Print
 
 کۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Tuesday, August 12, 2014

یەكڕیزیی نیشتیمانی بپارێزن و لە بەرەكانی جەنگ دور بن لە نەفەسی حیزبی
ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ کاتێکدا ده‌کرێ وڵات له‌شه‌ڕدایه و هه‌مو شاره‌زایان واقعی به‌ره‌کانی جه‌نگ و جۆنیه‌تی دابه‌شبونی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌زانن، ئه‌و شێوه‌ دابه‌شبونه‌ی له‌ میراته‌ی حوکمڕانی جوت حیزبی پارتی و یه‌کێتی بۆ ئێستا ماوه‌ته‌وه‌ و تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیه‌ت هه‌بێت ده‌توانێ رۆڵی باش ببینێت. کۆبونه‌وه‌که‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی یه‌کڕیزی چه‌ند بابه‌تێکی  گرنگی له‌ خۆ گرتوه‌، له‌وانه‌:

پشتگیری

لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان له‌ کۆبونه‌وه‌یاندا له‌ گه‌ڵ کاک مه‌سعود بارزانی پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دوپات كردەوە

سوپاس و پێزانین بۆ:
1-  خەڵكی كوردستان -2-  لایەنە سیاسییەكان - 3- رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیان کرد له‌ به‌رامبه‌ر خۆڕاگرییان و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و یارمەتیدانی ئاوارەكان – 4 -  سوپاسی پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ... تاد کرد.

داواکاری
بەشداربوانی كۆبونەوەكه‌ داوایان لە هەمو هێزە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان كرد لەم كاتە یەكڕیزیی نیشتیمانی بپارێزن.
داوایان له‌ دەزگاكانی راگەیاندنی كوردستان كرد به‌ هەستكردنی زیاتر بە بەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ روداوەكان بكەن و رەچاوی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان بكەن.

جەختکردنه‌وه‌

هەمو هێزە بەشداربوه‌كانی بەرەكانی جەنگ پێویستە دوربن لە نەفەسی حیزبی.

به‌ڵی هه‌مو ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ خاڵی زۆر باشن.  دڵنیاشتان ده‌که‌مه‌وه‌ که‌:
ئه‌مڕۆ له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌، هێزێکی پێشمه‌رگه‌ی باش، دڵسۆز و شه‌ڕکه‌ر، جه‌ماوه‌رێکی به‌ ته‌نگه‌وه‌هاتو، به‌ ده‌نگه‌وه‌چو،  قه‌ڵه‌می به‌بڕشت و به‌ ئاگا و خه‌مخۆر و لێبوردو، میدیا و میدیاکاران  هه‌مو ئاماده‌ن.

تۆپه‌که لای ئێوه‌ و فه‌رمانده‌کان و سه‌رکردایه‌تیه‌، ئێوه‌‌‌ ده‌بێت بزانن چۆن له‌ مه‌ودوا یاری  پێده‌که‌ن، چونکه‌ ئه‌وه‌ ئێوه‌ بونه‌ له‌ 2003  خراپ ئه‌و یاریه‌ ده‌که‌ن‌.

ئه‌وانه‌ی دور له‌ شاشه‌کانی ته‌له‌فزیۆن ئاگاداری‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕن له‌ که‌رکوک و له‌ نزیکه‌وه‌ دور له‌ چاوی کامێرا گوێیان له‌ فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ مه‌یدانیه‌کان گرتوه‌، راو تێبێنی خۆیان و چاره‌سه‌ری بابه‌تیانه‌یان هه‌یه‌، یاریه‌که‌ وه‌ک خۆی ده‌بینن، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌شێت له‌ مێدیا ده‌ری بخه‌ن، ده‌ڵێن:
بۆ ئه‌م یاریه‌ پێویسته‌ ئێوه‌:
1- به‌ کرده‌وه‌ پابه‌ند بن به‌ بڕیاری کۆبونه‌وه‌کانی خۆتان.
2- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ تاکه‌ سه‌رچاه‌ی بڕیاردان و جوڵه‌پێکردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بێت.
3- سڕینه‌وه‌ی ناوه‌کانی 70 و 80 هه‌مو ناوه‌کانی تر له‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌.
4- لابردنی سه‌رکرده‌ حیزبیه‌کان له‌ فه‌رمانده‌کردنی به‌ره‌کانی شه‌ڕ.
5- که‌تیبه‌کانی ده‌رع و ده‌بابه‌ و تۆپه‌کانی هه‌ردو حیزب ببنه‌ موڵکی‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و له‌ ژێر فه‌رمانده‌ی ئه‌ودا بن.
6 – دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ده‌رکردنی په‌یام و به‌یانی به‌ کۆمه‌ڵ و جۆراوجۆر و له‌ ناوه‌خت: به‌ نمونه‌
 بۆ ئارامکردنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ هه‌رزو و به‌په‌له‌ و به‌بێ راوێژکردن له‌ نیوه‌ شه‌وی یه‌ک شه‌ودا ئه‌م به‌یاننامانه‌ی‌ لای خواره‌وه‌، له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ بڵاوکرانه‌وه‌‌:

به‌یاننامه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ
(نێچیرڤان بارزانی‌)  به‌یاننامه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران
(قوباد تاڵه‌بانی‌) به‌یاننامه‌ی‌  جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت
(كۆسره‌ت ره‌سوڵ)  به‌یاننامه‌ی‌جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت
  به‌یاننامه‌ی‌ ئاژانسی‌ پاراستن

7 – دورخستنه‌وه‌ی خزم و که‌سه‌ نزیکه‌کانی خۆتان له‌ فه‌رمانده‌کردنی هێزی پێشمه‌ر‌گه‌ و قۆڕغکردنی وه‌ک چۆن له‌ بواری حکومه‌ت و ئاسایش و جومگه‌کانی تری حوکمڕانیدا قۆرغتان کردوه‌.
‌‌8- خۆدورگرتن له‌:
-  بۆ ئه‌وه‌ی زو ژێر زمانتان تاقی نه‌کرێته‌وه‌ باشتر وایه‌ دورکه‌ونه‌وه‌ له‌ زۆر قسه‌کردن.
- زۆر به‌ کارهێنانی زمانی زبر و شه‌ڕ و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره
9-  وازهێنانی به‌ په‌له‌ له‌ " لیوا و فه‌وجی تایبه‌ت به‌ فڵان سه‌رکرده‌ جوڵا، له‌و به‌ره‌یه‌ سه‌رکه‌وتنی باش به‌ده‌ست هات، هێزی فڵان حیزب له‌و قۆڵه‌ بو به‌بێ شه‌ڕ کشایه‌وه... تاد". ئه‌م هێزانه‌ش بخه‌نه‌ ژێر کۆنترۆلی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌.  لێره‌ ده‌پرسم، که‌ ئاسایشی هه‌رێم پارێزراوه‌، فه‌وج و لیوای تایبه‌تان بۆ چیه‌! ‌

به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌ کرده‌وه‌ بنرێت و میلله‌ت نیه‌ت پاکی ببینێت، دڵنیابن یه‌ک ریزی و یه‌ک هه‌ڵوێستی خۆڕسکانه‌ له‌نێو ریزه‌کانی میله‌ت و هێزی پێشمه‌رگه‌ و پێکهاته‌کانی کوردستان دروست ده‌بێت.
Sbeiy.com © 2007