|
پایە گرنگەکانی دەنگدان |
نوسهر: فایەق سەرچناری
|
Sunday, April 6, 2014 |
دیارە دەنگدان کۆمەڵێ پایەی گرنگ و تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە گۆڕینی یان باشترکردنی سیستەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری هەر وڵاتێك، ئەویش بە چون بۆ دەنگدان و بەشداریکردن. بۆئەوەی هاونیشتیمانی خۆی ببێتە بریاردەری چارەنوسی دواڕۆژی وڵاتەکەی و هەم وڵاتیش بەرەو پێشکەوتنی شارستانی باشتر هەنگاوی خۆی بنێ. بەکورتی هەندێ لەو پایانەی دەنگدان.
یەکەم: ماف
بێگومان هەر هاوڵاتیەك کە 18 ساڵی پڕکردبێتەوە، ئەوا مافی دەنگدانی هەیە، چونکە سەرو ئەم تەمەنە مانای ئەوەیە خۆی ئەتوانێ بڕیاردەربێ لە ئاست هەمو پێکهاتەکانی ژیان و توانای تەواوی جیاکردنەوەی باش و خراپی هەیە لەڕوی دەرونیەوە، هەربۆیەش ئەم تەوازونی تەمەنە دیاری کراوە.
دوەم: ئازادی
ئازادی دەنگدەر بەمانای هەرکەسێ خۆی ئازادە دەنگ بەکێ و بە کام کیانی سیاسی ئەدات و هەڵیئەبژێرێ، نابێ بچێتە ژێر هیچ فشارێکەوە، ئیتر ئەم فشارە خۆشویستنە یان فشاری مادەیە یان هەر فشارێکی تر کە کاریگەری ئەبێ لە نەچونی یان دەنگدانی پێچەوانە، کە بەداخەوە ئەم حاڵەتە لە زۆرێك خەڵکدا بونی هەیە، بۆیە زۆر هەستیارەو ئەبێ خۆمانی لێ بپارێزین، تەنها نیشتیمان بکەین ئامانج بۆ سەرکەوتن.
سێیەم: ئاسودەیی ویژدان
ئەم خاڵە زۆر گرنگە و ئەبێ ئەو دەنگدەرەی کە وەختێ ئەچێتە سەر سنوقی دەنگدان و ئەو قەڵەمەی کە تەنها یەك یان دو پیتی پێ دیاری ئەکات، ئەمە بڕیاردانی چارەنوسی وڵاتێکە، بۆیە ئەبێ هەمومان لە ئاست بەرپرسیارێتیدابین ئەوکاتەی کە دەنگ ئەدەین، لە هەمو کۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا ئەم خاڵە زۆر رەچاوئەکرێ، هەر بۆیەشە هەمیشە لە پێشکەوتندان و ناوەستن لای من گرنگ نیە تۆ دەنگ بەکێ ئەدەی، بەڵکو گرنگ بەرپرسیارێتی سەرشانمانە بۆ نیشتیمانەکەمان، ئەوە زۆر گرنگترە لە حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان، چونکە ئەگەر ئێمەی هاوڵاتی بونمان نەبێ ئەوا بون و رۆڵی ئەوانیش نابێ.
بەڵام لێرەدا گرنگە هەمومان بیزانین، هەر فەرمانڕەواییەك درێژە پێ بدەین، ئەوا راستەوخۆ قەیرانی گەندەڵی و ئابوری و سیاسی لە وڵاتدا سەرهەڵئەدا و دواییش تاوانبار هەربە تەنها ئەوان نین، بەڵکو خۆمانین وەك هاوڵاتی کە دەنگیان پێئەدەین. ئەگەر سەیرێکی وڵاتە زیندوەکان بکەین ئەبینین فەرمانڕەوایی سنوردارە، ئیتردوای ئەو ماوەیە کۆتایی پێدێ و هەمو دەنگدەری وڵاتیش دەنگی پێبدات یاسا رێی پێناداتەوە و کاتی دەستاودەستکردنی فەرمانڕەوایی دێت، کە ئەو راستیە هەمومان ئەیزانین، بێگومان هەر ئەمەیە وای کردوە بە زیندوی بمێننەوە و وڵاتیشیان هەمیشە لە گەشەکردندابێ.
ئەگەر کوردستانی باشور بەنمونە وەرگرین، ئەبینین ئەم دو دەسەڵاتەی کە دو حکومەتی حیزبی شەریك بەڕێوەی ئەبەن، ئەوەتا 23 ساڵ و هەتا ئەمڕۆش نایانەوێ دەسەڵات دەستاودەست بکەن، نمونەش پێکنەهێنانی حکومەتە کە نایانەوێ دەسەڵاتیان لەقبێ. ئاخر لەو ماوە زۆرەدا ئەبێ دەنگدەر بیر لەوە بکاتەوە. تائێستا هەر کۆڵانێکی شار بگری بە تۆپەڵ وایەری موەلیدە ئەبینی کە ئەمە ڕوی شارستانی ناشیرین کردوە. ئەو چەند کاتژمێرە کارەبایەش کە هەیە، ناویان ناوە نیشتیمانی، ئاخر لە کوێی دونیادا کارەبا ی نیستیمانی....ئەبو سیستەمێکی وا تۆکمەی بۆ داڕێژرایە کە بەردەوام نەبڕایە، بۆیە ئەگەر دەنگیان پێبدەینەوە دوای ماوەیەک ئەبێ بەکارەبای حیزبی. مانگانە لێرەو لەوێ بە دەیان تەن دەرمانی بەسەرچو لەناو ئەبرێ، من دڵنیام کە بە دەیان تەنی بەسەرچوش ساغ ئەبێتەوە بەسەر خەڵکدا. دەنگ ئەدەی بە 23 ساڵ حوکم کردن کە ئەبو ئەمڕۆ جادەی ئۆتۆبان لە بەینی هەمو شارەکاندا بونیان هەبوایە بۆ سەلامەتی ژیانی هاوڵاتی نەك مانگانە بە دەیان قوربانی. دەنگ ئەدەی کە ئەبو ئەم نیشتیمانە هێزێکی سەربازی تۆکمەی هاوبەشی هەبوایە دور لە حیزب بۆ خزمەتی وڵات نەك هەر حیزبە و کۆمەڵێ چەکداری بەشێوەی گروپ و هەر یەکەی بە ناوێك هەبوایە..دەنگ ئەدەی ئەبو ئەمڕۆ ناوچە دابڕاوەکان هەموی ئاڵای کوردستانی تیا بشەکایەتەوە، نەك هەموی ببێتە مادەیەکی سێ رەقەمی، کە چەندین ساڵە کورد لە پێناویدا خوێنی بەخشیوە. ئەمانەی تیشك خرایە سەری هەموی لەم هەرێمەی ئێمەدا بونیان هەیە و حیزبەکان خۆشیان دانیان پێدا ناوە. کە ئەمانە مشتێکن لە خەروارێ و سەرەتاییترین مافی هاوڵاتی ئەم هەرێمەن. بۆیە ئێمە ئەبێ هەوڵی گۆڕانکاری بدەین، بتوانین بەدەنگی خۆمان دەسەڵاتیان لێ بسەنینەوە و تەسلیمی بەرنامەیەکی باشتری بکەین، ئەگەر وا بکەین دڵنیام لە هەڵبژاردنی داهاتودا بە گڕوتینی خزمەتکردنەوە یەنەوە کایە، ئەگەر واش نەکەین ئەوا وەکو رۆبۆرت بەکارمان ئەهێنن و کۆنترۆڵەکەی لە دەستی ئەواندا ئەبێ، بۆیە زۆر گرنگە برۆین بۆ دەنگدان و بیسەلمێنین کە ئێمەی هاوڵاتی خاوەنی بریار و چارەنوسی دواڕۆژی نیشتیمان و نەوەکانمانین، جا ئەو کاتە ئەگەر گۆڕانیش یان هەر پارتێکی تر لە دەسەڵاتدا بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد، ئەوا بە هەمومان بتوانین گۆڕانێکی تر دروستبکەین. بۆیە پێویستە هەمومان بڕۆین بۆ دەنگدان و دەنگ بدەین، چونکە ئێمەین بڕیاردەری راستەقینەی وڵات نەك حیزب.
|
|
|