|
بۆ یه‌کێتی واده‌کات؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Tuesday, May 13, 2014 |
له‌دوا هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێم ده‌نگه‌کانی یه‌کێتی، تایبه‌ت له هه‌ولێر، بهرهوپێشچوه. وێرای گرنگی ئه‌و به‌ره‌وپێشچونه بۆ خودی یه‌کێتی و تا راده‌یه‌ک راستکردنه‌وه‌ی لاسه‌نگی، ده‌شێت چه‌ند لێکدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ بکرێت، له هه‌مانکاتیشدا پێده‌چێت یه‌کێتیه‌کان پاش زنجیره‌یه‌ک شکستی به‌دوای یه‌کتردا قورسایی ئه‌م روداوه به هه‌ڵوێست و داواکاریه سیاسیه‌کانیانه‌وه گرێبده‌ن.
هۆکاره سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌م به‌ره‌وپێشچونه له هه‌ڵه‌ی ته‌کتیکی لایه‌نه‌کانی تردا به‌دیده‌کرێن وه‌ک له‌وه‌ی گۆڕانکاری به‌رچاو له پێکهاته و به‌رنامه و هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیدا، هه‌روه‌ها هه‌واڵه‌کانی ساخته‌کاری و ده‌ستتێوه‌ردانی به‌هێزی ئێران به‌شێوازی پشت په‌رده و پێچوپه‌ناوه له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا به‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کێتی هۆکارێکی تره، بۆیه ته‌مه‌ن و کاریگه‌ری ئه‌م به‌ره‌وپێشچونه پابه‌نده به گۆڕانکاریه‌کانی ئاینده‌وه له کابینه‌ی هه‌شته‌م و پارێزگای سلێمانی و پێگه‌ی کورد له به‌غدا و به‌به‌ستنی کۆنگره‌ی چواری یه‌کێتی و سه‌رکردایه‌تی ئاینده‌وه.
له به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایی و ره‌خنه‌ی زۆری قه‌واعدی یه‌کێتی له سه‌رکرده پهرتهوازهبوهکانیان ئه‌مانیش ئه‌م روداوه وه‌ک به‌هێزترین کارت بۆ مانه‌وه‌یان له لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا به‌کارده‌هێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان بۆچوه سه‌ر چاوه‌ڕوانی گۆڕانکاری ئه‌وتۆ له هه‌ڵوێست و ره‌فتاری یه‌كێتیدا ناکرێت، چۆن چه‌ند ساڵێکه به سیاسه‌تی خورمژ به‌ڕێیان کردوه هه‌روا ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌م دهسترۆیشتوانهی یه‌کێتی وێرای په‌رته‌وازه‌بون و ناکۆکی توندی نێوانیان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مانه‌وه‌یان به‌یه‌که‌وه له‌ژێر چه‌تری یه‌کێتیدا باشترین زامنه بۆ پێگه و ده‌سه‌ڵاتیان، بۆیه خورمژ ئاسا بۆئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌یان له‌ده‌ست نه‌چێت و زه‌ره‌ر له نێوهیدا بگه‌ڕیته‌وه له ئێستادا هه‌واڵه‌کان ئاماژه ده‌ده‌ن به هه‌وڵدان بۆ هێورکردنه‌وه‌ی دۆخی نێوان گۆڕان و یه‌کێتی و به‌شداریکردنی یه‌کێتی له کابینه‌ی هه‌شته‌مدا. بۆخۆم له دڵه‌وه خوازیارم ئه‌م روداوانه له چوارچێوه‌ی کارنامه‌یه‌کی نیشتمانی هێزه‌کانی باشوری کوردستاندا بێت و پابه‌ندی گرێبه‌ستێکی زهمانهتدار و شوێنی متمانه بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه خه‌سڵه‌ته دیار و ناسراوه‌کانی هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵات له دو ده‌یه‌ی رابوردو سه‌لماندویانه وه‌ستای لێهاتوی چاوشارکێی سیاسی و موماته‌ڵه و پاشقولگرتنن، بۆیه زۆر دروسته له حاڵه‌تێکی وادا گۆڕان نه‌چێته ژێرباری دۆخه‌که و بیری جدی له ئهڵتهرنهتیڤهکانی تر بکاته‌وه، چونکه گۆڕان پابه‌ند نیه به‌هیچ ئاکارێک و رێکه‌وتنێکی سیاسیه‌وه و دوا روداوه‌کان ئاماژه‌ن به داتاشینی ورده وردی رێکه‌وتنی پێکهێنانی حکومه‌ت له گه‌ڵ پارتیدا و به‌شێوه‌یه‌کی نه‌گونجاو له گه‌ڵ به‌رنامه‌ی کاری گۆڕان بۆ حکومه‌تی هه‌رێم.
خورمژی دیموکراسی
ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی خۆیان به فریشته‌ی دیموکراسی نمایش ده‌که‌ن، پێیانوایه ئه‌و که‌ش و هه‌وایه تاڕاده‌یه‌ک کراوه‌وه‌ی ناوچه‌ی که‌سکی جاران "دیاری دیموکراسی" ئه‌وانه به‌خه‌ڵکیان به‌خشیوه، به‌م بۆچونه هێڵێکی گه‌وره ده‌هێنن به‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و قوربانی و ماڵوێرانیه‌ی دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه له‌پێناوی مافه‌کانی کورد و ئازادی‌دا به‌خشیویانه، هاوکاتیش پێده‌چیت ده‌رک نه‌که‌ن به‌وه‌ی گه‌وره‌ترین هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له‌و ناوچه‌یه بونێکی زۆر به‌هێزیان هه‌یه، چیتر ئه‌وان ناتوانن وه‌ک پێش‌و به‌ئاره‌زوی خۆیان تهرانتهرێنی تێدا بکه‌ن.
ئه‌زمونه‌کانی حوکمڕانی ئه‌و ناوچه‌یه له زیاتر له بیست ساڵی رابوردودا ده‌یسه‌لمێنن ناوچه‌یه‌کی زۆر نائارامی هه‌رێمی کوردستان بوه، پێشێلکاریه‌کانی ئازادی و دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ له‌و ناوچه‌یه‌دا زه‌ق و به‌رچاون، وه‌ک خۆپیشاندان و کاردانه‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵات له ناوچه‌کانی هه‌ڵه‌بجه و که‌لار و رانیه و پیره‌مه‌گرون و 17 شوبات و 19 نیسان و له چه‌ند شوێنێکی تر، ژماره‌یه‌کی زۆری تێکۆشه‌رانی به‌شه‌کانی تری کوردستان له‌و ناوچه‌یه تێرۆرکراون و ئه‌زیه‌ت دراون، کوشتن و له‌ناوبردنی سیاسی و ته‌مومژاوی بۆته خه‌سڵه‌تێکی به‌رچاوی ئه‌و ناوچه‌یه، رۆژنامه‌نوس و روشنبیر و نوسه‌ره ئازاده‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه به‌به‌رچاوی پۆلیس و ئاسایشه‌وه ده‌کوژرێن، فه‌لاقه ده‌کرێن، ده‌فڕێنرێن و بریندار ده‌کرێن، راپۆرتی رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی مافی مرۆڤ و ئازادی شه‌رمه‌زاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی کردوه. ساده‌ترین پره‌نسیپی دیموکراسیه‌ت پاراستنی مافه‌کانی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆنه و یه‌کسانی هه‌مو لایه‌نه‌کانه به‌رامبه‌ر به‌یاسا، ماشائه‌ڵلا ده‌ستڕۆیشتوه‌کانی یه‌کێتی چیان پێکرابێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پره‌نسیپه درێغیان نه‌کردوه، به‌رده‌وامیش له ژوره تاریک و داخراوه‌کانیاندا به‌ده‌ر له یاسا و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان سه‌رقاڵی پلانی دژایه‌تیکردن بون.
روداوه‌کانی 17 شوبات و 19 نیسان و سه‌نگه‌رگرتنی کۆنه موده‌ره‌عه و ده‌بابه‌کانی به‌عس به‌رامبه‌ر به مه‌کۆی سه‌ره‌کی گۆڕان، نانبڕین و سزادانی سیاسی، ته‌خوینکردنی به‌رپرسانی گۆڕان و روداوه‌کانی ئه‌لبیسه‌که‌ی ئه‌یلولی 2013 و نیسانی ئه‌مساڵ، که مشتێکن له خهموارێک، ده‌یسه‌لمێنن تا چ ئاستێک به‌شێک له‌و دهسترۆیشتوانهی یه‌کێتی عاشقی دیموکراسین، چۆن به‌و چه‌مکه شه‌نی خۆیان رو له‌و شوێنه ده‌که‌ن که بای لێوه‌دێت.
یه‌کێتی له دروستبونیه‌وه له به‌رامبه‌ر فره پێکهاته و مینبه‌ر و جه‌مسه‌ری ناوخۆییدا ناچار بوه پێره‌وی سیسته‌مێکی نیمچهکراوهیی بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی نه‌کردبایه نه‌ده‌بو به‌و هێزه گه‌وره‌یه، چونکه وه‌ک پارتی یه‌ک مه‌رجه‌عی مێژویی به‌هێزی نه‌بو. دوای راپه‌ڕین ئه‌م خه‌سڵه‌ته روی له کاڵبونه‌وه کرد و له به‌رامبه‌ریدا ده‌سه‌ڵاتێکی ئۆتۆریته‌ر شوێنی ده‌گرته‌وه. وێڕای ئه‌م واقیعه‌ش هه‌میشه به‌ده‌ستێکی چه‌کێکی میل راکێشراوی گرتوه و هه‌رکاتێک سڵی له سێبهریکیش کردبێت به‌کاری هێناوه. پێده‌چیت که‌له‌پوری خه‌باتی شاخ و ئه‌زمونه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ و ململانێ و ناکۆکیه ناوخۆییه‌کانی یه‌کێتی و جیابونه‌وه سیاسیه‌کان ئه‌م جۆره بێمتمانیه سیاسی و کۆمهڵاتیهیان له ئه‌قڵیه‌تی سیاسی باڵاده‌سته‌کانی یه‌کێتیدا چاندبێت، له ئاکامدا ئه‌قڵیه‌تێکی میلیتانتی داخراوی به‌رهه‌مهێناوه که هه‌مو شتێک له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی به مه‌ترسی و نامۆ بزانێت و ته‌نها خۆیان به‌مه‌رجه‌ع و پێڕه‌وی دڵسۆزی و راستگۆیی و دروست ببینن، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت بۆچی ده‌بێت بهردڵیان بهگهورهبونی دیموکراسی هه‌ر هێزێکی تر بگیرێت، وێڕای ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێک هه‌یه بۆ زه‌مینه‌ی مێژویی له دڵگرانبونیان به‌رامبه‌ر به‌گه‌شه‌کردنی به‌رده‌وامی پارتی، وه‌لێ بۆچی سه‌رجه‌م جه‌سته‌یان به‌رامبه‌ر گه‌شه‌کردنی گۆڕان، که له‌زۆر بواردا له به‌رنامه‌ی سیاسی و زه‌مینه‌ی فکری و مێژوییدا له یه‌که‌وه نزیکن، گری گرتوه. هه‌رچۆنێک بێت دۆخی ئه‌م سه‌رده‌مه ناچاری کردون خورمژ ئاسا مامه‌ڵه له گه‌ڵ روداو و گۆڕانکاریه‌کان و پرسی دیموکراسیه‌ت بکه‌ن.
نازی شۆڕشگێڕی وه‌ک ئیرسێکی خه‌باتی سه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تی پڕ قاره‌مانی و سه‌روه‌ری له‌دوای راپه‌ڕیندا شیاوی تێگه‌یشتن و پاداشتدانهوه و رێزلێنان بو، کاتێک ئه‌مه‌یان گۆڕی به منه‌تکردن و مایه‌ی خۆسه‌پاندن و پاساوی بازدان به‌سه‌ر کۆده سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه قسه و ره‌فتارێکی تر هه‌ڵده‌گرێت.
خورمژی ئیداری و خزمه‌تگوزاری
گه‌شه‌ی ئابوری و خۆشگوزه‌رانی له ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیدا به‌سه‌ر پشتی کیسه‌ڵدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه یه‌که‌م قوربانی پێڕه‌وکردنی ناوه‌ندیکردنی ده‌سه‌ڵات له حوکمڕانی هه‌رێمدان، بێجگه له نوسینگه‌یه‌کی بێده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی کوردستان فه‌رمانگه‌یه‌کی باڵای حکومه‌تی هه‌رێمی لێ نابینرێ، هاوڵاتیه‌کی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بۆ واژۆکردنێک ده‌بێت رو له هه‌ولێری پایته‌خت بکات، زه‌قترین و به‌رفراوانترین زه‌وتکردنی نایاسایی موڵکی گشتی له‌و ناوچه‌یه‌دا ئه‌نجام دراوه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئاستی نزمی خزمه‌تگوزاریه حکومیه‌کانی خوێندن و ته‌ندروستی و رێگاوبان و قه‌یرانه به‌رده‌وامه‌کانی ئاو و کاره‌با و سوته‌مه‌نی و نیشته‌جێبون.
که‌چی کاتێک ده‌ستڕۆیشتوه‌کانی یه‌کێتی قسه‌ده‌که‌ن که‌سێکی نه‌فام وا تێده‌گات به‌هه‌شتی ئارامی و خۆشگوزه‌رانیان خهڵقاندوه، راسته هیچ درێغیان نه‌کردوه ئه‌مانه بۆ خۆیان و تاقمه‌کانیان بکه‌ن. بۆ نایه‌ن سه‌رجه‌م ژماره و خاوه‌نداریه‌تی ته‌لار و هوتێل و رێستورانت و کۆمپانیا و گرێبه‌سته بازرگانیه‌کانی ده‌ڤه‌ری دهسهڵاتیانمان بۆ ئاشکرا بکه‌ن، بۆ نایه‌ن جیاوازی ئاستی داهات و گوزه‌رانی نێوان خۆیان و خه‌ڵکه ئاساییه‌که‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌مان بۆ ئاشکرا بکه‌ن، بۆ نایه‌ن کۆی رێژه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی له بودجه‌ی هه‌رێم وه‌ریان گرتوه ئاشکرای که‌ن و باسێکمان بۆ بکه‌ن چۆن ئه‌و چه‌ند ملیاره دۆلاره‌یان سه‌رف کردوه، بۆ بوکه‌شوشه پهتکراوهکانی به‌رده‌ستیان نایه‌ن ژماره‌یه‌کی ساده‌ی قوربانیانی روداوی هاتوچۆمان له مه‌مله‌که‌تی ده‌سه‌ڵاتیان به‌یان بکه‌ن ...هتد.
خورمژی ئه‌م جۆره ئه‌قڵیه‌ته له‌وه‌دایه تێربون نازانن، بۆ چه‌واشه‌کاری باسی پارتی و پرسی نه‌وت و گازی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌ک ده‌که‌ن که لای ئه‌مان دنیا شامی شه‌ریفه، به‌واتایه‌کی تر به شیرینی نه‌وت و داهاتی کۆمپانیای قه‌یوان بۆ "گواستنه‌وه‌ی" نه‌وت و پاڵاوگه تایبه‌تیه‌کانی نه‌وت تێر نه‌بون، ده‌یانه‌وێت به‌لوعه‌ی بۆریه نه‌وته‌کانیش وه‌ک پارتی به‌ده‌ستیانه‌وه بێت. به‌واتایه‌کی تر چاویان له‌وه‌یه له هیچ شتێکدا کورت نه‌هێنن و گرنگ نیه ئه‌مه له‌سه‌ر حسابی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و لایه‌نه‌کانی تریش بێت.
خۆرمژی سیاسی و حوکمڕانی
له‌لایه‌کی تره‌وه له‌پێگه‌ی حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵاتدا یه‌کێتی هه‌مان نه‌ریتی پێڕه‌و کردوه، ئه‌و کاته‌ی به رێکه‌وتنه ستراتیژیه‌که‌یان له گه‌ڵ پارتیدا گه‌ردنی میلله‌تیان توندگرتبو، له‌لایه‌ک ره‌وا و ناڕه‌وا سودمه‌ندبون له سه‌رجه‌م ئیمتیازاتی ئه‌و رێکه‌وتنه له پله‌وپایه و پولدا، بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به‌شانازیه‌وه باسیان له‌و رێکه‌وتنه ده‌کرد، له‌لاکه‌ی تریشه‌وه ژێربه‌ژێر خه‌ریکی داتاشینی خاڵ به‌خاڵی ئه‌و رێکه‌وتنه بون و هه‌رکاتێک شتێک به‌دڵیان نه‌بوایه ده‌که‌وتنه گیانی رێکه‌وتنه‌که و خۆیان وه‌ک یه‌که‌م "قوربانی و زه‌ره‌رمه‌ندی" رێکه‌وتنه‌که نمایش ده‌کرد، کاتێکیش ته‌نگیان پێههڵچنرابێت (وه‌ک دوای ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سێپته‌مبه‌ری 2013) به‌ردی نزا و دوعایان به‌کێلی کلگۆی رێکه‌وتنه‌که‌دا لکاندوه. چه‌ندین راپۆرتی ئه‌مەریکیه‌کان له‌مه‌ڕ لێدوانه‌کانیان له گه‌ڵ به‌رپرسه باڵاکانی یه‌کێتی ده‌ریده‌خه‌ن چۆن له‌سایه‌ی ئه‌و رێکه‌وتنه‌دا گه‌مه‌ی سه‌یریان کردوه (تایبه‌ت له یه‌کگرتنه‌وه‌ی دو ئیداره‌که‌دا و پۆسته‌کانی کورد له به‌غدا)، ته‌نها مه‌رامیشیان ده‌سکه‌وتی زیاتری حیزبی و تایبه‌ت بوه. دیدوبۆچونی ئه‌وان بۆ رێکه‌وتنی ستراتیژی وه‌ک ئه‌و مریشکه‌یه که هێلکه‌ی ئاڵتونیان بۆ بکات.
گریمان پارتی زیاتر سودمه‌ند بوه له‌و رێکه‌وتنه، بۆ له خۆیان ناپرسن بۆ وا بوه؟ نه‌ده‌کرا ئه‌مان سودمه‌ندی گه‌وره‌تر بونایه و ئه‌وه‌شیان به میلله‌ت ببه‌خشیایه؟ باوه‌ڕ ناکه‌م له غیابی تاڵه‌بانیدا ئه‌م ده‌ستڕۆیشتوانه‌ی ئێستا ئه‌هلی وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی راست و دروستی ئه‌و پرسیارانه بن.
ئه‌گه‌رچی مام جەلال له رێکه‌وتنی ده‌باشاندا راشکاوانه باسی له‌وه‌کرد که له‌سه‌ر رێکه‌وتنه‌که ده‌بێت لێدوان و قسه له گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تردا بکرێت، مه‌خابن دوای نه‌خۆشکه‌وتنی دهسترۆیشوهکانی یه‌کێتی زۆر بێئۆقره و چاوچنۆکانه ئه‌و رێکهوتنهیان ئه‌تک کرد و بۆ خورمژیان، وه‌ک کارتێکی فشار به‌رامبه‌ر به پارتی و هێشتنه‌وه‌ی درزێک له ده‌رگای داخراویان به‌رامبه‌ر به گۆڕان، ناویان لێنا لێکتێگه‌یشتن. مه‌خابن ئه‌وه‌نده بوێر نه‌بون راشکاوانه روبه‌روی کێشه گه‌وره‌کان ببنه‌وه، هه‌میشه ویستویانه نه شیش بسوتێت نه که‌باب. ئه‌م خورمژیهشیان له درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێمدا بهشیرینیهکی ره‌نگ ره‌شی به‌تام خه‌ڵات کرا.
له غیابی مام جەلالدا ده‌سترۆیشتوه‌کانی یه‌کێتی زۆر که‌م خاوه‌نی یه‌ک هه‌ڵوێست و یه‌ک هه‌ڵوێستی بون، به‌پێی رۆژ میلۆدیاکانیان ژه‌نیوه، ره‌نگه پێیان وابێت سیاسه‌تێکی واقیعبینانه‌ی ژیر پێڕه‌و ده‌که‌ن. زۆربه‌ی خه‌ڵک هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌و جۆره‌ی بۆ ناکات.
کاتێک زانیان حوکمی موتڵه‌قی پارێزگای سلێمانی له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، پێشه‌کی که‌وتنه لێدوانی میلیتانتی توندڕه‌وانه و خۆیان وه‌ک فریشته‌ی کوردپه‌روه‌ری نمایشکرد و گوایه ده‌توانن درێژه به‌خه‌ونی نه‌زۆکی خۆسه‌پاندن و حوکمڕانی سلێمانی بده‌ن، که‌سایه‌تیه ژیر و واقیعبینهکانی ده‌سته‌ی ده‌ستڕۆیشتوه‌کان زو ئه‌م فه‌لته هه‌رزه‌کاریه سیاسیه‌یان راستکرده‌وه و رایانگه‌یاند ئه‌نجومه‌نی ئایندهی پارێزگا بڕیار له پرسه‌کان ده‌دات، ناچارن به‌ده‌ر له گۆڕان بیر له هیچ جۆره حوکمڕانیه‌کی لۆکا‌ڵی له پارێزگای سلێمانی نه‌که‌نه‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌م هه‌نگاوانه‌یان جه‌ختکردنه‌وه‌یه له سیاسه‌تی خورمژیان، به‌ڵام ده‌بێت دڵنیابن ئه‌مجاره به‌دڵی ئه‌وان وه‌ک 23 ساڵی رابوردو به‌ڕێوه ناچێت.
نمونه‌یه‌ک
کاتێک هه‌موان داوای سه‌روه‌ری یاسا ده‌که‌ین، ئیلزامه له‌سه‌رمان بۆ یاساکان بگه‌ڕێینه‌وه، هه‌ر کارێکی ناڕه‌وا، پێشێلکاریه‌ک، لادانێک و تاوانێک کرابێت ده‌بێت یاساکان راستیکهنهوه و سزای دادپه‌روه‌رانه بچه‌سپێنن، به‌لای منه‌وه گرنگ نیه چ لایه‌ن و که‌سێک ئه‌وه‌ی کردوه، ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ خه‌ڵکی کوردستان بسه‌لمێنرێت که‌س ناتوانێت له‌سه‌روی یاساوه بێت، تا متمانه‌ی خه‌ڵک به حوکمڕانه خۆماڵیه‌که‌ی ببوژێته‌وه و زیندوبێته‌وه، با گۆڕان و یه‌کێتی ده‌ستپێشخه‌ربن له ئاماده‌کردنی پرۆژه یاسایه‌ک بۆ په‌رله‌مانی کوردستان که ریزبه‌ند و پۆلێن‌کردنی پێشێلکاری و تاوانه‌کان داڕێژن و به‌وپێیه یاسای لێبوردن بۆ به‌شێک و لێپرسینه‌وه و سزادان بۆ به‌شه‌که‌ی تری بکه‌نه ئه‌مری واقیع. پێموایه هه‌نگاوی له‌و جۆره زۆر پیرۆزتر و گه‌وره‌ترن له خۆماتدان و خورمژی و چاوه‌ڕوانی فرسه‌ت و په‌لاماردان. |
|
|