Print
 
 هۆشیار زێباری‌ چی‌ بۆ كورد كرد‌؟
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Wednesday, September 3, 2008

ئه‌مڕۆ پێنج ساڵی‌ ته‌واو به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونی‌ هۆشیار زێباری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق تێده‌په‌ڕێت، كه‌ رۆژی‌ 3/9/2003، وه‌ك یه‌كه‌م وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس ده‌ستبه‌كاربوو، له‌م بۆنه‌یه‌دا پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌دای‌ كاك هۆشیار زێباری‌‌و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ بكه‌ین، كه‌ ئایا ئه‌دائی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراقی‌ چۆن بووه‌و زێباری‌ له‌ پێنج ساڵی‌ رابردوودا چی‌ بۆ كورد كردووه‌؟.

دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ عێراقی‌  پێنج وه‌زاره‌تیان وه‌ك وه‌زاره‌تی‌ سیادی‌ ئه‌ژماركرد، ( دارایی‌، ناوخۆ، ده‌ره‌وه‌، به‌رگری‌، نه‌وت) كوردیش به‌پێی‌ ئیستیحقاقی‌ هه‌ڵبژاردن كه‌مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بوو یه‌كێك له‌و وه‌زاره‌ته‌ سیادییانه‌ی‌ پێبدرێت، داواو پێداگیریی‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ كردو كاك هۆشیار زێباریش له‌سه‌رده‌می‌ هه‌رچوار ده‌سه‌ڵاتی‌ (حكومه‌تی‌ كاتی‌"ئه‌نجومه‌نی‌ حوكم"، 3/9/2003، حكومه‌تی‌ گواستنه‌وه‌" ئه‌یاد عه‌لاوی‌" 28/6/2004، حكومه‌تی‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ 3/5/2005، حكومه‌تی‌ نوری‌ مالیكی‌ 20/5/2006) تا ئه‌مڕۆ له‌و پۆسته‌دا ده‌ستبه‌كاره‌.

به‌درێژایی‌ مێژوی‌ عێراق هه‌میشه‌ ئه‌و موئامه‌رانه‌ی‌ له‌ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا له‌كورد كراون، له‌رێگای‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ عێراقدا بووه‌و له‌دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عسیش كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد پێی‌ باش بوو پۆستی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌ربگرێت، به‌ئامانجی‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ بنیادی‌ ده‌وڵه‌تی‌ نوێی‌ عێراق ده‌كرێت و پێویسته‌ ئاگای‌ له‌سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ موئامه‌ره‌ی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌ كورد نه‌كرێت.

وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ پۆستێكی‌ سیادی‌ گرنگه‌، به‌پێی‌ عورفی‌ سیاسی‌‌و دیبلۆماسی‌ وه‌زیر ده‌بێت سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌كی‌ خۆی‌ دابڕێژێت‌و سیاسه‌تی‌ ناوخۆی‌ وڵاتیش هه‌ر له‌رێگه‌ی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه‌ ته‌مسیل‌و ته‌رجه‌مه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت. به‌ڵام كاك هۆشیار زێباری‌ له‌ماوه‌ی‌ پێنج ساڵی‌ ده‌ستبه‌كاربوونیدا نه‌یتوانوه‌ هه‌لی‌ گرنگ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد بقۆزێته‌وه‌و نه‌شیتوانیوه‌ هه‌ندێك كاری‌ گرنگ و ستراتیژی‌ بۆ كورد بكات:

*زێباری‌ له‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 2003  كه‌وه‌ك وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ به‌شداری‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ كرد له‌ نیویۆرك، وتارێكی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی‌ سیاسی‌‌و مرۆیی‌ پێشترو ئه‌وكاته‌ی‌ عێراقی‌ پێشكه‌ش كردوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی كیمیاباران‌و جینۆسایدی‌ گه‌لی‌ كوردستانی‌  نه‌كردو وه‌ك عێراقییه‌كی‌ دوور له‌و واقیعه‌ی‌ روویدابوو قسه‌یكرد، كه‌ ده‌بوو له‌وكاته‌دا به‌زه‌قی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ كورد له‌رابردوو بكردایه‌.

* تائێستا زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌ب كورد به‌ تێكده‌رو هۆكاری‌ ناسه‌قامگیری‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ عێراق ده‌زانن، زێباریش نه‌یتوانیوه‌ كورد وه‌ك فاكته‌ری‌ بنیاتنانه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت‌و سه‌قامگیری‌ ره‌وشی‌ ئه‌منی‌‌و سیاسی‌ عێراق بناسێنێت.

* بۆ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ زۆر ئاسانبوو، كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و پێنج ساڵه‌ی‌ ده‌ستبه‌كاربوونیدا چه‌ندین كۆنگره‌و سیمینارو توێژینه‌وه‌ی‌ ئه‌كادیمی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی‌ كورد ئه‌نجامبدایه‌، به‌ڵام نه‌یكردووه‌ و نازانرێت بۆ؟.

* زێباری‌ له‌كاتی‌ چوونی‌ بۆ وڵاتان، بۆئه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌ ره‌سمییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌نگ و شه‌رعییه‌تی‌ زیاتریان هه‌بێت ، ده‌بوایه‌ سه‌ردانی‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییانه‌ بكات، به‌نموونه‌، ئه‌مریكاو به‌ریتانیا، به‌ڵام  تائێستا نه‌یكردووه‌ و گرنگ بوو له‌م بواره‌دا ده‌ستپێشخه‌ر بوایه‌.

*تائێستا له‌ زۆرێك له‌سه‌فاره‌ته‌ گرنگه‌كانی‌ عێراقدا، دیبلۆماتكارانی‌ كورد بوونیان ده‌گمه‌نه‌و به‌گوێره‌ی‌ زانیاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگاداریش له‌ وڵاتێكی‌ دراوسێی‌ گرنگی‌ وه‌ك كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران هیچ كوردێك له‌ سافاره‌تی‌ عێراق له‌تاران بوونی‌ نییه‌.

*زێباری‌ ئه‌ندام مه‌كته‌ب سیاسی‌ پارتی‌، كه‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ ئه‌و پۆسته‌ی‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام له‌وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا زۆرترین كارمه‌ندی‌ سه‌ربه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ داناوه‌، كه‌ له‌زۆرێك له‌ ۆرك شۆپه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش به‌شداری‌ كارایان پێده‌كات كه‌ له‌مه‌یاندا حیزب سودمه‌نده‌ نه‌ك گه‌لی‌ كورد.

ره‌نگه‌ بێئینسافی‌ بێت بڵێین سه‌رۆكی‌ دیبلۆماسییه‌تی‌ عێراقی‌ هیچی‌ بۆ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق  نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌ی‌ چی‌ بۆ كورد كردووه‌؟.

 

Sbeiy.com © 2007