Print
 
 رێکخراو و بەرنامەی Calamity (نا ئارامی یان باری نائاسایی)
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Monday, June 23, 2014

ئەم ئاڵوگۆڕانەی دواییانە لەعێراق و راگەیاندنی باری نا ئاسایی لەلایەن حکومەتی عێراق و هێرشەکانی داعش و گرتنی نەینەوا و چەندین شار و شارۆچکەی ناوەڕاست و خۆرئاوای عێراق. ئارامی و ئاسایشی خەڵکی لەکوردستان داوای رێکخراو و بەرنامەی کالامیتی دەکات تا ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان و دامودەزگاکانی وڵات و بەرهەمی نەتەوەیی و ئینفراستەکچەری کۆمەڵگا ئارام بێت و کۆمەڵگا لەهەمو پێداویستیە سەرەکیەکان مسۆگەری هەبێت و توانای بەردەوامی هەبێ و لەلایەکی تریش باوەڕیەک بە کۆمەڵگا دەدات و پە دوژمنانی دەڵێ؛ کە کۆمەڵگای ئێمە رێکخراوە و بە توانایە و لەباری چۆنایەتی و مەعنەویدا زۆر بەهێزین.

رێکخراوی کالامیتی زۆر جیایە لەژوری عەمەلیات (ئەوەی لەکوردستان باوە) بەکورتی رێکخراوەکە پێکهاتوە لەهەمو دامودەزگاکان و لێپرسراویەتی سەرەکی خۆیان هەیە و هەمویان کەسی شارەزان لە پرۆسێسە جیاجیاکانی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا و هەر مەیدانێکیش لەمەیدانەکان لێپرسراوی خۆ هەیە و لەلایەکی تریش هەمویان یانی لێپرسراوان ئەوانیش راستەوخۆ رابەری دەکرێن لەلایەن رابەرانی تر. بەکورتی رێکخراوەیەکی کامل و بەتوانایە لەهەمو مەیدانەکان داو تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەت دەگرێتەوە و لەکاتی کارەکانیشدا لێپرسراوی ئاسایش و ئەمنی و سەربازی رابەری دەکات و هەمو مەسەلەکان لەلایەن بە هاوبەشی لەگەڵ رابەرە جۆربەجۆرەکان و ئەوانەوە بڕیاری لێدەدرێت.

ئەم رێکخراوە هیج ئیمتیازات و مەسرەفی زیادی نیە، بەڵکو هەمو ئەم مرۆڤانەی ئەندامن لە رێکخراودا لەکاتی خۆیان و بە خۆبەشی یان لەکاتی کاری خۆیان ئەم کارانە دەکەن. تەنانەت هەمو ئیمکاناتەکانی پەیوەندیەکان و کۆمۆنیکەیشنی هەمان دامودەزگای دەوڵەت و کارگە و کارخانەکان بەکاردێنن. یەکێ لەسیفاتە هەرە گرنگەکانی ئەم رێکخراوەیە بونی سیاسەتێکی رۆشنە لەکاتی کالامیتی و دەست بەکار بونە بە ئەنالیزەی گرفتەکان و نەخشە کێشانی سیناریۆیەکان و ژمێریاری تەواوی مەسەلەکان و راهێنانی ئەندامانی رێکخراو بۆ ئامادەسازی و دراسەکردنی هەمو ئەگەرەکان.

سازماندانی ئەم رێکخراوەیە دەبێ هەرەمی بێت و بەشێوەیەکی سەرەکی رابەری بکرێ لەلایەن کەسانی بەتوانا و پسپۆڕەوە. پاراستنی ئەمنیەتی خودی ئەم رێکخراوەیە زۆر گرنگە و لەهەمو وڵاتانی دونیا ئەمانە بە نهێنی کار دەکەن و ئامادەکاریەکان دەکەن.

بەرنامەی کالامیتی؛
نوسینەوەی بەرنامەیەکی لەم جۆرە ئەوەندە ئاسان نیە، بەڵام ئەگەر بێت و هەر رشتەیەک بەگوێرەی سیاسەتی دروست رێکخراوی کالامیتی بەرنامەی خۆی بنوسێتەوە بەگوێرەی ئیمکاناتی دروست، کە بەردەستن و توانای بەردەستیان هەیە ئەوە نوسینەوەی بەرنامە ئاسان دەبێ.

گرنگترین خاڵ لەم نێوەدا راستگۆیی تەواوی رشتەکان و دامودەزگاکانی دەوڵەت و کارگە و کارخانەکانن لەگەڵ باوەڕبون بە دەوڵەت و لێپرسراوانە لە دڵسۆزیان بۆ گەل و ئامادەیی تەواویانە لە رۆژانی سەختدا.

ئەگەر ئەمە بە پراکتیکی بوەوە، ئەوا بەرنامە نوسین و پراکتیک کردنی ئەوەندە زەحمەت نین و پیادەکردنی ئاسان دەبێ.

لایەنێکی گرنگ لەبەرنامە بڵاوبونەوەیەتی لەنێو دامودەزگاکانی دەوڵەت و خەڵکی هەست بە هێلە سەرەکیەکانی بکەن و ژمارەی تەلەفۆن و شوێن و کاتەکان و هێڵکاری رابەران و لێپرسراوان دەبێ بۆ هەموان رون بێ.

ئەم جۆرە کارکردنە هەموان کێش دەکات تا هەم هاوڵاتیان و هەم دەوڵەت لەیەک سەنگەر بن دژی نائارامیەک، کە هەیە جا نائارامیەکە سروشتی بێ یان هێرش و پەلاماری دەرەکی بێ.

بەداخەوە ئەوەی بەرچاو دەکەوێ لەکوردستان زیاتر کارکردن و هەماهەنگی سەربازیە و زیاتر نەچۆتە ناو قوڵایی کۆمەڵگاوە. ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە ئەم وەزعە سیاسیەی کوردستان هەیە لە دو حکومەت و بە حیزبی بونی حکومەت و هەژمونی حیزبی. ئەگەرچی لەباری ئەمنی ئەزمونێکی بێ وێنەیان هەیە و تائێستا توانیویانە لەم ناوچە ئاگراویە بتوانن بەئارامیەوە بژین. ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموان ئەگەرچی لەواقع سەرکردە سیاسیەکانی کوردستان بۆ پاراستنی خۆیان ئەم کارانە دەکەن، بەڵام لەم لاشەوە خەڵکی لێ بەهرەمەندە.

خەڵکی لەکوردستان دەبێ هۆشیاری ئەم جۆرە رێکخراوە و بەرنامەیەیان لەلا گەلاڵە بێت، لەهەمان کات دەبێ خەڵکی بە هۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ وەزعی حکومەت و تواناکانی بکات.

لەباری نائاسیاییدا هاوڵاتیان دەبێ فشار بخەنەسەر دەوڵەت بۆ ئارامی زیاتر و لەهەمان کات، دەبێ ئەم ماوەیە بدەن بە دەوڵەت بۆ فەراهەم کردنی پێداویستیەکان.

ئەگەر حکومەتی کوردستان کار بە بەرنامە و رێکخراوەیەکی تایبەت بە کالامیتی نەکات، ئەوا لەکاتی رودانی سیناریۆیەک لە سیناریۆیەکان بە نمونە گرتنی هەندێ بازگەی پێشمەرگە لەلایەن داعش یان هێرشکردن بۆ سەر شارۆچکەی مەخمور و دیبەگە یان دوبس و دەوروبەری کەرکوک ئەوا گرفتی زۆر بۆ حکومەت و کۆمەڵگا دروست دەکات.

تا زوە دەبێ خەڵکی کوردستان لەخەمی خۆیان بن. ئامادەیی خەڵکی هەژار و کرێکاری کوردستان بۆ بەرگری لەکۆمەڵگا و گەل بەرزە، بۆیە دەبێ حکومەتی بنکە فراوانیش لەئاستی پێویستیەکانی گەل بێ.

هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگای کوردستان هەردەم هەیە و دەمێنێ، تا بتوانن بەهەموان ئارام و ئازادی هەموان بپارێزن لەباری کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی دا بژین.

ئەمەش لەگرەوی چاکسازی و باشترکردنی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکە و بەهێزکردنی بەرەکانی ناوخۆیە، ئەگەر بەرەی ناوخۆ بەهێز بو بە خستنەبەری بەرەی دژی هێرشە دەرەکیەکان بەهێز دەبێ.
Sbeiy.com © 2007