|
تیرۆركردنی كه‌سایه‌تی نوخبه و سوككردنی زیره‌كییه یاخود گه‌مژه‌یی؟! |
نوسه‌ر: د.محه‌مه‌د ئه‌مین
|
Wednesday, May 21, 2014 |
تیرۆركردنی كه‌سایه‌تی یاخود سوكایه‌تیكردنی نوخبه له كۆمه‌ڵگای كوردیدا زیره‌كی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و نەزانی به‌ناو نوخبه‌كانمان پیشان ده‌دات، وه‌لێ نوخبه و دواجار هاوڵاتی كێشه بنهڕتیهكانیان لهیادكردوه خۆیان به‌كێشه لاوه‌كیه‌كانه‌وه سه‌رقاڵكردوه، ده‌سه‌ڵاتیش به‌خۆشحاڵییه‌وه سه‌یركه‌ر و ئاگرخۆشكهره، له‌مه‌شدا میدیای كوردی رۆڵی گرنگ ئه‌بینێت.
نوخبه‌كانمان له‌بری ئه‌وه‌ی نوخبه‌یه‌كی تێگهیهنهربن بۆ گه‌ل و هاونیشتمان، بونه‌ته نوخبه‌یه‌كی وژێنه‌ر و چه‌واشه‌كار، تۆوی رق و كیینه و ده‌مارگیری ئه‌چێنن و میدیایه‌كی وژێنهریان به‌رهه‌مهێناوه، ئه‌وكات له شه‌ڕی براكوژیدا له‌یادمه برادوژمنهكان ته‌نها له‌به‌ره‌ی جه‌نگدا یه‌كتریان تیرۆر ئه‌كرد و یه‌كتریان ئه‌سڕیه‌وه، كۆمه‌ڵگا یارمه‌تیده‌ر نه‌بو بۆ ئه‌م پرۆسه قێزه‌ونه، له‌ناو شار‌و شارۆچكه‌كان له‌ماڵاندا برادوژمنهكان ئهشاردرانهوه بۆ پاراستنی ژیانیان، یه‌كێتیه‌كان پارتیه‌كانیان ده‌شارده‌وه و پارتیه‌كان یهكێتیهكانیان ده‌شارده‌وه له‌ماڵی یه‌كتر نه‌با تیرۆربكرێن، هه‌روه‌ها گشت لایه‌نه براكوژهكان، به‌و واتایه‌ی هزرو ده‌رونی تاكی كورد‌و رایه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌ی وه‌ك ئێستا نهشێوێنرابو.
چ كاره‌ساتێكی مه‌زن به‌ڕێوه‌یه؟! چ كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن به‌ڕێوه‌یه؟! چ تاوانێكی گه‌وره‌و قێزه‌وه‌ن به‌عه‌قلی میلله‌ته‌كه‌م ده‌كرێت؟!
په‌یوه‌ندی نێوان كه‌سایه‌تییه خاوه‌ن بیروڕاو ئایدۆلۆجییه جیاوازه‌كان له‌هه‌مو ئاسته جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا نه‌ك كارێكی ئاساییه، به‌ڵكو زور پێویسته، له‌لایه‌ك بۆ پاراستنی رایه‌ڵه‌و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان و له‌لایه‌كی تره‌وه بۆ به‌رز نرخاندنی خودی مرۆڤ و سوكنهكردنی به‌ها مرۆییه‌كان.
له كۆمه‌ڵگا زیندوه‌كانی جیهاندا نوخبه رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوه له رهوشهنكردنی عه‌قڵیه‌ت و ده‌رونی تاكه‌كان و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌رێنی و پۆزه‌تیڤی هه‌بوه له‌سه‌ر یه‌ك به‌یه‌كی كۆمه‌ڵگاكه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌وه ئه‌چێت لای ئێمه پێچه‌وانه‌كه‌ی راست بێت، له‌بری رهوشهنكردنی عه‌قڵیه‌ت و ده‌رونی تاك ئه‌یوروژێنن و تابێت رایهڵگهی كۆمه‌ڵگا ئه‌شێوێنن، جا ئه‌مه دو مانا ئه‌به‌خشێت یاخود نوخبه‌كانی ئێمه له‌بنچینه‌دا نوخبهنین، به‌زۆره‌ملێی ئه‌م و ئه‌و بون به‌نوخبه ((میدیا و راگه‌یاندن پشكی شێریان به‌رده‌كه‌وێت له‌م بابه‌ته‌دا))، یاخود نوخبه راستیه‌كان له‌به‌ر هه‌رهۆیه‌ك وه‌لانراون و كه‌س گوێیان لێناگرێت، له‌وه‌ش هه‌زه‌لیتر نه‌ك په‌نجه و پێنوسهكانی یه‌كتر ده‌شكێنن، به‌ڵكو كه‌سایه‌تی یه‌كتر تیرۆر ده‌كه‌ن و هه‌مو مرۆڤایه‌تیش ئه‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه و سوكی ده‌كه‌ن، نوخبه‌یه‌ك له بنچینه‌دا نوخبه بێت پاشكۆ نابێت و مرۆڤایه‌تی سوك ناكات، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه رێز له‌گشت ئایدولۆجیاو ره‌نگه جیاوازه‌كان ده‌گرێت.
له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌م دیارده‌یه به‌شێوازێكی رونتر ده‌ركه‌وت، تاوانباركردنی به‌رامبه‌ر به به‌عسی زه‌قترین شێوه‌ی سوكایه‌تیكردن بو، هه‌ڵبه‌ته له‌شكرێك میدیایی حیزبی گه‌وره‌ی لهپشتهوهبو.
به‌بڕوای من هه‌مو كاره دزێوه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی حیزبی له‌پشته‌وه‌یه، حیزبه تێكۆشه‌ره راسته‌قینه‌كانی رابردو؟! قسوریان نه‌كردوه، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته رۆڵێكی گرنگیان بینیوه له‌شێواندنی كۆمه‌ڵگای كوردی له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان له ده‌سه‌ڵات، له‌بری سه‌روه‌ركردنی یاسا بۆ چاره‌سه‌ركردنی گشت كه‌یسه‌كان به‌مه‌زاج و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و حیزبه‌كه‌یان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، نه‌ك بهعسیبون ته‌نانه‌ت لهبهعسیبون خراپتر، ئه‌مڕۆ پاداشت ده‌كرێت و رۆژێكی دی سزا ده‌درێیت؟! ئه‌مه به‌نده به‌وه‌ی تاچه‌ند له‌گه‌ڵیان كۆكیت، لای ئه‌م به‌ڕێزانه ناكرێت هه‌مومان مرۆڤبین و بۆچونه‌كانمان جیاوازبێت، تائه‌و ئاسته مرۆڤێكی باشیت كهلهگهڵیان بیت یاخود پشتگیریان بكه‌یت، به‌ده‌ر له‌وه ته‌خوینت ده‌كه‌ن و ئه‌بیته شه‌یتان، به‌گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆلای خۆیان ئه‌بیته‌وه فریشته؟!
به‌ڵام ئایا له‌خویان پرسیوه كێ بڕیار لهفریشتهبون و شه‌یتان بونی هاوڵاتی ئه‌دات؟ ئێوه‌ی كه‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار یان زۆریینه‌ی میلله‌ت، ئایا له‌خۆتان پرسیوه بۆ له‌تۆڕه كومهڵایهتیهكاندا هاوڵاتی نیشتمانه‌كه‌م ئه‌یان نوسی نه‌ك به‌عسی ئه‌گه‌ر داعش‌یش بێت هه‌ر ده‌نگی خۆمانی پێده‌ده‌ین؟! تۆ بڵێی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه (داعش یان) خۆشبوێت؟! بێگومان نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌مه په‌رچه‌كرداری هاوڵاتیه به‌رامبه‌ر كاره نالۆجیك و ناعهقڵانیهكانتان.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه له‌ڕێگای به‌ناو نوخبهكانهوه دێته جێبه‌جێكردن، ده‌رئه‌نجامه‌كانی وه‌ك ((یه‌كتری قبوڵنه‌كردن، به‌حیزبیكردنی كۆمه‌ڵگا، نانبڕین و ترساندن و تۆقاندنی به‌رامبه‌ر، سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر، چاندنی كەلتوری دوڕو و سێڕو و ساخته‌كاری، یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پرسه ههستیارو گرنگه‌كان بهساختهكاری)) لێده‌كه‌وێته‌وه .
بۆئه‌وه‌ی نوخبه راسته‌قینه‌كانی كۆمه‌ڵگا تاوانبار و گوناهبارنهكهم، ئه‌گه‌ر له‌خۆم بپرسم نوخبه مانای چییه؟ هه‌ڵبه‌ته به‌م شێوه‌یه وه‌ڵام ئه‌ده‌مه‌وه ((نوخبه زاره‌وه‌یه‌كی فه‌ره‌نسی به‌بنچینه یۆنانییه به‌واتای كه‌مینه‌ی هه‌ڵبژێراو ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه‌ده‌بات ئه‌و كهمیینهیهی تێگهیهنهره نه‌ك وژێنه‌ر له‌گشت چه‌مكه‌كانی ژیان، ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی كۆكهڵگا ئه‌خاته پێش به‌رژه‌وه‌ندی تاك و تاكیكی به‌رهه‌مهێنه‌ری ئازای ئازاد به‌رهه‌مده‌هێنێت)) به‌ڵام ئایا ئه‌م وه‌ڵامه راسته بۆ ئه‌م كومهڵگایهی منی تێدا ده‌ژیم؟
ئامانج له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌هه‌ر كونجێكی ئه‌م دنیایه دروستكردنی ژیینگهیهكی دیموكراسییه، كه هه‌مو ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازه‌كان له‌خۆبگرێت و یه‌كتری قبوڵبكه‌ن له‌پێناو ئامانجه هه‌ره پیرۆزه‌كه خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگا و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هه‌موان به‌بێ جیاوازی له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردنی كه‌ساییه‌تی دڵسۆز‌و به‌توانا.
له‌كۆمه‌ڵگا شارستانییه‌كاندا ئه‌م ململانێ و كێبڕكێیه به یاسا رێكخراوه، ئه‌گه‌ر به‌یاساش رێك نه‌خرابێت به‌مه‌زه‌نه‌ی عه‌قڵ و مه‌زاجی ئه‌م و ئه‌و له‌ناو ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزب ناڕوات به‌ڕێوه، بۆ كه‌س نییه به‌ها مرۆییه‌كان ببه‌زێنێت ته‌نانه‌ت سه‌رۆكه‌كانیش بۆیان نییه به‌ها مرۆییه‌كان ببه‌زێنن و سوكی بكه‌ن، به‌ها مرۆییه‌كان رێگه به‌تیرۆركردنی جه‌سته و ده‌رون ناده‌ن، رێگه به‌تیرۆركردنی كه‌سایه‌تی مرۆڤ ناده‌ن.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژو، چ مێژوی دور یاخود زۆر نزیك، تیرۆركردنی نوخبه یه‌كێك بوه له‌هه‌ره چه‌كه كاریگه‌ر و قێزهوهكانی دیكتاتۆر و ده‌سه‌ڵاتداره نابوت و فاشیله‌كان، له‌ڕێی كوشتنی نوخبه‌وه كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵگاكه‌یان كردوه نه‌یانهێشتوه عه‌قڵیه‌ت و ده‌رونی كۆكهڵگاكهیان گه‌شه‌بكات، به‌ڵام له‌كوشتنی نوخبه كاریگهتر و قێزهوهتر تیرۆركردنی كه‌سایه‌تی و سوكایه‌تیكردنی نوخبه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن نوخبه‌وه ئه‌نجامبدرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگای ئێمه ده‌گوزه‌رێت، نه‌ك گه‌شه‌كردنی عه‌قڵ و ده‌رونی كۆكهڵگا ئه‌وه‌ستێت، به‌ڵكو هیچ مانا‌و پانتاییه‌ك بۆ به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان نامێنێت و مێگه‌لێك ئهخولقێنرێت.
كاتێك نوخبه سوكدهكرێت چیتر كه‌س گوێیان لێناگرێت، مانای به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان گوڕانكاری خراپیان به‌سه‌ردادێت و ئهشێوێنرێن، ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌ئاره‌زوی خۆیان راستیه‌كان لنگه‌وقوچ ده‌كه‌ن، رۆژێك فریشته و پاڵه‌وانێكی نیشتمانپه‌روه‌ریت، به‌قودره‌تی قادر له‌چركه‌یه‌كدا ئه‌بیت بهشهیتانێكی خۆفرۆشی ناپاك، رۆژێك له‌به‌ری گه‌لیت و رۆژێكیتر له‌به‌ره‌ی دوژمن، بۆ ئه‌بێ یان نیشتمانپهروهربم یاخود خۆفرۆش و ناپاك، ئایا له‌م نێوه‌نده‌دا هیچ پانتاییه‌كی ترنییه؟ هه‌ر سپی و ره‌ش بونی هه‌یه؟! ئه‌ی كوا ره‌نگه جوانه‌كانی تر كه به ملیۆنه‌ها ره‌نگ مه‌زه‌نه ده‌كرێن، ئه‌مه‌وێ هاوڵاتیه‌كی ساده‌بم نهفریشتهبم و نه‌شه‌یتان، ئه‌مه‌وێ مرۆڤبم چێژ له‌ژیان و مرۆڤایه‌تی وه‌رگرم وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی كۆمه‌ڵگا شارستانیه‌كان.
مێژوی سوكایه‌تیكردنی نوخبه له كوردستانی باشور مێژوهیهكی تازه و خۆڕسك نییه، به‌ڵكو مێژویه‌كی كۆن و به‌رنامه داڕێژراوه، یه‌كێكه له‌داهێنانه قێزه‌ونه‌كانی كورد، زۆرجار به‌رپرسه نیشتمانپه‌روه‌ره ههرهههرهباڵاكان به‌كاریان هێناوه دژی هاوڕێ نزیكه‌كانی خه‌باتیان، ته‌خوینیان كردون له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و راستیهكانیشیان نه‌ك شاردۆته‌وه، به‌ڵكو شێواندویانهوه، كێت به‌دڵ نه‌بو ته‌خوینی بكه له‌مه ئاسانتر نییه بۆگه‌یشتن به‌ئامانج.
له‌دوای راپه‌ڕین هونه‌رمه‌ندانی كوردستان كهچینێكی رۆشنبیرن به‌خۆیان زانیبێت یان نا به‌وپه‌ڕی شانازییه‌وه یه‌كه‌م فلیمیان له‌سه‌ر خوله‌پیزه ده‌ركرد! باشه بۆ یه‌كه‌م فلیم ئه‌بێ له‌سه‌ر خوله‌پیزه بێت؟ بۆ گه‌لی كورد له خوله‌پیزه زیاتر سه‌ركرده و رێبه‌ر و زانا و شاعیر و پاڵه‌وانی نیشتمانی تری نه‌بو؟ دكتۆر فایه‌ق گوڵپی له‌كتێبی ((سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌په‌رستیی داگیركه‌ران و په‌رچه‌كرداری خێڵه‌كی كورد)) ئه‌مه ئه‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ هزر و عه‌قڵیه‌تی دژایه‌تی كردنی ده‌وڵه‌ت و یاسا و دیسپلین، به‌ڵێ ئه‌مه له‌لایه‌ك تا بڵێی راسته، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه به‌خۆمان زانیبێت یان نا ئامانج لێی تیرۆركردنی كه‌سایه‌تی و سوكردنی نوخبه‌ی كورده له‌پێناو تێكدانی رایه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگا و دروستكردنی مێگه‌لێك بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان.
له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌مو كرانه‌وه‌ی بارودۆخه سیاسیه تازه‌یه‌ی ئێستای كوردستان هیچ رۆشناییه‌ك نابینم له‌ئاسۆدا تائه‌وكاته‌ی نوخبه‌ی وڵاته‌كه‌م وه‌ك نوخبه‌ی كۆمه‌ڵگا زیندوه‌كان بیرده‌كه‌نه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، تائه‌و كاته‌ی به‌لۆجیكی فریشته و شه‌یتان سه‌یری خه‌ڵك ناكه‌ن، تائه‌و كاته‌ی گشت ره‌نگه جیاواز و جوانه‌كان ئه‌هێننه‌وه ناو كۆمه‌ڵگا و خه‌ڵك.
به‌بۆچونی من ئه‌گه‌ر تیرۆركردنی نوخبه هه‌وڵێك بێت بۆ وه‌ستاندنی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا، به‌ڵام تیرۆركردنی كه‌سایه‌تی نوخبه هه‌وڵێكه بۆ شێواندنی كۆمه‌ڵگا و سوكردنی به‌ها مرۆییه‌كان و له‌باربردنی ئومێدی خه‌ڵكی كوردستان به‌ئازادی و شارستانی و كێبڕكێی شارستانی مه‌ده‌نی، بۆیه تیرۆركردنی كه‌سایه‌تی نوخبه و سوككردنی گه‌مژه‌ییه، هه‌مومان لێی به‌رپرسین و زه‌ره‌رمه‌ندین، ته‌نها براوه به‌رپرسه بازرگانه‌كانن نه‌ك میلله‌ت؟!
|
|
|