|
دوا پەیام |
نوسهر: فایەق سەرچناری
|
Sunday, April 27, 2014 |
بێگومان ئەوەی گرنگە بۆ دەنگدەر لە ئەوروپا و وڵاتە پێشکەوتوەکان تەنها بەرنامەی لیستی قەوارە سیاسیەکانی وڵاتە. بۆیە بەرنامەی کارکردنی هەر حیزبێ یان قەوارەیەکی سیاسی لەوانی تر باشتربێ، ئەوا خەڵك بەبێ دودڵی دەنگ و متمانەی خۆیانی پێ ئەبەخشن. بۆ چوار ساڵی داهاتو ئەدای کارەکانی لەژێر تاقیکردنەوەی خەڵکدا ئەبێ و چاودێری زۆر باشی ئەکرێ لەلایەن خەڵکەوە.
ئەمە تەجروبەی ئەوانە بۆ باشکردن و گەشەپێدانی بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و فەرهەنگی وڵات و پێشخستنی. ئەم تەجروبەیەش زۆر سەرکەوتوبوە و هەمیشە لەگەشەکردنی باشدان.
ئەوەی گرنگە هەمومان بیزانین تەجروبەی ئێمەی کورد لەم هەرێمەدا، لە سایەی 23 ساڵ بەڕێوەبردنی لەلایەن ئەم دەسەڵاتدارانەوە، هەر بەڵێنیان داوە و خۆڵیان لەچاوی خەڵك کردوە، هەر بەڵێنیان داوە بەبێ ئەوەی بیر لەجێبەجێ کردنی بکەنەوە، هەوڵیان تەنها دەوڵەمەندکردن و ژیانی باش بۆ خۆیان و بنەماڵە و کەسە نزیکەکانیان بوە، نەك وڵات و خەڵکەکەی.
لەم هەلومەرجەی ئێستادا ئەوەی گرنگە خەڵك بیزانێ ئەوەیە، ئەو بەرنامەی کارکردنەی کە بزوتنەوەی گۆڕان دایڕشتوە بۆ چوار ساڵی ئایندەی ئەم هەرێمە و ئەیەوێ کاری جدی لەسەر بکات، بێگومانم هیچی کەمتر نیە لەوڵاتە پێشکەوتوەکانی دونیای ئەمڕۆ، بۆیە پێویستە بیزانین و بە هەمومان هەوڵی سەرخستنی بدەین.
ئەو تەجروبەیەی چەندین ساڵە ئەم بەرپرسانە کاری لەسەر ئەکەن، ئەوە ئەسەلمێنێ کە ئەمانە ئەبێ چیتر لە دەسەڵاتدا نەبن، چونکە سیاسەتی هەڵە یان سیاسەتکردن بۆ بەرژەوەندی لەهەر وڵاتێکدا سەرهەڵبدا، ئەوا نیشانەکانی دواکەوتویی و بە کۆیلەکردنی خەڵکەکەی دەرئەکەوێ و سەرهەڵئەدا. ئەوەتا هەمومان گوێبیستی ئەوەین کە خەڵکانی رۆشنبیر و دڵسۆز لەم هەرێمەدا تیرۆری کەسایەتی ئەکرێ، بەبێ ئەوەی بیر لەداهاتویەکی زۆر نزیك بکرێتەوە کە کورسی کارکردنەکان لەتەنیشت یەکەوەن، بۆیە ئەوە تاوانە نەك سیاسەت، تاوانە بۆ کەسایەتیەکان هەڵئەبەسرێ و رێکئەخرێ، تاوانە بۆ رۆحە پاکەکان و بێگومان هەڵبەستنی هەر تاوانێك ئەبێتە شکست بۆ بەرامبەرەکەی.
ئێمە چاوەڕێی چی خزمەتێ بکەین بۆ ئەم نیشتیمانە کە پارە و ویژدان کڕین ببێتە سەرمەشق لەجێی خزمەتگوزاری و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، لەکاتێکدا خانمێکی پیر ئەبینم کە هەمو ژیانی موئەسات بوە لە پێناو رزگاری ئەم نیشتیمانە لەدەست داگیرکەران، ئێستا لەترافیکەکاندا بە سەرما و گەرما چوار پاکەت بنێشتی لەسەر دەستە ماندوەکانی داناوە و ئەیفرۆشێ.
ئەو پیاوە بەتەمەنەی لەسەر شۆستەی جادەکان دانیشتوە و چوار دەسك سەوزەی داناوە بۆ بژێوی ژیانی رۆژانەی خانەوادەکەی، ئەو مناڵەی کە هەتیوە و بە دیار تەختەیەکی رەق و چوار قوتو بۆیاخەوە دانیشتوە و چاوەڕێی کوڕی یەکێك لەمانەیە پێڵاوەکانی بۆ پاککاتەوە، بۆ ئەوەی قەدوباڵای جوانتر دەرکەوێ... ئەمانە و هەزاران و هەزارانی تر، کە هەموی خەمی ئەم خەڵکەن و بەرژەوەندی بەرپرسەکانە. بۆیە تکاتان لێ ئەکەم با دەنگیان پێ نەدەینەوە، با بەنوکی قەڵەمەکانمان لەڕۆژی 30/4دا بیانگۆڕین. چونکە تەنها گۆڕانکاریە بنبڕی ئەم هەمو قەیرانە ئەکات. |
|
|