Print
 
 رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان زێڕی رەش و زێری سپیدا
نوسه‌ر:  مەحمود عەبدوڵا
Wednesday, July 9, 2014

مەبەست لەم ناونیشانەی سەرەوە نەوت و (ئاو)ە. بێگومان کێشمەکێش و جەنگەکانی رابردو، ئەگەرچی کارەسات باربون، بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زێڕی رەش فاکتەری سەرەکی چاوتێبڕینی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپا بوە، بەرامبەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام جەنگ و کێشمە کێشەکانی داهاتو لەنێوان وڵاتانی رۆژهەڵات دادەبێت، لەسەر زێڕی سپی و پێدەچێ جەنگی خوێناوی لێبکەوێتەوە، نەک لەبەرئەوەی ئەم وڵات یان ئەو وڵات ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆ، بەهۆی سامانی (ئاو)ەوە؛ بەڵکو لەبەرئەوەی سەربەخۆیی لەدەست نەدەن و نەخنکێن. واتە کێشە کە لەوە گەورەترە کێشەی مان و نەمانە.

رەنگە ئیسرائیل و تورکیا هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی ئاوبن لەداهاتودا، لەهەمانکاتدا براوەشبن. هەریەک لەم دو وڵاتە (ئیسرائیل و تورکیا) دەمێکە یاریەکەیان دەست پێکردوە و توانیویانە، لەم مەیدانەدا ئەسپی خۆیان تاوبدەن. ئیسرائیل – کە بە دەوڵەتی تینوی ئاو ناوی دەرکردوە، لەبەرئەوەی ٢/١ی ئاوی ئیسرائیل هی خۆی نییە و ناکەوێتە ناو سنوری دەوڵەتەکەی. بۆیە ئیسرائیل لەدوای شەڕی ساڵی (١٩٦٧) دەسەتی بەسەر سەرچاوەی ئاوی بەرزایەکانی جۆلان داگرتوە. لەمبارەیەوە ستۆڤەر تۆماس دەڵێت؛ (ئەو دەستکەوتەی ئیسرائیل ساڵانە بەرامبەر ٢ملیارد دۆلارە).

کێشەی کەمبونی ئاو، بەتایبەت ئاوی خاوێن کێشەیەکی جیهانییە، نەک تەنها پەیوەندی بەڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبیت. بەڵام ئەوەی کێشەکەی قوڵترکردۆتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ئەوەیە، کە ١%ی  ئاوی سازگار لەم ناوچانە هەیە لەکاتێکدا لە ٥%ی دانیشتوانی جیهانی هەیە.

ئاو سامانێکی سروشتییە، بەهایەکی بەرزی هەیە و بەراورد ناکرێت بەهیچ سامانێکی تری سروشتی: لەبەرئەوەی پێوێستییەکی ژیانی و رۆژانەی مرۆڤە. لەبەر بەرزی بەهای بەکارهێنانی ئاو، لەهەمانکاتدا دابەشنەبونی بەشێوەیەکی یاکسان بەسەر وڵاتاندا، هەروەها هاوبەشی وڵاتان لەو روبارانەی کە بەچەند وڵاتێکدا تێدەپەڕن، هەوڵدانی وڵاتانیش بۆدەست بەسەرداگرتن و گلدانەوەی ئاوی روبارەکان وای کردوە کە بڵێین: شەڕی ئایندە شەڕی ئاودەبێت.

ئەگەرچی ئاو زیاتر لە٧٠ %ی گۆی زەوی داپۆشیوە، بەڵام٩٧ %ی ئاوی دەریاو زەریاکانە و بەکەڵکی خواردنەوە نایەت و لە٣ %ی بۆخواردنەوە دەشێ و سازگارە دیسان ئەم رێژە سازگارەش بەشێوەیەکی یەکسان دابەش نەبوە، بۆیە ئەو وڵاتانەی کە رێژەیەکی کەمئاوی سازگاریان هەیە، دەبێ پارەیەکی زۆر خەرج بکەن بۆ دەستخستنی ئاوی سازگار و پاککردنەوەی لە ئاوی سوێر.

هەریەکە لە روباری نیل و فورات و دیجلە لەئایندەدا سەرەچاوەی شەڕ و ناکۆکیەکان دەبن و هەریەک لەم وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، هەوڵی دەست بەسەر داگرتنی ئەو روبارانەدەدەن، وەک چەکێکی سروشتی لەدژی یەکتر بەکاری دەهێنن .

شەڕی ئاو شەڕێکی پەنهانە و پەیوەندی بەئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، ستراتیژی سەربازی بەهێزیش لەم نێوەندەدا رۆڵ دەبینێت، بۆیە ئەو وڵاتانەی ستراتیژی سەربازی بەهێزیان هەیە ئاسایشی نەتەوەییان پارێزراو دەبیت، چونکە دەتوانن خاوەنداریەتی زۆر ترین سەرچاوەکانی ئەم روبارانە بکەن بەهۆی هیزی سەربازییانەوە. هەریەکە لە تورکیا و ئیسرائیل دەمێکە بیریان لەم مەسەلەیە کردۆتەوە و کار بۆ قۆرخ کردنی سەرچاوەکانی ئاو دەکەن.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپا (سۆکسە) وڵاتی تورکیا لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە کار لەسەر پڕۆژەی خواروی ئەنادۆڵ دەکات کە بە (گاپ) ناسراوە. ئەم پڕۆژە گەورەیە پێکهاتوە لە ٢١ بەنداو، ١٧ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، ٣٠ی سیستەمی ئاودێری، لە ١٣ پڕۆژە پێکهاتوە، کە بۆتەهۆی ژێرئاوکەوتنی ١٥٥ گوند و کەم کردنەوەی سەوزایی و لەناوچونی ٥ ملیۆن سەر مەڕ و ٢ ملیۆن سەر بزن .

بێگومان ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورک، لەسەر حیسابی نەتەوەی کورد و دروستکردنی مەترسی ئاسایشی نەتەوەی بۆ گەلی کورد لە داهاتودا.

لەملاوە ئێران بەنداوی (گاران) دروست دەکات لە رۆژهەڵاتی شاری مەریوان لەسەر روباری سیروان و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان، هەریەکە لە ئێران و تورکیا شەڕی ئاویان دەست پێکردوە و لەداهاتودا دەبنە هۆی مەترسی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ کورد و رەنگە کورد وەک لە رابردودا بوە قوربانی نەوت، لەئایندەدا ببێتە قوربانی ئاو.

هەرچەندە زۆربەی ئاوی کوردستان ئاوی سازگارە و پێکهاتوە لەئاوی روبار و کانی و کارێزەکان، بەڵام بەبێ بونی پلانێکی ستراتیژی درێژخایەن و دروستکردنی بەنداو، دیسان کورد ناتوانێت شەڕی ئاو بکات.

لەگەڵ ئەوەی خواست بۆ ئاوی خاوێن زیاد دەکات و رۆژ بەڕۆژ ژمارەی دانیشتوان لەزیاد بوندایە و بەشێکی خاکی وڵاتان مەترسی بەبیابان بونی لێدەکرێت و رێژەی ئاویش بەرەبەرە کەم دەکات؛ بۆیە تادێت لەمەترسی شەڕی ئاو نزیک دەبینەوە و رەنگە لەئایندەدا ببیتە هۆی پێکدادانی چەکداری و شيڕێکی خوێناوی و کارەساتی مرۆیی گەورەی لێبکەوێتەوە.
Sbeiy.com © 2007