|
ئه‌م قه‌یرانه میراتی ئێوه‌یه! |
نوسه‌ر: سیروان ره‌شید
|
Friday, July 25, 2014 |
ماوه‌ی حه‌وت مانگه هه‌رێمی كوردستان توشی قه‌یرانێكی دارایی هاتوه، كه خۆی له دواكه‌وتنی موچه‌ی (موچه‌خۆران و پێنه‌دانی سلفه‌ی به‌ڵینده‌ران و كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت و وه‌ستاندنی پێشینه‌كان و نه‌بونی سیوله‌ی نه‌قدی له بانكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینێته‌وه، كه قه‌یرانه‌كه‌ش ئێستا بریتیه له‌و دۆخه‌ی كه حكومه‌ت، ناتوانێت داهاتی پێویست په‌یدا بكات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی خه‌رجیه گشتیه‌كانی و به‌رده‌وامی جێبه‌جێكردنی پرۆژه وه‌به‌رهێنه‌كان له كوردستاندا، كه ئه‌م دۆخه‌ش له‌قه‌یرانێكی داراییه‌وه ئێستا په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ "قه‌یرانی ئابوری له وڵات‌دا" به‌پێی پێناسه‌ی زانستی دارایی و ئابوری.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی 10 ساڵی رابردودا ساڵانه بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌م شێوه‌یه له‌به‌غداوه بۆهاتوه:
# ساڵی 2004، دو ملیار و 330 ملیۆن دۆلار
# ساڵی 2005، سێ ملیار و 124 ملیۆن دۆلار
# ساڵی 2006، سێ ملیار و 560 ملیۆن دۆلار
# ساڵی 2007، چوار ملیار و 985 ملیۆن دۆلار
# ساڵی 2008، هه‌شت ملیار و 258 ملیۆن دۆلار
# ساڵی 2009، شه‌ش ملیار و 902 ملیۆن دۆلار
# ساڵی 2010، نۆ ملیار و 460 ملیۆن دۆلار
# ساڵی 2011، نۆ ملیار و 316 ملیۆن دۆلار
# ساڵی 2012، ده ملیار و 50 ملیۆن دۆلار
# ساڵی 2013، دوانزه ملیار 65 ملیۆن دۆلار
واتا له ماوه‌ی (10) ساڵی رابردودا (70 ملیار و 5 ملیۆن دۆلار) له به‌غداوه هاتوه‌ته هه‌رێمی كوردستان، جگه له داهاته ناوخۆییه‌كان. هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبونی ئه‌م قه‌یرانه له‌ئێستادا بۆ دو هۆكاری: ناوخۆی و ده‌ره‌كی (به‌غدا) ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌وبه‌شه‌ی په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نی به‌غداوه هه‌یه ئه‌وه‌یه كه له‌به‌رئه‌وه‌ی ٩٥%ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان له به‌شه بودجه‌ی ١٧%ی به‌غداوه دێ و به‌غدادیش له ساڵی ٢٠١٤دا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردوه، بۆیه هه‌رێمی كوردستان توشی قه‌یرانی دارایی و كه‌می پاره‌ی بانكه‌كان و دواكه‌وتنی موچه‌ی موچه‌خۆران بۆته‌وه. به‌ڵام ئه‌و به‌شه‌ی په‌یوه‌ندی به دۆخی ناوخۆییه‌وه هه‌یه ئه‌وه‌یه كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی 11 ساڵی رابردوی دوای روخانی رژێمی به‌عس به‌هۆی نه‌بونی سیاسه‌تێكی دارایی دروست شكستی هێناوه له دروستكردنی ژێرخان و سه‌رخانێكی ئابوریه‌كی به‌هێز بۆ هەرێمەكهمان.
به‌كورتی شكستی ده‌سه‌ڵاتداران له 11 ساڵی رابردودا له‌م بوارانه‌دا بوه:
1- ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك پێویست گرنگیان نه‌داوه به كه‌رته ئابوریه‌كانی تری وه‌ك (كشتوكاڵ، پیشه‌سازی و گه‌شتیاری و ...هتد) بۆئه‌وه‌ی ببێته هۆكارێك بۆ دابینكردنی داهاتی ناوخۆیی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی خه‌رجیه گشتیه‌كانی حكومه‌ت.
2- وه‌زاره‌تی دارایی پێش‌و نه‌یتوانیوه وه‌ك پێویست ژێرخانی ئابوریه‌كه‌ی پته‌و بكات به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر به‌غداد بودجه‌ی نه‌نارد خۆی بتوانێت به به‌رهه‌می ناوخۆ و داهاتی ناوخۆ ئابوریه‌كه‌ی به‌ڕێوه به‌رێت.
3- وه‌زاره‌تی دارایی به‌تایبه‌ت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی له ساڵی ١٩٩٢وه تائێستا كه ٢٢ ساڵه نه‌یتوانیوه پاشه‌كه‌وتی دارایی و یه‌ده‌گی دراوی خۆی هه‌بێت، ته‌نانه‌ت له ٢٢ ساڵی رابوردو نه‌یتوانیوه لێبڕینی خانه‌نشینی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم كه زیاتر له ٥ ملیار دۆلار ده‌بێت له سندوقێك پاشه‌كه‌وتی بكات، بۆئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر توشی قه‌یرانی دارایی هات بتوانیت به توانای خۆی چاره‌سه‌ری بكات.
ئێستا خه‌ڵكی كوردستان له ئێوه دهپرسێـت له 11 ساڵی رابردوی دوای روخانی به‌عس ئایا:
* نه‌تانده‌توانی سه‌رچاوه‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستان جۆراوجۆر بكرێت و ته‌نها پشت به بودجه‌ی به‌غداد نه‌به‌ستێت، له‌ڕێگای پێشخستنی كه‌رته‌كانی تری ئابوری هه‌رێمی كوردستان ئابوری وڵاته‌كه‌تان بههێزبكردایه!
*ئایا نه‌تانده‌توانی دوباره رێكخستنه‌وه به‌و نادادیه‌دا بكه‌ن كه له دابه‌شكردنی موچه و خانه‌نشینكردنی هه‌زاران كادیری حیزبی هه‌ستی پێده‌كرێت!
*بۆچی حكومه‌تی عێراق، ئێستا خاوه‌نی زیاتر له 70 ملیار دۆلاری پاشه‌كه‌وتی نه‌وته، ئێوه نه‌تانتوانی یه‌ك سه‌نتیش پاشه‌كه‌وت بكه‌ن، به‌ڵكو كورتهێنانی وه‌زاره‌تی داراییشتان گه‌یاندۆته 7 ملیار دینار.
*ئایا نه‌تانده‌توانی رێگه له‌و هه‌مو به‌هه‌ده‌ردانه بگرن كه ئێستا بۆته ئافاتێك و به‌رۆكی خه‌ڵكی گرتوه! هه‌ر بۆنمونه حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری سلێمانی له سه‌ره‌تای ساڵی (2013)ه‌وه تاوه‌كو پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی (21)ی ئه‌یلول، له‌سه‌ر داهاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی بڕی (2) ملیار و (383) ملیۆن دیناری بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل بۆ به‌رپرسانی ئیداری سلێمانی ته‌خشان و په‌خشانی پێكرد! ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا هه‌یه و میدیاكانی یه‌كێتی كه‌وتونه‌ته پاكانه‌كردن بۆ خۆیان، ئه‌وه به‌رهه‌می دو ده‌یه له شكستی حكومڕانی حیزبه‌كه‌ی خۆیان و 10 ساڵ شكستی وه‌زاره‌تی داراییه كه وه‌زیره‌كه‌ی سه‌ربه حیزبه‌كه‌ی ئێوهبو كه پۆخڵه‌واتی عیجزی 7 ملیار دیناری به‌جێهێشتوه و كه‌س نازانێت ئه‌م پاره زۆره بۆ كورتی هێناوه؟ كه ده‌بێت رۆژێك به‌خه‌ڵكی بڵێت ئه‌م پاره‌یه چی لێهاتوه و له كوێیه؟
*خه‌ڵكی كوردستان ده‌پرسێت وه‌رگرتنی زیاتر له 6 ملیار دیناری شیرینی نه‌وت كه به‌شێكی زۆری ئێستا له گه‌رو و ورگی یه‌كێتیدایه بۆ له‌خه‌ڵكی شاردۆته! به‌كورتی و به‌كوردی ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا هه‌یه، به‌شێكی زۆری لێكه‌وته‌ی شكستی حكومڕانی یه‌كێتییه و میراتی ئێوه‌یه بۆمان به‌جێماوه! |
|
|