارگە و کارخانەکانی ئەتۆمی لە دونیا بە ئارامی بهێڵێتەوە. ئەم ئامانجە بە خودی رای شارەزاکان لەم نێوەدا لە دوبەش بونی دونیا بە هێزە ئەتۆمیە جیاجیاکان بە تایبەتی بەرەی ئەمەریکا و رۆژئاوا لەلایەک و روسیاو چین و هیندو پاکستان لەلایەکی تر و لە بەرەی جیاجیادا هەروەها وڵاتانی وەکو ئیسرائیل و هەندێ وڵاتانی تری دونیا کە خاوەنی هێزی ئەتۆمین لەبەر سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەییان ناچنە خانەی پشکنین و لێکۆڵینەوە. یان ووڵاتانی وەکو ئێران و هەندێ وڵاتانی تر کە خەریکی پێکەوەنانی هێزی ئەتۆمین مەسەلەکان قوڵتر دەکاتەوە. یانی هەر لە ئێستاوە بەدەست هێنانی ئامانجەکانی گۆنگرە کارێکی ئەوەندە ئاسان نیە و سەرکەوتنی کۆنگرەکە ئەوەندە مسۆگەر نیە.
میللەتی کورد لەم نێوەشدا لە نێو رۆژهەڵاتی ناوەندا هەر گەرمی و سوتان و برژانی بەر دەکەوێ چۆن لە سەردەمە مێژوە جیاجیاکاندا سوتاوە و داگیرکراوە هەم بە هۆی ئاین و ناسیۆنالیستی و پریشکەکانی هەم بە هۆی نەوت و کەرەستە خاوەکان، لە داهاتو کێشەکانی ئاو سەرچاوە ئاوییەکان بەرۆکی میللەت دەگرن و کێشە ئەتۆمیەکانیشی هاتە سەر وڵاتی کوردان لە نێو دوبەرداشی ئێرانی و ئیسرائیلی ئەگەرێکی کەم نین قوربانی سەرەکی بن.
پێویست ناکات ئێستا خەم لە ئامادەنەبونی میللەتی کورد بخۆین، چونکە دەزانین خەمێکی بێ مانایە ئەمڕۆ، چونکە هیچ پێشمەرجێکی ئامادەیی نیە و هیچ. بەڵام خۆ ئەگەر کۆنگرەی جیهانی بۆ دروستکردنی پێڵاویش بێ ئەوە کڵاشە پەڕۆینەکەمان بەرگەی تەڕی ناگرێ و بانگ نەدەکراین!. جا چ کۆنگرەی ئەتۆمی، خۆ ئەگەریش بانگ بکراباین دەبێ رێک بکەوین كێ دەبێ بەشداربێ، کڵاشچنێک یان پینەدۆزێکی پارتی لە دهۆک و هەولێر نا یەکێکی یەکێتی و خەڵکی هەڵەبجەشە و نا بۆتە گۆڕان و ناکرێ بەشداربێ. بە کورتی داوای لێبوردونمان دەکرد لەبەر مەسەلەی حیزبی هەر نەدەکرا نوێنەرێ بنێردرێ کە سەر بە کەس نەبێ. خۆ باشترین نمونە جنێف ٢ بو کە کورد خۆی نەیتوانی یەکتر قەبوڵ بکات هەرچەندە ئەمەریکا و رۆژئاوا هەر نەیاندەهێشت پەیەدە کە پشتیوانی پارتی کرێکارانی کوردستانە بەشداری جنێف ٢ ی بکردایە. کە هزری نەتەوەیی و کۆگرەی نەتەوەیی هەمو پێچاوە لەم کاتەدا و بە زیانێکی زۆر بۆ کورد گەڕایەوە وەکو نەتەوە.
بە هیوام میدیای کوردی زیاتر گرنگی بە مەسەلە زانستیەکان بدات لە جیاتی جنێودان و ناشیرینکردنی یەکتر و نەخوێندنەوەی یەکتر و بەکەم زانینی نوسینەکانی یەکتر. لە هەمانکات بە هیوام نەوەیەک لە میللەتی کورد پەیدا بێ دەست بۆ هەمو مەسەلە زانستیەکان ببات بە مەسەلە ناوکیەکانەوەش کە ئەمڕۆ بۆ مەسەلە خزمەتگوزاریەکان کارئاسانی زۆر دەکەن و کۆمەکی زۆری کۆمەڵگا دەکەن و دەیگەینن بە ئاستێکی بەرز. لەم نێوەشدا ئاسایشی نەتەوەیی دەبێ بەهێزو پتەوبێت بتوانێ هەموان بپارێزێ بۆ ئەمڕۆی میللەتی کورد ئەم وشانە هەر بەوشە دەمێننەوە کێ دەزانێ لە داهاتودا پایەکی پراکتیکیان نابێ. ئەگەر کاریان بۆ بکرێ بۆ نا. بەڵام ئەمە سیاسەتی دروست و ستراتیژیەکی بەهێزو رابەری دروستی نەتەوەیی دەوێ. ئەمەش ئەمڕۆ اللە یرحم و فاتیحایەکی لەسەر بخوێنن.
|
|
|