Print
 
 سه‌ندیكای‌ پزیشكانی‌ كوردستان لقی‌ سلێمانی‌ یاخود فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ سلێمانی‌ دوه‌م
نوسه‌ر:  د.محه‌مه‌د ئه‌مین
Monday, March 31, 2014

 له‌لای‌ من سه‌ندیكای‌ پزیشكان رێكخراوێكی‌ پیشه‌ییه‌ نه‌ك حیزبێكی‌ سیاسی‌ یا ده‌وڵه‌ت، گردبونه‌وه‌یه‌كی‌ پیشه‌ییه‌ نه‌ك ئایدۆلۆجی‌ و فیكری‌.

كاری‌ سه‌ندیكا به‌رگریكردنه‌ له‌ماف و ئازادی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ بۆ پزیشكان، بریتیه‌ له‌داڕشتنی‌ سیاسه‌تێك كه‌ ماف و ئازادی‌ پزیشكان بخاته‌ پێش مافی‌ حیزب و ده‌وڵه‌ت .

سه‌ندیكا موڵكی‌ هیج لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ نییه‌ بێجگه‌له‌خودی‌ پزیشكان، هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ وه‌ك لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كاری‌ كۆنگره‌ به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ بڕیارماندا هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌مان به‌شێوازی‌ تاكه‌كه‌س بێت بۆ وه‌لانانی‌  ده‌ستی‌ حیزب و باڵ وتاقمه‌كانی‌ له‌كاروباری‌ پزیشكان و پیشه‌ی‌ پزیشكی.

ئێمه‌ی پزیشك دژی‌ هیچ حیزب و ئایدۆلۆجیایه‌ك نین، دژی‌ هیچ تاكێكی‌ كۆمه‌ڵگانین هه‌ڵگری‌ ئایدۆلۆجیایه‌كی‌ تاییبه‌ت بێت یاخود ئه‌ندامی‌ پارتێكی‌ سیاسی‌ بێت، زۆر ئاساییه‌ پزیشكێك سه‌ر به‌حیزبێكی‌ دیاریكراوبێت به‌مه‌رجێك كۆیله‌ی‌ حیزب وتاقمه‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كه‌ی‌ نه‌بێت و كاره‌ حیزبیه‌كه‌ی‌ تێكه‌ڵ به‌كاره‌ رێكخراوه‌ییه‌كه‌ی‌ نه‌كات و پزیشكان و پیشه‌ پزیشكییه‌كه‌ سوك و ریسوانه‌كات.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و بڕیاره‌ بوێره‌ی‌ لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كاری‌ كۆنگره‌ كه ‌ویست و خواستی‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ پزیشكانه‌ (هه‌ڵبژاردنی‌ پزیشكان به‌شێوازی‌ تاكه‌كه‌س) به‌ڵام كه‌مایه‌تیه‌كی‌ زۆركه‌م كه‌ له‌چه‌ند په‌نجه‌ی ده‌ستێك زیاتر نابن به‌زۆر ئه‌یانه‌وێت بمانخه‌نه‌وه‌ باوه‌شی‌ حیزب و حیزبایه‌تیكردن دور له‌به‌ها ئه‌خلاقی‌ و مرۆڤایه‌تیه‌كه‌ی‌ ئه‌یانه‌وێ‌ به‌هه‌چ شێوه‌یه‌ك بێت هه‌ڵبژاردن و ئاماده‌كاری‌ بۆ كۆنگره‌ی‌ داهاتو دوابخه‌ن .

به‌ڕاستی‌ زۆر سه‌رسام بوم به‌بینینی‌ ناوی‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ زۆنی‌ سه‌وز له‌لیستی‌ پزیشكه‌ كاندیدكراوه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ندیكای‌ پزیشكان لقی‌ سلێمانی‌، بۆ چه‌ند ساتێك واهه‌ستمكرد ئه‌شێ‌ من هه‌ڵه‌بم ئه‌مه ‌لیستی‌ ئه‌و پزیشكانه‌ نه‌بێت كه ‌خۆیان كاندیدكردوه‌ بۆ سه‌ندیكای‌ پزیشكانی‌ داهاتو به‌ڵكو لیستی‌ به‌رپرسه‌ ته‌ندروستیه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی زۆنی‌ سه‌وزه‌ .

ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌نه‌بم ئه‌م بیروبۆچون و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ندیكای‌ پزیشكان و تێكه‌ڵكردنی‌ زۆر له‌ڕاستیه‌كان خۆی‌ له‌سێ‌ راستی‌ حاشاهه‌ڵنه‌گر زیاتر نابینێته‌وه‌ .

یه‌كه‌م راستی‌: یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان متمانه‌ی‌ به‌پزیشكان نه‌ماوه‌  هه‌روه‌ك زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری‌ پزیشكان متمانه‌یان به‌یه‌كێتی‌ و به‌رپرسه‌كانی‌ نه‌ماوه‌ له‌ده‌رئه‌نجامی‌ خراپ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ و ناعه‌داله‌تی‌ وتاقم تاقمێنه‌، نه‌ك حیزب حیزبێنه‌ش، تا ئه‌و ئاسته‌ی‌ زۆرێك له‌یه‌كێتیه‌ خاوه‌ن بڕواكان كه ‌تائێستاش له‌ناو یه‌كێتیدا ماون هیچ بڕوایه‌كیان به‌ریفۆرم و گۆڕانكاری‌ نه‌ماوه‌ و هه‌رناچن بۆ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان.

دوه‌م راستی‌: یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان سه‌نته‌ری‌ یاخود مه‌ركه‌زیه‌تی‌ بڕیاری‌ نه‌ماوه‌! هه‌رباڵه‌و به‌جۆرێك بیرده‌كاته‌وه‌و بڕیارده‌ده‌ات، له‌هه‌ولێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن نین، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌سلێمانی‌ تائێستا به‌سه‌رزاره‌كی‌ له‌گه‌ڵیدان و بێئاگایی‌ خۆیان ده‌رده‌بڕن سه‌باره‌ت به‌نه‌كردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌كه‌یانه‌وه‌، به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ ته‌ندروستی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌په‌یوه‌ندیه‌كی‌ ته‌له‌فونیدا پێی‌ وتم ئه‌رێ‌ راسته‌ ئه‌ڵێن پارتی‌ هه‌ڵبژاردن دوائه‌خات؟ منیش له‌وه‌ڵامدا پێمڕاگه‌یاند ئه‌مه‌ دوره‌ له‌ڕاستیه‌وه‌، به‌ڵكو براده‌ره‌كانی‌ خۆتانن نایانه‌وێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، زۆر به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ بێئاگایی‌ خۆی‌ پیشاندا (ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ گه‌مه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ نێوه‌ندی‌ خۆیان نه‌بێت! هه‌رچه‌نده‌ من ئه‌مه‌ به‌دور ده‌زانم، چونكه‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ باڵه‌كان گه‌یشتۆته‌ ئه‌وپه‌ڕی).

سێهه‌م راستی‌: یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ڕێگای‌ به‌كۆپیكردنی‌ به‌رپرسه‌كانی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ سه‌ندیكای‌ داهاتو ئه‌یه‌وێ‌ پزیشكان به‌زۆر هانبدات ده‌نگ بده‌ن به‌كاندیده‌ حیزبیه‌كانی و سه‌ندیكاش به‌حیزبی‌ بكه‌ن به‌زه‌بری‌ ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌ی‌ ئێستا هه‌یانه‌ له‌ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كان .

به‌هه‌رحاڵ بارودۆخی‌ پزیشكان زۆر به ‌ته‌ندروستر ده‌بینم وه‌ك له‌وه‌ی‌ هه‌ندێك حیزب و پارتی‌ سیاسی‌ ده‌یبینێت و ئه‌یانه‌وێ‌ له‌ڕێگای‌ چه‌ند پزیشكێكه‌وه‌ جارێكی‌ تر بمانكه‌مه‌وه‌ به‌پاشكۆی‌ حیزب و پارته‌سیاسیه‌كان، گۆڕانكارییه‌كی‌ ئه‌وتۆ له‌ئارادایه‌ كه ‌ئه‌سته‌مه‌ سه‌ندیكاكه‌مان به‌حیزبی بكرێت .

بۆیه‌ داوا له‌پزیشكان ده‌كه‌م وه‌ك پزیشك و پیشه‌ پزیشكیه‌كه‌ بیربكه‌نه‌وه‌، دور له‌هه‌ر ئینتمایه‌كه‌ی‌ حیزبی‌ ده‌نگ بده‌ن به‌و كاندیده‌ی‌ به‌رگریتان لێده‌كات و خواست و ئازادی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ و مافه‌كانتان ئه‌هێنێته‌دی‌  .

Sbeiy.com © 2007