|
قه‌یرانی راگه‌یاندنی كوردی |
نوسه‌ر: ئارام قادر حه‌مه‌سور
|
Thursday, July 17, 2014 |
كهئاوی ئاوی كه‌وسه‌ر به
وه‌گه‌رنا بلقی سه‌ر ئاوی (نــــالــــــی)
بێگومان راگه‌یاندن به‌هه‌رسێ جۆری بینراو بیستراو نوسراو كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌ی ئیجابی و سلبی، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی گه‌یاندنی به‌رنامه‌ی كه‌ناڵه‌كه بۆ وه‌رگر، له‌نێوان نێرهرو وه‌رگر ده‌بێت كۆمه‌ڵێ فلته‌ر هه‌بێت تا به‌رنامه‌ی گه‌یاندن به پاكی بگاته وه‌رگره‌كان، راگه‌یاندنی كوردی بێ فلته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونییه دیاره بڕوایان به‌بونی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی نییه یان به‌شه‌رمی ده‌زانن و به‌رنامه‌ی راگه‌یاندنی خۆیان به باش و بێ خه‌وش ده‌زانن، بینیومانه به‌رنامه‌یه‌ك یان هه‌واڵێك یان فیلمێكی توندوتیژ كاری كردۆته سه‌ر په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگا و خێزان و به‌ره‌و گرژی بردون.
ده‌توانین بڵێین راگه‌یاندن به‌گشتی كاری كردۆته‌سه‌ر بڕیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات وتاكی كوردی، راگه‌یاندن ده‌توانێن تاكی كوردی ئاڕاسته بكات و فه‌زای گشتی بشڵه‌قێنێت، ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆته كاره‌سات راگه‌یاندنی هەندێک لە حیزبه سیاسییه‌كان و راگه‌یاندنه سێبهرهكانن كه ئه‌مانیش به‌شێكی حیزبن ئه‌م راگه‌یاندنانه بونی فلته‌ر به‌حه‌رام ده‌زانن و هه‌مو پیشێلێكی مافی مرۆڤ ده‌كه‌ن له‌پێناو گه‌یاندنی كارنامه سیاسییه‌كه‌یان، هه‌ندێك راگه‌یاندن تیرۆری كه‌سایه‌تی مرۆڤ و جنێو و سوكایه‌تی ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌پێناو راكێشانی چه‌ند ده‌نگێكدا یان زیادبونی بینه‌ر و بیسه‌رو خوێنه‌ردا.
راگه‌یاندنی كوردی زۆربڵێ و كه‌م زانیارییه راگه‌یاندنێكه كه به‌رده‌وام قسه ده‌كات و درێژ دادڕه، به‌ڵام خاوه‌نی زانیاریه‌كی كه‌م و دوباره و ساده‌یه، كاره‌ساته كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی كوردی هه‌بێت بودجه گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر حسابی گشتی بێت و كه‌چی نه‌توانێت پرسیار و خه‌مه گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگه بوروژێنێت و باسبكات، سیفه‌تی راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتو وروژاندنی پرسیاره گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه نه‌ك پێشوازییه‌كانی سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌ی بكاته مانشێت و سه‌ردێڕ، راگه‌یاندنی كوردی یان توانای خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نییه یان سیاسه‌تی خۆگێلكردن په‌یڕه‌و ده‌كات له دیاریكردن و شرۆڤه كردنی خه‌مه گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگه، ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه به‌ده‌ست كه‌می ئاو كاره‌با و نه‌بونی ژینگه‌ی باش و خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی باش و هاورده‌كردنی سه‌وزه و میوه و له‌ده‌ره‌وه و راگرتنی موچه له‌لایه‌ن به‌غداوه ده‌ناڵێنێت، كه‌چی راگه‌یاندنی كوردی باسی به دوبه‌ی كردن و پایته‌ختی گه‌شیاری ده‌كات، نادادپه‌روه‌ری پرسیارێك و خه‌مێكی گه‌وره‌ی ئێمه‌یه ، خه‌می گه‌نجانی مافخوراو خاوه‌ن بڕوانامه له هه‌موی گه‌وره‌تره وه‌ك كـــــــــۆمهڵناسان ده‌ڵێن بۆئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك تێبگه‌ی ئاستی گه‌نجه‌كانیان بزانه، گه‌نجی ئه‌م هه‌رێمه بێ راگه‌یاندنه پرۆفیشناڵه پێشبینی یاخی بونی گه‌وره‌یان لێده‌كرێت گه‌ر كۆی ئه‌م یاخی بونانه یه‌كبگرن ده‌بێته وزه‌یه‌ك ئه‌م هه‌رێمه ده‌هه‌ژێنێت، به‌ڵام سه‌یره بۆچی ئه‌مه خه‌می گه‌وره‌ی راگه‌یاندنی كوردی نییه؟
راگه‌یاندنی كوردی به‌ده‌ستی كهمزانییارییهوه گیرۆده كراوه رۆژنامه هه‌یه رۆژانه به‌س په‌ڕه‌كانی رهشدهكرێن، زۆركات وه‌ك ئه‌م وته‌ی به‌سه‌ر دێت كه (گۆته) ده‌ڵێت "ئه‌گه مرۆڤ چه‌ند مانگێك رۆژنامه‌كان نه‌خوێنێته‌وه، پاشان به‌سه‌ریه‌كه‌وه بیانخوێنێته‌وه بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌ند كاتی له‌گه‌ڵ ئه‌م كاغهزانهدا به فیرۆداوه".
راگه‌یاندنی كوردی به چاوێكی لێڵ له روداوه‌كانی روانیوه كاتێك روداوێك له‌م هه‌رێمه روده‌دات راگه‌یاندنی كوردی توشی شۆكت ده‌كات و سه‌رت سوڕدهخواتهوه، ئه‌گه‌ر له‌وكاته‌دا چاودێری راگه‌یاندنه كوردییه‌كان بكه‌یت هه‌ریه‌كه و قسه‌یه‌ك و هۆكارێك راده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ریه‌كه‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی كه ناوی ئاشكرا نه‌كرد ده‌نوسێت.
باباسی ئه‌وه نه‌كه‌ین كه راگه‌یاندنی كوردی چه‌ند به‌ده‌ستی هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانییه‌وه ده‌ناڵێنێت، بۆیه له‌وكاته‌دا پێویستیت به حه‌بی پاراسیتامۆل هه‌یه، به‌تایبه‌ت تر له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا له به‌شێكی زۆری راگه‌یاندنی حیزبی‌دا راگه‌یاندن و ئیتیكی راگه‌یاندن دوڕوی یه‌ك دراو نامێنن، خراپی راگه‌یاندنی كوردی له كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا تاكێكی ده‌رون شڵه‌ژاو دروستده‌كات و بۆیه تاكی كوردی حه‌ز ده‌كات ماوه‌ی بانگه‌شه‌كه زو ته‌واو ببێت.
كه‌مێك گوێ له گۆرانی و فیلمه كوردییه‌كان بگرین توشی شۆك ده‌بین، چونكه پڕن له وشه‌ی نه‌شیاو به‌رامبه‌ر مرۆڤ به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی، گۆرانیبێژێك ده‌ڵێت؛ بیوه ژنه ده‌ستی دوه؟ یه‌كێكی تر ده‌ڵێت؛ خودا بدات نیازم نۆ دانه ژن بخوازم یه‌كێك بۆ.... یه‌كێك بۆ..... یه‌كێك بۆ.... هتد؟، گۆرانیبێژێكی تر ده‌ڵێت من عاشق و تۆ خۆفرۆش؟ یه‌كێكی تر ده‌ڵێت ده‌وای ده‌ردم .... رابواردن دو دو خۆشه؟ گۆرانیبێژێكی ژن له به‌های ژن ده‌دات و له گۆرانییه‌كدا ده‌ڵێت؛ "خۆزگه هه‌ركچێك شوی كردایه یه‌كسه‌ر خه‌سوی بمردایه؟" راگه‌یاندی كوردی ئه‌م گۆرانییانه په‌خشده‌كات كه پڕن له سوكایه‌تی به ژن، راگه‌یاندنی حیزبه عه‌لمانییه‌كان كه‌لافی مافی ژن لێده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌وپه‌ڕی دوڕویدان، رێكخراوه‌كانی ژنانیش بێده‌نگن و زیاتر وه‌ك ماكیاجی حیزبه‌كان ده‌رده‌كه‌ون.
ناپلیۆن ده‌ڵێت: "سێ رۆژنامه‌نوس له سه‌د رم زیاتر من ده‌ترسێنن"، سیاسییه‌كان به‌رده‌وام له راگه‌یاندنكاران سڵده‌كه‌نه‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له راگه‌یاندنه ئازاد و ئه‌هلییه‌كان كار ده‌كه‌ن، زۆرجار داوای راگه‌یاندنكارێك بۆ دیمانه‌یه‌ك به‌رپرسێكی حیزبی تۆ قاندوه، سیاسیه پاره‌داره‌كان به‌رده‌وام له هه‌وڵی راكێشانی راگه‌یاندنكاره به تواناكانن و زۆرجار به چۆكیان داده‌ده‌ن به‌رامبه‌ر پاره، به‌ڵام راگه‌یاندنكار و رۆژنامه‌وانی گه‌وره هه‌ن به‌مه‌ره‌كه‌بی قه‌ڵه‌مه‌كه‌یان سیاسییه‌كان ده‌له‌رزێنن ئیراده‌ی خۆیان ده‌ده‌نه رێی ئازادی و دیموكراسی نه‌ك پاره، زۆرجار راگه‌یاندنكار وه‌ك شه‌كر كاتێك له په‌رداخه ئاوی سیاسییه‌ك نزیك ده‌بێته‌وه ده‌توێته‌وه و ده‌بێته بڵقی سه‌ر ئاو، وه‌ك هۆگ مارلتۆن ده‌ڵێت: "وڵاتێكم پێبڵێ كه تێیدا رۆژنامه‌وان و سیاسه‌توان پێكه‌وه هه‌ڵده‌كه‌ن، من پێت ده‌ڵێم له‌وێ دیمۆكراسی نییه".
لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت راگه‌یاندنی كوردی چه‌ند زۆربڵێ و كه‌م زانیارییه و چه‌ند ئاڵۆز قسه ده‌كات و ساده بیرده‌كاته‌وه، پێویسته میدیاكاران ئازایانه چه‌كوشی راگه‌یاندنكاری هه‌ڵبگرن و بیده‌ن له كه‌له‌سه‌ری كاربه‌ده‌ستان، بێ ترس كۆمه‌ڵگه له كه‌موكوڕییه‌كان ئاگاداربكه‌نه‌وه و زۆری زانیاری بخه‌نه پێش زۆر بڵێی و درێژدادڕی، رێگه‌ی راگه‌یاندنكاری ئازاد هه‌ڵبژێرن، چونكه وه‌ك ئه‌لبیرت كامۆ ده‌ڵێت "راگه‌یاندنی ئازاد ده‌كرێت باش بێت یان خراپ، به‌ڵام راگه‌یاندنی نائازاد بێگومان به‌س خراپه".
|
|
|