Print
 
 که‌رکوک و چیرۆکه‌کانی (12)
تاقیکردنه‌وه‌ی ژماره‌ (3)
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Wednesday, April 23, 2014

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌که‌رکوک
ماوه‌ 3 خوله‌ک؛ رۆژی 30/4/2014
هۆڵی تاقیکردنه‌وه‌: سندوقه‌کانی ده‌نگدان
شێوه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌: نیشانه‌یه‌کی راست له‌چوارگۆشه‌ی به‌رامبه‌ر لیسته‌که‌ بده‌ یان نیشانه‌یه‌ک له‌ هه‌ر یه‌ک له‌لیست و ناوی کاندیده‌که‌ بده‌.
تێبینی: هه‌مو پرسیاره‌کان وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌، ویژدانت بڕیارده‌ره‌.

پ1: له‌ رۆژی 14/4/2003  کام لایه‌نی سیاسی بو هه‌ڕه‌شه‌ی هێنانی سوپای تورکیای کرد ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌که‌رکوک نه‌کشێنه‌وه‌. ئه‌م داوایه‌ بۆ؟ ئه‌گه‌ر نه‌تزانی بڕوانه‌ رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسط" یان بروسکه‌کانی یه‌کێتی.

پ2 : کام هێزی سیاسی بو داوای له‌بریمه‌ری ئه‌مەریکی کرد، په‌له‌ نه‌که‌ن له‌چاره‌سه‌ری کێشه‌ی که‌رکوک؟ ئه‌م داوایه‌ بۆ؟ له‌مباره‌وه‌ بڕوانه‌ بیره‌وه‌ریه‌کانی برێمه‌ر و ویکیلێکس له رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌.

پ3 : یه‌کێتی و پارتی تا چه‌ند حیزبایه‌تیان کردوه‌ یان کوردایه‌تی له‌که‌رکوک؟ دو ئاسایش و دو په‌روه‌رده‌ و پۆلیس... یانی چی؟

پ4: ئه‌نجامده‌رانی ته‌قینه‌وه‌که‌ی 28/7/2008 نزیک پارێزگای که‌رکوک دوای ده‌رخستنیان له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن، بۆ و چۆن ئازاد کران؟. به‌ بڕیاری دادگابو یان سوڵحی عه‌شایه‌ری و سیاسی؟ به‌ره‌ی تورکمانی 500  هه‌زار دۆلاری له‌کێ وه‌رگرت؟ بۆچی پێیدرا؟ ئایا که‌سوکاری شه‌هیده‌کان به‌م سوڵحه‌ رازی بون؟

پ5: کێ بو له‌که‌رکوک سیسته‌می 32 به‌ 32 ی بۆ یه‌که‌مجار داهێنا‌؟

پ6 : بڕی چه‌ند زێڕ و پاره‌ له‌بازاڕی زه‌ڕەنگەره‌کانی که‌رکوک دزرا؟

پ7: چه‌ندجار هێرشکراوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گای پۆلیسی که‌رکوک، زیانه‌کان چی بون‌؟

پ8: ژماره‌ی‌ ئیستماره‌ی قه‌ره‌بوی تاڵانی دوکانه‌کانی ره‌حیم ئاوا و شۆڕیجه‌... تاد، له‌پارێزگای که‌رکوک چه‌نده‌؟ چه‌ند سا‌نتیمه‌تر خۆڵ و تۆز له‌سه‌ریان نیشتوه‌؟

پ9: ژماره‌ی‌ ئیستماره‌کانی داواکاری زه‌وی له‌شاره‌وانی که‌رکوک چه‌نده‌ له‌ 2003 ەوە؟ چه‌ندی جێبه‌جێکراوه‌؟

پ10: بۆچی، داموده‌زگا حکومیه‌کانی وه‌ک پارێزگا، زانکۆ، دادگا، خه‌سته‌خانه‌، پاڵاوگه‌ی نه‌وت ... تاد له‌خوار که‌رکوکه‌وه‌ دروست ده‌کرێت، کوردیش به‌ره‌ و سه‌روی که‌رکوک کۆچ ده‌کات؟

پ11: له‌ 2008 لیستی برایه‌تی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک داوای له‌په‌رله‌مانی کوردستان کرد، ئه‌گه‌ر ماده‌ی 140 جێبه‌جێ نه‌کرا ئه‌وا په‌رله‌مان به‌ یاسا که‌رکوک بگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان؟ ئه‌و نامه‌یه‌ کێ نوسی؟ کێ خوێندیه‌وه‌؟ په‌رله‌مان چی لێکرد؟ ده‌توانی له‌ کوێ بیدۆزیته‌وه‌؟

پ 12: له‌ 2003وه‌ چه‌ند ته‌نکه‌ر نه‌وت له‌کۆمپانیای نه‌وتی که‌رکوک به‌ شه‌وانه‌ براوه‌ به‌ره‌و هه‌رێم؟ ئه‌و پاڵاوگانه‌ی ده‌وری که‌رکوک هێ کێن؟ چه‌ندیان یاسایین؟ چه‌ند جار بۆری نه‌وتی که‌رکوک به‌مه‌ستی دزین کون کراوه‌؟

پ13: گه‌راج و عه‌لوه‌کانی که‌رکوک چۆن به‌کرێ دراون؟ به‌ کێ دراون‌؟ رۆڵی حیزب چی بووه‌ له‌م به‌کرێدانه‌؟

پ14: سۆران، شێخ ستار و مه‌لا ره‌مه‌زان، دکتۆر یۆلدرم و سایه‌ق ته‌کسیه‌کان و سه‌دانی تر، له‌کوێ، چۆن و بۆ تیرور کران؟

پ 15: له‌ 2010 لستی کوردستانی (پارتی و یه‌کێتی) ده‌یان به‌ڵێنیان به‌ خه‌ڵکی که‌رکوکدا، له‌وانه‌
- گێڕانه‌وه‌ی تاپۆی خانو و زه‌ویه‌کانی کورد له‌که‌رکوک.
- قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی زیانلێکه‌وتوانی کورد.
- وه‌رگرتنی خوێندکارانی که‌رکوکی له‌ زانکۆکانی هه‌رێم.
- ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی لادێ وێرانکراوه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس
...  و دەیانی تر

ئه‌رێ، چه‌ند له‌م به‌ڵێنانه‌ جێبه‌جێکراون‌؟

پ 16: پارتی و یه‌کێتی له‌ 2005وه‌ له‌هه‌رێم شه‌ریکن و دڵداری یه‌کن، بۆچی له‌که‌رکوک له‌سه‌ر لیستی کوردستانی رێکنه‌که‌وتن؟

پ 17: په‌رله‌مانتارانی کورد له‌به‌غدا چه‌ندجار له‌سه‌ر هه‌ریه‌ک له‌گرێبه‌ستی نه‌وت و پاره‌، پرسی که‌رکوک و خاک، ماده‌ی 140 هه‌ڵوێستیان وه‌رگرتوه‌؟

پ 18: له‌که‌رکوک کام له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ت لا گرنگتره‌، تکایه‌ به‌پێی گرنگیان ریزبه‌ندیان (1، 2، 3 ...) بده‌رێ. تاپۆی خانو و زه‌ویه‌که‌ت، پاراستنی سه‌روماڵ، جاده‌وبان، خه‌سته‌خانه‌، گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان؟. ده‌سه‌ڵاتی جوت حیزبی چۆن ریزبه‌ندیان کردوه‌؟

پ19: ژماره‌ی ئه‌و ئاواره‌ که‌رکوکیانه‌ی له‌هه‌رێم ماون چه‌نده‌؟ له‌چه‌ند شوێن بونیان هه‌یه‌؟ له‌ 11 ساڵی رابردودا بۆ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌؟

پ 20: له‌چه‌ند بینا‌ی حکومی له‌که‌رکوک هێشتا که‌رکوکی ده‌ژێ و له‌شاره‌که‌ی خۆی پێی ده‌گوترێ ئاواره‌؟ ژماره‌یان چه‌نده‌؟

پ21: له‌ماده‌ی 140، بۆچی کورد 10 ملیۆن وه‌رده‌گرێ، عه‌ره‌بیش 20 ملیۆن؟ به‌ کورتی باس له‌قازانجی هه‌ریه‌که‌یان بکه‌.

پ 22: فڕۆکه‌خانه‌ مه‌ده‌نیه‌که‌ی که‌رکوک به‌کوێ گه‌یشت؟

پ 23: هێزی دیجله‌ ماوه‌ یان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌؟ ناوی ئه‌و کورده‌ کێیه‌ که‌ جێگری فه‌رمانده‌ی هێزه‌که‌یه‌؟ سه‌ر به‌ کام لایه‌نه‌؟ ئه‌م رێکه‌وتنه‌ چۆن کراوه‌‌؟

پ 24: له‌ 2003وه‌ چه‌ند ماڵه‌ کورد له‌قه‌زای حه‌ویجه‌ به‌ به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه‌ ده‌رکراون؟

مامۆستای وانه‌
مه‌لا فه‌رمان (نوسه‌ر، سیاسه‌تمه‌دار، مامۆستا و پێشمه‌رگه‌ی دێرین).

تێبینی: ده‌نگده‌ری به‌ڕێز ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی پرسیارێکت نه‌زانی، یان له‌دڵی خۆتدا هێشتته‌وه‌، په‌له‌ مه‌که‌ له‌گه‌ڵ براده‌ره‌کانم له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و سه‌دانی تر ده‌ده‌ینه‌وه‌، هه‌رچی لەماوه‌ی رابردودا خراوه‌ته‌ ژێر به‌ڕه‌ ده‌یهێنینه‌ سه‌ر به‌ڕه‌! پاشان هه‌مو ئه‌و هه‌ڵانه‌ راست ده‌که‌ینه‌وه‌.
Sbeiy.com © 2007