Print
 
 بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌نگوینی ده‌سه‌ڵات
نوسه‌ر:  ئارام قادر حه‌مه‌سور
Tuesday, May 13, 2014

بێگومان هه‌نگوین زۆر شیرینه‌، به‌ڵام هه‌نگه‌كان كارێكی زۆر ده‌كه‌ن تا هه‌نگوینه‌كه‌ دروست ده‌كه‌ن، دواتریش مرۆڤه‌كان ده‌یخۆن.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ دوای 25/7/2009 وه‌ك هێزێكی چالاكی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ده‌ركه‌وت، بو به‌ چالاكترین ئۆپۆزسیۆنی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر شاره‌زابو له‌بواری كۆمه‌ڵناسی سیاسیه‌وه‌، چونكه‌ كاری له‌سه‌ر ناخی كۆمه‌ڵگه‌ كرد و گه‌وره‌ترین خه‌مه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌سته‌وه‌ به‌ كارنامه‌ سیاسیییه‌كه‌یه‌وه‌، له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی بو، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خه‌مه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ڵمژی له‌ [KNN]وە كاری جدی له‌سه‌ركرد و سه‌رنجی ٢٥% خه‌ڵكی به‌لای خۆیدا راكێشا، له‌مه‌شدا له‌ ده‌رونزانی جه‌ماوه‌ردا شاره‌زابون، پاش ماندوبونێكی زۆر له‌سه‌ر شه‌قام و له‌ناو په‌رله‌مان ئێستا گه‌یشتونه‌ته‌ هه‌نگوینه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات، كه‌ هاوبه‌شیكردنیانه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كابینه‌ی هه‌شته‌م چه‌ند وه‌زاره‌تێكی گرنگیان وه‌رگرتوه‌. ئێستا گوڕانخوازان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان خستۆته‌ تاقیگه‌ی حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ وه‌ك چۆن له‌ڕوی تیۆری سه‌ركه‌وتوبو، بزانن ئایا ده‌بێت له‌ڕوی پراكتیكییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوده‌بێت؟ ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین پرسیاری گۆڕانخوازانه‌، بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش وشه‌یه‌ك دێته‌وه‌ یادی كه ‌زۆر به‌كاریهێناوه‌ به‌رامبه‌ر نەیارەکانی ئه‌ویش [كردار شه‌رته‌].

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توانیویه‌تی لایه‌نگری ره‌خنه‌گری سیاسی توند دروستبكات و ئاستی هۆشیاری سیاسی به‌رزبكاته‌وه‌، چونكه‌ ئۆپۆزسیۆن ئاستی هۆشیاری سیاسی تاكی كوردی به‌رزكردۆته‌وه‌ له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆن بوندا، تاكێك به‌رده‌وام پرسیار ده‌كات و ره‌خنه‌ ده‌گرێت، تاكێك ئێستا ده‌توانێت ره‌ش و سپی له‌یه‌كتری جیابكاته‌وه‌، بزوتنه‌ی گۆڕان به‌و زمانه‌ ره‌خنه‌ییه‌ تونده‌ی زۆربه‌ی ده‌رگا داخراوه‌كانی ژوره‌ تاریكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كێتی واڵاكرد، به‌مه‌ش به‌شێكی زۆری تاكی كوردی ئه‌زمونی ره‌خنه‌ی سیاسی دژی ده‌سه‌ڵات په‌یدا كردوه‌، ئێستا ده‌نگده‌رانی گۆڕان كه‌ خاوه‌ن ئه‌زمونی ره‌خنه‌ی سیاسین بزوتنه‌وكه‌یان ده‌خه‌ن تاقیگه‌ی حكومڕانی، گه‌ر پێشتر چاودێری ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كێتی بكرایه‌ به‌ ئاسایی ئه‌وا ئێستا ده‌نگده‌رانی گۆڕان به‌ته‌له‌سكۆب چاودێری بزوتنه‌وه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ حكومڕانیدا كێرڤی ده‌نگه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌ دێنێته‌ خواره‌وه‌، پێویسته‌ فراكسیۆنی نیلی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و رێكخه‌ری گشتی و جڤاتی نیشتمانی چاودێری وردی كاربه‌ده‌ستانیان بكه‌ن و له‌ یه‌ك هه‌ڵه‌شیان خۆشنه‌بن، تا ته‌رازوی كارنامه‌ سیاسییه‌كه‌ی گۆڕان و پۆسته‌كانی لاسه‌نگ نه‌بێت.

وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ قورس بوه‌ دڵنیابن چاكسازییه‌كه‌شی زۆر قورس ده‌بێت، چونكه‌ حیزب ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ی خنكاندوه‌، نابێت وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌لای ئێوه‌وه‌ هه‌موشتێك بێت، وه‌ك جەمال عەبدولناسر ده‌یوت "سوپاكه‌م په‌رله‌مانمه‌" ده‌بێت رێژه‌ی پێشمه‌رگه‌ دیاری بكرێت و بژێویان باشبكرێت بندیواره‌كان ببنه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ یان ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌یان بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م بندیوارانه‌ زۆرینه‌ی پێشمه‌رگه‌یان توشی خه‌مۆكی كردوه‌ و ته‌نیا له‌ وه‌رگرتنی موچه‌ یاوه‌رییان ده‌كه‌ن، وه‌ك نێچیرڤان بارزانی وتی؛ یه‌كه‌م كاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ یه‌كخستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی یه‌كخستنی هێزه‌كانی حه‌فتاو هه‌شتای یه‌كێتی و پارتی.

 وه‌زاره‌تی دارایی گه‌وره‌ترین كێشه‌ی داهاتی نه‌وت و مه‌رزه‌كان ده‌بێت، وه‌زاره‌تی دارایی به‌بێ ئه‌م دو شته‌ مانای وه‌زاره‌تی دارایی له‌ ده‌ست ده‌دات، چونكه‌ ئه‌م دوشته‌ زۆرترین پرسیاری له‌سه‌ره‌، ره‌خنه‌كانتان له‌سه‌ر ئه‌م دو بابه‌ته‌ ده‌نگێكی زۆری بۆ زیادكردون، بۆیه‌ ده‌بێت وه‌زیری دارایی كابینه‌ی هه‌شته‌م داهاتی نه‌وت و مه‌رزه‌كان بزانێت نه‌ك وه‌ك وه‌زیری پێشو ئاگای له‌م بابه‌ته‌ نه‌بێت و نه‌زانێت چه‌نده‌ و له‌ كوێیه‌؟ كه‌موكورتییتان له‌م بابه‌ته‌ به‌هاری گۆڕانتان لێده‌كات به‌ پایزی گۆڕان، ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورسی چوار ساڵی حكومڕانی دایه‌ ئه‌گه‌ر بگاته‌ چوار ساڵ، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌نیوه‌ی رێگادا سه‌ركه‌وتونه‌بێت و بكشێته‌وه‌ بۆیه‌ قورسه‌، چونكه‌ یه‌كه‌م جاره‌ حكومه‌ت جوتحیزبی نامێنێت و ده‌نگه‌كان حكوم ده‌كه‌ن نه‌ك رێككه‌وتنی ستراتیژی، ئه‌و زمانه‌ ره‌خنه‌ییه‌ی خۆتان دروستتان كردوه‌ ئه‌مڕۆ روبه‌ڕوی ئێوه‌ ده‌بێته‌وه‌ و له‌سه‌ر ئێوه‌ش تاقیده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت كه‌سی لێهاتو پسپۆڕ بكه‌نه‌ كاربه‌ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتی ره‌هاشیان پێنه‌ده‌ن و به‌رده‌وام چاودێریان بكه‌ن، چونكه‌ ده‌مێكه‌ یۆنانییه‌كان وتویانه؛ ‌"ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها گه‌نده‌ڵی ره‌ها دروستده‌كات".

له‌كۆتایدا ده‌بێت شیرینی هه‌نگوینه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توشی شه‌كره‌ نه‌كات، چونكه‌ نیشانه‌ گه‌وره‌كه‌ی شه‌كره‌ لاوازییه‌.
Sbeiy.com © 2007