|
''هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار به‌بێ ته‌وافوقی سیاسی ده‌بێت'' |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Wednesday, July 23, 2014 |
ئه‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه گوته‌ی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری عێراق له دانیشتنی 23/7/2014. دیاره ئه‌م گوته‌یه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سازانه سیاسی و نیشتمانیه‌یه به قسه‌ی "سیاسیه‌کان" له‌نێوان پێکهاته‌کانی عێراقدا سازانی له‌سه‌ر کراوه. تا ئێستا وا هاتوه ئه‌و سێ پۆسته سیادیانه، حکومه‌ت بۆ پێکهاته‌ی شیعه، په‌رله‌مان بۆ پێکهاته‌ی سونه‌ی عه‌ره‌ب و سه‌رۆکی کۆمار بۆ کورد، هه‌وڵده‌درا ئه‌م دابه‌شبونه هاوشێوه‌ی لوبنان ده‌ق بگرێت و له نوکی هه‌ره‌مه‌که‌وه پێکهاته‌کانی عێراق به‌شداری حوکمڕانی وڵات بکه‌ن. ئه‌و گوته‌یه‌ی به‌ڕێز سه‌لیم جبوری ئه‌گه‌ر بۆ فشار خستنه‌سه‌ر کورد نه‌بێت ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه سه‌ره‌تایه‌که بۆ تێکدانی ئه‌و هه‌ره‌مه، ئه‌مه‌ش ویستی ئاشکرای پێکهاته‌ی سونه‌ی عه‌ره‌به له و کاته‌وه‌ی سیاسیه‌کی شاره‌زای وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆمار بو و خۆیان ناوی "صمام امنیان" لێنابو. ئه‌م قسه‌یه له‌کاتێکدایه سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له نوێنه‌ری کورد و سونه و شیعه پێکهاتوه. جگه له‌م ویسته بونی چه‌ندین کاندیدی تری عه‌ره‌ب بۆ ئه‌م پۆسته پشتیوانیه‌کی دیکه‌ی گوته‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مانه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌مانه‌شدا باشتر وایه پێش روداوه‌کان نه‌که‌وین و چاوه‌ڕوان بین.
کورد و پۆستی سه‌رۆک کۆمار
بونی مام جه‌لال به سه‌رۆک کۆمار و چونی بۆ به‌غدا سوده گه‌وره‌که‌ی بۆ کورد دورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی تارمایی بونی دو سه‌رۆک و ده‌رکه‌وته‌کانی بو له هه‌رێم، له‌م هه‌رێمه ده‌بوایا یان مام جه‌لال یان کاک مه‌سعود سه‌رۆک بن یان هه‌ردوکیان، له شێوه‌ی ئه‌و جوت وێنه‌یه‌ی له دامه‌زراوه حکومیه‌کان هه‌ڵواسراوه.
به‌شێ له بژارده سیاسیه‌کانی کورد وه‌ک پۆستێکی لاوه‌کی و ته‌شریفاتی ده‌ڕواننه ئه‌م پۆسته و پێیانوایه پۆستی په‌رله‌مان بۆ کورد باشتر و به بایه‌ختره. به‌شه‌که‌ی تری ئه‌م بژارده‌یه به‌پێچه‌وانه‌ی بژارده‌ی یه‌که‌م پێیانوایه له‌ڕوی ده‌ستوری و ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستوریه‌وه سه‌رۆک کۆمار پێگه‌یه‌کی گرنگی هه‌یه. ئه‌م بژارده‌یه کادیره‌کانی یه‌کێتی و هه‌مو ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه که له مام جه‌لاله‌وه ده‌سه‌ڵات و گرنگی ئه‌م پۆست و کورسیه ده‌بینن، نه‌ک له پۆسته‌که‌وه.
یه‌کێتی نیشتمانی و کاندیدی سه‌رۆک کۆمار
به‌و پێیه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی خاوه‌ن 21 کورسیه له په‌رله‌مانی عێراق و دوه‌م لیستی کوردیه ئه‌م پۆسته به‌ر یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان که‌وتوه. به‌ڵام ئه‌م حیزبه نه‌یتوانی رێکبکه‌وێت له‌سه‌ر دیاریکردنی یه‌ک کاندید. ئێستا یه‌کێتی و کورد 3 کاندیدی هه‌یه بۆ ئه‌م پۆسته. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه و زیانێکی گه‌وره‌یه به‌ر کورد ده‌که‌وێت نه‌ک ته‌نها له‌به‌ر پۆسته‌که، به‌ڵکه تێڕوانینی سلبیانه‌ی لایه‌نه‌کانی تری عێراقیه بۆ ته‌بایی و رێککه‌وتنی لایه‌نی کوردی.
بونی سێ 3 کاندید له‌مکاته نیشانه‌ی گواستنه‌وه‌ی کێشه‌کانی ناو ئه‌و حیزبه‌یه بۆ ناو ریزی کوردی و کارگهریهتی بۆ سه‌ر پرسی کورد. ئه‌م جۆره بۆچونه زیانبه‌خش به پرسی کورد یه‌که‌م جار نیه و یه‌کێتیش ته‌نها حیزب نیه هه‌نگاوی له‌م شێوه‌یه‌ی نابێت، به‌ڵکه به درێژایی 50 ساڵی رابردو زۆربه‌ی حیزب و که‌سه سیاسیه‌کانی کورد ئه‌م جۆره هه‌نگاوه‌یان ناوه.
حیزبه‌کانی کوردستان و پرسی سه‌رۆک کۆمار
پارته سیاسیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌بوایا زۆر زوتر بیر له‌م بابه‌ته بکه‌نه‌وه و خۆیان بۆ ئاماده بکه‌ن، نه‌ک له دوا ساته‌کاندا وه‌ک کورد گوته‌نی "کاتێ پزو گه‌یشته ده‌لینگ". ئه‌وه‌نده کات به‌ده‌سته‌وه بوایا نه‌ک ته‌نها به‌شی ئه‌وه‌نده‌ی بکردایا فشار بخه‌نه‌سه‌ر یه‌کێتی نیشتمانی به‌ڵکه به‌شی دانانی چاره‌سه‌ری گونجاوی بکردایا.
چاره‌سه‌رێکی باش بو، له‌کاتی رێکنه‌که‌وتنی یه‌کێتی نیشتمانی له‌سه‌ر یه‌ک کاندید، پارته سیاسیه‌کان بریاری خۆیان بدایا، له‌سه‌ر یه‌کێ له کاندیده‌کانی یه‌کێتی یان کاندیدێکی بێلایه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌کان و هه‌مو لا پشتگیریان بکردایا. کۆده‌نگی و ههنگاوێکی وا له‌م بارانه‌دا زۆر پێویسته نه‌ک به‌مه‌به‌ستی گه‌له‌کۆمه‌کردن به‌ڵکه بۆ بونی یه‌ک ده‌نگی و یه‌ک بڕیاری کورد له‌کاتی هاتنه پێشه‌وه‌ی هه‌ر حاڵه‌تێکی له‌و شێوه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌کرا باشتر وابو به فلته‌ری شه‌رعی په‌رله‌مانی کوردستاندا تێپه‌ڕ بکات و په‌رله‌مان به‌کرداری ببێته تاکه مه‌رجه‌عی بڕیاردان.
|
|
|