Print
 
 نوسه‌رێک ده‌ڵێ ''ده‌مه‌وێ قسه‌ نه‌که‌م، به‌ڵام لێمناگه‌ڕێن''!
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Wednesday, June 11, 2014

زۆر جار ده‌مه‌وێ نه‌ک هه‌ر قسه‌ نه‌که‌م به‌ڵکه‌ قه‌ڵه‌مه‌که‌م دانێم و چیتر نه‌نوسم، چونکه‌ زۆر جار وا هه‌ست ده‌که‌م که‌سێکی هه‌ڵه‌وه‌ڕ و زۆر بڵێم، ئه‌و مرۆڤه‌ نیم که‌ هه‌م، وا هه‌ست ده‌که‌م نه‌ که‌س گوێ بۆ قسه‌کانم ده‌گرێ، نه‌ که‌سیش نوسینه‌کانم ده‌خوێنێته‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی من ده‌ینوسم یان ده‌یڵێم لای خه‌ڵکی سوابێ و چێژی نه‌مابێ، یان لێم توڕه‌ بوبن. زۆر جاریش وا هه‌ست ده‌که‌م له‌و مه‌لایه‌ ده‌چم ‌به‌ درێژایی ده‌یان پشت له‌سه‌ر منبه‌ره‌وه‌ هاوار ده‌کات، که‌چی نه‌یتوانیوه‌ میله‌ته‌که‌ی له‌شه‌ڕی خۆبه‌خۆ دورخاته‌وه‌.

جاری واشه‌، وا ده‌زانم‌ ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ ده‌که‌م هیج کاتێکم بۆ بیرکردنه‌وه‌ و گوێگرتن نه‌هێشتۆته‌وه‌. ماوه‌یه‌که‌ هه‌ندێ له‌براده‌ره‌کانم پێم ده‌ڵین "له‌وه‌ته‌ی بویته‌ به‌ ره‌فیقیان، وه‌ک ئه‌و سیاسیانه‌ ده‌رده‌که‌وی که‌ ده‌یانه‌وێ خه‌ڵک گوێیان لێبگرن و سه‌ریان بۆ بله‌قێنن". خۆ تۆ نوسه‌ری! لێره‌وه‌ بڕیارمدا به‌ خۆمدا بچمه‌وه‌، چێژ بۆ نوسینه‌کانم بگێڕمه‌وه‌.

ئێ، بۆ؟ خۆ کاتێ ده‌ست ده‌ده‌مه‌ قه‌ڵه‌مه‌که‌م و ده‌مه‌وێ بنوسم، هه‌ر چوار ده‌ورم پڕده‌که‌م له‌کتێبی پیاوه‌ عاقڵه‌کانی دونیا، هه‌وڵده‌ده‌م له‌هه‌ر کتێبی باشترین دێر هه‌ڵبژێرم و بیخه‌مه‌‌ سه‌ر کاغه‌زه‌که‌ی پێشم. وا هه‌ست ده‌که‌م منیش گه‌یشتومه‌ته‌ ریزی ئه‌وان: له‌سه‌ر خۆ، پشودرێژ، بینین و خوێندنه‌وه‌ی هه‌مو ره‌نگه‌کان، دژی توندوتیژی ژنان... تاد. له‌نێو گێژه‌نگی ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌دا ده‌خولێمه‌وه‌ که‌ چۆن له‌رێگه‌ی ئه‌م نوسینه‌وه‌ قسه‌ جوانه‌کانی ئه‌و پیاوه‌ چاکانه‌‌ بگه‌یه‌نمه‌ دوا تاکی میله‌ته‌که‌م، به‌ڵکه‌، ئێه! خوا کردی و گرتی. بۆ خۆشم به‌و هیوایه‌م لێمگه‌ڕن و دوای ته‌واوبونی نوسینه‌که‌شم له‌ریزی ئه‌و پیاوانه‌ بمێنمه‌وه‌. نه‌خێێێێر.

سه‌ری سه‌عاته‌و، رادیۆکه‌ ئه‌و مۆسیقاو گۆرانیه‌ کپه‌ی که‌ ده‌ڵێن بۆ راحه‌تی مێشك باشه‌ وه‌ستاندی، به‌ده‌نگی به‌رز‌ گوتی "کاتی هه‌واڵه‌کانی کاتژمێر 10 ده‌یه‌‌".

ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانی دو براو، له‌ پیره‌مه‌گرون دو برا و له‌ پێنجوێنیش دوان، له‌سه‌ر رێی که‌لار– ده‌ربه‌ندیخان خێزانێکی 5 که‌سی به‌ روداوی هاتوچۆ گیانیان له‌ده‌ستدا، له‌بادینان دونیا کوژرا، کونسوڵی ئێرانی حوسه‌ینیه‌کی له‌ به‌رته‌له‌ کرده‌وه‌، و کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانیش ..........

رادیۆ‌که‌م کوژانده‌وه‌، ده‌ستم دایه‌وه‌ قه‌ڵه‌مه‌که‌م.

نه‌خێر، نایه‌ڵن........

زرمه‌ی ده‌رگا هات

ژنه‌که‌، زوکه‌، بزانه‌ کێیه‌ هاوار ده‌کاو زرمه‌ له‌ده‌رگاوه‌ دێنێ، کاتێ خێزانه‌که‌م ده‌رگای کرده‌وه‌، گوێم لێ بو:
ژنه‌ دراوسێکه‌مان به‌ده‌نگێ زۆر به‌رز گوتی "گوێتان له‌و گرمه‌یه‌ نه‌بو، ده‌ڵێن له‌بازاڕ ته‌قینه‌وه‌ بوه‌، کوڕه‌کانیشم هه‌ردوکیان له‌بازاڕن".

هێنده‌ی پێنه‌چو، گوێم له‌ده‌نگی ئیسعاف بو، قه‌ڵه‌مه‌که‌م دانا و منیش وه‌ک ئه‌وانم لێهاته‌وه‌. خۆزگه‌ ده‌متوانی ئه‌وه‌ی رویدا بیگێڕمه‌وه‌ و ده‌می ئه‌و ژنه‌ش وه‌ک میلی رادیۆکه‌ باده‌م و بیوه‌ستێنم.

دوای نزیکه‌ی یه‌ک کاژێڕ، له‌به‌شی فریاکه‌وتنی خه‌سته‌خانه‌ی ئازادی ژنه‌ دراوسێکه‌مانم بینی، قژی ده‌ڕنیه‌وه‌ و ده‌یلاوانده‌وه‌، ده‌یان ژن و کچی دیکه‌ش ده‌سته‌وه‌ستان به‌ دیاریه‌وه‌ ده‌گریا ن و فرمێسکیان ده‌سڕیه‌وه‌.

هێنده‌ی نه‌برد، ریش سپیه‌ک گوتی "ره‌حمه‌تتان لێبێت بۆ سه‌ر قه‌بران"، دراوسێمه‌ ده‌بێ بچم، دو رۆژیش له‌پرسه‌که‌ی دابنیشم. وه‌ک هه‌ر که‌رکوکیه‌ک راهاتوم که‌ ته‌قینه‌وه‌بو، ده‌بێت چه‌ند مزگه‌وت و خێمه‌یه‌ک به‌سه‌ر بکه‌مه‌وه‌.

به‌ڵێ، ده‌مه‌وێ قسه‌ نه‌که‌م، هه‌میشه‌ ئه‌و پیاوه‌بم که‌ به‌دیار کتێبه‌کانه‌وه‌م، به‌ڵام چۆن ده‌توانم، لێمناگه‌ڕێن، شه‌وانه‌ روداوه‌کانی دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ی دێنه‌ خه‌وم و ختوکه‌م ده‌ده‌ن.
Sbeiy.com © 2007