Print
 
 نه‌وت له‌ ته‌عریبه‌وه‌ بۆ ته‌تریك
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Monday, June 2, 2014

له‌ باشوری‌ كوردستان خه‌ون به‌وه‌ ده‌بینین كه‌ ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆمان هه‌بێت و چاو له‌ ده‌ستی‌ كه‌س نه‌بین، به‌ هیواشین نه‌وت ئێمه‌ به‌رێته‌ دنیاوه‌ نه‌ك جارێكی‌ تر غلۆرمان كاته‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ مێژو، ده‌مانه‌وێ‌ نه‌وت بڕوات، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی‌ بمانكات به‌ خۆمان و له‌ كه‌ناره‌كانی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ نزیكمان كاته‌وه‌، كه‌س له‌گه‌ڵ تاڵان و به‌هه‌ده‌ردان و به‌و شێوه‌یه‌ فرۆشتنی‌ نه‌وتا نیه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانە‌ سروشتیه‌كان و ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ و ته‌نه‌ر یاڵدز به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ له‌ خراپترین وڵاتی‌ دنیادا شتی‌ وانیه‌، خۆئه‌وه‌ی‌ نوری‌ مالكیش وتی‌، كه‌ نزیكه‌ له‌ دزیه‌وه‌ بڕێكی‌ زۆر راستی‌ تیایه‌، هه‌ربه‌وه‌ی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ كورد ئاگاداری‌ كه‌ین و به‌ینی‌ فرۆشتن و به‌هه‌ده‌ردانه‌كه‌ نین، نازانرێ‌ پاره‌كه‌ی‌ بۆكوێ‌ ده‌چێت، بوه‌ به‌مایه‌ی‌ نه‌گبه‌تی‌ و ده‌رده‌سه‌ری‌ بۆ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

راستیه‌كه‌ی‌ ده‌مانه‌وێ‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ئابوری‌ و سیاسی‌ نزیك بینه‌وه‌، به‌ڵام رێگه‌یه‌كی‌ باشمان نه‌گرتوه‌ته‌به‌ر توركه‌كان و ئاكه‌په‌ له‌ خه‌ونی‌ ئه‌وه‌دان نه‌وته‌كه ‌و خۆمان ته‌تریك كه‌ن، ئه‌وان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ دوی‌ دراوسێیه‌كی‌ بۆ ئه‌وان ره‌زاگرانی‌ وه‌ك ئێمه‌وه‌ نین، ئه‌وان تائێستاش وه‌ك سه‌رۆك عه‌شره‌ت سه‌یری‌ سه‌ركرده ‌و سه‌رۆكه‌كانی‌ كورد ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌دوا هه‌ڵبژاردنی‌ توركیاشدا ئه‌وان له‌وێش هه‌ر پشتیان به‌ خێڵ و عه‌شره‌ت به‌ستبو له‌ ناوچه‌ كوردیه‌كان.

ئێمه‌ خۆیشمان هاوكاری‌ ئه‌وه ‌ده‌كه‌ین نه‌وتی‌ كوردستان له‌ چنگی‌ ته‌عریبی‌ ده‌یان ساڵه‌ ده‌ربكه‌ین و بیخه‌ینه‌ چنگی‌ ته‌تریكه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌ڕی‌ نائاوه‌زی‌ سیاسیه‌.

به‌بڕوای‌ من ده‌بێت پارله‌مانی‌ كوردستان له‌م گه‌مه‌یه‌دا داوای‌ رونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر بكه‌ن، چونكه‌ تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش پیاوێكی‌ وه‌ك مالیكی‌ زۆر له‌ سه‌دام حوسێن و ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆگانیش باشتره‌، ئه‌وه‌ خێره‌ سه‌ركرده‌كانی‌ كورد زۆر به‌ ئاسانی‌ ده‌ستی‌ سه‌دامیان ده‌گوشی‌ و ئامێزیان بۆ ده‌كرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگانیش ده‌توانن پێكه‌وه‌ گۆرانی‌ بڵێن، لێ‌ له‌ داخی‌ مالیكی‌ كه‌ پێشتر خۆیان سه‌ریان خستوه‌ته‌سه‌ر عه‌رشه‌كه‌ له‌ چه‌قی‌ ده‌ریادا كاپتنی‌ كه‌شتیه‌كه‌ ده‌كوژن.

من له‌و خه‌ڵكه‌ تێناگه‌م چۆن به‌وه‌ رازی‌ ده‌بن نه‌وت له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ دوای‌ ده‌یان ساڵ ببینه‌ خاوه‌نی‌ له‌  قه‌پی‌ ته‌عریبه‌وه‌ ده‌یكه‌ینه‌ تیكه‌ی‌ ته‌تریك، ئه‌رێ‌ كاتی‌ ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ ئه‌م گه‌مه‌ خراپه‌ كۆتای‌ پێبێت له‌كاتێكا خه‌ریكه‌ بێ كورد مالیكی‌ ببێته‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران و توركیاش كاروباری‌ خۆیمان پێ‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كات.
Sbeiy.com © 2007