Print
 
 که‌رکوک و چیرۆکه‌کانی (8)
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Tuesday, April 1, 2014
به‌ڵێنه‌کان دوباره‌ ده‌بنه‌وه‌
ئه‌گه‌ر دوای 11 ساڵ له‌روخانی به‌عس له‌که‌رکوک به‌ به‌ڵێنه‌کانی به‌رپرسه‌ کورده‌کاندا (په‌رله‌مانتاران و ئیداره‌ی که‌رکوک و هێزه‌ ئه‌منیه‌کان)دا بچینه‌وه‌‌، ده‌بینین تا ئه‌مڕۆ که‌ نزیکه‌ی 30 رۆژی ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق هه‌مان به‌ڵێنه‌کانی رابردو به‌ به‌رگێکی تازه و له‌زاری یه‌کێکی دیکه‌وه‌ دوباره‌ ده‌بنه‌وه‌. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م به‌ڵێنانه‌ حکومه‌تی عێراق به‌ به‌رچاوی به‌رپرسانی کورده‌وه‌ له‌به‌غداو هه‌رێم ناو به‌ناو بڕیاری تازه‌ دژ به‌ که‌رکوک و دزینی سیمای کوردستانیبونی ئه‌م شاره‌ ده‌رده‌کات. دوا بڕیاری پێدانی ناسنا‌مه‌ی هاوڵاتی به‌ هه‌ر عێراقیه‌ک که‌ 10 ساڵ له‌و شاره‌ بژێت. ئه‌مه‌و دوای 11 ساڵ تاپۆی خانو و موڵکی کورد له‌که‌رکوک نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و هێشتا ئه‌م تاپۆیانه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی به‌رگری و دارایی عێراقه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ کورد له‌ که‌رکوک کرێچییە!.

یه‌کێ له‌م کرێچیانه‌ که‌ پشتاو پشت که‌رکوکیه‌ به‌م شێوه‌یه‌ باسی خۆی ده‌کات "له‌خانویه‌کی داڕوخاو بم و پێشی جاده‌ی خۆڵ بێت، زۆر لام باشتره‌ له‌ قه‌سرێکی کرێدا بم و جاده‌ی پێشی ئاڵتون بێت، به‌ کورتی من له‌م شاره‌ هێشتا کرێچیم".

"خانوه‌کانتان تاپۆ ده‌که‌ین" یه‌کێکه‌ له‌و به‌ڵێنانه‌ی کاندیده‌کانی لیستی هه‌ردو حیزبی ده‌ستڕۆیشتو له‌هه‌ڵبژاردنی 2010 به‌ خه‌ڵکی شۆراو، په‌نجا‌ عه‌لی و تۆپزاوه‌و هه‌مو که‌رکوکیاندا. له‌ 2010 به‌م دروشمه‌ خه‌ڵکیان فریودا و ده‌نگی زۆریان چنیه‌وه‌. ئێستا خه‌ڵک هه‌قی خۆیه‌تی پێیان بڵێت "کوا به‌ڵێنه‌کانتان". که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانیه‌وه‌ ئه‌م به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێ بکه‌ن، ئێستا ئه‌م به‌ڵێنه‌ جارێکی تر دوباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌‌‌.

دوێنی له‌سه‌ردانی گوندی تۆپزاوه‌ بوم. بۆیان گێڕامه‌وه‌ "له‌ 2010 لیستی هه‌ردو حیزبی ده‌ستڕۆیشتو، له‌پێش قوتابخانه‌که‌ کۆیان کردینه‌وه‌و چه‌ندین به‌ڵێنیان پێمان دا، له‌وانه‌ به‌ڵێنی گێڕانه‌وه‌ی تاپۆی زه‌ویه‌ کشتوکاڵیه‌کان، به‌ڵێنی دامه‌زراندنی گه‌نجه‌کان له‌و کارگه‌ گازه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویه‌کانمان له‌سه‌ر ده‌می به‌عسدا دروستکراوه‌". ئێستا 2014 یه‌و ده‌رئه‌نجامی جێبه‌جێنه‌کردنی ئه‌م دو به‌ڵێنه‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌:

* له‌چوار 4 ساڵی رابردو ده‌یان عه‌ره‌بی حه‌ویجه‌ به ‌به‌رچاومانه‌وه‌ له‌و کارگه‌ گازه‌ دامه‌زرێندراوه‌، له‌کاتێکدا ئه‌و زه‌ویانه‌ زه‌وی ئێمه‌یه‌ و تاپۆی کۆنمان هه‌یه‌، ئه‌و تاپۆیه‌ی به‌پێی یاسایه‌کی سه‌رده‌می به‌عس پوچه‌ڵ کراوه‌ته‌وه‌ و 11 ساڵیشه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی نه‌یتوانیوه‌ بیگه‌ڕێنێته‌وه‌.

* هه‌ر به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی تاپۆی زه‌ویه‌کان، جوتیاری کورد هیچ ماف و ئیمتیازێکی نیه‌ له‌دامه‌زراوه‌ کشتوکاڵیه‌کانی عێراق. له‌وانه‌: جوتیاری عه‌ره‌ب له‌کاتی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی لێدانی هه‌ر بیرێک ده‌توانێ 20 ملیۆن دینار قه‌رز له‌بانکی زراعی وه‌ربگرێت. جوتیاری کوردیش وه‌ک ئه‌وه‌ی بیره‌که‌ی به‌ قاچاغ لێدابێت.

لێره‌ خه‌ڵکی که‌رکوک ده‌پرسن، ئیتر بۆ کرێچی نین، ئه‌ی کرێچی بون چۆنه‌؟ ده‌شڵێن "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌که‌ی که‌رکوک نابینین، به‌ڵام پرد و جاده‌کان له‌ڕوی ژماره‌ و نه‌وعیه‌ته‌وه‌ له‌واقیع و له‌ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ له‌ناوچه‌ کورردی و تورکمانی و عه‌ره‌بیه‌کان‌ ده‌بینین". ئه‌مه‌ مافێکی خۆمانه‌ له‌سه‌رده‌می پێشوشدا کراوه‌، بینراوه‌.

به‌ر له‌ 2003  کاره‌با، ده‌رفه‌تی کار، هه‌رزانی بازاڕ، جاده‌ و بان هه‌بوه‌. بون یان نه‌بونی ئه‌مانه‌ هۆکاری بون به‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاواره‌بونمان نه‌بون. به‌ڵکه‌ مامه‌ڵه‌کردنی به‌عس له‌گه‌ڵ کورد وه‌ک کرێچیه‌ک هۆکاری هه‌مو نه‌هامه‌تیه‌کانمان بوه‌. بۆیه‌ بۆ منی کورد:

بۆ ئه‌وه‌ی چیتر هه‌ست نه‌که‌م کرێچیم، گێڕانه‌وه‌ی مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانم، پاراستنی سه‌روماڵ، ژیان وه‌ک مرۆڤ و گێڕانه‌وه‌ی سیمای دزراوی شاربون و کوردستانی بونی که‌رکوکم گه‌ره‌کە.
Sbeiy.com © 2007