Print
 
 سیاسه‌تی‌ تاریك
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Friday, May 9, 2014

گومانێك خه‌ریكه‌ ده‌مكوژێ‌، هه‌ر به‌راست له‌ بیست و سێ‌ ساڵی‌ رابردودا خۆمان خۆمان به‌ڕێوه‌بردوه‌ یان به‌ڕێوه‌براوین، ئه‌گه‌ر به‌شی‌ یه‌كه‌می‌ پرسیاره‌كه‌ راسته‌ ده‌ی‌ ئه‌و هه‌مو خۆ تێهه‌ڵقورتانه‌ی‌ ئه‌ملاو ئه‌ولا چیه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌ شه‌ڕی‌ خۆكوژیدا هه‌رجاره ‌و به‌جۆرێك به‌ر ده‌دراینه‌ یه‌كتر و هه‌رجاره‌ش ده‌ستێك له‌ پشته‌وه‌ بو، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ فێری‌ ئه‌وه‌ بوین بۆ هه‌مو شتێ‌ بڵێین ده‌ستێكی‌ له‌ پشته‌وه‌یه‌، راستی‌ ده‌ست له‌ پشته‌وه‌ بونه‌كه‌ له‌نێو ماڵه‌ سیاسیه‌كه‌وه‌ هاته‌ نێو كه‌لتور و كۆمه‌ڵه‌وه‌، ده‌سته‌كه‌ ده‌ستی‌ هه‌ر كێ‌ بێت، جارێك فافۆن ده‌بات و جارێكی‌ تر نه‌وت یان هه‌ر شتێكی‌ تر.

خۆ ئه‌گه‌ر به‌شی‌ دوه‌م راسته‌و به‌ڕێوه‌براوین ئیدی‌ ئه‌و هه‌مو نمایشه‌ چیه‌ ناومان لێناوه‌ سیاسه‌ت، به‌جۆرێك خه‌ریكه‌ خۆمان لێده‌گۆڕێت و به‌راورد به‌ سوید و دانیمارك ده‌كه‌ین و رۆژ به‌ رۆژیش زیاتر دێینه‌ دواوه‌، به‌راده‌یه‌ك له‌ 2014 گوله‌مان زیاتر ناوه‌ته‌ ئاسمانه‌وه‌ تا ساڵی‌ 1992، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر باشتر چاكنیه‌ ناینه‌ین به‌سه‌رو سنگی‌ یه‌كتره‌وه‌.

راستیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ زیاتر به‌ڕێوه‌ده‌برێین تا خۆمان خۆمان به‌ڕێوه‌به‌رین، بۆ ئه‌مه‌ پێویست به‌ هیچ نمونه‌ هێنانه‌وه‌یه‌ك ناكات، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ سیاسه‌تكردنی‌ ئێمه‌ی‌ به‌ راده‌یه‌كی‌ زۆر تاریك كردوه‌، سیاسه‌تی‌ تاریك به‌و مانایه‌ی‌ نه‌ك هاوڵاتی‌ ئاسایی‌ ئێمه‌ بگره‌ زۆرجار ته‌نانه‌ت وه‌زیر و پارله‌مانتاره‌كانیش نازانن چی‌ ده‌گوزه‌رێ‌، هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی‌ وانیشان نه‌ده‌ن، هه‌ر له‌ خۆوه‌ ده‌چنه‌ به‌ر مایكرۆفۆنی‌ كه‌ناڵه‌كان و شه‌ن و كه‌و ده‌كه‌ن.

دنیای‌ سیاسی‌ ئێمه‌ دنیایه‌كی‌ تاریكه‌، تاریك تا ئه‌و ئاسته‌ی‌ به‌ چاوی‌ خه‌ڵك سه‌یری‌ یه‌كتر ده‌كه‌ین و به‌ پێی‌ خه‌ڵك هه‌نگاو ده‌نێین، ئه‌وه‌ش هه‌مومانی‌ ده‌رهه‌ق یه‌كتر پڕكردوه‌ له‌ گومان، بۆ هه‌ر هه‌نگاوێكی‌ یه‌كتر هه‌زار خوێندنه‌وه‌ی‌ گوماناوی‌ بوغزدارانه‌ ده‌كه‌ین و له‌به‌رده‌م ئه‌وانه‌شدا كه‌ مێژوی‌ هه‌زاران ساڵه‌ی‌ ئێمه‌یان سور كردوه‌ به‌ خوێن، وه‌ك دێبوك هه‌ڵده‌قونێینه‌وه‌ و نازانین چۆن خزمه‌تكاری‌ بكه‌ین.

 سیاسه‌ت له‌ ساڵه‌های‌ رابردوی‌ دورو درێژی‌ ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ بوه‌ چۆن به‌ قسه‌ی‌ ئه‌وی‌ تر به‌ربینه‌ وێزه‌ی‌ یه‌ك نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ چۆن له‌ ده‌وری‌ یه‌كتر كۆبینه‌وه‌ و بیر له‌ ئاینده‌ی‌ باشتر بكه‌ینه‌وه‌، دو وشه‌ی‌ ئاینده‌و باشتر بۆ زۆرێك له‌ سیاسیه‌كانی‌ ئێمه‌ له‌ باشوری‌ كوردستان جگه‌ له‌ ئازار هیچی‌ تر نیه‌، بۆ ئه‌وان هه‌یشه‌ ئاینده‌ ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ دڵی‌ ئه‌وی‌ تر رازی‌ ده‌كه‌ن له‌لایه‌ك و باشتریش هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن یه‌كتر نابود بكه‌ن.

چیرۆكی‌ سیاسی‌ ئێمه‌ هه‌مو شتێكه‌ سیاسه‌ت نه‌بێت، ئه‌وه‌ به‌ راده‌یه‌ك شۆڕ بوه‌ته‌وه‌، ئیدی‌ خه‌ڵكیش بۆ ئه‌م دۆخه‌ بارهاتون.

خه‌ڵك ئه‌و رێگایه‌ نادۆزێته‌وه‌ كه‌ ده‌توانێ‌ دۆخێكی‌ تر دروستكات، ئه‌مه‌ ئه‌و چیرۆكه‌م بر ده‌خاته‌وه‌، كه‌ كابرا له‌ ته‌نیشت پاره‌كه‌ی‌ بۆی‌ دانرابو، گوتی‌ بزانم نابینا چۆن رێده‌كات، گه‌وره‌ترین گرفتی‌ مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ له‌نێو تاریكیدا به‌دوی‌ تاریكیدا بگه‌ڕێت نه‌ك دۆزینه‌وه‌ی‌ رێیه‌ك .
Sbeiy.com © 2007