Print
 
 (8 مارس)
نوسه‌ر:  د.تاڤگە ئەحمەد میرزا
Saturday, March 8, 2014

بەدەستێک نانی‌ وشک و بەدەستێک چەپکە گوڵ، داواکاری‌ بۆ بەدیهێنانی‌ ماف...

ئەوەی‌ لای‌ سەرەوە دروشمی‌ دەستەجەمعی‌ ژنانی‌ نیویۆرک بو، کە رژانە سەرشەقامەکان لە سەرەتاکانی‌ ساڵی‌ (١٨٧٥)... ناڕەزایەتیەکان بەئاقارێک گەیشت چیدی‌ قابیلی‌ قبوڵ نەبون.

ئیدی‌ لەو رۆژەوە داواکاریەکانی‌ ژنان بەردەوامی‌ هەیەو پلە بەپلە هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی‌ ئامانجەکان دەڕۆن.

لە هەرێمی‌ کوردستان پاش (٢٣) ساڵ هێشتا ژنان لە دیرۆکی‌ نیویۆرکەوە تا بە ئەمڕۆ لەخەم نەڕەخسیون!

سەرباری‌ تەواوی‌ نەهامەتیەکان لەگشت بوارە جیاجیکاندا، ژنان سەرمەشق و توێشەبەرەی‌ خەمەکانیان لەکۆڵناوەو هێدی‌ هێدی‌ بەکاوەخۆ لەسایەی‌ سیستمێکی‌ سیاسی‌ ستەمکاردا چاوەڕێی‌ هەڵاتنی‌ خۆری‌ داواکاری‌ و مافەکانیان.

کارەساتە... لەسایەی‌ حوکمڕانی‌ کوردیدا تا بەئەمڕۆ ژنان بەتۆمەتی‌ جۆراو جۆر سەردەمی‌ زیندەبەچاڵکردن تا بەئەمڕۆ بەردەوامی‌ هەیە!

دەسەڵاتێک نەتوانێت ماف و ئازادیەکان دەستەبەر بکات.. دەسەڵاتێک خەمساردو بێ دام و دەزگاو بەدواداچون بۆ نیوەی‌ کۆمەڵگەو دایکی‌ نیوەکەی‌ تر نەکات!

رۆژانە لێرەو لەوێ دەیان کارەساتی‌ جەرگبڕو نەشیاو کە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت گوێبیست دەبین!

وەزعەکە بەئاقارێک گەیشتوە، نائارامی‌ و دڵەڕاوکێ نێوماڵی‌ هەموانی‌ گرتوە، وێڕای‌ قورسکردنی‌ ئەرکی‌ ژنان و زیادکردنی‌ ماوەی‌ کار، لەبەرامبەردا بەجۆرێک لەجۆرەکان کەم روانیین لەدەنگی‌ ژنان بەوەی‌ بۆ وەرگرتنی‌ پۆستێک بەنمونە پەرلەمان هێشتا (کۆتا) لەعێراق و لەکوردستان پەیڕەو دەکرێت!

ژنانی‌ کورد ئێستا لەچەقی‌ نەهامەتیەکاندا دەگوزەرێن و دەژین .

چ لەڕوی‌ کار، چ لەڕوی‌ قورسی‌ کار، چ لەبەشداری‌ سیاسیدا.

هێشتا مەترسییە هاوبەشەکانی‌ ژنان سەرلەبەری‌ لەنێو کۆمەڵگەی‌ کوردیدا زۆرو کەم بونیان هەیە.

بەرکەوتی‌ ژنی‌ کورد لە خراپەکاری‌ هیچی‌ کەمتر نیە لەوەی‌ کە لەدونیادا لەبەرامبەر ژن پیادە دەکرێت. کوشتن بەبیانوی‌ شەرەف، توندوتیژی‌، لاقەکردنی‌ سێکسی‌ بەزۆرە ملێ و ملهوڕی‌، سەرباری‌ ئەوەی،‌ کە سیستمی‌ سیاسی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان رێگەخۆشکەر و لاموبالات لەوەی‌ کە ویست و ئیرادەی‌ بەو ئاقارەدا رۆشتوە، نەیتوانیوە لەئاست گرنگی‌ مەسەلەی‌ ژن و ئافرەتی‌ کورد بێت لە هەرێمی‌ کوردستان.

دامەزراوەو دامودەزگاکانی‌ ئیدارەی‌ ئەم هەرێمە لەئاست ئاوات و ئامانجی‌ ژنی‌ کوردا هەنگاوی‌ عەمەلی‌ و جیدی‌ نەهاویشتوە، لێرەو لەوێ هەوڵی‌ لاڕێ و لابەلاو لەبۆنەو مەراسیمی‌ بریقەداردا بە دروشمی‌ تەلیسماوی‌ خۆیان بەشاسواری‌ داکۆکیکردن لەمافی‌ ژنانی‌ کورد زانیوە.

لێ بەکردەیی‌ ئەمان خۆیان بەشێکی‌ دانەبڕاو بون لەوەی‌ کە ئاستی‌ ژیان و ژیاری‌ ژنی‌ کورد چ لەنێو خێزان و چ لەنێو کۆمەڵگەدا کۆنترۆڵبەندیەکی‌ کۆت و بەندکراو پەیڕەو بکەن.

بەدرێژایی‌ حوکم و قەڵەمڕەوی‌ دەسەڵاتی‌ کوردی‌ گەر لەراپەڕینی‌ ١٩٩١ تا بەئەمڕۆ گوزەرێکی‌ مەکۆکی‌ و خێرا بکەین، دەیان و سەدان و بگرە بەهەزاران ژن بونەتە قوربانی‌ دەستی‌ نەبونی‌ سەروەری‌ یاساو دەقە یاساییەکانی‌ تایبەت بە یەکسانی‌ و دادی‌ کۆمەڵایەتی‌ و چونیەکی‌ رەگەزی‌ و هاوبەشی‌ سیاسی‌ و کۆمەڵایەتی‌ و ئابوری‌ سەردەستەی‌ خراپ بەکارهێنانی‌ دەسەڵاتە لەبەرامبەر ژنی‌ کورد، لەسەر دەستی‌ دامودەزگای‌ دەوڵەتمەداری‌ دەسەڵاتی‌ کوردی‌.

لە یادی‌ (٨مارس)دا.. سڵاو لەژنانی‌ قارەمان... سڵاو لەدایکی‌ شەهید.
Sbeiy.com © 2007