|
گۆڕان و هزری نه‌ته‌وه و ناوچه دابڕێنراوه‌کان |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Thursday, March 20, 2014 |
هزری نه‌ته‌وه‌یی گۆڕان و مه‌وداکه‌ی له گه‌ڵ خه‌ڵکدا
وێرای ئه‌وه‌ی رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه زۆر به‌رینتر و قوڵتر و ئه‌سته‌مترن له گۆڕانکاری به ئاراسته‌ی چاکسازی و گۆڕینی ریشه‌یی سیسته‌می سیاسی و حوکمرانی له به‌شێکی بچوکی کوردستانی گه‌وره، وه‌لێ ئه‌م بابه‌تانه له گه‌ڵ یه‌کتردا له په‌یوه‌ندیه‌کی زیندوی نهبچراودان، به‌ڵام مه‌رج نیه ئه‌م په‌یوه‌ندیه سروشتیه که ئه‌و چه‌مکانه‌ی به‌یه‌که‌وه گرێداوه هاوکات زامنی کاریگه‌ریه هاوتهریبیهکان بێت له سه‌ریان.
لێره‌وه مه‌ودایه‌کی فکری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی له ره‌نگدانه‌وه‌ی هزری نه‌ته‌وه‌یی گۆڕان به‌سه‌ر خه‌ڵکدا به‌رچاوه و هه‌ستیشی پێده‌کرێت. کاتێک ئه‌م مه‌ودایه لای هێزه کلاسیکیه‌کان به‌رچاو ده‌که‌وێت ده‌بێته مایه‌ی په‌رته‌وازه‌بون و ناکۆکی و هه‌ڵوه‌رین، چونکه هزری نه‌ته‌وه‌ییان به‌ڕاده‌یه‌ک ره‌گ و ریشه‌ی داکوتیوه بواری ئاودانی ده‌سکاری و گۆڕانکاری و نوێبونه‌وه‌ی راسته‌قینه به‌ئه‌سته‌م ده‌دات.
دروست نیه ئه‌م مه‌ودایه وا لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکرێت که گۆڕان دوره‌په‌رێز خۆی له کێشه و بوئره گه‌رمه‌کانی کوردایه‌تی راگرتوه. له مه‌دای دوردا ئه‌م مه‌ودایه زه‌مینه بۆ هۆشیاربونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆشه ده‌کات، چونکه مرۆڤ ناتوانێت ته‌نها بهکهرهسهکانی نه‌ته‌وه بژیت.
هه‌رچه‌نده به‌شی به‌رچاوی به‌رپرس و هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان گۆشه‌کراوی خه‌باتی حیزبی و پێشمه‌رگایه‌تی بۆ مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانن، ناشێت ئه‌و راستیه به‌رچاو نه‌گیرێت که گۆڕان به‌پێچه‌وانه‌ی هێزه‌کانی تر له باشوری کوردستان زاده‌ی سه‌رده‌می چه‌وساندنه‌وه و سته‌مکاری نه‌ته‌وه‌یی نیه، له دۆخێک‌دا هاتۆته دنیاوه به‌شێک له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌دیهێنراون و مه‌ترسی راسته‌وخۆ وه‌ک له رابوردو له‌سه‌ر باشوری کوردستان نیه و زه‌مینه‌یه‌کی سه‌رهه‌ڵدانیشی ناڕه‌زاییه به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵی. لێره‌دا ناشێت باز بده‌ین به‌سه‌ر راستیه‌کدا، ئه‌ویش کاتێک خه‌ڵک به‌رامبه‌ر دیموکراسی په‌رله‌مانی و حوکمڕانی خۆماڵی خۆی بوه‌ستێته‌وه ئه‌وه ئاماژه‌یه‌کی زه‌قه که ئه‌و دیموکراسی و حوکمڕانیه ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی سه‌روه‌ری میلله‌تێک نین.
بۆیه ژێرخانی نه‌ته‌وه‌یی گۆڕان و هزرهکهشی تا سه‌ر ئێسک پابه‌ندی که‌له‌پوری مێژو نین و جیاوازیشیان له گه‌ڵ ئه‌وانی تردا به‌دی ده‌کرێن. به‌هۆی باڵاده‌ستی هێزه کلاسیکیه‌کان و که‌له‌پوری نه‌ته‌وه‌ییانه‌وه ئه‌و مه‌ودا و جیاوازیه زیاتر زه‌قتر و به‌رچاوترن له‌و ناوچانه‌ی کوردستان که تا ئه‌م ساته‌ش به‌ده‌ست زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ده‌ناڵێنن و به‌فه‌رمی نه‌بونه‌ته به‌شێک له پێناسه‌ی ناوچه‌کانی تری باشور، که له هه‌رێمی کوردستاندا کۆکراونه‌ته‌وه.
گۆڕان له ناوچه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمدا ئاراسته‌ی ململانێکانی له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا زیاتر له بواره‌کانی شێوازی حوکمڕانی و خۆسه‌پاندنی حیزبی و ئیداری و گه‌نده‌ڵی و پێشیلکردنی ئازادیه‌کاندا به‌ڕێوه ده‌بات.
ده‌شێت له‌م راستیانه‌وه هێڵێکی ئه‌ستور به‌ژێر چه‌ند خاڵێکدا راکێشین:
یه‌که‌م: هێزه کلاسیکیه‌کان که ره‌گ و ریشه‌ی مێژویی و حیزبی به‌هێزیان له ناوچه دابڕێنراوه‌کان هه‌یه به دو ئاراسته‌ی هۆمۆجین (له‌یه‌کچو) په‌یامی نه‌ته‌وه‌ییان له دو به‌شه‌که‌ی باشوری کوردستان به‌یان ده‌که‌ن (جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140، که‌رکوک دڵ و قودسی کوردستانه، به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تێرۆر له‌و ناوچانه، ده‌ستور پێوه‌ری چاره‌ی کێشه‌کانه له گه‌ڵ به‌غدا ...تاد).
دوه‌م: هه‌ردو هێزی ده‌سه‌ڵات به‌رێگه‌ی ئیداری و حیزبیه‌وه و به پاره‌یه‌کی زۆر و هێزێکی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه و ده‌زگا تایبه‌ته‌کانه‌وه له‌و دو به‌شه کارده‌که‌ن، ئه‌وه‌ی له ناوچه دابڕێنراوه‌کان لاوازی کردون، بێجگه له ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی عێراق، ناکۆکی و ململانێ حیزبی و ئیداریهکانیانه که له که‌رکوک زۆر زه‌ق و به‌رچاون.
سێیه‌م: گۆڕان له ناوچه دابڕێنراوه‌کان له‌نێو به‌رداشی کلاسیکی و دورنمای بۆ ئاینده که‌وته گێژاوه‌وه، له ئاکامدا نه‌یتوانی په‌یامێکی گونجاو به‌قه‌د باڵای خۆی له‌و ناوچانه رابگه‌یه‌نێت، له‌یه‌که‌م تاقیکردنه‌وه‌یدا له هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ساڵی 2010 توشی شکستێکی به‌رچاو بو. له هه‌مانکاتیشدا په‌له‌ی کرد، هه‌ڵپه‌یه‌کی چاوچنۆکانه‌ی پێوه دیاربو و خۆی دروست رێک نهخستبو و کادری لێهاتوشی وه‌ک پێویست نه‌بو.
سه‌باره‌ت به خاڵی سێیه‌م ئه‌م راپۆرته ده‌خه‌مه به‌رچاو:
له راپۆرتێکی تایبه‌ت و نهێنی ژماره BAGHDAD 003319 ی تیمی ئه‌مەریکا بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی که‌رکوک له به‌رواری 23-12-2009 (پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق) و به‌ناونیشانی: ئایا گۆڕان له که‌رکوک به‌هێز ده‌بێت؟ هاتوه:
- له دیدی که‌رکوکیه‌کان و که‌سانی سیاسی که‌رکوکه‌وه گۆڕان وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی رۆشنبیری بێده‌سه‌ڵات ده‌بینرێت، به‌شێک له ئه‌ندامانی گۆڕان له که‌رکوک، زۆربه‌یان ئه‌ندامی یه‌کێتی بون، له به‌رپرسه باڵاکانی یه‌کێتی ناڕازین به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و شهڕومهرافهی نێوانیان، بۆیه رویان له گۆڕان کردوه.
- ئه‌جندای گۆڕان بۆ خه‌ڵکی که‌رکوک ته‌رکیزی له باشکردنی خزمه‌تگوزاریه‌کان بۆ دانیشتوان ده‌کات.
- پێده‌چیت گۆڕان سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی له ته‌مموزی 2009دا بۆ په‌رله‌مانی کوردستان به‌کاربهێنێت تا زیاتر پێگه‌ی نه‌یاره‌کانی له که‌رکوک له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئاینده بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لاواز بکات. گۆڕان ته‌رکیزی کردۆته سه‌ر که‌می خزمه‌تگوزاریه بنه‌ڕه‌تیه‌کان و جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140. وێرای ناڕه‌زاییه‌کی به‌رفراوانی که‌رکوکیه‌کان سه‌باره‌ت به کاره‌کانی یه‌کێتی وه‌ک هێزی سه‌ره‌کی حوکمڕانی پارێزگاکه زۆر زه‌حمه‌ته گۆڕان سود له‌م دۆخه بکات.
له‌دوا کۆمێنتی راپۆرته‌که‌دا هاتوه:
گۆڕان له که‌رکوک وه‌ک سلێمانی نیه که رێکخستنی به‌هێزتره، جه‌ماوه‌ری زیاتره و پلاتفۆرمێکی به‌رینی بۆ ره‌خنه و ناڕه‌زایی هه‌یه، لێره هێشتا له‌سه‌ر پێی خۆی نه‌وه‌ستاوه. بێجگه له‌م فاکتۆرانه سه‌رچاوه‌ی دارایی زۆر سنورداره. تا چ راده‌یه‌ک گۆڕان ده‌توانێت پێگه‌ی خۆی له که‌رکوک به‌هێز بکات پابه‌نده به توانای تا چ ئاستێک ده‌توانێت جیاوازیه‌کانی له گه‌ڵ یه‌کێتیدا به‌رجه‌سته بکات و ئه‌جێندایه‌ک ساز بکات گه‌وره‌تر له‌وه‌ی ته‌نها به‌ره‌نگاری دۆخی ئێستا ببیێتهو و به به‌رپرسانی زیاتر شوێنی متمانه‌ی خه‌ڵک پێناسه‌ی خۆی بکات. (کۆتایی راپۆرت).
هزری نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیزم له باشور
هزری زاڵبو به‌سه‌ر ناسیۆنالیزمی کوردی‌دا له باشور له سه‌ده‌ی رابوردو و تا ئه‌م ساته‌ش ناسیۆنالیزمی میللیه، که تێیدا نه‌ته‌وه له ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی گرنگتره. شێخ مەحمودی نه‌مر توانی بۆ ماوه‌یه‌ک ئه‌م هاوکێشه‌یه تێپه‌ڕێنێت، به‌هۆی فاکته‌ره ده‌ره‌کی و ناوخۆییه‌کانه‌وه سه‌رکه‌وتو نه‌بو، دواتر خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا به‌سود وه‌رگرتن له ناکۆکیه‌کانی ناوچه‌که هه‌وڵێکی دا له‌و چوارچێوه‌یه ده‌رچێت، به‌ڵام شکستی هێنا، چی مام جەلاله له ئه‌رزی واقیعدا پێشه‌نگی هزری ناسیۆنالیزمی میللی کردوه و به‌رگریشی لێکردوه (ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌ونی شاعیرانه). له‌م هزره‌دا زه‌مینه‌ی هاوبه‌شی زمان و کەلتور و مێژو گرنگن و مه‌رجیش نیه ئایین و مه‌زهه‌ب یه‌ک بن یاخود پێکهاته‌کانی هزره‌که وه‌ک یه‌ک بیر له هه‌مان پانتایی خاک بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌ت بکه‌نه‌وه.
ئه‌زمونه‌کانی شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی هه‌ڵسانه‌وه ده‌یسه‌لمێنن ئه‌م هزره زۆربه‌ی جار به‌هۆکاری ( ئه‌وانی تر “ OTHERS “ – لێره‌دا رژێمه جیاکانی عێراق دژ به مافه‌کانی کورد) پێناسه و پێگه‌ی خۆی به‌هێز کردوه. ئه‌م هزره تا ئه‌م ساته‌ش نه‌یتوانیوه له‌و چه‌قبه‌ستوه مێژوییه قوتاری بێت و وه‌ک نمونه‌کانی ناسیۆنالیزمی میللی له یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و یۆگۆسلاڤیای جاران به‌ره‌و ناسیۆنالیزمی ده‌وڵه‌ت بڕوات.
له به‌رامبه‌ردا هزری ناسیۆنالیزمی ده‌وڵه‌ت له باشور تا ئه‌م ساته‌ش نه‌بۆته ته‌وه‌ری کۆده‌نگی هێزه سیاسیه‌کان، له جیاتی ئه‌وه به حوکمڕانی فیدراڵی له چوارچێوه‌ی عێراقدا گیرساونه‌ته‌وه و پێڕه‌وی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن بۆ دروستکردنی حوکمڕانیه‌کی لۆکا‌ڵی په‌رته‌وازه له‌سه‌ر به‌شێک له خاکی نه‌ته‌وه‌یی. چه‌ند به‌ڵگه و دۆکیۆمێنتێک ئاماژه ده‌که‌ن به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی، تایبه‌ت سه‌رۆکی پارتی، مسعود بارزانی، کێشه‌یان نه‌بێت له گه‌ڵ دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی له پاناتاییهکی جوگرافی زۆر سنورداردا. له ئێستادا به به‌گه‌ڕخستنی پرسی نه‌وت و گازی کوردستان هزری ناسیۆنالیزمی ده‌وڵه‌ت له بوژاندنه‌وه‌دایه، کورد له باشور زۆربه‌ی که‌ره‌سه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی ده‌وڵه‌تی ساز کردوه (حکومه‌ت و هێزی چه‌کدار و په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی) و دابینکردنی ژێرخانی ئابوری خۆماڵی شاده‌ماری ئه‌و پرسه‌یه.
کاتێک ئاورێک له هزری ناسیۆنالیزمی سیاسی له باشور ده‌ده‌ینه‌وه، ده‌بینین له‌دوای روخاندنی سه‌دام لایه‌نێکی ئه‌م هزره باڵاده‌ستی خۆی نواندوه، تایبه‌ت له رێکه‌وتنی ستراتیژیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه و دواتر له نزیکبونه‌وه و دیالۆگ له گه‌ڵ ئۆپزسیۆندا. کۆی گشتی ئه‌م کار و هه‌وڵه هه‌مه لایه‌نانه (له ئێستادا له چه‌مکی حکومه‌تی بنکه‌فراواندا چڕبۆته‌وه) له سایه‌ی ئه‌م هزره‌دا به‌ئامانجی سازدانی کۆده‌نگی و سیاسه‌تێکی تایبه‌تی هاوبه‌شیشه سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌کان. به‌هۆی تێکه‌ڵ و پێکهڵبونی چه‌مکه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و زاڵبونی نیه‌تی خۆسه‌پاندن و قۆرخکردن و به‌رژه‌وه‌ندیه حیزبیه‌کان ده‌بینین ئه‌و هه‌وڵانه ئامانجیان نه‌پێکاوه. له ئێستاشدا و له‌به‌ر رۆشنایی هه‌ڵبژاردن و ئاکامه‌کانی به‌هۆکاری خۆپه‌رستی حیزبی و بێمتمانه‌ییه‌وه نه‌توانراوه هزری ناسیۆنالیزمی سیاسی رێگه خۆشکه‌رێک بێت بۆ ئاراسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی تر. ده‌شێت بوترێت ناسیۆنالیزمی سیاسی له باشور تا ئه‌م ساته‌ش زۆر له‌رزۆک و په‌رته‌وازه‌یه، هه‌ر لایه‌نێک له‌و پلاتفۆرمه سیاسیانه له ئاوازێک ده‌خوێنێت، هه‌ڵوێست و ره‌فتاری لایه‌نه سیاسیه‌کان به‌رامبه‌ر کێشه‌کانی ئه‌م دواییه له گه‌ڵ به‌غدا ئه‌و لهرزۆکیه ده‌سه‌لمێنن و قوڵتری ده‌که‌نه‌وه.
گۆڕان وه‌ک هێزه‌کانی تری باشور هزری ناسیۆنالیزمی میللی کردۆته به‌شیکی به‌رنامه‌که‌ی و له روی سیاسیشه‌وه تا ئه‌م ساته زیاتر به‌رنامه چاکسازیه‌که‌ی باڵاده‌سته، هه‌رچه‌نده له رێگه‌ی فراکسیۆنه‌که‌ی له به‌غدا هه‌وڵی داوه پلاتفۆرمی نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ر حیزبی‌دا زاڵ بێت، به‌ڵام وه‌ک ده‌وترێت چه‌پڵه به‌یه‌ک ده‌ست لێ‌نادرێت بۆیه هه‌وڵه‌کان ئاکامی کۆنکرێتیان نه‌بوه.
گۆڕان و ناوچه دابڕێنراوه‌کان
له ناوچه دابرێنراوه‌كانی باشوری کوردستان، تایبه‌ت له که‌رکوک. رۆژانه و تایبه‌ت قوربانیانی كاره‌ساته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له ئه‌نفال و كیمیاباران و راگواستنه‌وه‌ی زۆره‌ملی و قوربانیانی شه‌ره شومه‌كانی ناوخۆ كه‌وتونه‌ته نێو به‌رداشی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه کوردیه‌کان وشوڤێنیهتی پێكهاته‌كانی تری ناوچه‌كانیان و شاڵاوی گروپه تێرۆریسته‌کان و دژایه‌تیکردنی حکومه‌تی به‌غداد لێیان، به‌رده‌وام ده‌نگی پرۆتێست وناره‌زایی به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان دهردهدبڕن.
له هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ساڵی 2010، به‌چه‌ند مانگێک دوای سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی گۆڕان له هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان، گۆڕان نه‌یتوانی یه‌ک کورسی به‌ده‌ست بهیێنێت. دواتر له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ناوچه دابراوه‌کانی تر له خانه‌قین و توزخورماتو و چه‌ند شوێنێکی تر گۆڕان نه‌یتوانی پێگه‌ی خۆی بپارێزێت و توشی داشکان بو. ئه‌م ئاکامانه پرسیارێکی بنه‌ره‌تیان سه‌پاند:
هۆکاره‌کان چین؟
ئایا ده‌شێت گۆڕان به دو زمانی جیاواز په‌یامی خۆی بۆ هه‌ریـمی کوردستان و ناوچه دابراوه‌کان رابگه‌یه‌نێت؟ ئایا کورده‌کانی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی زۆر جیاوازترن له یه‌کتر که گۆڕان ده‌رکی پێنه‌کردبێت؟ ئایا باڵاده‌ستی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات له حوکمرانی و توانای ئیداری و داراییان و مێژوی دێرینیان له‌و ناوچانه رێگر بون له به‌رده‌م گۆڕان؟ و چه‌ند پرسیارێکی تر.
له هه‌مانکاتیشدا مایه‌ی پرسیار و وردکردنهوهیه که به‌شێکی به‌رپرسانی حیزبی و ئیداری له یه‌کێتی و پارتی له‌و ناوچانه به‌رۆژی نیوه‌ڕۆ سه‌رقاڵی گه‌نده‌ڵی و بازرگانی ناره‌وا و داگیرکردنی موڵكه گشتیه‌کان بون و له نێو خۆشیاندا شیر و تیر له یه‌کتر ده‌سون که‌چی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا متمانه‌یان پێبه‌خشیون. ئه‌مه‌ش بۆخۆی پرسیاری ره‌ها سه‌باره‌ت بهخهلهل و که‌لێنی نه‌ته‌وه‌یی له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌سه‌پێنێت.
هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی گۆڕان له‌وه‌دا نه‌بو که په‌یامێکی مهدادوری دروستی بۆ ئه‌و ناوچانه نه‌بو، وه‌ک هاوڵاتیبون و پێکه‌وه‌ژیانی پێکهاته‌کانی ئه‌و ناوچانه و جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140، به‌ڵکو بۆ مه‌دای نزیک وه‌ستانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به دو هێزه‌که‌ی ده‌سه‌لات له‌و ناوچانه به‌نیه‌تی گه‌وره‌بونی له‌سه‌ر حسابی ئه‌وان و سوراندنه‌وه‌ی بێهوده‌ی له بازنه‌ی پێداگریی له دروشمی چاکسازی و گۆڕانکاری له ئیداره‌ی ئه‌و ناوچانه، که وێرای بێسه‌ر و به‌ری و گهندهڵبونیان تاکه ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی کوردین، ره‌نگدانه‌وه‌ی کاڵفامیهکی گه‌وره بو و له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌و بابه‌تانه هه‌م و کێشه‌ی سه‌ره‌کی کورده‌کانی ئه‌و ناوچانه نه‌بون.
ده‌بوا گۆڕان ده‌رکی به‌وه بکردایه به‌گیرفانی به‌تاڵه‌وه، بهدهسهڵاتێکهوه پۆلیسێک و مجهورێكی پێ دانهمهزرێنرێ، کاریگه‌ری له سه‌ر کارمه‌ندێکی پۆلیس و ئاسایش نه‌بێت بۆ پاراستنی ژیان و موڵکی هاوڵاتیان، باره‌گایه‌کی نه‌بێت یارمه‌تی دو لێقه‌وماو و دو په‌ککه‌وته و که‌سوکاری ئه‌نفالکراوان بدات و له حکومه‌تی به‌غدا ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌رێکی مامنهوهندی نه‌بێت دو کار ههڵسورێنێت، ئه‌وا خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه سه‌یری به‌رنامه‌ی چاکسازی و گۆڕانکاری وه‌ک نوشته و دوعای عاشقێکی سه‌رگه‌رم ده‌که‌ن.
خه‌له‌ل و که‌لێنی نه‌ته‌وه‌یی
متمانه‌دان به دو هێزه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات له‌و ناوچانه مانای ئه‌وه نیه هزری نه‌ته‌وه‌ییان زۆر دروست و بێگه‌رد بوبێت، له کاتێکدا شهر و مه‌رافه‌ی ئه‌و دو هێزه له‌و ناوچانه و سازشکردنی به‌ڵگه‌داریان له‌سه‌ر ماده‌ی 140 به‌رامبه‌ر ئیمتیازی نه‌وت و بازرگانی و پله‌ی باڵا له حکومه‌تی عێراقدا بۆ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه نهێنی نین. بۆیه گوناه و خه‌تاباری خه‌له‌لی نه‌ته‌وه‌یی له‌م قۆناغه‌دا له‌و ناوچانه ته‌نها نه‌که‌وتۆته ئه‌ستۆێ ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌ڵکو خه‌ڵکه‌که‌ش پشکی به‌رچاویان هه‌یه له خهستترکردنهوه و درێژه‌دان به‌و خه‌له‌له کاتێک متمانه‌یان پێده‌به‌خشن.
بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئایندهی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له 30 نیسانی داهاتودا ده‌بێت گۆڕان سود له هه‌ڵه و که‌موکورتیه‌کانی پێشوی له‌و ناوچانه بکات. راستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره که سه‌رکه‌وتنی کورد له‌و ناوچانه خاڵی بنه‌ره‌تیه، هێزه‌کان ده‌بێت به‌یه‌که‌وه یا جیا له یه‌کتر کاربکه‌ن که گه‌وره‌ترین پشکی خۆیان بۆ سه‌رکه‌وتنی کورد به‌ده‌ست بهێنن.
ده‌رکه‌وت له ناوچه‌یه‌کی وا گرنگ و هه‌ستیاری باشوردا دو هێزه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات ئاماده نه‌بون به‌هۆی کێشه‌ی لاوه‌کیه‌وه پلاتفۆرمێکی سیاسی کاتی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان ساز بده‌ن، بۆیه پێویسته گۆڕان خۆی نههاوێژێته نێو ئه‌م ئاگره‌وه و هه‌مو وزه و تواناکانی بۆ کارنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و ئیداری له‌و ناوچانه بخاته گه‌ر تا له مه‌قامی یه‌که‌مدا زۆرینه‌ی کورد به‌ده‌ست بهێنرێت و دواتر بیر له زۆرینه‌ی چاکسازی و گۆڕانکاری بکرێته‌وه. |
|
|