|
مه‌ترسیه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌كردن له دیموكراسی له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه |
نوسه‌ر: ئاریان رەشید شەریف
|
Tuesday, May 6, 2014 |
ئه‌و دونیایه‌ی كه سیستمه دیكتاتۆری و تۆتالیتاریه‌كان دروستی ده‌كه‌ن دونیایه‌كی تاریك و ترسناكه، دونیایه‌كه به‌سه‌رخۆیدا داخراوه و هیچ ده‌ره‌تانێك بۆ كرانه‌وه و ئازادی ناهێڵێته‌وه، هه‌میشه له‌م سیسته‌مانه‌دا به‌ر به‌ڕای جیاواز و دونیابینی جیاواز ده‌گیرێت و ده‌رفه‌تی هه‌بونی ره‌نگ و ده‌نگی جیا له‌وه‌ی سیستم خوڵقاندویه‌تی له‌ئارادا نابێت. به‌ڵام كێشه‌ی مه‌ترسیدار له‌وه‌دایه هه‌میشه مرۆڤ هه‌ڵگری جیاوازیه و خوازیاری ته‌عبیركردنه له جیاوازیه‌كانی، كاتێكیش سیستم به‌ناوی حه‌قیقه‌تێكی مێژوییه‌وه سه‌ركوتی ئه‌و جیاوازیانه ده‌كات و رێگه له ده‌ربڕینیان ده‌گرێت، مرۆڤه‌كان ناچاری گه‌ڕان به‌دوای ده‌روازه‌یه‌ك ده‌كات تاوه‌كو لێوه‌ی ده‌رفه‌تی ده‌رخستنی جیاوازیه‌كانیان بۆ بڕه‌خسێت. لێره‌وه مرۆڤه‌كان ناچاری شۆڕش و توندوتیژی ده‌بن و زه‌مینه‌ی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ و پێكدادان ته‌نیا هه‌ڵژارده ده‌بێت.
حكومه‌ته یه‌ك له دوایه‌كه‌كانی عێراق نمونه‌ی ئه‌و جۆره سیستمه سته‌مكارانه بون، كه هه‌میشه به زه‌بری هێز و به په‌نابردنه به‌ر ئامرازه‌كانی توندوتیژی و تۆقاندن، سه‌ركوتی هه‌ر ده‌نگ و ره‌نگێكی جیاوازیان ده‌كرد، هه‌ربۆیه‌ش هه‌میشه شۆڕش و راپه‌ڕین سیمای سه‌ره‌كی سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌م جۆره سیستمانه بو. سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی به‌عسیش به‌هه‌مان شێواز له‌ڕێگه‌ی هه‌ڕه‌شه و به‌كارهێنانی زه‌بر و زه‌نگه‌وه، ئازادی و ده‌ربڕینی رای جیاواز سه‌ركوت ده‌كرا. ئاكامه‌كه‌شی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش و راپه‌ڕین و له‌ناوچونی خودی سیستمه‌كه بو.
له سه‌رده‌می حوكمڕانی كوردی و له‌ژێر سایه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی یه‌كێتی و پارتی، مایه‌ی نیگه‌رانیه كه ئه‌وان هێشتا له‌م هاوكێشه‌یه تێناگه‌ن و هه‌میشه په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر به‌كارهێنانی هێز و توندوتیژی بۆ رێگه‌گرتن له بیروڕای جیاواز و سه‌ركوتكردنی هه‌ر تێڕوانینێك ناكۆك بێت به ویست و ئیراده‌ی خۆیان. هه‌رچه‌نده له دوای سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كارابونی كاری ئۆپۆزسیۆنی و زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی دیموكراسی تاڕاده‌یه‌ك ده‌رفه‌تی بۆ ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازه‌كان فه‌راهه‌م كرد. ئه‌مه‌ش وایكرد ده‌نگ و تێڕوانینه جیاوازه‌كان شێوازی دیموكراسیانه له خۆبگرن و له‌بری په‌نابردنه‌به‌ر شۆڕش و یاخی بون جۆرێك له خه‌باتی مه‌ده‌نیانه و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری په‌یڕه‌و بكه‌ن. به‌ڵام ملنه‌دانی ئه‌وان به ئیراده‌ی خه‌ڵك و ئاماده‌نه‌بونیان بۆ ده‌ستبه‌رداربون له ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌ی ئاشتیانه، په‌نابردنه‌به‌ر فێڵ و ساخته‌كاری له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئاماژه‌ی ترسناكن بۆ ئاشنا نه‌بونی ئه‌وان به دونیای كراوه‌و دیموكراسی، به‌مه‌ش هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌ك بۆ ده‌ربڕینی جیاوازیه‌كان ناهێڵنه‌وه جگه له شۆڕش و راپه‌ڕین، كه بێگومان هه‌ڵبژارده‌یه‌كی نێگه‌تیفه و كاره‌سات و نه‌هامه‌تی به دواوه‌یه. پێویسته یه‌كێتی و پارتی مه‌ترسیه‌كانی ئه‌م دۆخه تێ بگه‌ن و لایان رون بێت، له دۆخی شۆڕشدا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م خودی خۆیان ده‌بن، له دۆخی شۆڕشدا كۆی سیستمه كه به‌ته‌واوی له به‌ین ده‌چێت و لانه‌ی ئارامی ئه‌وانیش تێكوپێك ده‌شكێت. هه‌ڕه‌شه به‌رده‌وامه‌كانی یه‌كێتی و شانازیكردن به هێزه چه‌كداره‌كانیه‌وه و پێوه‌نازینیان ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداری هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕێكی تری ناوخۆیه، پێویسته یه‌كێتی له‌وه دڵنیا بێت كه هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك و هه‌ر په‌نا بردنه‌به‌ر توندوتیژی و به‌كارهێنانی هێزێك و هه‌ر هه‌وڵێك بۆ ئیفلیج كردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و شكست پێهێنانی شێوه خه‌باتی دیموكراسیانه زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش و راپه‌ڕین له‌بار ده‌كات. ئاكامه‌كه‌شی له دایك بونی شه‌ڕێكی تری خوێناوییه كه له ئه‌زمونی شه‌ڕی یه‌كه‌م كاره‌ساتبارتر و ماڵوێرانكه‌رتر ده‌بێت، ئۆباڵ و نه‌فره‌ته‌كه‌شی به پله‌ی یه‌كه‌م له ئه‌ستۆی خۆیان ده‌بێت. |
|
|